"an independent online kurdish website"

هەتاوی حیزبی دیموکڕات بە پێی هەڵ و مەرج و پێداویستەکانی شێوەی خەباتی پێشمەرگانە، ناوە ناوە لە ئۆرگانەکانی بەڕێوەبەری خۆی، لە شێوەی ڕێکخستن و سازمان دان دا,


ئاڵ و گۆڕی پێک دێنا، دواتر لە جەرەیانی کارکردی ئەو بەڕێوەبەریە نوێیە دەردەکەوت، ئەو ئاڵ و گۆڕە چەندەی سەرکەوتن بە دەست هێناوە.

بۆ باشتر بەڕێوەچوونی تێکۆشانی حیزب لە جنوبی کوردستان, ئۆرگانێکی تازە دامەزراو هەبوو بە نێوی ناوەندی ئاژوان، ئەرکی ئەو ناوەندە پێک هێنانی هاوئاهەنگی و سەرپەرەستی کردنی کۆمیتەکان و هێزەکان،  لە ناوچەکانی، سنە – سەقز – مەریوان – دیواندەرە – هەوشار – کرماشان و کامیاران – بوو، کە دەیان و سەدان کادر و پێشمەرگەی لەو بەشانە لە خۆ دەگرت، مەکۆی نیشتەجێ بوونی ناوەندی ئاژوان بە زۆری لە ناوچەی شلێر بوو، کەسانی وەک کاک باباعەلی مێهرپەروەر، کاک نەبی قادری و کاک هومایون ئەردەڵان، لە بەڕێوەبەران و ئەندامە سەرەکیەکانی ئەو ناوەندە بوون و هەر وەها پێشتر کەسانی دیکەش ھەبوون.

پاییزی ساڵی ١٣٦٤ دەبوو هەموو کۆمیتە و هێزەکان نوێنەرانی خۆیان بۆ بەشداری لە بەستنی کۆنگرەی حەوتەمی حیزب دیاری بکەن، ئەو نوێنەرانەش لە گەڵ بەڕێوەبەرانی ناوەندی ئاژوان پێکەوە، بگەڕێنەوە دەفتەری سیاسی و بەشدار بن لە بەڕێوەچوونی کۆنگرەدا، بە هۆی نزیکی شلێر لە ناوچەی سەقز و هەڵکەوتوویی ناوچەکە هێزەکانی دیکەش دەبوو هەموو بهاتنایە ناوچەی سەقز و لەوێوە ڕێگەیان بەرەو دەفتەری سیاسی درێژە پێ بدەن.

ئەو بەشە لەو کادر و پێشمەرگانە کە پێویست بوو بگەڕێنەوە بە نوێنەر و غەیری نوێنەرەوە ڕادەیان 200 بۆ 250 کەسێک دەبوو، یەکمان گرت، بە نیازی گەڕانەوە بۆ بەشداری لە کۆنگرە، لە بەرپرسان و فەرماندەکان ئەم بەڕێزانەم دێتەوە یاد! بابەعەلی مێهرپەروەر بەرپرسی ناوەندی ئاژوان،  هومایون ئەردەڵان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەقز، فەتاح عەبدولی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سنە، تەیمور مستەفایی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی دیواندەرە، سەید کامیل حەیدەری بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی هەوشار، (چەند مانگ پێشتر بەداخەوە شەهید بوو, حەسەن ئوستادی لە جێگای سەرپەرەستی کۆمیتەی هەوشاری دەکرد) هەر وەها لە گەڵ چەندین کەس لە کادر و ئەندامانی کۆمیتەی شارستانەکان.

فەرماندە نیزامیەکان بریتی بوون لە: مەنسووری فەتاحی، عەوڵا عەبدی (سەلبێ) حەمەعەلی لەیلاخ، شۆڕش باشماخی (سدیق) جەعفەر کۆمەڵە (دیواندەرە) ، لە گەڵ زۆرێک لە سەر لک و سەرپەلەکان و دەیان پێشمەرگەی قارەمان.

سەرەتا ویستمان لە مەسیری حەوتاش بۆ ناوچەی بانە ڕوو لە باشوری کوردستان بکەین (گەورەدێ)، بەڵام لە گەڵ کەمینی کۆمەڵە بەرەو ڕوو بووین و دواتر ڕێڕەوی چوونەوەکەمان گۆڕی، بادانەوەیەکی نابە دڵ بەرەو ئاواییەکانی ڕوو لە خوارەوەی ناوچەی سەرشیوی سەقز .

لە ڕێکەوتی (30/8/1364) چووینە ئاوایی مازوار لە ناوچەی سەرشیو، بە هۆی زۆری ئێمە و کەمی ئاوایی مازوار کە 35 ماڵ بوو، مەجبوور بووین کە بەشێکمان لە سەر بانی ماڵەکان بخەوین، فەرماندەکان هێزەکانیان دابەش کرد و بۆ ئامادە بوون لە بەرانبەر هەر ڕوداو و ئەگەرێک، دەس نیشانی شوێنەکان کرا بوو کە شەو کەمینی لێ دابنرێ، بەمشێوەیە، پێشمەرەکانی ناوچەی سنە (شەریفزادە)بۆ شاخی تەپە بانکیلێ زاڵ بە سەر جادەی سەقز – مەریوان و شوێنی مانەوەمان واتە ئاوایی مازواری سەرشیو.

پێشمەرگەکانی ناوچەی سەقز(عەزیزی یوسفی) بۆ شاخی بەردە قەل بەرزترین لوتکەی زاڵ بە سەر کۆی گشتی بەشێک لە ناوچەکانی خوڕخوڕە و سەرشو.

پێشمەرگەکانی ناوچەی هەوشار(هێزی شەهیدانی هەوشار) بۆ شاخەکانی کونە گورگ – ڕووشەکەی سەرجۆ، کە دەڕوانن بە سەر ئاواییەکانی سرنجاخ و قەرەبوغرە لە ناوچەی خورخورەی سەقز.

پێشمەرگەکانی ناوچە دیواندەرە(هێزی شەهیدانی دیواندەرە)کە دابەش ببوون بە سەر باقی هێزەکانی دیکەدا .

لەکات ژمێر دووی شەو دا هەر بەشە بۆ شوێنی دیاری کراویان بە شاخ دا سەردەکەون و تا کاتی دیاری کراو لە کەمین دا دەبن.

سەرمای ناوچەی سەقز بە هۆی شاخاوی بوونەکەیەوە بەناو بانگە! پاییز بوو بە سەرمای شەو لە کەمین دا بوون سەخت بوو، بە ڕووناک داهاتنی هەوا هەر کەمینە و لە حاستی خۆیەوە بەرەو ئاوایی دێنەوە، لە پێش دا پێشمەرگەکانی ناوچەی سنە (هێزی شەریف زادە) شوێنی کەمینەکەیان بە جێ دەهێڵن و دێنە خوار، چمەس پاسدار هەر دوای ئەوان دەگەنە شوێنەکەیان و دەست بە سەر شاخی تەپە بانکیلێ دا دەگرن کە زاڵە بە سەر ئاوایی مازوار دا هەر هەمومان لەوێ بووین.

دواتر پێشمەرگەکانی سەقز(هێزی عەزیزیوسفی) دێنە خوار، دەبینن کە ئەو شاخە نەفەراتی پێوەیە، بەڵام وادەزانن هەر هاوڕێکانی خۆیانن لە هێزی شەریف زادە.

بەبێ چەک کۆتەکەم دابوو بە سەر شانما و کەوش لەسەر پێ بێ خەم لە گەڵ چەند هاوڕێی تر بۆ شۆردنی دەمو چاومان بەرەو کانی نزیک ئاوایی دەچوین.

ئەوەنەمان زانی شۆڕش و حەمەدەمین باشماخی و چەند کەسێکی دیکە بە پەلە هاتن، وتیان لای سەرومان پاسدار گرتویەتی، گورج و گۆڵ و خۆیان ئاسا کوڕە خاسەکانی باشماخی بە ئارپیجی کەوتنە وێزەی پاسدار و پێشمەرگەکانی سنەش پەلاماریان بۆ شاخ دەست پێکرد، دەیان پێشمەرگە لەهەموو لایەکەوە دەستیان دایە پەلامار بردن و خۆیان گەیاندە چەند میتری دوژمن و شەڕی دەستەو یەخەو و نارنجەکیان بە سەردا باراندن.  

پاسدارەکان شوێنیان قایم و بەرز، زاڵ بە سەر ئاوایی و بەرەی شەڕدا، دەوری سەعاتێکی خایاند بە بەجێ هێشتنی نزیکەی بیست جەنازە و ڕاکێشانی بریندارەکانیان پێشمەرگەکانی هێزی شەریف زادە دەستیان گرتەوە بە سەر چیای تەپە بانکیلێ.

تا ئێوارە دوو جار ئەو شاخە لە لایەن پاسداران و پێشمەرگەکان دەستا و دەستی پێکرا، لە نەهایەت دا هەر کەوتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەکان، سەخت ترین شوێنی شەڕ ئەوێ بوو بە هۆی ئەوەی زۆر نزیک بوو لە جادەی ئەسڵی ڕژیم سەدان شەڕکەری بە داوێنی ئەوشاخەدا هەڵگێڕابوو.

لە بەرەکانی شاخی (کونە گورگ) و (ڕووشەکەی سەرجۆ)-ش ڕوو بە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز زاڵ بە سەر ئاوایی سرنجاخ دا قارەمانانی ناوچەی هەوشار حەماسەیان خولقاند لە یەکەمین پەلاماردا دوازدە جەنازەیان بە دوژمن بەجێ هێشت.

پێشمەرگەکانی ناوچەی سەقزیش لە شاخی بەردەقەل، هەموو ئەو هێرشانەی بۆ گرتنی ئەو خاڵە ستراتیژیە، بەرزترین شوێنی شەڕگەکان لە پیلانی دوژمن دابوو بە شەڕی خۆنەویستانە تێک شکاند، کوژراو و برینداریان دا بە کۆڵیان دا و پاشەکشەیان پێ کردن، لە دەست بە سەراگرتنی ئەو شوێنە سەرەکیە دوژمنیان تا کۆتایی شەڕ نائومێد کرد.

فەرماندەکانی دوژمن لە هەموو لایەکەوە کەوتنە خۆ و هێزی زۆرتریان هێنایە مەیدانی شەڕ، تا دەهات شەڕەکە گەورە دەبویەوە، فەرماندەکانی پێشمەرگە بە هاوئاهەنگی تەواو شەڕگەکانیان کۆنتڕۆڵ و فەرماندەهی دەکرد، دوژمن چەکە قورسەکانی لە هەموو لایەکەوە لە مەیدانی شەڕ نزیک کردنەوە و خستنیە کار، هێلی کۆپتێرەکان خۆیان گەیاندە ئاسمانی شەڕ و ڕاکێت بارانیان دەست پێکرد.

ساڵەی قەدیمی پێشمەرگەی ‌هێزی شەهید عەزیزی یوسفی دەڕوانێ بەرەو ئاسمان و ڕوو لە کۆپتێرەکان دەکا ! ئەڵێ! سەگ بابینە! خۆ هەر من زیدی ئینقلاب نیم! کاک ،،،،ش- زیدی ئینقلابە بۆ هەر بۆ لای من بەڕێ دەکەن بۆ لای ئەویش بتەقێنن.

شەڕ بە توندی تا دەور و بەری سەعاتی چوار بۆ پێنجی ئێوارە درێژەی کێشا، فەرماندەکانی دوژمن لەوە دڵنیا بوون بەرانبەر پێشمەرگە سەرکەوتنیان بە نسیب نابێ. هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئاگری توندی تۆپخانە و خومپارە باران چڕ کردوە، بە سێ چوار تۆپخانە و لە چەند لاوە کەوتنە ئاگربارانی هەر چی زیاتری شاخ و دۆڵ و دەرەکانی ئەو ناوە کە بەداخەوە لە ئاکام دا ڕەزا حسەین زادە کە برا گەورەکەی (سیامەک) پێشتر لە ناوچەی سنە بریندار ببوو بە سەر وڵاخێکەوە بوو، ئاگاداری و هاوکاری کاکی دەکرد! لە بەر چاو و پەنای براکەی بە پڕیشکی تۆپ شەهید بوو.

هەر وەها دوو قارەمانی دیکەی هیزی شەریف زادە بە ناوەکانی، موحەمەد فاتحی و حەمەی فەرهادی شەهیدبوون، لە کوڕە بە جەرگەکانی هەوشار، عەزیز شێری، کادر شەهید بوو، لە هێزی عەزیز یوسفی ئەحمەد شینە جانی شەهید بوو (بەسەر هاتێکی تایبەتی هەیە) و سەرجەم 11 بریندارمان هەبوو، کە لە هەموو کۆمیتە و هێزەکانی بەشداری ئەو شەڕەی تێدابوو.

دوژمن بە دەیان کوژراو و برینداری هەبوو، جەنازەی زۆربەیان لە مەیدان بە جێ مابوون چەک و چۆڵەکانیان کەوتە دەست پێشمەرگەکان.

ئێوارە لە پشتی ئاوایی قەرەبوغرە لە شوێنێک بە ناوی (سێفە سوور) کۆبوینەوە، کاک بابەعەلی قسەی بۆ پێشمەرگەکان کرد و پاشان دریژەمان بە جەولەی خۆمان دا، کە ئەویش خۆی داستانێکی دیکەیە و لە بەشی دووهەمی ئەم بەسەرهاتە باس ئەکرێ .

جۆرێک لە غرور و کێبەرکێی نەبینراو، لە نێو پێشمەرگەکان بەدی دەکرا، ئەگەر هێزێک فشاری لە سەر بوایە دەیان وت هێزی کۆمەگیتان بۆ بنێرین؟ قەبوڵ یان نەدەکرد! پێیان وابوو هەر دەبێ خۆیان سەرکەوتنەکە تۆمار بکەن هەر واش دەرچوو.

خوێنی ڕژاوی قارەمانانی سنە و سەقز و هەوشار و دیواندەرە پێکەوە لەو ڕۆژەدا لە چیا و دۆڵەکانی سەرشیو و خوورخوڕەی سەقز ببوونە هەوێنی یەکڕیزی و کۆڵنەدان لەکاتە دژوار و ئاستەمەکاندا.

ئەو دەرسانە پێمان ئەڵێ! نابێ دەست لە ئاڵقەی هیوا بە داهاتووی گەش بۆ گەلەکەمان بەربدەین و سەرکەوتن بۆ گەلە و ڕووڕەشی بۆ دوژمنانی گەل.

سەید ئەحمەد حوسێنی 

بابەتی پەیوەندی دار:

بیرەوەری پێشمەرگایەتی( داستانی حەماسەی شەڕی مازواری سەقز) بەشی شەشەم. حوسێن باقری

وێنەکان بەشی زۆری پێشمەرگەکانی ئەو کاتەن

نویترین هەواڵ و بابەت