"an independent online kurdish website

وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەهۆی باڵادەستی ئابورییەوە، كە لە ڕێگای تۆڕێكی فراوانی هاوكاری، لەگەڵ هەموو كۆمپانیا زەبەللاحەكانی دنیا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە دۆلار و ئاستی بەرزی بەرهەمهێنان و بەكاربردنەوە لەناو وڵاتەكە، توانایەكی ئابوری سیاسی ناوازەی لەبەر دەستە.


دەتوانێت تەنیا بە بڕینی پەیوەندیەكانی، هەر كۆمپانیایەكی جیهانی بوێت، نەك هەر سزای بدات، بەڵكو بیخاتە سەر چۆكیش.

بێگومان دەوڵەتەكە، سودی سیاسی زۆری لەو توانایە وەرگرتووە و كاتێك كە ئابڵۆقە دەخاتە سەر دەوڵەت و كۆمپانیا و دامەزراوەیەك، تا غەنیم و ناحەزەكانیشی، وەك چین، ناچارن پێڕەوی لێ بكەن، تا زیانی زۆرتریان بەرنەكەوێت. ئەم هەلە وایكردووە، كە دەوڵەتەكە سودی زۆر لە ئابڵۆقەدانی ئابوری ئەو دەوڵەتانە وەربگرێت، كە بە شێوەیەك مەترسیان بۆ بەرژەوەندیەكانی خۆی و هاوپەیمانانی هەیە، یان ئاشتی جیهانی دەخەنە مەترسیەوە. لەبیرمانە كە پێش داگیر كردنی عێراق، هەمان ئابڵۆقەی خستە سەر دەوڵەتەكە، تا دامەزراوەكانی دەوڵەت و سپای عێراقی لێك هەڵوەشاندەوە. بەرامبەر كۆریای باكور و چین و ڕووسیا و سوریا و چەندان دەوڵەتی دیش، هەمان سیاسەتی پیادە كردووە.

بە هەمان شێوەش، ئەمریكا، بە گەمارۆ خستنە سەر ئێران، دەیەوێت باری ناوخۆی دەوڵەتەكە دابتەپێنێت. بێگومان زیانمەندی سەرەكی خەڵكن، بەڵام لە كۆتاییشدا، هەر ئەو خەڵكەن كە لە نەبوونی و لە برسان دەڕژێنە سەر شەقام و كۆتایی بە ڕژێم دێنن. یاخود قودرەتی شەڕی ئێران زۆر لاواز دەكەن، لە ئەگەرێكدا گەر شەڕ هەڵگیرسا.

مەبەستی ئێران ئەوە نیە، تا بەو قونە شەڕانە، شەڕی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆش لەگەڵ ئەمریكا بەرپا بكات. تەنیا و تەنیا دەیەوێت بیسەلمێنێت، كە ئەو تەسلیم بە وتووێژ نابێت.

ڕژێمی ئێران، ئەزموونی عێراق، كۆریای باكور و چینی لەبەرچاوە و دەزانێت چاوەڕوانی و دانیشتن لە بەردەم گەمارۆدان، واتا مەرگی ڕژێم. هەروەك ناشتوانێت شەڕ لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵبگیرسێنێت، چونكە بەرەنجامەكانی هەر چۆنێك بێت، بە نەمانی ڕژێم كۆتایی دێت. كەواتە یەك ڕێگای ئاڵۆزی لەبەردەمە.

ئێران ناچار دەبێت تا لەگەڵ دوژمنەكەی بكەوێتە وتووێژەوە. بێگومان مەرجەكانی ئەمریكا ئەمەندە قورسن، كە جورئەتی ئەوە بە ڕژێم نادات، جارێ هەنگاوی وا هەڵبهاوێت. ناچار كردنی ئێران بۆ دەست كێشانەوەی لە سوریا، لوبنان، یەمەن و كەرتی غەزە و چی و چی، پاشەكشەیەكی گەورە دەبێت. هەروەك دەست هەڵگرتن لە پیتاندن و داتڵیشانی بەرزتری یۆرانیۆم و ناچار كردنی بە تێكدانی كورەكانی خۆشكردنی یۆرانیۆم، دیسان پاشەكشەیەكی گەورەیە. هەروەك دستنە ژێر چاوەدێری هەموو سیستەمی موشەكی، یەكێكی دیە لە مەرجەكان.

كەواتە ئێران دەبێت زەمینەیەكی گونجاوتر بێنێتە پێش، تا بتوانێت بە شێوەیەكی هاوسەنگ و بە مەرجی كەمتر، هەروەها بە هاوبەشی پێكردنی دەوڵەتانی دی، بكەوێتە وتووێژ لەگەڵ ئەمریكا. ئەمەش لەم بار و دۆخەی ئێراندا بە یەك ڕێگا دەكرێت. ڕژێم دەبێت لە ڕێگای هەندێك دامەزراوەی تایبەتی سپایی و بەكرێگیراوەكانی لە یەمەن، سوریا، لوبنان و غەززە و شوێنی دی، قونە شەڕ بكات. دەبێت بە دنیا بڵێت، بە گەمارۆ، ئێوەش لە دەستكەوتنی وزەی نەوت بێبەش دەبن. بۆیە ناو بەناو پەلاماری كەشتیە نەوت هەڵگرەكان دەدات، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بوێرێت خۆی لێ بەرپرس بكات. هەروەك گوشار دەخاتە سەر تۆڕە بەكرێگیراوەكانی لە عێراق، تا ناو بەناو، موشەك ئاراستەی دامەزراوەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە بكەن. لە هەنگاوی داهاتوودا، لە ڕێگای حوسیەكان و پسپۆڕانی سپای پاسداران لە یەمەن، بە تەقاندنەوەی كەشتی، یان چاندنی مین لە دەریا، بە دنیا دەڵێت كە لەكاتی شەڕدا، گەروی زۆر هەستیاری بازرگانی بابولمەندەب دادەخرێت. بە دووری نازانم لە غەززە، بەرزاییەكانی جۆلانی سوریا و باشوری لوبنانیشەوە، لە كاتی جیاجیادا، موشەك بۆ ناو ئیسرائیل هەڵبدات، تا سەرنجی چاوەدێران بۆ ئەو لایەش ببات.

ئەوەی ئێران، ڕاستەوخۆ لە كەنداو، یان لە ڕێگای بەكرێگیراوەكانی لە شوێنانی دی دەیكات، بە دڵنیاییەوە جەربەزەییەكی مەترسیدارە، بەڵام تاكە رێگای بە سەلامەت دەرچوونیەتی لەو قەیرانە. زۆر زەحمەتە پێشبینی بكرێت، كە ئێران بەو قونە شەڕانەی، بە ئامانجی خۆی دەگات. هەروەك دوور نیە، بە هۆی هەڵەیەكی حیساب بۆ نەكراو، قونە شەڕەكان لە پڕ ببن بە شەڕێكی گەورە

بێگومان مەبەستی ئێران ئەوە نیە، تا بەو قونە شەڕانە، شەڕی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆش لەگەڵ ئەمریكا بەرپا بكات. تەنیا و تەنیا دەیەوێت بیسەلمێنێت، كە ئەو تەسلیم بە وتووێژ نابێت و وەك لایەنێك لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشێت. واتا بەبێ مەرج و بە هێشتنەوەی ئاوی ڕوو، ئامادەی دانیشتنە.

كێشەی گەورە ئەوەیە، كە ئەو قونە شەڕانە، بەرەنجامیان چی دەبێت. ئەوەی ئێران، ڕاستەوخۆ لە كەنداو، یان لە ڕێگای بەكرێگیراوەكانی لە شوێنانی دی دەیكات، بە دڵنیاییەوە جەربەزەییەكی مەترسیدارە، بەڵام تاكە رێگای بە سەلامەت دەرچوونیەتی لەو قەیرانە. زۆر زەحمەتە پێشبینی بكرێت، كە ئێران بەو قونە شەڕانەی، بە ئامانجی خۆی دەگات. هەروەك دوور نیە، بە هۆی هەڵەیەكی حیساب بۆ نەكراو، قونە شەڕەكان لە پڕ ببن بە شەڕێكی گەورە، كە ئێران لێی تۆقیوە و هەرگیز شتی وای ناوێت.

 

سەرچاوە:  لڤین

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی