"an independent online kurdish website

حدکا دەڵێ: دوای هێرشی رێژیم بۆ سەر کۆلبەران هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە سەر بە حدکایە لێیان دان و کۆمەڵەش دەڵێ: هەوڵیاندا لە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە بەردەسۆران لە نزیک “ئالانە”ی حاجی عۆمەران نزیک ببنەوە، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لێیان دان.


هیچکامیان باسی لایەنەکەی تر ناکات.

 

دەقی هەواڵی بڵاو کراوە:

هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سپای تێرۆریستی پاسداران دەرگیر بوون

کوردستان میدیا: لە ناوچە شاخاوییەکانی پیرانشار، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی کۆڵبەران، لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران دەرگیر بوون.

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، کاتژمێر ٣:٣٠ی دوانیوەڕۆ بە کاتی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و جاشە بەکرێگیراوەکانیان لە شاخە سنوورییەکانی نێوان پیرانشار و چۆمان، هێرشیان بردە سەر کۆڵبەرانی کورد و تەقەیان لێ کردن.

لەو کاتەدا دەستەیەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لەو ناوچەیەدا خەریکی گەڕان بوون، بە ئاگاداربوون لە تەقەی پاسدارەکان بۆ سەر کۆڵبەرانی هەژار، لە پاسداران و جاشەکان هاتنە دەست و دەرگیر بوون.

بەپێی زانیارییەکان، دوای شکستخواردنی پاسدارەکان و جاشەکانیان، هەتاکوو کاتژمێر ٥:٣٠ بە کاتی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ٤ی دوانیوەڕۆ بە کاتی کوردستانی باشوور، سپای تێرۆریستی پاسداران، لە تۆڵەی شکستەکەیاندا، دەستیان داوەتە تۆپبارانکردنی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی باشوور لە سنووری چۆمان و بەردەسووران و شوێنی ژیانی خەڵکی ئاساییان تۆپباران کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، لەو دەرگیرییەدا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە و دوای ڕاونانی پاسداران و جاشەکانیان، بەسڵامەتی درێژەیان بە گەڕانی خۆیان داوە. لە خەسارەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

……………………………

  کۆمەڵەش ئەمجۆرەی راگەیاندووە

 

راگەیاندنی ستادی نیزامی کۆمەڵە

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە!

بەمجۆرە ئاگادارتان دەکەین کە کاتژمێر یەک ونیوی(۱۳:۳۰) پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ۹ی پووشپەری ۱۳۹٨ی هەتاوی هێزێکی سپای پاسداران بە بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی پیرانشار و بە چەکی دۆشکە و تیرباری بیکەیسی هەوڵیاندا لە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە بەردەسۆران لە نزیک “ئالانە”ی حاجی عۆمەران نزیک ببنەوە. هاورێیانی پێشمەرگەی کۆمەڵە کە لەبەر پاراستنی پرەنسیپەکانی پێوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆیان لە وەڵامدانەوە پاراستبوو، لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتری پاسداران و بەکرێگیراوانی حکومەتی ئیسلامی، لەسەر بڕیاری فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەناوچە سنوورییەکان لێیان هاتنە دەست. پێشمەرگەکانی کۆمەڵە زۆر ئازایانە بەرەنگاری هێرش و سنووربەزاندنی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئیسلامی بوونەوە و پاشەکشەیان پێکردن.

هێزەکانی سپای پاسداران پاش شکست و پاشەکشە پێکردنیان بۆ ماوەی دووسەعات و نیو بە خومپارەی ۱۲۰ و چەکی قورس ناوچەکەیان بۆردمان کرد.

لەو شەرو تێکهەڵچوونەدا بە خۆشحاڵییەوە هەموو پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بەسڵامەتی لە سەنگەرەکانی خۆیاندا جێگیرن.

 

ستادی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٩ی پوشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی

٣٠ی جونی ٢٠١٩

………………….

