"an independent online kurdish website

جاش لە ھەر بوارێکا جاشایەتی بکات، تۆفیری نیە، ھەر جاشە. تەنیا ئاست و پانتایی و چەندایەتی و چۆنایەتیی جاشایەتییەکەی جیاواز دەبێ.


ئەمانەش دەقی قسەکانی بیژەن کامکارن لەسەر شانازیی جاشایەتیی و عاشقیی و ھۆگریی بۆ خومەینیی جەلاد. ئەو بە ئەدەبیاتێکی خالیسی جاشانەوە ئێژێ:

ئەو شەھیدە نازدارانەی(بەسیج و پاسدار و ئەرتەشیی کۆماری ئیسلامی ئێران) کە بە گیانی خۆیان، بە لەناوبردنی گیانی خۆیان بوونە ھۆی ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمە ھەبین و ئەمڕۆ ئێرانی سەربەرز و سەرکەوتوو ھەمیشە… تەنیا نە ئەم سروودە، بەڵکوو شیاوی ئەوەن رێزی زۆر بەشکۆتر لەم ئازیزانە بگیرێ و ئێمەش شانازی ئەکەم کە دووھەمین یا سێھەمین سرودێکە بۆ شەھید(بەسیج و پاسدار و ئەرتەشیی کۆماری ئیسلامی ئێران)  وتراوە، ئەمە بووە، من، کاری ھووشەنگی برام بوو کە من شانازیی وتنیم ھەبوو.

من بیرەوەریی زۆرم لەم ئاھەنگە ھەیە، من جەژنی لەدایکبوونێکیان گرتبوو بۆ لە دایکبوانی مانگی رەشەممە، کە منیش رەشەمەییم، لە لایەن دامەزراوەی پایەبەرزەکان(پیشکسوتان) کە لەوێ، یەکێ لە ھاوڕێیانم لەوێ بوو کە لەگەڵ ئیمام(خومەینی) دا لە نزیکەوە نێوانی گەرم و گوڕی ھەبوو (حەشرونەشری ھەبوو)، گوتی کە ئەو فرە حەزی بەم سروودە ئەکرد و فرە گوێی ئەدایە. ئەوەش بۆ من فرە سەرنجڕاکێش بوو کە کەسایەتییەکی گەورەی وەک ئیمام خومەینی گوێی لە دەنگی من گرتووە. کەسێک کە دنیای لەرزاند، جووڵاندی دنیای ئیسلام، دەنگی منی گوێی داوە، ئەمە شانازییەکی کەم نیە بۆ من.”

بەڵێ، ئەمانە قسەی بیژەن کامکارن لە سەر سرودی(کجائید ای شھیدان خدایی؟) “لە کوێن ئەی شەھیدانی خودایی؟” بە دەنگی بیژەن و موسیقا و ئاھەنگ دانانی ھوشەنگ کامکار.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە ئەو خومەینییە جەلادەی ئەو خالیسانە و عاشقانە و ھۆگریەتی و باسی ئەکات ھەر ئەو جەلادە خوێنمژەیە کە ھەر بە ھاتنە سەر دەسەڵاتی، فەرمانی جیھادی دژ بە گەلی کورد دەرکرد و بە پێی ئەو فەرمانەی ئەو ھەرچی پیاوکوژ و جەلادە، وەک سوپاکەی داعش کۆ کرانەوە و لە سوپای پاسدارانا رێکخران و بە دەسەڵاتی بێ سنوورەوە وەک رەوە گورگ و کەمتیاری برسی بەردرانە کوردستان و خەڵکە بێ چەک و بەرگرییەکەی و سەرئەنجام دەیان ھەزار کوردی سێڤیل، لەوانە ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە کۆمەڵکوژ کران کە نمونەی بچوکیان کارەساتەکانی قاڕنێ، قەڵاتان، ئیندرقاش، تەنگیسەر، نیەر، بۆڕیەر و تۆپبارانی ھەڕەمەکیی شاری سنە و ھەزاران تاوانی قیزەونی دیکە بوو.

ئێستا کەسێکی جاشی وەک بیژەن کامکار، لەبەر کۆمەڵێ بەرژەوەندیی مادی و مەعنەویی گرووپیی و بنەماڵەییان، بەناوی ھونەرمەندێکی کوردەوە زۆر رووھەڵماڵراوانە، فرە بێشەرمانە ، وەک گاندییەک، پێشەوایەک، ماندێلایەک، قاسملوویەک، ، وەک رێبەرێکی ئاشتیخوازی جیھانیی باسی خوێنمژێکی جەلادی وەک خومەینی ئەکات!

گەلی ئێمە، خەڵکی ئێمە پێویستە جیاوازی لە نێوان ھونەرمەندانی خزمەتکاری کورد و کوردستان و ئەم جاش ھونەرمەندانەدا بکات. نابێ بێژین ھونەر و سیاسەت جیاوازن. چونکی لە قۆناغی ژێردەستەیی دا ھونەرمەند و وەرزشوان و ئەدیب و شاعیر و زاناشمان ھەم لە لایەن گەلەکەمانەوە و ھەمیش لە لایەن دوژمنەکەمانەوە چاوەڕوانییان لەسەرە وسەرئەنجامیش سوودی سیاسییان لێ وەردەگیرێ.

 

بۆیە ئەمانە دەبێ بە خەڵکەکەمان بناسێنرێن، دەبێ بایکۆتی ھەمەلایەنە بکرێن و گوێ لە کارەکانیشیان نەگیرێ، دەبێ خەڵکی کورد نەچێتە کۆنسێرتەکانیان کۆنسێرتەکانیان.

 

 دەبێ بەگشتی تێبگەیێنرێن کە ئەوان ھەڵەن و دەبێ بزانن کە خەڵکیش ئەزانێ و بەئاگایە کە رێگاکەیان جاشانەیە و ھەڵە. لەوانەیە ئەوان کۆمەڵێ بەرژەوەندیی مادی و مەعنەوییان لەگەڵ شۆڤینیزمی فارس و لە بندەستی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێراندا ھەبێ و ھەر بەو بەرژەوەندییە مادی و مەعنەوییانە خۆیان و ھونەرەکەیان دەستەمۆ و کۆیلە کردبن. بەڵام نەتەوەکەمان نابێ ئەو جاش ھونەرمەندانە و ئەو ھونەرمەندانەی کە ھەموو تەمەنی خۆیان و ھەموو توانای ھونەرییان خستووەتە خزمەت نەتەوە و نیشتمانەکەیانەوە بە یەک چاو سەێر بکەن.

ھیوامە خەڵکەکەشمان ئەمەی بۆ گرینگ بێ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی