"an independent online kurdish website

“پێویستە فێر بین کوردستانی بیر بکەینەوە بەڵام ڕۆژهەڵاتی بجووڵێینەوە”.


بە سووکە ئاوڕێک لە مێژووی کورد لە ڕۆژهەڵات و لانیکەم مێژووی هاوچەرخی کورد و بڕێک پێشتریش لە سەردەمی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵا نەهریەوە (1880)، لەگەڵ هەموو شکستە سیاسی و سەربازیەکان و تا ئێستاش، بە ئاکامی یەکجارەکی نەگەیشتنی شۆڕشی کورد لە هەموو کوردستان، فاکتەری “هەستی نەتەوەیی” لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، فاکتەرێکی بەرچاوە کە لەگەڵ ئەوەیدا کە زۆر جار لە خۆی بووە بە هەڕەشە بەڵام بۆ کوردایەتی، دەرفەتێکی گەورە بووە. کە دەڵێین هەڕەشە، مەبەست ئەو دۆخانەیە کە کوردی ڕۆژهەڵات تێیدا بووە بە قوربانیی بەرژەوەندیی پارچەیەکی تر یان حیزبێکی پارچەیەکی تر یان تەنانەت وزە مرۆییەکەی خراوەتە پێناو دۆز و هێزێکی ترەوە کە لە ڕاستیدا لە دژی ڕۆژهەڵات جووڵاوەتەوە کە ئەو دۆخە تا ئێستاش بەردەوامە.

نموونەی بەرچاوی ئەو هەستە نەتەوەییە لە شۆڕشی نەهری، پەیوەندیی نێوان کۆمەڵەی هیوا و ژێکاف، کۆماری کوردستان، بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول، شاگەشکە بوون بە ڕووخانی سەدام و دامەزرانی پارلمانی کوردستان و بوونی مام جەلال تاڵەبانی بە سەرۆک کۆمار و دەستبەسەر کرانی عەبدووڵا ئۆجەلان و گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشوور لە ئێراق، بەدی دەکرێن.

هەبوونی هەستی نەتەوەیی بەرچاو لە ناو کوردانی ڕۆژهەڵات لە بەراورد کردنی دوو دەسەڵاتی کورت ماوەی هاوکاتی کۆماری ئازەربایجان و کۆماری کوردستانیشدا بەدی دەکرێ، جیاوازیی هەستی نەتەوەیی لە ساز بوونی کۆماری کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری ئازەربایجان لەسەر دەستی فیرقەی دێموکراتیکی ئازەربایجان تا ئاساتێک جیاوازن و لە کوردستان ئەوەندە بەرچاوترە کە هیچ لێکۆڵەرێکی مێژوویی ئەو سەردەمە نەیتوانیوە ئەو ڕاستیە، حاشا لێ بکا. بۆ نموونە خاتوو لوئیس فاوێست لە کتێبی “ئێران و شەڕی سارد” کە لەسەر کۆماری ئازەربایجان نووسیویەتی و باس لە دۆخی ئەو کاتی و کارتێکەریەکانی دەکات لە بەراورد کردنی کۆماری کوردستان و ئازەربایجان و کاریگەریی شۆڕەوی لەسەریان نووسیویەتی: “ئەگەرچی هەر دوو بزاڤ تا ئاستێکی شایانی سرنج لەژێر کارتێکەریی دەست تێوەردانی دەرەکی دا بوون، بەڵام کۆماری کوردستان، هەستێکی کوردیی یەکجار زێدەتری تێدا هەبوو تا ئەنجومەنی ئەیالەتیی تەورێز لە هەستێکی ئازەەریی هاوشێوە و سرنجڕاکێشیشە کە لە بەراورددا، ڕووداوی ئازەربایخان بە ڕادەیەکی یەکجار زێدەتر لە کۆماری کوردسستان، لە ژێر کارتێکەریی شۆڕەوی دابوو. کوردەکان مسوڵمانی سونەن و لە ڕووی جەماوەریەوە لە ناوچەکانی نێوان  ئێران، تورکیە و ئێراقدا دابەش بوون، پەیوەندیەکانی ئەوان لەگەڵ ئیران، بە هۆی ئەوەی کە کوردەکان بەردەام پشتیوانیان لە ساز بوونی کوردستانێکی سەربەخۆ کردووە، یەکجار لاوازتر بووە”.

حاشاهەڵنەگرە کە ئەو هەستە نەتەوەییە لە ڕێبەرانی کوردەوە خزاوەتە ناو خەڵکی ڕەشایی و ئاساییەوە، کە نموونە بەرزەکەی لە سەردانی سمایل ئاغا سمکۆ لە سلێمانی و دانیشتن و چاوپێکەوتنی لەگەڵ شێخ مەحموود دا بەدی دەکرێ، سەردانێک کە بە مەبەستی پێکهێنانی یەکگرتوویی و ڕاگواستنی ئەزموونی دەسەڵاتداری کراوە. دواتر ئەو هەستە نەتەوەییە لە کۆمار و لە پێشوازی کران لە بارزانیەکان و تەنانەت پێبەخشینی پلەی ژنێرالێتی بە مەلا مستەفا بارزانی لە کۆماردا دەبینین، ئەوە لە کاتێکدایە کە بارزانیەکان لە دوای شکست و هەرەس هێنانی شۆڕش لە دیوی گەرمێن ڕوویان کردبۆ دیوی کوێستان و لە نزیک سەردەشت گیرسابوونەوە و پێشەوا بە نامەی فەرمی بانگهێشتی کۆماری کردن و ئەوانیش ئەرکی نەتەوەیی خۆیان لەوێ بەجێ هێنا. دواتریش لە ساڵەکانی 1980 تا 1995 کە ڕۆژهەڵاتیەکان وەک کۆمەڵە و دێموکرات، پەیوەندیی تۆخیان لەگەڵ بەغدا و ڕژیمی بەعس هەبوو، هەستی نەتەوەیی و خوێندنەوەیەکی کوردانە بۆ پرس و بزاڤی کوردی، وایکرد کە پەیوەندیەکە خێری دوو لایەنەی بۆ شۆڕشی باشوور و ڕۆژهەڵات لێ بکەوێتەوە کە بەڵگەکانی دوای ڕووخانی بەعس ئەوەی دەسەلمێنن و وەک دوکتور مەحموود عوسمان دەڵێ، هیچ بەڵگەیەکی ڕەش لەسەر کوردی ڕۆژهەڵات لەو بوارەوە بوونی نیە.

بەڵام ئەو هەستە نەتەوەییە لە زۆر دۆخی جیاواز و جیاجیادا، خەساری بۆ کوردی ڕۆژهەڵات هەبووە کە ئەو خەسارە لە ئێستادا زیاتر لە هەر سەردەمێکی تر بەرچاوە، تەنانەت زیاتر لە سەردەمی شۆڕشی ناسراو بە شۆڕشی 46 و 47 و ڕادەست کردنەوەی شەهید سلێمان موعینی بە ڕژیمی ئێران و زیاتر لەو سەردەمانەش کە نزیک بە سێ هەزار کوردی ڕۆژهەڵات لە جیاتی خەبات بۆ پارچەکەی خۆیان لە شۆڕشی ئەیلوولدا خەباتیان دەکرد، خەباتێک کە دەستی لەگەڵ ڕژیمی ئەو کاتی داگیرکەری کوردستانی ڕۆژهەڵات تێکەڵ بوو و بەڵگەی زۆر و زەوەندیش لەو بارەوە هەیە.

یەکێک لە خەسارەکان کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە گیانبازی و گیان فیدایی بۆ خەباتی پارچەیەکی تری کوردستان نیوی لێ دەبەن و بە بەرگێکی زێڕین لە کارنامەی خەباتی خۆیانی دەنرخێنن، بێدەنگ کردنی خەباتی چەکداری و گۆڕینی بە خەباتی سیاسیە (خەباتێک کە لە ڕووی ئەنجامەکانی دەتوانین بڵێین نەزۆک بووە)، بەرگێکی زێڕین کە ئەزموونەکەی بوونی باشوور بە پاشکۆی سیاسیی ئێران و تورکیە و سەرهەڵدانی کەلێن لە نێوان نەوەی نوێی ڕۆژهەڵات و حیزبەکانیەتی، کەلێنێک کە بۆ پڕ کردنەوەی هەم کات درەنگە و هەم توانایی کورد ناتەواوە و هەمیش دوژمن تێیدا پۆشتەیە و تا ئێستاش خەسارێکی زۆری گیانی لێکەوتۆتەوە کە کۆساڵان و قەرەسەقەل، دوو نموونەی ئەو خەسارەن.

لەلایەکی ترەوە دەسکەوتی ئەو گیانفیداییە لە باشوور، پێوەلکانی ناڕاستەوخۆی لانیکەم زۆن و نیوێک بە ئێرانەوەیە، پێوەلکانێک کە لە ڕووی میدیایی، هونەری، زمانی و سیاسی و ئابووریەوە ئەوەندە بەرچاوە کە سنوورێک لە نێوان ئەوان و ئەوی تردا (ئێران) بەدی ناکرێ و بە ڕادەیەک تۆخ و پڕڕەنگە کە گەمارۆکانی ئەمریکا بە دژی ئێرانیش پێشێل دەکا، گەمارۆگەلێک کە وڵاتانی وەک چین و هیندوستانیش ناوێرن خۆ لە قەرەی پێشێل کردنیان بدەن بەڵام ئەوان قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و گەیشتووەتە ئاستێک کە سەرۆک کۆماری بە ڕەچەڵەک کوردی باشوور، دوکتور بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەوەی وڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامی، بە تاک و تەرا، لانی ئێران دەگرێ و لە دژی وڵاتانی عەڕەبی دەوەستێتەوە.

لە هەمان کاتدا، هەر لە ژێر ئەو کارتێکەریەدا، بەشی زۆرینەی سیاسیەکان و نوخبەی سیاسیی باشوور لە دژی سەربەخۆیی دەوەستێتەوە و بەرگری نەکردن لە ئەنجامی گشتپرسی و سڕ کردنی ئەو گومانە ساز دەکا کە هاوڕایی لەگەڵ گشتپرسی و تەنانەت کردنەکەشی، لە ناخی خۆیدا هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ دژایەتی کردن و دژبەرانیدا نەبوو، لە ئەنجامدا هەر دوو لای دژبەر و بکەر، ملیان بۆ فەرمانی دادگای ئێراقی فیدراڵ نەوی کرد.

لە لایەکی ترەوە ئەو گیانبازیەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ژێر کارتێکەریی هەستی نەتەوەیی بۆ باشوور، ئاسمیلە بوونی زمانی کوردی، تێکچوونی باری کۆمەڵایەتی، زێدە بوونی جاش و بەسیج و نائاشنا بوونی دوو نەوەی دوایی بە حیزبەکان و خەبات و نەزۆک بوونی کوردی هەندەران و چەندینی تری لێکەوتۆتەوە، هاوکات، دۆخەکە بە ئاقارێکدا ڕۆیشتووە کە کوردی ڕۆژهەڵات بۆ ڕووداوەکانی ناو خۆیان کەمترین خەمخۆریان هەیە بەڵام بۆ شنگال و کەرکووک و سڕ کردنی گشتپرسی و ….تاد، دەستبەسەر دەکرێن، ئەشکەنجە دەدرێن و تێچووی مادی دەدەن. هەندێک کەس دەڵین ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ کەم تێچوو بوونی ناڕەزایەتی یان خۆشحاڵی کردن بۆ پارچەی تر، بەڵام ئایا لە سڕ کردنی سەربەخۆییدا، لایەنی سەرەکیی هێرشکەر، ڕژیمی ئێران و حەشدی شەعبی نەبون؟ ئەدی چۆنە لەوێ خەڵکی ڕۆژهەڵات ئامادەی دانی تێچوون؟.

خاڵی مەبەستی ئەو نووسراوە ئەوەیە کە: هەستی نەتەوەایەتیی بەرچاوی ڕۆژهەڵات، نەرێنی نیە، بەڵکوو بێ بەرنامەیی و سەرلێشێواویی ئەو هەستە نەرێنی و جێگای دڵەڕاوکەیە هەر بۆیەش پێویستە ڕۆژهەڵات هەستی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات، جارێکی تر کاناڵیزە بکرێتەوە و بخرێتەوە ناو کاناڵی ڕەسەن و سەرەکیی خۆی بە جۆرێک کە ڕووگەی سەرەکیی ویستەکان ببێتەوە بە ئازاد بوونی ڕۆژهەڵات، خەمخۆر بوونی خەڵک لە هەمبەر ئازارەکانی ڕۆژهەڵات، ناسیاو بوونی نەوەی نوێ لەگەڵ خەبات، پێکەوە گرێ دانەوەی شاخ و شار و دەنگ هەڵبڕین لە هەمبەر بێ ڕێزی کردن بە ڕۆژهەڵات لەلایەن هەر کەس و لایەن و وڵاتێک و حیزبێکەوە بێ و …..تاد. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە ڕۆژهەڵات بگەڕێتەوە سەر ڕێچکە و ڕێگای خۆی، ڕێگایەک کە سەردەمانێکی زۆرە لێی ترازاوە و تێچوویەکی زۆری بۆ بەدوادا بووە.

پێویستە لەوە بەدوا، نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات فێر بکرێ کە لەگەڵ ئەوەیدا کە کوردستانی بیر دەکاتەوە، ڕۆژهەڵاتی بجووڵیتەوە، جووڵە و چالاکیەکانی بە مەرجێک بن کە تێچووی بۆ ڕۆژهەڵات کەم و قازانجەکەی زۆرتر بۆ ڕۆژهەڵات بێ. پێویستە ئەو ڕاستیە تاڵە قەبووڵ بکەین کە کوردستان لە پێنج دۆخی جیاواز دایە، هەر بەشەش سیستەم و شێواز و سیاسەتی خۆی دەوێ، چون بەرژەوەندیەکان و هەڕەشەکانیان لێک جیاوازن، کەواتە دەبێ فێر بین “کوردستانی بیر بکەینەوە بەڵام ڕۆژهەڵاتی بجووڵێینەوە.”

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی