"an independent online kurdish website"

بڕیارە لە ٢ تا ٤ی مانگی ٧، لە شاری سنە، “کنگرە مشاهیر کرد” واتە “کۆنگرەی ناودارانی کورد” بەڕێوە بچێت. ئەو “کۆنگرە”یە بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری سنە، هەروەها جێبەجێکاری “کۆنگرە”کەیش “ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی کوردستان”ە!


گۆیا دەبێ مەبەست لەو کۆنگرەیە بۆ ناودارانی کورد “ناساندنی ناوداران و بلیمەتانی کورد و لێکدانەوەی بەرهەمەکانیان و کاریگەریی ئەوان لە ناوچەکە و جیهان”دا بێت!؟

بەڵام “حوسێن فیرووزی” جێگری هەماهەنگیی کاروباری ئابووری و گەشەی سەرچاوەکان سەر بە پارێزگاری سنە لە وتووێژی لەگەل هەواڵدەریی “ایسنا”دا دەڵێت: “بەڕێوەبردنی ئەو کۆنگرەیە کارێکی گرینگ و ئەساسییە و دەتوانێت یارمەتی بە بەرەوپێشبردنی دیپلۆماسیی کەلتووری بدات.” هاوکات کە ئاماژە بەوەیش دەکات تەواوی کوردەکان لە جوگرافیای کەلتووریی ئێراندان، گوتی: “ئامانجی ئێمە لەو کۆنگرەیەدا دەبێ لە سێ ئاستی نێونەتەوەیی، ناوچەیی و میللی دیاری بکرێت.”

ئامانجەکە زۆر ڕوونە، بەر لەوەی کارێکی کەلتووری بێت، مەبەستەکە تەواو سیاسی و پانێرانیستانەیە کە دەڵێت “هەر جێگەیەک کوردی لێ بێت، ئەوێ ئێرانە”، ئەوەیش لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی تووشی گەورەترین قەیران (ناوخۆیی و دەرەکی) لە مێژووی تەمەنی خۆیدایە، پەنا بۆ کارێکی ئاوا دەبات. دڵخۆشکردنی کوردان لە مێژووی حوکمڕانیی ئێرانییەکاندا بەردەوام دووبارە و چەندبارە دەبێتەوە، بەڵام هەر لەو کۆڵانەوەیە کە کورد زەبری وێ دەکەوێت! کوردی ساویلکە!

بەڵام کەمیش نین ژمارەی ئەو کوردە ساویلکە، خۆبەکەمزان، هەلپەرست و تەنانەت ئەوانەی کە تا ئێستا لە خەیاڵدا دەژین و پێیان وایە کە دەکرێت بە زمانی کەلتووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا قسێ بکەن، ڕوو لەو کۆنگرەیە بکەن، ئەویش بەو مەبەستەی کە گۆیا “دەرفەت”ە و دەتوانن قسەی خۆیان بکەن!؟

کۆماری ئیسلامی ئەوە چل ساڵە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوت دەکات، ئێستا کۆنگرەی ناودارانی کورد دەبەستێت.

ئەوە چل ساڵە نەتەوەی کورد لەو پارچەیەی وڵات لە مافە سەرەتایییەکانی بێبەش کراوە

ئەوە چل ساڵە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمیلیتاری کراوە و تەنانەت کۆڵبەرە هەژارەکانیش کە تەنیا بۆ کوتە نانێک دەیان کیلۆمەتر بە پێیان دەبڕن، تەقەیان لێ دەکرێت و چاویان بە ماڵ و منداڵەکانیان ناکەوێتەوە، کۆنگرەی ناودارانی کورد بەڕێوە دەبات؟!

ئەوە چل سالە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئەمنی کراوە

هەر کۆماری ئیسلامی بوو کە د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو و د. شەرەفکەندی تیرۆر کرد، ئێستا خەریکی کۆنگرەی ناودارانی کوردە!؟

کۆماری ئیسلامی ئەوە دەیان ساڵە باس لە یەک ئێران و یەک نەتەوە (نەتەوەی ئێران) دەکات، کەواتە ناودارانی کورد دەبێ لە کام مەنتقی کۆماری ئیسلامیدا جێگەیان ببێتەوە، ئایا ئەو ناودارانە ئێرانین یان ئەوەتا سەر بە “قەوم”ی کوردن؟!

کۆماری ئیسلامی ئەوە دەیان ساڵە خەریکی پیلان و تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستانە کە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و ڕووداوەکانی دوای ئەو (گەمارۆی سیاسی، ئابووری، زەمینی و ئاسمانی) کە بە سەر هەرێمی کوردستانیدا هێنا و بەرەو لێواری هەڵدێری برد، تەنیا بەشێکە لە کارە تێکدەرانەکەی! ئەویش لە کاتێکدایە کە “حوسێن فیرووزی” دەڵێت: تەواوی کوردەکان لە جوگرافیای کەلتووریی ئێراندا دەژین؟!

هەڵبژاردن لە ئێران نزیک بۆتەوە، کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئەمریکاوە قورسترین گەمارۆی خراوەتە سەر و خەریکە کۆدەنگیی جیهانی دژ بە کۆماری ئیسلامی وەڕێ دەخات، لە کاتێکی وادا مەبەستەکەی کۆماری ئیسلامی گەلێک ڕوونە، ئەمە کۆنگرەی ناودارانی کورد نییە، بەڵکوو کۆنگرەیەکی تەواو سیاسییە. ئەمەیش بەشێکی بۆ پڕوپاگەندەی ناوخۆیییە و بەشەکەی تریشی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامییە کە بە جیهان بڵێت، کۆماری ئیسلامی پەیوەندیی لەگەڵ کورداندا خۆشە و کێشەیەکی ئەوتۆی نییە، چونکە لە تەواوی ئێراندا تەنیا نەتەوەیەک کە بە ئاشکرا دژ بە کۆماری ئیسلامی بێت، نەتەوەی کوردە، جیهانی هەلپەرستیش ئەمە بە باشی دەزانێت و ئاگادارە.

کنگرە مشاهیر کرد” واتە “کۆنگرەی ناودارانی کورد”، کۆنگرەی هەڵخەڵەتاندن و بێڕێزیکردنە بە کورد. کۆماری ئیسلامی هاوکات کە مەبەستەکەی سیاسییە، دەخوازێت بە دەرگەی “ناودارانی کورد”ەوە واتە بە هێزی نەرمییەوە ڕوو لە ناوخۆی ڕۆژهەلاتی کوردستان بکاتەوە ئەویش بەو تەمایە کە متمانەی کوردەکان بەدەست بێنێت یان لانی کەمەکەی دووبەرەکی بخاتە ناو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. یان لە ئەگەری تێکهەڵچوونی لەگەڵ ئەمریکادا بتوانێت بەم چەشنە کارانەی کوردەکان کەوی یان بێلایەنیان بکات!

 

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

نویترین هەواڵ و بابەت