"an independent online kurdish website

لەبیرمە حاجی عەینای داپیرم ئەیگێڕایەوە، ئەیوت: لە دارەدارە رەسی بوو و زوانت گرتبوو، ھەموو ئێوارەیەک کە کاکەت(باوکم) ئەھاتەوە، ئەچووی بە پیرییەوە و ئەویش گر ئێوارەیەک مانوویی ئەحەسایەوە و لە باوشی ئەگرتی و ماچ و بۆنی ئەکردی.


 

بەڵام رۆژێ کەمێ ناکۆک(نەساغ) بووی و تاوت ھەبوو، لە ناو جێگا بووی. باوکت ھاتەوە و نەچووی بە پیریەوە. پرسی: کوا، ھوشیار لە کوێنەس، بۆچە دیار نیە؟! وتمان: ھیچ نیە، کەمێ ناکۆکە. وتی: ئاغەی بەماڵم کاکەو یاو کەفتە ملی و تاو کەفتە تەوێڵی و کەفتە ناو جێگە ھھھھھە! وتی: تۆ خاسەو بووی و ھەڵسایەو پاو دەسۆ کردە گەمەکردن، کاکەو رۆژێ دوو رۆژتر ھەر لە ناو جێگا مایەوە ھھھھە!

جا حاجی عەینای مامام(داپیرەم) ئەمە بە تام و لەززەت ئەگێڕایەوە و بە کوڕەکەی خۆیشی پێئەکەنی ھھھھە! و ئەیوت خستەم ھۆشی: کوڕم من و باوکیشۆ بۆ تۆ ئاوا بووگین.

ئیمڕۆ لای ئێمە بە رۆژی باوک ناودێر کریاگە. جا گەرەکمو بێژم: لە وڵاتی ئێما رۆژێ بەو ناوە دانەنریاگە، بەڵام باوکانی کورد، رەنجکێش ترین، خەمخۆرترین، ئازاترین، میھرەبانترین، قوربانیدەرترین و….فرەترینی ترن لە ناو باوکانی دنیادا.

بەڵام ئەوانیش وەک ھەموو تاکەکانیتری کۆمەڵگا ژێردەستەو چەپوکەکەمان، لە فرە شت بێبەش بووگن. بێبەش لە سەرتاییترین مافەکان، سەرەتاییترین ئیمکانات، سەرەتاییترین دەرفەتەکانی بڕیاردان لە ژیان و داھاتوویان. ئەوانیش سەرکۆگا و بەرھەمی ئەو زوڵم و ستەمەن کە بە درێژایی مێژوو لە ئێمەی کورد، نەتەوە و نیشتمانەکەمان کریاگە و ئەکریەت.

وەک چۆن ھەر باپیرەگەورەیەک سەرەتا کوڕێ بووگە و دواتر بووگەسە باوکێک و دواتریش باپیرەیەک، ئاوایش مناڵە ساواکانی ئێستامان لە کوردستان، سبەینێ ئەبنە باوک و دواتریش باپیرە.

بە پێی ئامارێ لە کتێبی کوردستان و کوردی د.قاسملوودا ، ھەتا ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵ لەمەوبەر، خەڵکی کوردستان زیاتر لە ٩٠٪ی یان نەخوێندەوار بوو یان کەم خوێندەوار. لە وڵاتانی رۆژئاوایی سیستمی حکومەتییان ھەس بۆ پەروەردەی کەسایەتی و کۆمەڵگای مرۆڤەکان. دەوڵەت بنەماڵە و مناڵەکان ناچار ئەکات تا تەمەنی ١٨ ساڵی بخوێنن. ئەوەش ھەر لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێ ئەکات و ئەم سیستمەش پێی ئێژن: سیستمی بیناکردن، بونیاتنان کە مەبەستیان بونیاتنانی کەسایەتیی تاکەکانە بۆ داھاتووی کۆمەڵگا.

لای ئێمە، لە کوردستانی داگیرکراوی ئێمە ئەمە بە قەستی ناکرێ، وەک چۆن بۆ نەتەوەکانی دیکەش نەکریاگە و تا ئیستاش ناکرێ. بەمەش لە شارەکانی کوردستان، لۆڕستان، سیستان و بەلوچستان،  شارەکان ئازەربایجان، شارەکان ئەھواز و ئابادان و عەرەب نشین، شارەکان تورکمان نشیا باوک و کوڕ ناچار ئەبن وەک دەستێکی کاری تەنیا دینامیک وەک کرێکار و وەستا و حەماڵ و پاکوخاوێنی شار و…بەگشتی خزمەتکار، بڕۆنە شارە ئەرباب نشینەکانی تاران و ئیسفەھان و شیراز و ھەمەدان و… تا ئەمرن وەک خزمەتکار ئەوان کار بکەن.

بۆیە، د.قاسملوو وتەنی: “ئەگەر نەسڵەکانی رابردوومان ئەرکی خۆیان(بۆ رزگاریی لە بندەستی تێکۆشابان) بەباشی بەجێ گەیاندبا، ئێستا نەسڵی ئێمە ناچار نەبوو خوێن و قوربانی بدات. ھەروا ئەگەر نەسڵی ئێمە ئەرکی خۆمان بەباشی بەجێ بگەیێنین، لەوانەیە نەسڵەکانی داھاتوومان ناچار نەبن خوێن و قوربانی بدەن.”

کەوابوو ئەرکی باوک قورسە و گرانە و گرینگ.  باوکانی کورد ئەبێ ئەوە بەباشی دەرک بکەن و بۆی تێبکۆشن.

ئێمەو باوکانی نەتەوەی ئێمەش شاییستەی ئەوەن لە نیشتمانە دەوڵەمەنەکەیانا بە سەربەرزی و دڵخۆشی بژین، نەک وەک کۆڵبەرێ، لە سنوورەکان بۆ نانەزگی ماڵ و مناڵ بە گولەی تیرۆریستانی دەگیرکار شەھید بکرێن یان لە سەرمادا رەق ھەڵێن. ئەوان شایانی ئەوەن بە سەربەرزی و دڵخۆشی لە شار ۆ زێد و نیشتمانی خۆمان بەختەوەرانە بژین ، نەک ناچار لە تاران و شیراز و ئیسفەھان و تەورێز و ھەمەدان و سمنان و کرمان وەک کرێکار و خزمەتکارێکی ئەوان تەمەن تێپەڕێنین. بۆیە دوای ئەم شیکردنەوانە، ئەتوانین بێژین: ھەموو رۆژێ لە کوردستان رۆژی باوکە. بەم وەسفانەشەوە باوکانی ئێمەی کورد سەربەرزترین و دڵسۆزترین و مەزنترین باوکانی دنیان. سەربەرزین پێتانەوە.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


گەڕان
فارسی