"an independent online kurdish website"

خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، زۆربەی کاتەکان، دوای چەند ساڵ لە ڕووداوەکان ڕادەمێنن و خوێندنەوەیان بۆ دەکەن، یەکێک لەو ڕووداوانە کە خەریکە ئەمڕۆی کورد بەرەو کاولستان دەبات


 و بۆ چەند سەدەی تریش لە مافە زەوت کراوەکانی خۆی دوور دەکاتەوە، پەیامەی نەورۆزیی ساڵی 2013ـەی بەڕێز عەبدووڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانە کە بە گرێدانەوەی بە ڕادەست کرانی عەفرین بە تورکیە، پرۆژەی نوێی کۆدار و پژاک و جووڵاندنی ئەو دواییانەی هێزی یەکێتیی نیشتمانی بۆ دەڤەری ڕاپەڕین و ئامادەبوونی چڕی گریلاکانی پەکەکە (نەک پژاک یان کۆدار) لە سەرجەم ناوچە کوێستانی و سەیرانگاکانی ڕۆژهەڵات، ناوەرۆک و مەبەستی ئەو پەیامەمان بۆ دەردەخات.

تا ئێستا لەمەڕ هاوکاریی پارتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان و بەتایبەتی ئێران زۆر نووسراوە و باس کراوە و کەسانی لایەنگری ئەو حیزبەش پاساوی خۆی بۆ دێننەوە، بەڵام ئەوەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان ساز کراوی میت بێت یان ئەوەتا دواتر لەلایەن میت و تورکیەوە لە خزمەت ئامانجەکانی ئەردۆغانیزم خرابێ، زۆر بە کەمی ورووژاوە و بەتایبەتی کە بەستێنی سەرەکیی چالاکیی پەکەکە، کوردستانی باکووری بندەستی تورکیایە، کەمتر ئەو گریمانە و گومانە ساز دەکات، بەڵام چاو لێ کردنێک لە پەیامی نەورۆزی 2013ـەی ئۆجەلان لەلایەک و فرۆشترانی کۆماری کوردستانی سوور لە لایەکی تر و دژایەتی لەگەڵ هاتنە ئارای دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان و بە کورد نەزانینی هەورامی و ئێزیدی و عەلەویەکان لەلایەکی تر، بەو قەناعەتەمان دەگەیێنێ کە پارتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ میتی تورکی پەیوەندیی چڕی هەیە و فرۆشترانی کوردستانی سوور بە چوار ملیۆن دۆلار و هەندێک هەوڵ بۆ پەرتەوازە بوونی بەشێک لە کوردی باکوور بەرەو شارە تورکەکانی تورکیە و بە کۆچبەر ناساندنی کوردەکانی ڕۆژاوا لە لایەن خودی ئۆجەلانەوە، بەو قەناعەتەمان دەگەیێنێ کە پەکەکە لە بنەڕەتەوە، پرۆژەیەکی تورکیە بەڵام ئەوەی لێرەدا بە ڕوونی باسی دەکەین ئەوەیە کە ئەو پرۆژەیە بۆ بنیات نانەوەی ئیمپراتووریەتی عوسمانی ساز کراوە و ئێستا بە نیازە ڕۆژهەڵاتیش بخاتە بەر چەتری خۆی و دواتر لە هێرشێکی تورکیەدا، هەر نەبێ بەشێک لە ڕۆژهەڵات بچتەوە سەر ئەو ئیمپراتووریەتە خەیاڵیە. کەواتە لێرەدا پەکەکە بە ئاشکرا و بە شێوەیەکی تاکتیکی و تەنانەت ستراتژیکی، گەمە بە ڕژیمی ئێرانیش دەکا، ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕژیمی ئێران لای وایە بە تەواوی پەکەکەی لە ژێر ڕکێفی خۆی ناوە بەڵام لە درێژخایەندا و لە ئەگەری سەرکەوتنی پیلانەکانی پەکەکە، دەردەکەوێ کە پەکەکە، لە بنەڕەتدا لەگەڵ ڕژیمی ئێران کێشەی هەیە و دەیهەوێ بەشێک لە خاکی ئێرانی ئێستا بخاتەوە سەر تورکیە و لە ڕاستیدا پێش بە ئیمپراتووریەتی سەفەوی و پرۆژەکەی بگرێ.

ئەگەر لە پێشەکیی زۆرتر واز بێنین، پێویستە بەشێک لە پەیامی نەورۆزیی ئۆجەلان بخەینە ڕوو و پشکنینی بۆ بکەین و دواتر پەیوەندیی نێوان ئەو پەیامە لەگەڵ “مەجلیسی کەبیر” بخەینە بەر باس.

ئۆجەلان، پەیامەکەی خۆی بە سڵاو لە پێکەوە ژیانی دوو گەلی تورک و کورد دەست پێدەکا و لێرەدا لە سەرۆکی گەلی کوردەوە تا ئاستی کۆترێکی ئاشتیی برایەتیی گەلانی تورک و کورد دێتە خوارێ. دواتر ئۆجەلان کە لە یەکەم کتێبی خۆیدا باس لەوە دەکا کە مێزۆپۆتامیا یەکەم لانکەی ژیانە و کوردستان لانکەی مرۆڤایەتیە، دەنووسێ: “ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، برای دوو ڕووباری ساکاریا و مریجی ـن و چیاکانی ئاگری و جودی، هاوڕێی کوێستانەکانی کاچکار و ئەرجیە ـن و گۆوەند و دەلێ لۆش، هاوڕەگەز و هاوخوێنی زیبک ـن. واتە ئۆجەلان، کورد و تورک دەکا بە برای خوێنی و کوردستان دەباتە ژێر ڕکێفی ئەو برایەوە.

سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، دواتر وەک خوویەکی چەپەکان، هێرش دەکاتە سەر ئیمپریالیزم و بە تاوانباری دەزانێ کە دووسەد ساڵە، وڵاتیان داگیر کردووین و چەمکێکی بێ واتایان بە ناوی دەوڵەت نەتەوە داتاشیوە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان، سنووری دەستکردیان دروست کردوون. مەبەستە سەرەکیەکەی ئاپۆ لێرەوە دەست پێدەکا کە سنوورەکان بە دەستکرد دەزانێ و نەتەوە بە چەمکێکی دەستکردی دەستە بۆگەنەکانی ئێمپریالیزم. واتە ئۆجالان لێرەدا، دەیهەوێ باس لە پێویستیی سڕینەوەی سنوورەکانی بە وتەی ئەو دەستکردی ئێمپریالیزم بکات نەک سڕینەوەی سنوورە دەستکردنەکانی نێوان چوار پارچەی کوردستان، کوردستانێکی گەورە کە هەم خەڵکیان پێ هەڵخەڵەتاند  و هەم شەڕێکی خوێناویان بەسەر پارتی و یەکێتی و تەنانەت حدکاشدا سەپاند کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە بە هۆی ئەوەی کە بە فیدرالیزم ڕازی ببوون، دژە کورد بوون و کوشتنیان و ڕشتنی خوێنیان ڕەوا بوو.

ئەوەی کە ئامانجی سەرەکیی منی نووسەر لە نووسینی ئەو بابەتەیە و بە دروستی دەریدەخا کە پەکەکە و ئۆجەلان بە دوای ساز کردنی ئێمپراتووریەتی عوسمانین و لە بنەڕەتدا پرۆژەیەکی میت و تورکن ئێرەیە کە دەڵێ: “دوو گەلی کورد و تورک لە “چانک کالە”، پێکەوە شەڕی ئازادیان داهێنا و لە تەنیشت یەکتری شەهید بوون و لە ساڵی 1920دا پێکەوە “مەجلیسی کەبیر”ـیان ساز کرد.

