"an independent online kurdish website"

“موحەمەدڕەزا ئەسکەندەری” کە هەرگیز لە بەرەی شۆڕشی کورد و کوردستاندا نەبینراوە و ناوی نەبیستراوە، لەپڕێک سەر هەڵدەدا و دەکەوێتە سەرەتاتکێ لە ژیانی حیزبە کوردیەکان و کەسایەتیە شۆڕشگێڕەکان !

ناوبراو بە شێوازێکی ساختە و دەسکرد دەبێتە هاواڵی حیزبی دیموکرات و لەوێوە تۆمەت دەخاتە پاڵ منێک کە زیاتر لە سێ بەشی ژیانم تەرخانی کوردایەتی کردووە و گەورەترین شەرەف و شانازیم ئەوەیە لە ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتدا خزمەتم بە گەلەکەم کردووە و، ئەو حیزبەی کە بنەماڵەی پڕ لە خۆزگە و ئاواتی من بووە، بنەماڵەیێک کە ھەرگیز لێی تەرە نەبووم. ئازادیی گەل و ڕزگاریی نیشتمانەکەم گەورەترین و پیرۆزترین ئاوات و ئارمانم بووە، ئارمانێک کە تا ھەمیشە ئامادەم گیانی بۆ ببەخشم. دوای زیاتر لە ١٥ ساڵ پێشمەرگایەتی و تێکۆشانی بێوچان و بێپسانەوە وەک ھەزاران لە هاوسەنگەرانم لە پلە جیاوازەکانی بەرپرسایەتی حیزبیدا بڕیاری ھاتن بۆ دەرەوەی کوردستانم داوە و بە ڕێگا و شێوازە باوەکانی ئەو کاتی پەنابەریی گەییشتوومەتە ئوروپا، دیارە ئەم کۆچکردنە بابەتێکی ئاساییە و  ھەزاران کادێر و پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژھەلاتی کوردستان چ پێش و چ پاش سەفەری من ئەو ڕێگایەیان ھەڵبژاردوە. پاش گەییشتنیم بە ئوروپاش، نە لە تێکۆشان دابڕاوم، نە پێوەندیم لەگەڵ ھاوخەبات و ھاوسەنگەرانم لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات پچڕاوە.

با بگەڕێمە سەر ئەسڵی مەبەستی ئەم نوسراوە،  ئەسکەندەری دێت و لە ڕادیۆ و وێب سایتێکی تەریک و لاواز کە ناوی “کوردانە”یشی لەخۆ خەسار کردوە بە تەنگەتاوییەکی سەیروسەمەرە و جێی گومانی زۆرەوە تۆمەتی بێبنەما بۆ من ھەڵدەبەستێ و دیمانەیەکی یەکجار سووک و بەدوور لە یاسا و ڕێسای میدیایی بڵاو دەکاتەوە کە بە ھیچ شێوەیەک سیما و روخساری میدیاکارانەی پێوە دیار نیە و، زیاتر لە کایەیەکی مەبەستداری سیاسی و پلان بۆ داڕێژراو دەچێ. وەک بڵێی ئاغا لە تەماڵی بەرداوە و ھەر دەبێ بۆی بێنێتەوە، بەڵام ئەو لە شەوارەدا ڕێی لێ ھەڵە دەبێت و، بەردەنگی وریاش خێرا دەزانێ ئەم ئاکار و شێوازە، تێکدەرانە و لە خزمەتی دوژمنانی کوردایە. ئەسکەندەری دوو بابەت دێنێتە گۆڕێ، یەکەم تیرۆری شاپور فیروزی و،  من بە بکەری ئەو کارە لەقەڵەم ئەدات، دووەم تۆمەتی ھاوکاریی لەگەڵ “کۆماری ئیسلامی ئێران”م لێدەدات، جا نە وەکو پەیامنێر و میدیاکار بەڵکو وەکو شاکی و  قازی و دادوەر خۆی تۆمەت ئاراستە دەکات و ھەر خۆیشی حوکمی لەسەر ئەدات و، گوێش ناداتە ھەندێ لە بەرپەرچدانەوەکانی میوانەکەشی، واتە جەلیل گادانی. ھەمووی ئەمانە لەحاڵێکدایە کە لە یاسای میدیادا،وتووێژکار دەبێ بێ لایەن بێ و نێوانی وتەی لایەنەکان بگرێ. جگە لەمانەش کاتێک کاک جەلیل دواتر ڕاشکاوانە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕادەگەیێنێ کە ” لەو نووسراوەی موحەنەدڕەزا ئەسکەندەری بەرپرس نیم و بەشێک لە قسەکانی چەواشە و تەحریف کردووم و لەسەر تۆمەتەکانی نفوزیی ڕێژیم لە حیزبی دیمۆکرات و سەفەر بە فڕۆکە لە کوردستانەوە بۆ تورکیە لەگەڵدا نیم” کە چی ئەسکەندەری تەنیا سەردێڕی بابەتەکە دەگۆڕێت، لێرەدایە کە گومانەکان لەسەر ئەوەی کە ناوبراو مەبەستێکی تایبەت و ئاراستەکراوی ھەیە بەھێزتر دەبن.  ئەم باس و بابەتە لە ڕوانگەی منەوە سێ ڕەھەند و لایەنی ھەیە:

١- یاسایی و حقوقی

٢- لۆژیکی

٣.ئەخلاقی

لەسەر ڕەھەندی یەکەم وێڕای ئەوەی کە بە ھەموو شێوەیەک ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەمەوە و سەربەرزم کە تۆمەتی لەو جورە بە منەوە نانووسێن، دەبێ بڵێم کە من ناچار نیم و بە پێویستیش نازانم وەڵامی ئەسکەندەری و ھیچ کەسێکی دیکەش بدەمەوە ،بەتایبەت لەوەھا بەرنامەیەکی چرووکدا. بەڵام بێگومان ئامادەم لە دادگایەکی شیاو ودادپەروەردا وەڵام بدەمەوە و بەرگریی لە بێتاوانی خۆم بکەم. سەبارەت بە ڕەھەندی دووەم دەبێ بڵێم ھیچ چەشنە لۆژیکێک نەک ھەر لە  قسەکان بەڵکو لە شێوازی کار و پەیامەکەی “ئەسکەندەری”دا نیە. ناوبراو دەڵێت چەن ڕەهەندی دووەم وەڵامەکانی ئاشکران و هیچ چەشنە لۆژیکێک نەک هەر لەقسەکانیدا،بەڵکوو لە شێوازی کار وپەیامەکەشیدانییە.

ئەسکەندەری دەڵێت چەند ساڵە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەم ،بەڵام تاقە بەڵگەیەکیشی بە دەستەوە نیە و دیارە ئەوەش نازانێ کە میدیاکار لایەنگر نیە، بەڵکوو ڕوونکەرەوەی بابەتەکانە، هەروەها دەڵێ :خەڵکانی باشور “ئیلام و کرماشان” ئامادەی شاهیدیی و گەواهی دانن،ئەمە لە حاڵێکدایە کە من و تێکڕای کادر و پێشمەرگەکانی ئەو دەمەی حیزب چاک دەزانین ٢ کەس خەڵکی ئیلام و کرماشان لە ڕێزی  حیزب و لە مەقەرەکانی بنکەی ناوەندیی حیزبدا نەبوون. کەسانێک ھەن “بێگومان بەڕێوەبەری وێب سایتی کوردانەش، ئەسکەندەری، لەوانەیە” کە ئەگەر بە ئاستەم کێشەیەک لە ناوخۆی حیزبە شۆڕشگێڕەکاندا ھەبێت زەق و ئاگراندیسمانی دەکەنەوە و ھەوڵی زڕاندنی دەدەن، ھەر لەبەر ئەمەش پێویستە پرسیار لە خۆمان بکەین: ئەمە لەپێناو چیدا دەکرێ؟! بەڵام لە ڕووی ئەخلاق و پرەنسیبی ئەخلاقییەوە ڕوو لە میللەتەکەم “نەک لە ئەسکەندەری” دەڵێم ئەوەندە بەری و بێتاوانم کە باکم لە ھیچ تۆمەت و بۆختانێک نیە و ھەزاران ڕاسپێردراوی دوژمن ناتوانن بەدناوم بکەن. تیرۆر بە مانای کوشتن و تێدابردنی مرۆڤەکان پیشەی کۆماری ئیسلامییە و بوەتە نەریت و ڕێکار و سیاسەتی ئەو ڕژیمە، ئیستاش کە لەبەر زۆر ھۆ دەستی بۆ تیرۆری فیزیکی وەک جاران درێژ نیە شێوازی دیکەی تێرۆری گرتوەتە پێش کە ئەویش تێرۆری کەسایەتی و شەخسییەتی نەیارەکانیەتی، ھەموان چاک دەزانن کە کۆماری سێدارە لەم بوارەدا درێخی نەکردوە، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا کە شێوازی دژایەتی کردنی کورد و کوردستانی بەرەو ئاقاری ئاژاوەنانەوە و خەوشدارکردنی سیمای شۆڕشگێڕان بردوە، ھۆکارەکانیشی دیار و ئاشکران و حەوجێ بە شیکردنەوە ناکات. جا ئەم ڕەوتە کە ئەسکەندەری و “ئەسکەندەری”مانان ھەڵیانبژاردوە ھاوتەریبە لەگەڵ حەز و ویستەکانی کۆماری خوێنڕێژی ئیسلامی ئێران.    لە کۆتاییدا وێڕای ئەوەی کە ئەسکەندەری دڵنیا دەکەمەوە کە ھەوڵەکەی نەزۆک و ئەستێور دەبێ، ئاگاداریشی دەکەمەوە کە ئەگەر دان بە خەتا و چەواشەکارییەکانیدا نەنێ و داوای لێبوردن نەکات، خۆی لەبەردەم یاسادا دەبینێتەوە.

بە ڕێز و حورمەتەوە

موزەفەر مێتران ١٢⁄٥⁄٢٠١٩

بابەتی پەیوەندی دار

نویترین هەواڵ و بابەت