که‌شتێکه‌ی ئابراهام لینکوڵن، وای کردووه به وزیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له ڕۆژێکدا چوار وڵات بگه‌ڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی به جۆرێک له جۆره‌کان، قووڕ به‌م کونه‌وه بنێ و وڵاته‌که‌ی له تووڕه‌یی ئه‌م زریانە ده‌رباز کات.
چوون ئاغای زەریفی بۆی دەركەوتووە و دلنیایە، ئەمجاره وه‌کوو جاره‌کانیتر نییە، ئه‌مجاره ئامریکا زۆر جیدییه و چیتر ڕێگه به زێده‌ڕه‌ویه‌کانی ڕژیمەكەی نادات، چیتر ڕێگه نادات له‌مه زیاتر ئێران لق و پۆ له ناوچه‌که بهاوێ و پێ به به‌رژه‌وه‌ندێکانیدا بنێت.
بە بڕوای من هاتووچۆكانی ئاغای زەریفی خۆ ماندوو كردنە و هیچ سوودێكیشی نییەو نابێ، تەنیا و تەنیا دوو ڕێگای لە پێشە یان دەبێت ژەهرێكیتر بخواتەوە و یەك بە یەكی مەرجەكانی ئا‌مریكا قەبووڵ كات یان دەبێت ڕووبەڕووی ئەم هەموو قەیرانانە بوەستێەوە و كۆڵ نەدات، هەرچەندە من وای دەبینم هەردوو ڕێگاكە ڕژیم بەرەو لە ناوچوون و هەڵدێر دەبات.
ئێستا عێراق بۆ‌ته چه‌قی ململانێکانی نێوان هه‌ردوو وڵاتی ئێران و ئامریکا، ئه‌و عێراقە‌ی ئامریکا قووربانی له پێناو دا‌و ئێرانیش به ئاسانی ده‌ستی گرت به سه‌ریدا، ئه‌و عێراقە‌ی که ده‌یبینی وا هه‌ست ناکه‌ی وڵاتێکه‌و ده‌راوسێیی ئێرانه، به‌ڵکوو زیاتر وا هه‌ست ده‌که‌یت پارێزگایە‌کی گه‌وره‌یه له ژێر دەستی ئێران.
به‌رپرسانی عیراقی لە ژێر گووشاردا بە سەرپەرەستی عادل عەبدولمهدی ده‌یانه‌وێت ڕۆڵی نێوه‌ندگیری بگێڕن و دڵی دەراوسێ خۆشەویستەكەیان ڕازی بكەن و لە هەڕەشەكانی ئا‌مریكا بیپارێزن، کونسڵی ئامریکا له عێراق باش دەزانێت نوێنەرانی عیراقی چاویان لێ سوور دەكرێتەوەو لە ژێر گووشاری سەخت دان، بۆیە هەر زوو وتی ئێمه پێویستیمان به نێوه‌نگیری به‌رپرسانی عراقی نییه و نابێ ئه‌گه‌ریش قسه‌یه‌کمان هه‌بێت خۆمان ڕاسته‌وخۆ ده‌یگه‌یه‌نین به ڕژیمی ئێران، بۆیە سپاس، پێویست بە ئەرك ناكات.
کێ چووزانێ ئه‌م جه‌نگە ڕوونادات؟!
پێشبینێكان، جمووجۆڵەكان، هەنگاوەكان، پێمان دەڵێت ئەمڕۆ بێت یان سبەی دەبێت ئەم جەنگە هەر ڕوو بدات چوون نە ڕژیمی ئێران بە جیدی دەستبەرداری بەرژەوەندێكانی خۆی دەبێت لە ناوچەكە و نە ئامریكاش ئەم كەڵەگاییەی پێ هەزم دەكرێت بۆیە دەبێت لە كۆتاییدا ئەم جەنگە هەر ڕوو بدات و ڕووش دەدات.
دڵنیابن و دەیبینن كۆماری پەتووسێدارە دەڕووخێت. ناوچەكەش گۆڕانكاری زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت. كوردە حەیاتەكەش وەك هەموو جارێك بە بێ پلان و پەرشوو بڵاوی لە هەلەكان كەڵك وەرناگرێ و لە جێگای خۆی دەمێنێتەوە.