"an independent online kurdish website"

لە دوای شەڕی ناوچەکانی سەرشیو و خوڕخوڕە (بەرزاییەکانی، بانکیلێ-کونە گورگ – ڕووشەکەی سەرجۆ – بەردە قەل) هەوڵدان بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست و بەشداری لە بەستنی کۆنگرەی حەوتەم بەردەوام بوو.


گوندەکانی ناوچەی سەرشیومان بە دوای یەک دا تێپەڕ دەکرد، بەفرێکی چاک باری بوو، بۆ نان خواردن و هەڵگرتنی توێشووی ڕێگا بە نیازی خۆگەیاندن بە ناوچەی بانە، چووینە ئاوایی قەبەغڵوو لە دە کیلۆمیتری شاری سەقز، پاش وچانێکی باش و دەرکردنی ماندویەتی، دواتر پشت لە شار و ڕوو لە چۆڵەوانی کەوتینە ڕێ.

هاوتەریب لە گەڵ ڕێگەی سەرەکی سەقز- بانە, بەلای دەستی چەپەوە، سنووری ئاواییەکانی، مازوارە، چراغۆیس، تەموتە – کەندەسوورە و قەبەغڵووجەمان تێپەڕ کردن، بەفر و تۆف و بەندێکی ناخۆش بوو، هەنگاوەکانمان بە هێواشی دەنا، بۆران و کڕێوە و کزەبا کارێکی دەکرد مەجبوور زوو زوو دەبوو برژۆڵی چاوەکانمان (پێڵوو، برژانگ) وەک بەفر پاککەرەوەی شوشەی ماشێن بسڕینەوە.

بۆ ئەوەی لە یەکتر ون نەبین، پێویست بوو هەنگاو نانمان لە یەکتر دوور نەبێ، بە نیازین خۆمان لە سنووری سەقز و شەوی کوولە مەرگی خەلاس کەین و بگەینە ناوچە جەنگەڵیەکانی بانە و مۆتەکەی بەفر و سەرما لەشان و مل داماڵین و بریندارەکان هەرچی زوتر دەر باز بن.

کاروانێکی دوور و دریژ بە شوێنە هەڵەمووت و شاخاویەکانی پیرەو مەران و قوڵقوڵەدا خەریکین سەرئەکەوین، لە سەفی دواوە لە چۆمی پیرەوەمەران بەرە و قوڵقوڵە ڕێمان دەبڕی، گەلە گورگێک (چوار- پێنج، دانە) بە دوامانەوە بوون، بۆنیان بە جی پێکانمانەوە دەکرد و تەماحیان لە ئێسترەکان کردبوو دوور و نزیک هاوڕێیەتیان دەکردین، لە دڵی دابوون نە مافی کوشتنی ئەوانمان هەیە و نە ئیجازەی تەقە کردن بۆیە بێخەم بوون، بە چاوە تیژەکانیانەوە هەڵوەدای دەرفەت بوون، هەر دوولامان زیاتر بە شەو دەگەڕاین.

لە سەفی دوور و درێژی پێشمەرگەکان دا جار و بار هەڵوێستەیەک دەکرا و فەرماندەکان بۆ دڵنیا بوون لە هەڵنەبڕان و نەپچڕانی ڕێچکە و ڕێڕەو  ون نەبوون لە یەکتر، کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان دەکرد، بە درێژ بونەوەی ڕێگا و گەیشتن بەلووتە و ژوری کوێستانە بەفرگر و پشوو بڕەکانی پشتی ئاوایی قوڵقوڵە (بناری بەردە – هەوارە پان – کونە قەل) وردە وردە پرتەو بۆڵەی ماندویەتی و شەکەتی ڕێگا لە دەمی هێندێک هاوڕێمان دەبیسترا ، خۆڕاگری لە درێژەی بەردەوامی بڕینی ڕێگە لە کزیی دابوو.

ئەو نەفەراتەی لە پێشەوە بوون و ڕچەیان دەشکاند (ڕچە شکێنەکان) لە هەموان زیاتر ماندوو دەبوون، ڕچە شکێن دەبوا  بە لە سەرخۆیی لاقێکی بەرز بکاتەوە و چەند جار بە پێلاقە بەفرەکە بشێلێ تا بگاتە سەر پتەویی و بتوانێ هەنگاو بەرە و پێشەوە بنێ و ڕێچکەی کاروان بە دوا خۆی دا ڕێنوێنی و پەل کێش بکات.

هەوڵ و تەقەلای بێ وچان بۆ دەر باز بوون لە ماندویەتی خەریک بوو بە تەواوی تەنگمان پێ هەڵچنێ ، تا زیاتر ڕێگەمان دەبڕی هێز و وزەی زیاترمان لە دەست دەدا و هەنگاوەکان زیاتر بەرە و شل بوونەوە دەچوون، وای لێهات کەسانێک بە ئاشکرا بێزاری خۆیان دەردەبڕی و خۆیان لە سەر بەفر ڕادەکێشا و دەیان وت: توانای ڕێگە بڕینمان نەماوە، دەبوو لێیان بپاڕێیتەوە و ورەیان لە بەر بنێی و بڵێی ئەوەنەمان نەماوە بگەینە مەنزڵگە، هەر چۆنێک بوو گەیشتینە سنوری چیاکانی نیوان سەقز و بانە و شۆڕ بوینەوە بەڕوکاری ناوچەی بانە دا و ئاواییەکانی سونجی سەرو، سەر سونج، بنەخوێ، بەلوە و چەند شوێنی ترمان لێ دەر کەوتن.

تیمی پێشڕەوی پێشمەرگەکانی هەوشار کە سەید موحەمەد هەوشاری لە پێشەوە دەبێ دەگەنە ئاوایی سونج ، سەید لە خۆشی ئەوە گەیشتوەتە جێ و لە ناو ئاوایی ماڵێک دەبینێ، چرا تۆڕێکی لێ هەڵکراوە، بە لەهجە تایبەتیەکەی خۆی ڕوو بە كوڕانی هەوشاری ئێژێ (قوروانتان وم، هەڕاکەن، بڕژنە ئەو ماڵە، دامەرزن، فرە خۆش دیارە، بەش قاوەتونیش نان و چتە لە تەک خۆتانا هەڵگرن) چمەس کۆمەڵەش لەوێ دەبن و یەکسەر تەقە لە سەید محەممەد دەکەن گرمۆڵە ئەبێ و برینێکی سووک هەڵدەگرێ، بەمجۆرە تەقە دەس پێ دەکا و مەجبوور دەبن ئاوایی بەجێ بێڵن و سەید بە برینداری لە گەڵ خۆیان دێننە دواوە، نەگبەتی بە جێی خۆی، قۆرتەکانی خراپە.

بەو سەرما و تۆفانە شەڕ فایدەی نەدەدا، مەجبوور بڕیار درا بگەڕێنەوە بۆ ئاوایی قوڵقوڵە کە چۆڵ و هۆڵ بوو، زیندە بە ڕۆحی (زینەوەر) تێدا نەمابوو، هێزێکی شەکەت و ماندوو ، هەوایەکی سارد و بێ ڕەزا، هێسترەکان ئەوەندە لە بەفر چەقی بوون لە خۆمان خراپتریان بە سەر هاتبوو، یەک دوو ئێسترمان هەر لە نزیک ئاوایی واز لێ هێنان، بە زەحمەت و دەردی سەری زۆر خۆمان بە ناو ماڵە تاریک و تنۆکەکانی قوڵقوڵە دا کرد.

لە نێو ماڵە کۆنەکاندا لە کەنوی (کەندوو) قوڕینەدا بڕێك ئارد، لە کەلێن و قوژبنی ناو کەلەوا ڕوخاوەکاندا، کەمێک شتومەکی ناو ماڵ بە جێ مابوون، پێشمەرگە ئارد و ئاو تێکەڵ دەکەن و دەیشێلن و بە دار و پەردووی کۆنە خانوو ئاگر لە تەندوور دا دەکەونە و دەست ئەکەن بە نان دروست کردن.