هەر لەم بارەوە کاک ئەرسەلان یارئەحمەدی ئەمجۆرەی نووسیوە کە لە لاپەڕەی فەیسبووک وەرگیراوە. 

لەپەراوێز تێکهەڵچوونەکەی ئەمڕۆی بەردەسۆران

لای نیمەڕۆی ئەمڕۆ، چەند کۆڵبەرێک دەچنە لای پێشمـەرگەکانی حدکا و دەڵێن تەرمێک لە نزیک سنوور هەیە و وێدەچێت تەرمی کۆڵبەر بێت، دوو کەسیان لە گەڵ پێشمەرگەکانی حدکا دەچن بۆ ئەو شوێنە و دوای ماوەیەک ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سپای پاسداران سنووری بەزاندووە و بەرەو ئەو شوێنە هاتووە، پێشمەرگەکانی حدکاش لێی بە دەست هاتوون و بۆ ماوەیەک هەر دوولا تەقەیان لە یەکتری کردووە و دواتر پێشمـەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانیش کە لە خوارتر بوون تەقەیان کردووە. بە پێی دوایین زانیارییەکان کە بە دەستم هێناوە، ٣ کەس لە چەکدارەکانی سپای پاسداران بریندار بوون.

حدکا لە میدیاکانی خۆی ڕایگەیاندووە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرگری کردووە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێ سپا هێرشی کردووە سەر مەقەرەکانی کۆمەڵە، سەرەتا لە بەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێم دەستمان نەکردووەتەوە، بەڵام کە زۆر نزیک بوونەتەوە پاشکشەمان پێ کردوون…

ڕاستی تێکهەڵچوونەکەش ئەوەی بوو کە لەسەرەوە باسم کردووە و قەزاوەت بۆ خوێنەران

….

هەڵمەت مەعروفیس ئەمجۆرەی باس لە هەواڵەکە کردوە

دوایین زانیاریەکان لەمەڕ تێکهەڵچوونی ئەمڕۆ لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژهەڵات

دوای ئەوەی کە هەواڵی پێکدادانی ئەمڕۆ لە سنوورەکانی نێوان دوو کوردستان بە دوو شێوەی جیا لەلایەن حدکا و کۆمەڵەوە بڵاو کرایەوە، بەدواداچوونم بۆ ئەو هەواڵە کرد کە ئاکامی بەدواداچوونەکە بەو جۆرەیە:
هەر دوو هێزی حدکا و کۆمەڵە تەقەیان لە هێزەکانی ڕژیم کردووە بەڵام چەکدارەکانی ڕژیم بە دوای کۆڵبەران لەو ناوچەیە بوون کە لە ڕاستیدا، بەشێک لە رێگای پایەگاکانی رژیم بە خاکی هەرێمی کوردستانی باشووردا تێپەڕ دەبێ.
ئەمڕۆش، دوای نیوەڕۆ، کۆمەڵێک چەکداری سپای تیرۆریستیی پاستاڕان و هەنگی سنووری بە ماشین بەو رێگایەدا هاتوون کە پێش بە کۆڵبەرەکان بگرن یان تەقەیان لێ بکەن.
پێشمەرگەکانیی حدکاش بەرپەرچیان داونەتەوەو ناچار بەپاشەکشەیان کردوون و کۆڵبەرەکانیان دەرباز کردووە و رێگایان بۆ کردوونەتەوە.
لە دوای ساز بوونی تەقە و پێکدادان، پێشمەرگەکانی کۆمەڵەش کە ئاگاداری هاتووچووی چەکدارەکانی ڕژیم بوونەوە، تەقەیان کردووە.
لە دوای ئەو تەقە و پێکدادانە، ڕژیم بە خەستی ناوچەکەی تۆپباران کردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکان، بە هۆی کورت بوونی ماوەی پێکدادانەکە و پاشەکشەی خێرای چەکدارەکانی ڕژیم، هیچ لایەک هیچ چەشنە خەسارێکی گیانیان لێ نەکەوتووە.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی