"an independent online kurdish website

دەسەڵاتەکانی ئێران بێ جیاوازی، ھەمیشە ھەوڵیان داگە دەستی کارو لەشی بار و وزە و ھێز و توانای نەتەوەکانی دیکە لە ئێرانا بۆ خزمەت و گیان و رۆحی نەتەوەکانی دیکەیان بۆ گیانفیدایی و پاراستنی  نەتەوەی باڵادەست بەکار ھێناوە و بەکاردێنن.


بۆ ئەم مەبەستەش ھەوڵیان داگە و ھەوڵ ئەدەن ناوچەی نیشتەجێ بوونی نەتەوەکانی دیکە بەردەوام بێ بەش لە دەرفەتی کار و ئیمکاناتی ژیان  و سەرئەنجام دواکەوتوو و بەشمەینەت بمێنێتەوە.

ئەگەر سەرنجێکی سادەش بدەیتە موزائیکی ئێران، بەروونی ئەبینی ئەو ناوچەگەلەی کورد، لۆڕ، بەلوچ، تورکمەن، عەرەب و تارادەیەک تورکی ئازەری لێیە شایەتی ئەو ئیدیعایەن.

کارخانە و شێرکەتەکانی تاران، ئیسفەھان، سمنان، کرمان ، تەورێز و… بە ریزبەند خاوەن، مودیر و کادرەکانی ھەڵسووڕێنەریان یان تارانین یان فارس. بەشەکانی دیکە وەک کرێکاری خزمەتگوزار و دەستی کاری ھەڵسوڕێنەری چەرخەی بەرھەمھێنانیان سەرجەم خەڵکی ناوچە بەشخوراو و بێبەشەکانی دیکەن کە نەتەوەکانی دیکەی لێ ئەژین.

ئەگەر سەرنجی پادگان و سەربازخانەکانی ئێرانیش بدەی، تێئەگەی کە زوربەی ھەر زۆری سەربازەکان لە نەتەوەکانی دیکەن، ئەوانەی بێبەش لە ئیمکاناتی ئابووری و پەروەردەیین.

بە کورتییەکەی دەسەڵاتەکانی ئێران بەردەوام ھەوڵی ئەوەیان داوە و ئەدەن کە ناوچەکانی کوردستان، لوڕستان، بەلوچستان، عەرەبستان، تورکمانستان و بەشێک لە ئازەریستان لە ئیمکانات و گەشەی ئابووری و پەروەردەیی بێبەش بمێننەوە تاکوو ئاسانتر بکرێ بۆ خزمەتی تاران، شیراز، ئیسفەھان، کرمان، سمنان ، ھەمەدان، تەورێز، خۆراسان و…. بەکاریان بھێنن و لە کاتی پێویستیشا بیانکەنە قۆچی قوربانیی شەڕگەکان بۆ پاراستنی نەتەوەی زاڵ کە فارسە.

ھەتا روخانی رێژیمی پاشایەتی، ئاواییەکان و تەنانەت ھەندێ لە شارۆچکەکان جادەیان نەبوو و ئەوەش ھەبوو زیاتر وەک جادەیەکی نیزامی بۆ کۆنترۆڵ بوو. کە رێژیمی ئیسلامیش ھاتەسەرکار لە ھەندێ شوێن، رێگاو جادە و پردی دروستکردن بەڵام نەک بۆ خزمەتگوزاری، بەڵکوو بۆ گەیاندنی یارمەتیی نیزامی بە بنکە نیزامییەکانی و بۆ میلیتاریزەکردنی ناوچەکانی کوردستان.

بەم بیانوگەلیشەوە موڵەتی سەرمایەگوزاری و کارخانە بۆ سەرمایەگوزارە کورد و نەکوردەکان دەرنەئەچوێنرا. بەم جۆرەش وزە و توانایی کورد شۆڕ ئەکرایەوە بۆ ناوچە بەناو ئەمنە بەختەوەرنشینەکان! و کورەکان وەک خزمەتکاری ئەوان و کارخانە و شێرکەت و شارو خەڵکەکەی ئەوان بەکار ئەھات.

بۆ نمونە ھەتا کۆتاییەکانی دەھەی نەوەد، سەرمایەدارە کورد و نەکوردەکان مافی سەرمایەگوزارییان لە کوردستان نەبوو، بۆچە؟ چونکی بە ناوچەی نائەمن و شەڕلێدراو ناسرابوون. دەوڵەت ئیمکاناتی گاز و خزمەتگوزاریی پێویستی دابین نەئەکرد، ئەیانوت چونکی ئەمنیەت و ئاسایش نیە.

بێجگە لەمانەش، سیاسەت مەدار و سیاسەتگوزارەکانی نەتەوەی باڵادەست وایان لە خەڵکی ناوچە بەختەوەرەکانی(فارس نشین و ئەعیان نشین)ی ئێران گەیاندوە کە کوردەکان دژی ھەموو شتێکن. ئەوانن رێگا نادەن جادە بکێشین، شێرکەت دانێین، مەدرەسە و دانشگا بکەینەوە، ئیمکاناتی خزمەتگوزاری و گەشتیاری ببەینە ناوچەکانیان، لە ناوچەکانیان سەرمایەگوزاری بکەین. بۆیە بەشێک لەوان تا ئێستاش دێنە شارەکانی ئێمە بۆ شەقام خاوێن کردنەوە و کرێکاری و خزمەتگوزاری. بۆیە ئێستاکانەش ئەڕۆن لە سەر سنوورەکان کۆڵبەری ئەکەن و لەو رێگایەشەوە مەشروب و چەک و تەقەمەنی و شتی قەدەغە و قاچاخ دێننە ناو وڵات!

بە کورتییەکەی کورد و لوڕ و بەلوچ و تورکمەن و عەرەب لە ژیان بێبەش کراون تاکوو فارس و بەشێ لە تورکی ئازەری بەختەوەر بژێ. ناوچەکانی دیکەی ئێران لە خزمەتگوزاری بێبەشن، لە سەرمایەو شێرکەت و کارخانە بێبەشن تاکوو شارو ژینگە و شێرکەت و کارخانە و بازاڕەکانی نەتەوە و توێژی دەسەڵاتداری ئێران زیندوو و ئاوەدان بن.

ئەو دۆخە کاتێ ئەگۆڕێ کە ھەر کامە لەو نەتەوانە خۆیان ئازادانە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خۆیان ھەڵبژێرن و بڕیار لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ژیان و ژینگە و ناوچەی خۆیان بدەن. جا ئەم خۆبەڕێوەبەرییە چ لە چوارچێوەی فیدراڵیزم دابێ، چ لە چوارچێوەی سەربەخۆیی دا ھەر باشە.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی