"an independent online kurdish website"

لەم بەشە دا سەرنج دەخرێتە سەر ڕا و بۆچوونی ئەندامانی بەشداری پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، لە مەڕ (پرسیاری شێوەکاری دواڕۆژ لە هەل و مەرجی نەهێشتنی دەوڵەتی عێراق، کە لە خاکی ئەو دا دانیشین)؟


ئەو نەزەر و بۆچوونانە بۆ 30ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە، دەتوانم بڵێم هەموو بەشدارانی پلینۆم ڕاو بۆچوونی خۆیان دەر بڕیوە کەس هەبوو دوو تا سێ جار قسەی کردوە بە گوێرەی ئەو یادداشتانەی هەڵم گرتوونەوە و تا ئەو جێگەی بگونجێ بەشێکیان دەخەمە ڕوو، دیارە هێندێک باس کراون کە بۆ هێنانە دنیای مەجازی نابن ئێستە کاتی بڵاو کردنەوەیان نەهاتوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە نەر زەر و بۆ چونە جیاوزەکاندا دەر دەکەوێ ڕێبەریەکی کارا و چاو نەترس و خاوەن بڕوا بە خۆ بوونە بۆ ڕۆژی تەنگانە ، بە داخەوە بەشێکی بەرچاو و هەرە کاریگەریان شەهید بوون و لە ژیاندا نەماون .

فەتاح عەبدولی ، شەهید

لە کوردستان ڕژیم لە باری نیزامیەوە تا ڕادەیەک سەر کەوتنی بەدەست هێناوە، بۆ بە دەسهێنانی سەر کەوتنی سیاسی؟ بەڵام سەر کەوتنی سیاسی بە دەست نەهێناوە، کۆماری ئیسلامی ناتوانێ پاشەکشە بکات چونکە وەزعیەتی سیاسی بە قازانجی حیزبی دیموکراتە، تەواو بوونی شەڕی ئێران و عێراق تەئسیری خستۆتە و سەر ورەی خەڵک و پێشمەرگە، بۆ نمونە سەربازگیری زۆرتر بووە لە جاران، کەم هاتن بۆ ڕیزی پێشمەرگایەتی، کز بوونی ورەی خەڵک، ئەرکی دوا ڕۆژمان ئەهەمیەت دان بە تەشکیلات، ئەفراد تەنیا لە تەشکیلاتی عەلەنی دا شۆڕشگێڕ نین، لە سەر موافقەتی حیزب کادر بنێرینەوە ناو شارەکان خۆی تەحویل بداتەوە، واتە بە هێز کردنی تەشکیلاتی نهێنی لە تەریقی ناردنەوەی کادری بە ئەزموون، زیاتر کردنی تەبلیغاتی دەرەوە، خۆ مەترەح کردن لە سەتحی نێو نەتەوەیی، ئارایشی نیزامی لە سەر سنووری ئێران و عێراق، بۆ سنووری ئێران و تورکیا پێشمەرگە بەڕێ بکرێ، لە سەر سنوورەکان شوێن هەیە کە لە کۆنتڕۆڵی هیچ حوکومەتێک دا نەبووە، بەشێک لە ئەفرادی خۆمان کە بارقورسن بنێرینەوە نێو شارەکان، کەیفیەت ئەهەمیەتی پێبدرێ، هێندێک بنێرینە دەرەوەی وڵات، ژن و منداڵەکان بنێرینەوە ئێران، نابێ تەقە ڕابگرین، عەمەلیات دژی ڕژیم ئەمساڵ زۆر باش بووە، تەوەهومی بۆ خەڵک نەهێشتۆتەوە، لە ئیستا دا موهیمات و تەقەمەنیەکی زۆر بنێرینەوە نێو خۆی وڵات،حیزب دەبێ مانۆڕێکی سیاسی بدا.

مەنسوور فەتاحی، شەهید

ئەمساڵ سێ مانگ لە ناوچە بووین، فشاری ڕژیم بەرە بەرە زیاتر بووە باسی ئاش بەتاڵ نەبووە و نیە، دەبێ خەباتی ئێمە لە قاڵبی چەکداری بێتە دەر، ،بە شەڕ و حزوری چەکداری دەتوانین خەڵک سازمان بدەین، دەبێ تێکۆشانمان بە چەکەوە بێت، بە بێ چەک مانای تەسلیم بوونی هەیە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی نیشتمانی بێ ئەهەمیەت نیە، تەغییراتێکی سازمانی لە هێز و کۆمیتەکاندا بە کەڵکە، هێزی پێشمەرگە لە سێ ناوەندی شومال و مەرکەز و جنوب دا سازمان بدرێ.

جەعفەر حامیدی

ئەگەر ڕژیم پاشەکشە بکات لە سەرانسەری ئێران دەیکات نە تەنیا لە کوردستان، پاشەکشە غەیری مومکینە،کشانەوە لە کوردستان چەکی پێشمەرگە جێگای دەگرێتەوە، بەڵام لە شوێنەکانی دیکەی ئێران هێندێک فەزای ئازاد و جمووجوڵی خەلک، ئێمە دەبێ هێندێک تەعدیل بکەین، بە نیسبەت سازمانە کانی دیکە، ئیحتماڵی هەیە لە جەرەیانی بازسازی دا بە نیسبەت ، ڕژیم هێندێک ئازادی بدات، ئەگەر ئەو ئازادیە شتێکی بۆ کورد تێدا بێت با پێک بگەین، پێویستمان بە بیروڕای گشتی گەلانی ئێران هەیە، ئێمە لە بەر نامەو ئەساسنامەماندا هێناومانە کە دۆستی گەلانی دیکەی ئێرانین، بەڵام لە گەڵ زۆربەی سازمانە سیاسیەکانی ئێرانی دۆستایەتیمان نیە، ئێمە بە شێوەیەک دەبێ جەبهەگیری سازمانە سیاسیەکان لە گەڵ خۆمان لە نێو بەرین لە گەڵ ئەوان یەک بگرین باشترە تا یەکیەتی و پارتی کە تەشکیلاتیان نیە، لە گەڵ درێژەی خەبات موافقم، بەڵام دەبێ بە ڕژیم نیشان بدەین ئەگەر ئازادی درا دەبێ باری نێونەتەوەیی خەبات بە هێز بکەین، لە باری تەشکیلاتیەوە زەعیفین، هێندێک لە هاوڕێیان ئەسڵەن هەر باوەڕیان بە تەشکیلات نیە، موناسباتی تەشکیلاتی لە نێو ئۆرگانەکانی خۆماندا جێگیر نەبوە، تەنات ڕفێقایەتی و خۆشەویستی جێگای ئوسوڵی حیزبی گرتۆەتەوە. ئاموزش و بارهێنان ئەساسی ترین مەسەلەیە کە دەبێ لە گٶڕێ دا بێ ، زۆر کەسمان لە حیزب دا هەیە ناردنەوەی بۆ نێو خۆ باشترە تا لە گەڵمان بن تا ڕادەیەک سەربارن.

حەمە عەلی عەنایەتی

دوو شێوە کارمان لە بەرە، یا ڕژیم دیکتاتۆری پیادە دەکات یا دیموکڕاسی ئەدات، شێوەی کاری ڕژیم دیکتاتۆری درێژە پێدەدات، قەبووڵی سوڵح، تەبلیغ پۆ فەزای ئازاد، تەبلیغ بۆ کورد، لە جیهاندا ئە گەر ئێمە لە تەریق نێونەتەوەییەوە فشار بۆ ڕژیم بێنین سوڵحمان لە گەڵ بکات داخوازیەکانمان کلاسە بکەین و تەبلیغی بۆ بکەین، لە گەڵ سازمانە کوردستانیەکان دۆستایەتیمان گەرمتر بکەین، لەم حاڵەتەدا چەندین زەربە لە ڕژیم بدەین تەبلیغی لە سەتحی جیهانی پێوە بکەین. لە گەڵ ڕژیمی تورکیە تەماس بگرین ئەگەر ئاشتی لە نێوان ئیران و عێراق بە تەواوی کرا، دەبێ هەر لە ئێستەوە لە فکری سازماندەهی خۆماندا بین. نەفەراتی سەربار بنێرینەوە ئێران و لە ناوخۆ سازماندەهی بکرێن.

عەوڵا شەریفی، شەهید

لە سەر خەباتی چەکداری زیاتر کارمان کردوە، زێهنیەتی خەڵک وا ڕاکێشراوە، تەشکیلات و جولانەوەی ئێمە ئەوە یەکێک لە زەعفەکانیەتی، شەڕی چەکداری بەمشێوەیە نامێنێت بۆ چوونی هێندێک لە هاوڕێیان ئەوە دەبێ وەک نیوە ئاشبە تاڵی لێ دێ، بە شێوەی نفوزی بتوانین لە نێو خەڵک دا هەستەی چەکداری پێك بێنین، ئەهەمیەت بە کاری سیاسی و تێکۆشانمان لە دەرەوە زۆر زەعیف بووە، ڕژیم لە کوردستان شناختی زیاتری پەیدا کردوە، پێشڕەوی کردوە، هاوکاری خەڵک لە گەڵ پێشمەرگە کەمتر بۆتەوە، بە سەقامگیری سوڵح بەرەبەرە لە دۆستانی تاکتیکیمان دوور دەکەوینەوە، لە گەڵ تورکیە پێوەندی بگرین بە قسەی فڵان سازمان نەکەین، واقعیەتی مەوجود قەبووڵ کەین، موتەکی بە خۆمان بین، لە گەڵ سازمانە کوردستانیەکان پەیوەندیمان هەبێ، هێندیک لە ئەفرادی خۆمان بنێرینەوە ناوشارەکان و کاری تەشکیلاتیان پێ بکەین ، شێوەی مین و کەمین بێ کەڵک نابێ، دەبێ شێوەی خەبات بگۆڕین، هێندێک عەمەلیات ئەنجام بدەین، موهیمات بنێرینەوە ناوخۆ، مانۆڕێکی سیاسی بە نیسبەت سازمانە سیاسیەکان لازمە.