سۆفی مەحمودی هەوشاری بە دوا خوێ دا دەگەڕێ! چاوی بە شتێکی سپی دەکەوێ! خۆشحاڵ ئەبێ و ئەڵێ، کوڕیەل، خەمتان نەوێ، خوێی زبریچم (درشت) دۆزیە سەو مشتێكی لی دەکاتە ناو هەویرەکە و دەس لە دەس و قەوەت لە خوا، نانی ئەستوور ئەستووری لێ دروست دەکەن.

پاش کەمێک لە خواردنی ئەو نانانە، هەموو ئەو پێشمەرگانەی لەو نانەیان خواردبوو کەوتنە حاڵەتی ئیسهاڵ و ڕشانەوە! ڕێگە بەر ڕێدار نەدەکەوت لێی دانیشن، هەر کەسە و دەستی بە دۆخینی پاتۆڵەکەیەوە بوو (بەندەخوێن -هۆجەنە) هەڵدەهات کەلێنێک بدۆزێتەوە فریا بکەوێ، خۆی پیس نەکات (بە خۆیدا نەڕی)، ئەمجار کەوتنە باس و خواس چی بووە؟ چی ڕویداوە؟ مەعلووم بوو سۆفی مەحمود لە جیاتی خوێ !؟ کوودی شیمیایی کردۆتە ناو هەویرەکە.

بەشێکی دیکەش لە پێشمەرگەکان خۆش شانس بوون هەنگوینیان دۆزیبوەوە شەهید سەلاحی مورادی هەنگوینی بەشی منیش دا.

لە ئاسمان زیاتر هیج کوێ بەدەرەوە نەبوو شاخ و داخەکان لێوا و لێو بوون لە بەفر، زۆربەمان داڵغە لێی داوین و فکرمان مەشغوڵە و زەینمان خستۆتە کار، چ بکەین؟ چۆن بکەین؟

نزیک نێوەڕۆ، ئاسمان بەرە و ساماڵ بوون ڕۆیشتبوو، لە لای لابەلاوە خواو ڕاسان، کابرایەک بە دە دوازدە سەر بزنەوە پەیدا بوو، وابزانم لە ئاوایی کەرەویانەوە هاتبوو، دەیویست بیان بات بۆ ناوچەی بانە، قەناعەتی پێ هێنرا، چەند سەر بزنمان پێ بفرۆشێت، لێمان کڕی و بە خواردنی گۆشتەکەیان بڕێک بوژاینەوە، لەو سەرما و سۆڵە دا وزەیەکی باشمان وەرگرت و ملی ڕێگەمان گرت و ڕێڕەومان بۆ سێهەمین جار گۆڕی.

خۆ قەرار نیە لە هەموو هەورێک هەر ببارێ، بە داوێنی کەلی خان دا (گەردەنەی خان) گەیشتینە ناوچەی بانە و چووینە ئاوایی سەدبار و دواتر بەرە و گوندی نجنێی ژوورو، بەشێک لە پێشمەرگەکانمان لە گەڵ ئەوان لە ناوچەی بانە هێشتەوە و ئەوانی دیکەشمان بە هاوکاری هێزی ئاربابا خۆمان گەیاندە بنکەو بارەگا سەرەکیەکانی حیزب لە باشوری کوردستان.

لە کۆنگرە دا بەشداریمان کرد، ناوی کۆنگرە (چل ساڵ خەبات)بوو، واتە چل ساڵ بە سەر ژیان و تەمەنی حیزب دا تێپەڕی بوو، ئێستە کە ئەم دێڕانە دەنوسرێن لە تەواو بوونی چل ساڵەی دوهەمی تەمەنی حیزب نزیک بوینەتەوە، هیوادارم تەمەنی ئەو ڕژیمە ئەونە نەخایەنێ چلەی سێهەم لە گەڵ خۆی بباتە سەر و دواتر بڵێین چل خەم، چل خەیاڵ، چلیش وەسواسە، سێ چل، چۆن دەرکەین بە یەک هەناسە.

 

نویترین هەواڵ و بابەت