"an independent online kurdish website"

جەلیل گادانی: هاوڕێیان، دۆستان،خوێنەران و بیسەرانی بەڕێزی ئەم وتووێژەی کە من لەو دوایانەدا بە دەنگ دەگەڵ رادیۆ کوردانە کردوومە .

سڵاوێکی گەرم

داواتان لێدەکەم کە لەخۆڕا هەڵمەچن ، ئەمن ئەو وتووێژەم لە رێگەی سکایپ بە دەنگ کردووە . ئەوەی گوێتان لێبووە قسەی خۆمە و لێشی بەرپرسیارم.

بەڵام لەو نوسراوەی کە ئەسکەندەری نووسیوێتی بەرپرسیار نیم و قسەی خۆیەتی و بەشێک لە قسەکانی منی تەحریف کردووە و لەسەرەتای ژیانمەوە مخالیفی درۆ و درۆزنان و بوختانچیان بووم. ناوبراو نووسیوێتی بە تەیارە لە کوردستان را بردوویانە ، یان نفوزی حیزب بووە ! یان لەسەر دەورەی رابردوو بە مەبەستی تایبەتی شتی نووسیوە و من دەگەڵی نیم.

ئەمن گوتومە شکمان لەسەری هەبووە کە ئەو کابرایە شاپوری شەهید کردووە بەڵام بە یەقین نەگەیشتووین و ئیزنمان داوە ماڵ و منداڵەکەی لە رێگای زاخۆوە بەڕێ بکا بۆ تورکیە ، بەڵام دوایە بۆخۆشی هەڵاتوە و خۆی گەیاندۆتە تورکیە و لە ماوەیەکی کەم دا دەربازی دانمارک بووە.

ئێمە وەک حیزب نەیارمەتیمان داوە بۆ دەرباز بوون نە هاوکاریشمان کردوە ، تەنیا ئیزنی وەمان داوە ماڵ و منداڵەکەی بەڕی بکا.

ئەگەر ئەو کات یەقینمان هەبا و سابیت بووبا کە ئەو شەهیدی کردووە بە توندترین شێوە سزامان دەدا .

تکایە لە خوێندن و گوێگرتن دا وردبین بن و دوایە قەزاوەت بکەن.

بە هەر حاڵ ئەو جینایەتە لە راستای بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی دا بووە و لێخۆشبوونی محاڵە.

بە حورمەتەوە

جەلیل گادانی 04.05.19

 

دەنگ: دەقی وتووێژی مام جەلیل بە فارسی کە باسی ئەوە دەکا کە موزەفەر میتەران ئەو تێرۆرەی ئەنجام داوە

دەقی وڵامی موزەفەر میتەران

 

وڵامێک بۆ تۆمەتەکانی کاک جەلیل گادانی

لە فەرهەنگی زمانی دایکیی مندا پەندێک هەیە دەڵێ: “هەزار دوژمنی زانات هەبێ، نەک دۆستێکی نەزان

بە درێژایی ژیانم سووچێکی مێشک و بیرکردنەوەم تەرخانی ئەم بابەتە بووە کە بۆچی و لەبەر چ هۆکارێک مرۆڤ گەلێک شەیدای بێ پرەنسیبی و دوورەپەرێزی لە لۆژیک و ژیربێژین و لەبەرچی بیر لە وتە و کردارەکانیان ناکەنەوە و بە دوور لە هزر و ئەندێشە دەیاندرکێنن؟

ئەم بیرکردنەوەیەم سەرەڕای ئەوەی تووشی کەمێک مەینەت و دڵشکانی کردوومەتەوە هێدی هێدی واتای بە رێگا و رێبازی ژیانم بەخشیوە.جەلیل گادانی لە وتووێژێکی تەم و مژاوی و گومان خولقێنی رادیۆییدا کە زیاتر روخسارێکی تەنزاوی و سووکی هەبوو (لەبەر ناشارەزایی ئەکتەرەکانی سناریۆکە)هەوڵی تاوانبار کردنی منی بە تاوانێکی گەلێک نابەجێ و ناڕەوا دا….

سەیرە ئەو وتووێژ کارە کە خۆی بە پەیامنێرێکی میدیایی دادەنێت زیاتر وەک قورمیش کراوێک دەردەکەوێت و سەیرتر ئەوەیە گادانی وەک بڵێی چوارچێوەی بۆ دیاریکراوە و تەنگانەی چوارچێوەکەی پێوە دیارە تەنیا پەسەندی قسەکانی ئەو دەکات و ئەویش بە فۆرمێکی منداڵانەی دوور لە یاسا و رێسای میدیاییەکان هەڵیدەسوڕێنێت و ئەوەی مەبەستیەتی دەیخاتە زار و زمانیەوە کە پێدەچێ دەیهەوێ کرۆکی سیناریۆکەی وەبیر بێنێتەوە نەوەک لاقی بسووڕێ و بە لاڕێدا بڕوات. سەرەڕای ئەمانەش گادانی زۆر جاران هەڵدەخلیسکێ و ناتوانێ کونترۆڵی دژبێژی خۆی بکات و گەلێک ناڕاستی و قسەی دژ بە یەک دەکات کە هەر مرۆڤێکی هۆشیار و تەنانەت نیوە هۆشیاریش ئەگەر بە ویژدانەوە بیر بکاتەوە هەستی پێ دەکات. بەر لەوەی باسی ئەو وتە یەکنەگر و دژ بە یەکانە بکەم پێویستە لە بەڕێز جەلیل بپرسم:

گەلۆ سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو ئامرازی پەیوەندی و ماس میدیا و راگەیاندنی فەرمی حیزبەکەی خۆی بۆچی لە مایکی سایتێکی بێ پرەنسیب و گێرەشێوێن و دژ بە دۆزی کورد ، دێتە گۆ و بە زمانی دوژمنی قەستەسەری گەلەکەمان دەدوێ و دەبێتە گەمۆکەی کۆنە موجاهیدێکی دژە کورد کە کەس نازانێ سەری لە کام ئاخوڕدایە و گێرەی لە کوێ دەگەڕێ؟

هەر لە دەسپێکی قسەکاندا ئەسکەندەری دەڵێ مەبەستمە لەسەر دوو بابەت قسە بکەم یەکەم کوژرانی شاپوور فیروزی و دووەم ژەهراوی کردنی خۆراکی پێشمەرگەکان، بەڵام لەوپەڕی سەرسوڕماندا پاش کۆتایی پێ هاتنی بابەتی یەکەم بە بێ هیچ ئاماژەیەک بە بابەتی دووەم وتووێژەکە کۆتایی پێدێت.

ئەو بەناو پەیامنێرە (بە پێچەوانەی ئەوەی کە دەڵێ سێ ساڵ لێکۆڵینەوەم لەم بابەتە کردووە)کە هیچ زانیاریەکی جێی سەرنجی لەسەر بابەتەکە پێ نیە و تەنیا پشت بە کۆمەڵێک دەنگۆ دەبەستێت کە گادانیش هیچ یەک لەوانە پشت راست ناکاتەوە.

گادانی لە وەڵامی پرسیاری ئیدعا ئاسای ئەسکەندەریدا کە دەڵێ ئەم کارە بە فەرمانی سپای پاسداران کراوە راشکاوانە دەڵێت نە کومیتەی ئەمنیەت و نە کۆمسیۆنی تەشکیلات هەرگیز نەیانگوتووە و نەیاننووسیوە کە تۆمەتبار پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەبووە.

ئەگەر مەبەست ناپاکیی و “بە ئەگەرێکی زۆر پەردەپۆش کردنی بابەتێکی بڤە نیە” بۆچی گادانی لە وەڵامی وتووێژکاردا پێداگریی دەکات کە هیچ بەڵگەیەک بۆ پەیوەندی ئەو”واتە من” لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوونی نیە و لەم بوارە هیچ شتێک نەسەلمێنراوە، بەڵام لە جێگایەکی دیکەدا دەڵێ ئەمە گەڵاڵەی کۆماری ئیسلامی بووە.

لەو پرسیارەدا کە باسی باوکم دەکرێت گادانی بە بێ وەستان و راشکاوانە دەڵێت ئەوە راست نیە و رەتی دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە من هەرگیز نەمکوتووە ئەوچەکە چەکی بابم بووە و دەشڵی کە ئەوان هەرگیز نەچوونەتە ژێرباری ئەم تۆمەتەوە.

رێک لەو کاتەدا کە بەڕێز گادانی دەڵێت ئەم تاوانە کاری کۆماری ئیسلامی بووە بابەتێکی کۆمەڵایەتی دێنێتە گۆڕێ و دەبێ بپرسم ئەم دژبێژیە مانای چیە؟

کە قسەوباس دێتە سەر بەڵگەکان گادانی لە جێگایەک رایدەگەیەنێ کە هەموو بەڵگەکان ماون و لەبەر دەست دان، بەڵام دواتر وەک بڵێی بەڵگەیەک بوونی نیە و ئەو لەبیری کردووە، بیانووی موشەک باران دێنێتەوە و ئەگەری تێدەخات.

گادانی باسی دەرباز بوونی من بۆ دەرەوەی وڵات و چۆنیەتی کات و وەختەکەی دەکات کە زیاتر لە حیکایەت و ئەفسانە دەچێت تا راستی و حەقیقەت.

من ساڵ ونیوێک دوای ئەوڕووداوەش لە کوردستان بووم ولەناو حیزبیش بەرپرسایەتی گرینگم لەئەستۆ بوون،دوای تۆمەتبارکرانیشم بەدواداچوون دەستی پێکرد ولەکۆتاییدا پلۆنیۆمی حیزب بێتاوانی منی ڕاگەیاند ودۆسیەکە داخرا. ئێستاش پێم سەیرە بەڕێزگادانی کە خۆی لەجەنگەی بابەتەکەدابووە بۆچی من بەهەڵاتوولەقەڵەم دەدات .

هەموو ئەمانەی ئاماژەم پێدان ناڕاستیەکانی ئەو وتووێژە ساختەیەن کە پێم وایە پێویستیان بە لێکدانەوە و وەڵامدانەوە نیە و وەڵامەکان لە خودی خۆیاندا دیارو ئاشکران.

بەڵام وەک نموونەیەک لەسەر دوایین خاڵ و چۆنیەتی هاتنم بۆ ئوروپا دەبێ بڵێم بەر لە هەموو شتێک خودی بەڕێز گادانی وەک خۆم ئاگادارە و دەزانێ کە ڕەوانشاد سامی عبدالرحمن کە ئەو دەم سکرتێری ئەودەمی پارتی گەلی کوردستان، ڕێزدار کاکە حەمەی حاجی مەحمود سکرتێری حسک و ھاورێی بەڕێزم کاک حوسەین جاف ئەندامی سەرکردایەتیی پاسۆک رێگایان بۆ خۆش کردم و کەسێک بە ناوی تایری حاجی سابیر پاسپۆرتێکی ساختەی بۆ دەرهێنام و دەربازی وڵاتی تورکیا بووم. لەوێش نەک ١٣ رۆژ (بە قسەی کاک جەلیل) بەڵکو نزیکەی سێ مانگ مامەوە و دواتر لەبەر ئەوەی کە خاوەنی کەیسێکی بەهێز بووم رەوانەی ئوروپا کرام و دۆسیەکەم لە یو ئێن ئەم راستیە دەسەڵمێنێ.

کاک جەلیل دەڵێت بەڵگەی پێویستمان نەبوو بۆیە دەسبەسەرمان نەکرد، منیش لێی دەپرسم ئەدی لەم وتووێژە ساختەیەدا چ بەڵگەیەکت بەدەستەوەدا؟ تاقە بەڵگەت ئەوەیە کە من چووم بۆ ئورووپا، کەبەڕاستی ئەوە نە بەڵگەیە ونەقسەی شیاوی کردن.

کاردانەوەم بەرانبەر بە ئاماژەی جاربەجاری وتووێژەکە کەگوایە من پەیوەندیم بە کۆماری ئیسلامیەوە هەبووە (هەڵبەت وتووێژکارەکە چەندجار ئەمە پاتە دەکاتەوە و دەیهەوێ گادانی بە دوایدا بیڵێتەوە) جگە لە خەندەیەکی تاڵ بۆ حاڵی سەرکردەیەک دەبێ چی بێت؟! بە شاهیدی زۆر کەس خودی جەلیل گادانی زیاتر لە هەمووان ئاگاداری ژیان و کار و چالاکیە حزبیەکانی منە و تەنانەت لە دوایین پلێنۆمدا کە من تێیدا بەشدار بووم داوای لە دەفتەری سیاسی کرد بە بۆنەی چالاکی و سەرکەوتووییم لە بەڕێوەبردنی کومێسیۆنی تەشکیلات تەقدیر بکرێم.بەڵام ئەم ڕەوت گۆڕین ودژوەستانە بۆچی ولەبەر چیە،سەرەندەرکردنی زۆری دەوێ!

ڕەنگە پێویست نەبێت ڕۆبچمە ناوپێشینەومێژینەی خۆم وبنەماڵەکەم، بەڵام وەک بیرهێنانەوەیەک بەکورتی دەڵێم لانیکەم لەناوچەودەڤەرەکەی خۆمدا هیچ بنەماڵەیەک وەک ئێمە بەتێکڕایی تێکەڵی شۆڕش نەبوون وقوربانییان پێشکەش بەڕێگای ڕەوای کوردایەتی نەکردووە. ئەمەش جۆگایەک خوێنی لەنێوان من و کۆماری سێدارەدادروست کردووەکەهەرگیز ڕەنگی وشک بوون بەخۆیەوە نابینێت وتاهەتایە قوڵەوقرمەی دێت. دۆست و دوژمن ئاگایان لە خەبات و تێکۆشان و فیداکاریی کەم وێنەی من ھەیە و ھیچ مڕۆڤێکی خاوەن ویژدان ناتوانێ نکولی لەو ڕاستییە بکات. خەبات و شۆڕش بۆ من و بنەماڵەی سەربەرزم زۆر گران و نرخێکی گەورەی ھەڵگرت.

لەکارەساتی هەڵەبجەدا کەزۆربنەماڵە پێشمەرگە ناچاربوون ئاودیوی ئێران ببنەوە، دوای ماوەیەکی کورت بەردران وئازاد کران، تەنیا خێزانی من و ١_٢ بنەماڵە پێشمەرگە لەبەندیخانەی نادیار و درێژماوەدا مانەوە. خێزان و منداڵەکەم پاش ئازادبوونیان لە بەندیخانە لە ژێر چاوەدێرییدا بوون و دەبوو ھەموو ڕۆژێک خۆیان بە ئیتلاعاتی سپای پاوە بناسێنن، پاش ٣ ساڵ بەیارمەتی هاوڕێیانی یەکیەتی نیشتمانی وپاسۆک توانییان خۆیان بە نھێنی بگەیەننەوە لامان.

بابچمەوەسەر کرۆکی باسە ورووژاوەکەو ئاماژە بەخاڵێک بدەم کەئاشکرایە هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان کە تێکەڵ یان ئاگاداری دۆخەکەی ئەوکات بووە دەتوانێ شاهیدی لەسەربدات. پلەوپێگەی من لەناو حیزبدا کەجەنابی گادانی زۆر چاک ئاگاداریەتی لەئاستێکدابوو کەئەگەر مەبەستم زەبرگەیاندن بەشۆڕش وحیزب بوایە زۆر بەئاسانی هەمووشتێکم پێدەکراودەمتوانی لەشیرازەوە زۆر شت هەڵوەشێنم و تێکبدەم. بێگومان رژیمی جمهووری ئیسلامیش ئەگەر کەسێکی وەک منی لەبن باردابوایە هەرگیز تەنیا بەکوشتنی تاقەکەسێک ڕازی نەدەبوو،بەڵکوو پلانی بۆ ڕەگ وڕیشە دادەڕشت.جگە لەمەش ئەگەر من ویستبام تاوانێکی وابکەم، لەبەر پێوەندی ونزیکایەتیمان لەگەڵ شاپور دەکرا لەیەکێک لەو زۆر شەوانەدا کە پێکەوە لەدەرەوەی مەقەڕەکانمان بەتەنیابووین،ئەوکارەبکەم.

دەبێ جارێکیتر بە تاڵی پێبکەنم وئاخ هەڵکێشم،بۆ میللەتە بەش مەینەت وبەری کراوەکەم کە سەرکردەیەکی دەکەوێتەداوی دهۆبازێکی وا کە دڵ وبیری بەرایی و ڕێگای پێنادەن بڵێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گاڵتەجاڕانە دێتە گۆو دەڵێ”هریم بود چی بود” ، ڕێبەرەکەش بێدەنگیی دەکات، وەک نەیبیستبێ بازی بەسەردادەدات، بەڵام لەبەر حورمەتی ساڵەها تێکەڵبوونی بەشۆڕش وحەیاوشەرمێک کەفێرکراوم ڕێگە بە خۆم نادەم زاری لۆمەی لێبکەمەوە. بەڵام با لەسەر بەناو پەیامنێرەکە بەکورتی بڵێم: ئاخۆ کەلاک بۆ کامە گورگی برسی ڕادەکێشێت وئاودە ئاشی کامە دوژمنی قەستەسەرمان دەکات؟

چ سپڵەن ئەوسەگانەی گورگەمێشن

کەلاک بۆگورگی برسی ڕادەکێشن

بەمەبەستی بەرگریی لە حەیسییەتی خۆم ڕێگای یاسایی دەگرمە پێش.

بەحورمەتەوە

موزەفەر مێتران ٣⁄٥⁄٢٠١٩

مام جلیل گادنی اعلام نمود، قاتل شاپور فیروزی مظفر میتران نفوذی رژیم در حزب دمکرات کردستان (رهبری انقلابی) بوده.

نویترین هەواڵ و بابەت