مخابن لە سەردەمی بڵاو بوونەوەی ئەو پەیامەدا، نە هیچ حیزب و نە هیچ سیاسی و نە هیچ لێکۆڵەرێک، سرنجی بەو بەشە نەدا و هەموو چاومان لە دەسرەی سەرچۆپیی چۆپی کێشەکانی فستیڤاڵی نەورۆزیی دیاربەکر بوو و بە هۆی ئەو تێڕانەمانەش، ئەمڕۆ هەم ڕۆژاوای کوردستان کوردێکی ئەوتۆی تێدا نەماوە و زۆربەی شار و گوندەکانی لەلایەن هێزەکانی سووریای دێموکراتیکەوە تەعریب کراون و عەڕەبیان هاوردە کراوە و هەم ڕۆژهەڵاتیش خەریکە بە پلانێکی سێ قۆڵیی نێوان ئێران-پەکەکە-یەکێتی بەو ئاقارە دەڕوات و جێگیر بوونی ساکاری هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سەرجەم هەوارگەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەو ڕاستیە تاڵەمان بۆ دەردەخات.

ئۆجەلان لە دوای ئاماژە دان بە “مەجلیسی کەبیر” و پێویستیی ساز کرانەوەی ئەو مەجلیسە دەڵێ: “هەروەک لە ڕابردووی نزیکدا و لە چوارچێوەی هاوپەیمانەتیی نەتەوەیی بە هاوکاریی تورک و کورد، خەباتی ئازادیخوازانە گررتراوەتە بەر، ئەمڕۆش لە لایەنگەلی بەربڵاوتر و قووڵتردا دەبێ ببین بە میراتهەڵگری ئەو هاوئاراستەییە”.

ئۆجەلان لێرەدا بە تەواوی ئامانج و مەبەستە دژە کوردانەکەی خۆی کە ڕێک ئامانجی ئەردۆغانیزم و ئاکەپە بۆ پێکهێنانی ئیمپراتووریەتی عوسمانیە دەخاتە ڕوو، لێ بۆ ئەوەی کە خوێنەر باشتر لە مەجلیسی کەبیر و ئامانجی ئۆجەلان و پەکەکە تێبگا، لێرەدا مەجلیسی کەبیر دەخەینە بەر باس.

مەجلیسی نەتەوەیی کەبیری تورکیە یان مەجلیسی نەتەوەی گەورەی تورکیەTürkiye Büyük Millet Meclisi) تەنیا ناوەندی یاسادانەریی تورکیەیە، ئەو مەجلیسە لە ساڵی 1920 و لە ناوەڕاستی شەڕی سەربەخۆیی تورکیە دامەزرا. ئەو مەجلیسە دەورێکی سەرەکی لە هەوڵەکانی کەماڵ ئاتاتۆرک و هاوکارەکانی بۆ ساز کردنی حکومەتێک لە پاشماوەکانی ئیمپراتووریەتی عوسمانی لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی هەبوو.

وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە، ئۆجەلان لە پەیامەکەی نەورۆزی 2103ـەی خۆی باس لە شەڕی “چانک کالە” دەکا و دەڵێ: “دوو گەلی کورد و تورک لە “چانک کالە”، پێکەوە شەڕی ئازادیان داهێنا و لە تەنیشت یەکتری شەهید بوون و لە ساڵی 1920دا پێکەوە “مەجلیسی کەبیر”ـیان ساز کرد.

شەڕی چاناک کالە یان چالان قەڵا، 25ی ئاوریلی ساڵی 1915 ڕووی دا و بۆ تورکەکان وەک سەرەتای دووبارە ژیانەوەیەک ئەژماری بۆ دەکرێ کە بە شەڕی “گالی پوولی”ـیش بەناوبانگە. ئەو شەڕە لە نێوان هێزەکانی ئیمپراتووریی عوسمانی و موتەفقین و بریتانیا، ئانزاکەکان و فەڕانسە لە باریکەی داردانێل هاتە ئاراوە و زیاتر لە سەد هەزار کەسی تێدا کوژرا. تورکەکان هەموو ساڵێک لە مانگی مارس دا، سەردانی ئەو قەڵایە دەکەن و لە ڕاستیدا ئەو سەردانەیان وەک پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ سەربازە تورکەکانە کە لەو شەڕەدا کوژراون. کەچی ئۆجەلان داوا لە کورد دەکاتەوە، جارێکی تر لە دژی ئێمپریالیزم، شان بە شانی برا تورکەکانیان، ئەو پەیمانە نوێ بکەنەوە و بەرگری لە مانەوە و بوونی تورکیە و لە ڕاستیدا سەرهەڵدانەوەی ئیمپراتووریەتی عوسمانی بکەن.

دەوڵەتی تورک و تورکەکان هەموو ساڵێک، یادی ئەو شەڕە دەکەنەوە و لە راستیدا وەک بەهێز کردنی هەستی نەتەوایەتیی تورکەکان، یادی دەکەنەوە کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە و بەپێی ڕای بەشێک لە نووسەرانی مێژوو، بە هۆی ئەوەی کە لەو شەڕەدا، کەماڵ ئاتاتۆرک، هیزێکی زۆری گرت و دەورەکەی زەق کرایەوە، گرنگیەکی تری هەیە و ئەو گرنگیە کاتێک دەردەکەوێ کە ئاتاتۆرک، هەشت ساڵ دوای ئەو شەڕە و لە دوای تێکڕمانی ئیمپراتووریەتی عوسمانی، دەوڵەتی تورکیەی بنیات نا و کوردیش دواتر کوشت و بڕ کرا و لە دوای لەناو چوونی شۆڕشی دێرسیم، تورکەکان وێنەیەکیان ساز کرد کە تێیدا گۆرێک دەبیندرا کە خاچێکی لەسەرە و لە سەر گۆڕەکە نووسرابوو کورد، واتا ئیتر ەو ڕۆژەوە کوردمان بۆ هەمیشە بنەبڕ کرد، ئێستاش سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ئاشکرا نونەری میتە بۆ گەشاندنەوە و بنیات نانەوەی ئێمپراتووریەتی عوسمانی و کوردیش ئاوردووی ئەو ئاگرەیە. لە ڕاستیدا ئۆجەلانی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە لە دوای گیرانەکەی، وەک لە ڤیدیۆکەی میت ـدا دەردەکەوێ دەیهەوێ هەر کەس کە کوردستان ساز دەکا، لە ناوی بەرێ و دەڵێ “مەسعوود و جەلال مەترسین، ئەوان دەیانهەوێ کوردستان ساز بکەن، من ئازاد بکەن هەموویان لە ناو دەبەم، ئەوانە مەترسین.”

ئەگەر ئەو باسە لەگەڵ هێرشی تورک بۆ عەفرین و پاشەکشەی گریلاکانی پەکەکە لەو شارە و ڕادەست کرانی بە تورکیە، پێکەوە گرێ بدەین دەبینین کە ئەو پاشەکشەیەش، پلان بۆ داڕێژراوە و لە بنەڕەتدا دوژمنایەتیی نێوان پەکەکە و تورکیە، یاریەکی سیاسیە و پەکەکە بچتە هەر شوێنیک تورکیە هێرشی دەکاتە سەر و پەکەکەش پاشەکشەی بۆ دەکا و ئەو شوێنە دەکەوێتەوە سەر خاکی تورکیە کە دەیهەوێ ببێتەوە بە ئێمپراتووریی عوسمانی وەک ئێستا عەفرین و دارە زەیتوونەکانی هەموو وەک بەشێک لە خاکی تورکیە ئەژماریان بۆ دەکرێ و خەڵکەکەی پاسپۆرتی تورکیان دراوەتێ و بە زمانی تورکی و لە ژێر ئاڵای تورکیەدا دەخوێنن.

لەلایەکی تریشەوە لە ماوەی ڕابردوودا، کۆدار و پێژاک، بەناو پرۆژەیەکیان بە ناوی پرۆژەی کۆدار و پێژاک بۆ دێموکراتیزە کردنی ئێران دا دەرێ کە بە ئاشکرا بە شان و باڵی ئێراندا هەڵکوتنە و دژایەتی لەگەڵ ویستی کورد، بەڵام تاکتیکی بوونی ئەو لێدوان و پرۆژەیە لە دژ بە یەک بوونی لیدوانی بەرپرسانی پژاک دەردەکەوێ، یەکیان دەڵێ ئێمە ناتوانی لەئەگەری شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیران بێ لایەن بین و لای ئێران هەڵدەبژێرین و ئەوی تر دەڵێ، چاوەڕوانی شەڕ نابین و پلانی خۆمان هەیە، ئەوە واتا، ئەوان لەگەڵ ڕژمی ئێرانیش ڕاست نین و ڕژیمی ئێران هەڵخەڵەتاوە و لە کاتێکدا وادەزانێ لەگەڵ پەکەکە دۆستە و پەکەکە هێزێکی سەر بە ئەوە، پەکەکە بە نیازە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێ و بیگەرێنێتەوە سەر تورکیە، ئەوە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوو و لە ئەگەری سەرکەوتنی پیلانەکانی پەکەکە لە ڕۆژهەڵات دەردەکەوێ کە بە دەردی عەفرینی دەبەن، ئەگەریش چاوێک لە شوێنی بڵاو بوونەوەی هێزەکانی پەکەکە لە ئێستای ڕۆژهەڵاتدا بکەین دەبینین کە تەنیا نوچە سوننە نشینەکانی گرتۆتەوە.

هەڵمەت مەعرووفی، ڕۆژنامەنووس و چاوەدێری سیاسیی کورد لە لاپەڕەی فەیسبووکیی خۆیدا باسێکی ورووژاندووە و لە زمان نووسەرێکی سیاسیی کوردەوە دەنووسێ: “ئەو نووسەرە گوتی: “ساڵی ٢٠١٥ بوو، یەکێک لە دەست ڕۆیشتووە کوردەکانی ئاکەپە لە باکوور، پەیوەندی پێوە کردم و داوای لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کوردی لێکردم و گوتی هەرچی پارەی داوای بکەی و هەرچی پێویستی بتهەوێ دەتدەینێ بەو مەرجەی کە لێکۆڵینەوەکەت بەرەو ئەو ئاقارە ببەی کە دەبێ کورد لە بری ئیمپراتووریی سەفەوی، بگەڕێتەوە سەر ئیمپراتووریی عوسمانی“.


ئەو نووسەرە سیاسیکارە گوتی: “من لە وڵامدا پێم گوت، دەتهەوێ ببم بە ئیدریس بدلیسی؟“.

ئێستا ڕۆژهەڵات بە چڕی لە ژێر هەڕەشەی بە ڕۆژاوا بوون دایە، ڕۆژاوایەک کە بەپێچەوانەی ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێ، هیچی وەک کوردستان بۆ نەکراوە، من سەرم سووڕ دەمێنێ لەوانەی کە تەنانەت لەگەڵ باشوور بەراوردی دەکەن. ئەو کەسانە مخابن هەر لە رێگای میدیاکانەوە، ڕۆژاوا دەناسن و تەنانەت لە جوغرافیاکەشی شارەزا نین چ بگا بە دۆخەکەی.

من، وەک نووسەری ئەو بابەتە، لێرەدا بەتەواوی لەگەڵ هەڵمەت مەعرووفی هاوڕام کە دەڵێ: “قەیرانی سەرەکی ئەوەیە کە پەکەکە، نایهەوێ ڕۆژهەڵات بۆ ئێران ڕابگرێ، پەکەکە تەنانەت لەگەڵ ڕژیمی ئێرانیش سیاسەت دەکا، ئامانجی سەرەکیی پەکەکە، بە تورکیەوە لکاندنی ڕۆژهەڵاتە، لانیکەم بەشی سوننەکەی. پەکەکە، دوای ماوەیەک ڕێگا بۆ هاتنی تانک و فڕۆکەی تورکی خۆش دەکا و بۆخۆی دەکشێتەوە بەشی شیعەنشینی ڕۆژهەڵات و تا ساز بوونی مەئمووریەتێکی تر لەوێ خۆسەریەک بۆخۆی ساز دەکا.
باسەکە زۆر لەوەی قووڵترە کە ئەقڵی سیاسیی ڕووکەشی پێیبگا، نەقشەی داگیرکەران زۆر لەوەی قووڵترە کە ئێمەی نووستوو بیری لێ دەکەینەوە.

لەو ناوەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، بەشێکە لەو قەیرانە، یەکێتی، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزێکی چەکداری زۆری خۆی بۆ دەڤەری ڕاپەڕین ناردووە کە بەپێی ڕوانگەی شارەزایانی سیاسی و چاوەدێرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات لایان وایە کە، ئەوە بەشێکە لە پرۆژەی بە ڕۆژاوایی کردنی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕادەست کردنی ڕۆژهەڵات بە پارتی کرێکارانی نزیک لە ئێران و سەرکوت کردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی و پێش گرتن بە ئەگەری جووڵاندنی هێز بەتایبەتی پارتی دێموکراتی کوردستان بەرەو ڕۆژهەڵات لە ئەگەری شڵەژانی ئێران و لە لایەکی تریشەوە، بەو شێوەیە پێش بە هەر چەشنە هێرشێکی سەربازی لە رێگای ویشکانیەوە بەرەو ئێران دەگیردرێ بەتایبەتی کە حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە شیعەکانی تریش لە دەڤەری کەرکووک و گەرمیان هەن و ئامادەسازیی خۆیان کردووە.

ئەگەر بە وردی چاو لە پرۆژەی کۆدار بۆ دێموکراتیزاسیۆنی ئێران بکەین، ،دەتوانن باش لەوە تێبگەین کە ئەو پرۆژەیە لە ئارا دایە و کۆدار و پژاکی سەر بە پەکەکە، ئامادەی بەڕێوە بردنی ئەو پرۆژەیەن.”

کۆتا قسە ئەوەیە کە، پەکەکە لەگەڵ یەکێتی لە ئێستادا، بە ڕواڵەت، پیلانی ئێران جێ بە جێ دەکەن کە هەڵبەت گومان لەوەدا نیە کە یەکێتی هەر ئەو نیازەی هەیە بەڵام پەکەکە لە ئەنجامدا نیازێکی تری هەیە کە بریتیە لە بە تورکیەوە لکاندنی کوردستانی ڕۆژهەڵات و پێکهێنانی خەونی نەتەوەیی و هەمیشەیی تورکەکان کە بریتیە لە پێکهێنانی ئیممپراتووری عوسمانی، لەو ناوەدا تەنیا کورد و کوردستان دەبنە دەستەچیلەی ئاگر، وەک هەمیشەی مێژوو.

حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، تا ئێستا لە هەمبەر ئەو هەواڵ و زانیاریانە وەک هەمیشە بێدەنگن و کورد گوتەنی پێدەچێ مێشێکیشیان میوان نەبێ و هیچ پلانێکیان بۆ ئەو پیلانە نەبێ و چاوەڕوانیی ئەوەیان هەبێ کە خەڵکی دەست بەتاڵ، پێش بە پیلانەکان بگرێ یانیش بە دەست قەزا و قەدەر و موقەدەری بسپێرن، ئەوەش بە واتای لە بیر خۆ بردنەوەی ئەرکی مێژووییانە.

 

ڕۆژان عەدڵ نیا، ڕۆژنامەنووس و کارناسی باڵای مافناسی

 

 

نووسەر خۆی لە نووسینەکەی بەرپرسە

 

نویترین هەواڵ و بابەت