حەسەن شیوەسەڵی

گەیشتن بە سوڵح ڕێگایەکی دوور و درێژی لە پێشە، هەر دوو وڵات بەو نەتیجە گەیشتوون کە شەڕ نەکەن، خومەینی تا ئێستاش عامیڵێکی گەورەی وەحدەتی ڕژیمە، حوکومەتی عێراق هیچ بە میلەتی کورد نادات، نابێ بە نیسبەتی سوڵح بێ موبالات بین، دەبێ لە سەر واقعیاتی موشەخەس کارەکانی دوا ڕۆژ دیاری بکەین .خۆمان بار سووک کەین چەک و چۆڵ و موهیمات دابین کەین، تەماس لە گەڵ نەسڵی جەوانی خۆمان بگرین، ئەوەش بە حزوری خۆمان لە ناوخۆی وڵات دەبێ، ئەرتەشی هەر دووک لا ماندوون، داوی سوڵح سنوورەکان بە جێ دێڵن، تەماس لە گەڵ سازمانی ئازدی بەخشی فەلەستین بگرین، شومالی کوردستان جێگای حەسانەوەی هەیە.

ئیقباڵ سەفەری

لە حاڵەتی ئێستا دا عەمەلیاتی گەورە لە نێو خۆی وڵات دەست پێ بکەین، کەمکردنەوەی تەجەمولات، دانانی دەورەی تەخریب، نەفەرات تەعلیم بدرێت و بیان نێرینەوە، نێوخۆ.

غەفوور هەمزەیی ، شەهید

قسەکانی منیش تەقریبەن تەئیدی قسەکانی کاک فەتاح عەبدولیە،گۆڕینی شێوەی خەبات، بە هێزی گەورە ناتوانین بچینەوە نێو خەڵک، لە تیمی ٥ کەسی کەڵک وەرگرین، بۆ گەڕانەوەی ناوچە، تیمەکانی ئێمە دائیم دەبێ لە ناوچە بن لە تەشکیلاتی نهێنی بۆ پاراستنی تیمەکان کەڵک وەرگرین، بایەخی زۆر بدرێ بە تێکۆشانی نێونەتەوەیی، ناردنەوەی موهیمات بۆ نێو خۆ لە ژێر نەزەری سەڵاحیەت دار، ناردنەوەی ئەفرادی ڕێبەرایەتی بە شێوەی نهێنی بۆ نێو ریزی دوژمن.

تەیموور مستەفایی

دەبوایە دەفتەری سیاسی چەند گەڵاڵەی پێشنیاری بهێنایە، ئێمە لە سەر ئەو گەڵاڵانە قسەمان بکردایە، تاکتیکی تازە ،کەرەسەی تازە، پێوەندی ڕێبەرایەتی و بەدەنە نابێ بپسێ، لە تورکیە ئەو دیموکراسیە نیە کە هیوامان پێی بێت، پێوەندی تورکیە لە گەڵ ئێمە شتێکی وانەبووە،کە ڕژیمی تورکیە بەرەسمی هاتبێ لە گەڵمان دانیشێ، لە تەریق پایگا و شتی واوە بووە، هیوامان زۆر بە مەنتەقەی شومال نەبێ. نەفەرێک بە نێوی مەلا ئەحمەد ئەی وت، شەڕ بوو لە نێوان حیزبی شیوعی عیراق و حکومەتی عێراق دا، حیزبی شیوعی هەڵدەهاتن مەلا ئەحمەد دەیوت بیان کوژن بیان کوژن، دەوڵەتی شۆڕەوی کڵاشینکۆف ئەدات بە حکومەتی عێراق و کتێب ئەدات بە شیوعیەکان.

درێژەی بۆچوونەکان لە بەشی سێهەم

نویترین هەواڵ و بابەت