"an independent online kurdish website"

یەکەم جار کە مام حەسەن سەرسپی م بینی.

 بێگومان هەر کەس ناوی شوڕش و خەبات و پێشمەرگە و کرماشانی بیست بوو، ناوی حەسەن سەرسپی لە باس و ناس دا بۆم ئاشنا بوو.


ئەم ناوە بۆ خەباتکاران و ئازادیخوازان ورە و شادیی و گەشە بوو و بۆ دژمنانی ئازادی ترس و هەرەس و هەڕەشە. هەمیشە لام وا بوو کۆڵەباری حەسەن سەرسپی بە ڕۆژ تیشکی خۆرە و بە شەو تریفەی مانگەشەو و زێوی زریوەی ئەستێرانە و لە ژێر هەوران تنۆکی ڕوونی باران و کلووی سپی بەفرە. بەڵام ئەو گەورە پیاوە لە ئینسانیەتی بەرەوژوورتر بوو، ئەوجار کۆڵی کۆڵەکەی باری دەردان و دەڵی مەکوی خەمان بوو. یەکەم جار لە گەورەدێی مەکۆی گەورە پیاوان مام حەسەن م بینی. پیاوێکی لە پیاوان پیاوتر، قەڵافەتێک لە قەڵا پتەوتر، سیمایەک لە چەشنی سیمای مەلەکووتیان و ڕۆستەم سیما، شکۆ و شەکەتێکی بێ وێنە…. پشتی لە ژێر باری ئەرک و وەزیفەی ئینسانی و وەفای پاک بۆ هاوژیانی کۆم ببۆەوە. ژنێکی بەخۆوەی نێو گیان بە کۆڵەوە و کەڵاشینکۆفێک بە لاشانەوە و سێ چوار مناڵی کوڕ و کچی وردیلەی زرد و سوور و سپی بە دواوە و بەرەو ژووری ئازووقە دێت. دایکی مناڵان وەک دۆڵپای سەلیمی جەوهەری بە کۆڵ و شان و پیلیەوە نووسابوو، هەر پێت وابوو دەیخنکێنێت.

مام ماندوو و ئارەقاوی، مناڵ برسی و رووت و بێ قووت، ژن پاشکاو و جەستە بەژان… هەموو چاوە گەشەکان وەک پۆلووی دامرکاو سیس و پڕ لە ویست و خواز و داوا و هیوا… هەر وا بە پێوە و بە باری قورسی ویژدانی کۆڵیەوە سەری بەرز کردەوە و چاوی بڕیە نێو چاوم و کوتی کاکە بەڕیکمان خواردن و شتی وا گەرەکە. کوتم جەنابت کێی؟ وتی پێم ئێژن حەسەن سەرسپی.  داچڵەکانێکی سەیری بێ سنووری سەرسووڕمان و واق وڕمان، من هەر بە بیستنی ناوەکەی وەک پێغەمبەران سڵاوەتم بۆ دەنارد (ئێستاش دەنێرم) و ئێستا ئەو کەسە لە رووبەروومە و هەناسەمان تێکەڵ دەبێت. بە ڕێزان لێم ببوورن هەم گێڕانەوەی خەمناکە و هەم لە ئێرە و حەوسەلەی فەیسبووک بەدەرە…

       دوێکە هاتووین و لە ڕێگا قاترێکی شوومی چەمووش خێزانم و کەنیشکێکمی هەڵداشت و هەردووکیان پایان شکاوە

       – لە کوێ دەژین؟

        – لە هۆو کۆنە چادرەدا. . . –

       – چیتان هەیە و چیتان دەوێ

       – جا بێژم چی برا؟ ئەوەی بۆ ژیان پیویستە نیمانە و گەرەکمانە. بە خوا برا پارەشمان کەم دێنێ.

       – باشە فەرموو ڕاست بچوونەوە نێو چادرەکەتان…  چی پێویستی خواردن و خەوتن بوو، بۆیانم دابین کرد… مام حەسەن(مامی من) زۆرجار ئەمەی باس دەکرد، ڕەنگە بۆ تۆشی گێڕابیتەوە….

مامی خۆم!

تۆ نمای هەژاریی بووی بە ژیان و دیاری تەیاریی بووی بە بیر و باوەر و ئیمان. تۆ لە خێلی هابیل و قابیل نەبووی، کوڕی خێڵی نوور و ڕێبواری ڕێگایەکی ڕێچکەسوور و بەروژوور بووی، تۆ لە خێڵی خەو و سەکنان نەبووی و زادە و برای خەم و بۆ تاریکی شەو شەم بووی. تۆ نابێ بخەوی، سەردەمانێکە سەنگەرە خەم گرتوو و کۆست کەوتووەکان چاوڕێتن ئاوەدانیان کەیەوە، هەڵۆکان خەواڵوی شکەتی کەمینی شەون و ئەوە سەرخەوێک دەشکێنن و چاوەروانن،  بە رەمزی نەهێنی، وەخەبەریان بێنی. ئایی بریا هەستانەوەیەک دەبوو جارێکی دیکەش تاتەبەردکانی بێستوونت ماچ دەکردەوە و خاچی سێدارەت دەشکاندن و پەتی سێدارەت دەپساندن، بەردی ساردی کۆنە سەنگەرەکانت بە گەرمی لاشانت گەرم دەکردەوە. ئای بریا هەستانەوەیەک دەبوو و دەبوویەوە غیرەت و هیوا و هومێد و بۆسەی شەوەزەنگی تاریکت بۆ پێشمەرگەکان دەشکاندەوە.

مامە گیان لاباڕیکی کۆڵەباری ژیانت پڕاوپڕی هەژاریی و دڵ زاماری و خەمی کوڕان کوشتەیی و نەداری بوو، بەڵام سوارچاکێکی ئەسپ ڕەتێنی مەیدان خەبات و لابارەکەی دیکەت پڕ لە هیوا و هومێد و گەورەەیی بوو و سەربارەکەی ژیانت سەروەری و ئەو ناو و ناوبانگەیە کە بۆ هەتا هەتایە دە مێژووی خەباتکارانی ڕاستەقینەی ڕێگای رزگاری کوردستان دا دەمێنێتەوە.  منیش وەک هەموو هاوسەنگەرە ڕاستەقینەکانت بە کۆڵ و بە دڵ بە دوای کۆچەکەت دا گریام… بمبوورە چیدیکەم لە دەست نایەت مامی خۆم.  رووحت شاد و یاد و ناوت هەر لە یاد و پیرۆز.

 

بابەتی پەیوەندی دار

بە خاکسپاردنی نەمر حەسەن سەرسپی فەرماندەی حدکا

بەداخەوە هاوڕێی فەرماندە حەسەن سەرسپی کۆچی دوایی کرد.

نویترین هەواڵ و بابەت