"an independent online kurdish website

وادەی ئەمریکا بۆ دەسپێکردنی خولی دووەمی سزاکان لەسەر ئێران چووە جێبەجێکردنەوە. ئەمریکا دەیەوێ فرۆشتنی نەوتی ئێران بە سفر بگەیەنێت.


ئایەتوڵڵا خامنەییش هۆشداری داوە ئەگەر ئەمریکا لە هەوڵدانی دوژمنکارانە بەردەوام بێت، تاران بێ وەڵام نامێنێتەوە. فەرماندەی هێزە چەکدارەکانیش رایانگەیاندووە کە تەنگەی هورمز دادەخەن! گرژییەکان لەنێوان هەردوولا لەم ماوەیەدا بە ترۆپکی خۆی گەیشتووە.

لەوەتای ئەمریکا سوپای پاسدارانی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، زەمینە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران ناخۆش بووە، ئەمریکا رایگەیاندووە کەوا خۆی بۆ جڵەوکردنی ئێران ئامادە دەکات. سزاکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی بێوێنە کاریگەری داناوە، بەجۆرێک کەوا دۆخی ئابووری و دارایی ئێرانی داتەپاندووە. هەناردەی نەوتی ئێران لە دوو میلیۆن و 500 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ خوار یەک میلیۆن بەرمیل دابەزیوە. ئەمە بووەتە هۆی داهێزرانی دارایی حکومەت و لە ئەنجامیشدا هەڵاوسانێکی بێوێنەی لێکەوتووەتەوە کەوا بە رێژەی ٤٠% مەزەندە دەکرێت.

لێرەدا دەپرسین: ئایا ئەم گرژییە لەنێوان ئەمریکا – ئێران جەنگی لێدەکەوێتەوە؟ ئایا قەیرانی ئابووری چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی ئێران دەبێت؟

گریمانەی سەرەکی ئەوەیە کە جەنگی بە وەکالەتی تازە جێی جەنگی هەمەلایەن بگرێتەوە.

ئەمریکا: لۆبی جەنگ و کۆتایی وادەکە

 رۆژی دووی مایس دوایین وادەی درێژکردنەوەی لێخۆشبوون بوو بۆ ئەو وڵاتانەی نەوتی ئێران دەکڕن. لە کاردانەوەی ئەمەدا، حەسەن روحانی سەرکۆماری ئیران رایگەیاند کەوا دەتوانن لە کەنداو کێشە بۆ گواستنەوەی نەوت بنێنەوە. فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش جاڕی دا کەوا تەنگەی هورمز دادەخەن.

 دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا رێککەوتنی پێنج کۆ یەکی بە رسواترین رێککەوتن ناوبرد و بەڵێنی دا ڕایبگرێ. لە ساڵی رابردوودا ئەم بەڵێنەی جێبەجێ کرد. هاوکات بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ پرۆژەیەکی 12 ماددەیی تازەی راگەیاند کە گەلێک پێشمەرجی تیدایە بۆ بچووککردنەوەی ئێران. پسپۆڕان پێیانوایە تاران بە ئاستەم مل بەم خواستانە بدات، چونکە ئەم خواستانە بۆ بەچۆکداهێنانی ئێرانە وهەرگیز ئەمە قبوڵ ناکات. بەقسەی پسپۆڕان ئەو پرۆژە 12 ماددەییە تەعجیزین و  ئەم پێشەرجانەی لەخۆگرتووە:

 کۆتایی بە بەرنامەی ئەتۆمی بهێنرێ، هێزەکانی لە سووریا، لوبنان، عێراق و یەمەن بکشێنێتەوە، پشتیوانی لە گرووپەکانی حزبوڵڵا، حەماس، جیهادی ئیسلامی، ئەنساروڵڵای یەمەن و تاد نەکات، کۆتایی بە مووشەکسازی بالستیکی بهێنێ و تاد. 

 جۆن بۆڵتن راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت: ئێمە خەریکین دۆزەخێک بۆ ئێران ساز دەکەین. مایک پۆمپیۆش بەردەوام بانگەشەی گوتارێکی شێوە دینی بۆ پرسی ئیسرائیل دەکات.

بەمجۆرە لە ئەمریکا دوو لۆبی کار بۆ تەنگهەڵچنین بە ئێران دەکەن. ئەم دوو لۆبییە یەکیان ناوخۆییە و یەکیشیان دەرەکی. لۆبی ناوخۆیی و لۆبی دەرەکی رۆڵی جددی دەگێڕن.

 یەکەم – لۆبیی ناوخۆیی: ئەمانە لە کەسانی نیۆکان، واتە محافزەکاری نوێ پێکدێن کە لە کابینەکانی جۆرج بوشی دووەمدا رۆڵی سەرەکییان لە بەرپاکردنی جەنگی ئەفغانستان و عێراقدا بینیوە. هەروەها ئەمانە بەزۆری کریستیانی ئینجیلین و باوەڕیان بە پەیامی دینیی ئەمریکاش هەیە. هەم مایک پۆمپیۆ و هەم جۆن بۆڵتن هەردووکیان کریستیانی ئینجیلین. پۆمپیۆ پێیوایە پەیامی ئەمریکا ئەوەیە کەوا راسپاردەی خودایی لە کتێبی پیرۆز بۆ پاراستنی ئیسرائیل جێبەجێ بکات. بۆیە ئەمانە بەجۆرێک لەگەڵ ئەوەن ئێران هەتاوەکوو ئاستی جەنگیش تەنگی پێ هەڵبچنرێت.

دووەم – لۆبی دەرەکی: لۆبی دەرەکیش لە نەتانیاهوو، بن سەلمان و بن زاید پێکدێن. ئەمانەش یەکیان ئیسرائیلە کەوا نوێنەرایەتی تاقە دەوڵەتی جوو دەکات. ئەوانی دیکەشیان نوێنەری شانشین و شێخنشینەکانی خەلیجن کەوا ئەجێندای دژە ئێرانییان هەیە. ئەم بلۆکە ئیسلامییە سوننییە لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتنی پالەکییان هەیە و لەسەر بنەمای دوژمنی هاوبەش کاردەکەن. بەمجۆرە بلۆکێکی ئیسلامی عەرەبی سوننە لە خەلیج خۆی بۆ تەنگهەڵچنین بە ئێران ئامادە دەکات.

 ئەم دوو لۆبییە کار لەسەر ئێران دەکەن. بەڵام هەتا ئەم ساتەش ئەمریکا خۆی لەسەر ستراتیژییەتی لێدانی ئیران ساخ نەکردووەتەوە. ستراتیژییەتی فەرمی ئەمریکا دەیەوێ تەنگ بە ئێران هەڵبچنێ و ناچار بە واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێی بکات، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن 12 پێشمەرجەکەی ئەمریکا بۆ ئێران گەلێک قورسە و ئەستەمە ئێران مل بە نۆشینی “جامی ژەهری دووەم” بدات.

 ئێران: سەبر و بنکۆڵکردنی گەمارۆکان

 ئێران هەوڵدەدا بە ستراتیژیەتی سەبر و ئارامی بەشێنەیی گەمارۆدان تێکبشکێنێ. هەوڵیش دەدا بە چەند ستراتیژییەتێکی فرەڕەهەند سیاسەتی گەمارۆکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی پووچەڵ بکاتەوە. یەکەم – ئێران هەتا پێی بکرێ لە هەوڵدایە کاتی زیاتر بەدەستبهێنێ.

ئێرانییەکان زیاتر لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەمریکا دەیانەوێ لەناوەوە بە گوتارێکی دادخواز بانگەشە بۆ پرۆژەکەی خۆیان بکەن. بۆیە جەواد زەریف بەزۆری میبنبەری دیپلۆماسی تینک تانکەکانی نیۆیۆرک و واشنتن بۆ ئەم بابەتە بەکاردەهێنێ.

 دووەم –  لەلایەکی دیکەوە هەوڵ دەدا لایەنە ئەورووپاییەکان ناچاربکات ستراتیژییەتی بەدیلی خۆیان بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران پیادە بکەن و لەبەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا و سزا تاکلایەنەکانیدا بەرگە بگرن. بۆیە بەردەوام هەوڵ دەدەن یەکێتی ئەورووپا و تەنانەت ئینگلتەرە بە جێگرەوەی ئەمریکا لەقەڵەم بدەن و ئومێدێکیشیان لەسەر ئەمە هەڵچنیوە و کاری لەسەر دەکەن.

سێیەم – ئێران دەیەوێ قەڵشی نێوان چین و رووسیا لەگەڵ ئەمریکا بقۆزێتەوە. دەیەوێ وا لەو دوو دەوڵەتە بکات پشتیوانی ئێران بکەن. بەتایبەت بۆ چین دەیەوێ کارێک بکات تەسلیم بە سیاسەتی گەمارۆکانی ئەمریکا نەبێ و بە رێکارێکی جیاواز نەوت لە ئێران بکڕێت.

چوارەم – هەوڵدان بۆ راکێشانی پشتیوانیی دەوڵەتە جیاوازەکانی دیکە. بۆ ئەمەش ئومێدی هەیە هیندستان لە بڕیاری نەکڕینی نەوتی ئێران پاشگەزببێتەوە. بەڵام پێدەچێ لەمەیاندا سەرکەوتوو نەبێت. بەنیسبەت تورکیا، ئێران تۆزێک پشتڕاستە چونکە تورکەکان لە نەکڕینی نەوتی ئێران زیانی زۆر دەکەن و هێشتا بەدیلێکی ئامادەیان بەدەستەوە نییە. رەنگە ئومێدێک بۆ کردنەوەی دەروازەی قاچاخ مابێت.

 ئێران بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەیەوێ بەرەیەک لە وڵاتانی نەیار بە ئەمریکاش دروستبکات، هەر لە ڤەنزوێلاوە بگرە هەتاوەکوو کۆریای باکوور و چەندین وڵاتی دیکە.

 لەوە واوەتریش لە هەنگاوی دووەمدا دەیەوێ بە هەڕەشەی سەربازی بە دوو رێکار ئەمریکاییەکان بترسێنێ! ئەم دوو رێکارەش ئەمانەن:

 یەک- ئێران دەیەوێ بەرەیەکی ناوچەیی بەرین لەنێوان دەیان گرووپی میلیشیایی شیعە و هەندێک گرووپی توندڕەوی سوننەی لایەنگری ئێران دروستبکات و لە ئەگەری قورستربوونی سزاکان لەڕێی ئەم گرووپانەوە پەلاماری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بدات. ئەم بلۆکە هەر لە فەڵەستین و لوبنانەوە هەتاوەکوو یەمەن، بەحرەین، عەرەبستان و لێرەشەوە هەتاوەکوو باکووری ئەفریقا و ئەفغانستان و قەفقاز و ئاسیای باشوور و ئاسیای ناوەڕاست ئامادەگییان هەیە.

دوو- لەڕێی هەڕەشەی راستەوخۆی سەربازی باسی داخستنی تەنگەی هورمز دەکات. مەبەستیشی ئەوەیە کەوا کۆسپ لەبەردەم پرۆسەی گواستنەوەی وزە لە کەنداوەوە بۆ جیهان دروستدەکات. ئەم هەڕەشەیەیان قورسترە و بە مانای جەنگی راستەوخۆ نەک وەکالەتی و نیابەتی دێت.

ئەنجام: ئایا جەنگ روودەدات؟

لێرەدا چەند سیناریۆیەک هەن:

یەک – ئەگەری یەکەم ئەوەیە کەوا ئێران هەوڵبدات لەڕێی دیپلۆماسی بەرفراوانەوە، بەتایبەت لەڕێی ئەورووپاییەکانەوە تۆزێک لە فشارەکان کەم بکاتەوە و لەگەڵ ئەوان دانوستاندنێکی مەرجدار بکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی جیاواز بتوانێت نەوت هەناردە بکات و بارەکە بخاتە ئەستۆی ئەورووپاییەکان. بەمەش ئەگەری هەڕەشەی جەنگ بڕەوێنێتەوە. 

دوو – تا ئێستا ئاماژەکان پێمان ناڵێن لانیکەم لەم ساڵەدا جەنگێکی بەرفراوان روودەدات. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ئێران لەگەڵ توندتربوونی سزا ئابوورییەکان بۆ رەواندنەوەی هەڕەشەکان و دوورخستنەوەیان لە سنوورەکانی ئێران، جەنگێکی پێشوەختی وەکالەتی لەڕێی چەند گرووپێکی میلیشیایی شیعە لە ناوچەکە دەستپێبکات.

سێ – ئەگەری لاوازتر ئەوەیە رووداوێکی کتوپڕی دیراسەنەکراوی ناوخۆیی یان ناوچەیی ببێتە هۆی پشێوی و جەنگی ناوەختی لێبکەوێتەوە. لەم دۆخەدا ئەگەر هەیە جەنگ خەلیج بگرێتەوە. بەمجۆرە ئەگەری جەنگی مووشەکی هەیە و لەم حاڵەتەشدا گرووپە میلیشیاییە شیعەکان جەنگ بۆ گەلێک شوێنی جیاواز بگوازنەوە.

لەگەڵ پۆلێنبەندی ئەم سیناریۆیانە، جارێ شیمانەی جەنگ لاوازە. مەگەر ئەوەی سزاکان لە ناوخۆدا ببێتە هۆی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی کە ئەمەش لەلایەن تارانەوە بۆ جەنگێکی پێشوەخت بگۆڕێ بۆئەوەی مەترسییەکە لە ناوخۆی ئێران دووربخرێتەوە، بە جەنگێکی دوور تەفرە بدرێت.

 

ئەم وتارە لە ژمارە 554ـی هەفتەنامە ماڵپەڕی رووداو بڵاوکراوەتەوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی