"an independent online kurdish website"

ئێمەی کورد ناو خۆمانا ناسراوین بەوەی، زیندوکوژی مردووپەرستین. بۆیە دوکتۆر “فەرھاد پیرباڵ”یش تا زیندوو بێ بە شێت بانگی ئەکەین، بە سووکی ناوی دێنین، کاتێ باسی ئەکرێ، بە ژستی رۆشنبیرانەوە، پێکەنینێکی گێلانە ئەکەین و ئێژین: ھا، فەرھادە شێت ئێژی!؟


بەڵام ھەرکە بمرێ، لەوانەیە وەک ناودارانی دیکەی کورد، ئەرێ، ھەر ئەوانەی کە تا زیندوو بوون لە د.فەرھاد خراپتریان پێ کراوە، سەرەپەیکەرێکی لە پارکی شانەدەری ھەولێر، یان باغی شار لە سلێمانی بۆ دابنرێ و سەرۆکی شارەوانی و پارێزگار و چەند بەرپرسێکی حیزبی و حکومەتیی دیکە و کۆمەڵێ بەناو رۆشنبیری بیرفرۆش و مێشک دەستەمۆ و قەڵەم بەکرێ و زمان کۆیلە و چاو و گوێ سیخوڕ ببنە حەشاماتی چەپڵە لێدەری بۆنەکەو، یەکێ بە دوێردگێکەوە بڕوا و بە پۆزەوە پەتێ ببڕێ و پەردەیەک لەسەر سەرە بێ دەم و زمان و مێشکەکەی لادا و بۆ گەمژاندن و حیزباندنی حەشاماتەکە و لایەنگر و خوێنەرانی د.فەرھاد، وتارێکی مەکیاژ و بۆتوکس کراوی پێشتر نووسرا و داڕێژراو بخوێنێتەوە. وتارێکی بێ ناوەرۆک راست وەک شاجوانەکانی کوردستان، وەک راگەیاندن کارو بێژەر و پێشکەشکارە بووکەڵەییەکانی مەیدانی راگەیاندن و شاشەی تێکوزیۆنە بێ رکابەرەکان!

  بەڵام ئێستا ھەر جارەو چەن سەگە دڕ و ھارێکی بەر دیوانی حیزبەکانی تێ بەرئەدەن و بە مێتۆدی تیرۆری کەسایەتیی، لێی ئەدەن و سەرو گوێلاکی ئەشکێنن و قارەمانانە وەک داعشێ ، وەکوو حشدێکی شەعبی، وەک بەعسییەک خەڵتانی خوێنی ئەکەن و دواتریش مێدیاکان ئەچن لە قوژبنێ، وەک عادەتی لەمێژینەی ھەموو دڵسۆزان و خۆنەویستانی ئەو وڵاتە بێ خەمخۆر و بێ خاوەنە، ئەیدۆزنەوە و وەک کەتنێ بە قەولی خۆیان بۆ موزایدەی حیزبی و سیاسیی نێوان خۆیان، نیشانمانی ئەدەنەوە و ھەندێکمان دڵمان پێی دائەخورپێ و ھەندێکیشمان لە سەگە دڕەکانی بەر درگای حیزب، گەمژانەتر، بەگاڵتەوە پێی پێدەکەنین و ئێژین: ھا، دیسان دەمی نەوەستا و خۆی بەر شەق و لێدان و کوتان دایەوە!

 منیش ئەزانم د.فەرھاد پیرباڵ ئەوەی بەسەری دێ، بەشێکی خەتای خۆی و شێوازی ناڕەزایەتییەکانیەتی. ئەو شێوازەی ئەو لەوانەیە بۆ ئێستای کۆمەڵگای ئێمە گونجاو نەبێ. بەڵام بەھەرحاڵ ئەو، ئەو رێگایەی گرتووەتەبەر بۆ تێگەیاندنی زۆرینەی ناتێگەییشتووی کۆمەڵگاکەی. ئەو زۆرینەیەی کە نیشانی داوە نایھەوێ قەت تێ بگا و ھەموو جارێکیش شەڕ بۆ سەرخستنی دەستی چەوساندنەوەی خۆی ئەدا و گۆپاڵی سەرکوتی خۆی ھەڵدەبژێرێتەوە و رەواییەت بەو رابردووەی ئەداتەوە کە شۆڕشێکی خوێناویی لەدژ کرد، کەچی ئێستاش بەردەوام بەدەستیەوە ئەناڵێنێ.

د.فەرھاد پیرباڵ لە کۆمەڵگای ئێمەدا یەکەم کەس نەبووە و دواھەمین کەسیش نابێ کە لەسەر رادەربڕین و بە بیانوی شێوازی رادەربڕینیەوە سەری ئەشکێنرێ و خەڵتانی خوێن ئەکرێ. تیرۆری جەستەیی و کەسایەتیی جیابیرانی کورد تا ئەو کاتەی بەردەوامە کە تاکەکانی کۆمەڵگای کورد فێری رێزگرتن لە کەرامەتی ھاوڵاتیانیان دەبن.

 بە خوێندنەوەی ھەواڵی لێدان لە د.فەرھاد پیرباڵ لە ھەولێر لە لایەن دوو کەسی نەناسراوەوە زۆر دڵتەنگ بووم. بۆیە دڵتەنگییەکەم بەم دێڕانە دەربڕی.

نویترین هەواڵ و بابەت