"an independent online kurdish website

 رۆژی ١٣ی یولی ساڵی ١٩٨٩ی زاینی، دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، رێبەری بزووتنەوەی میللی دێموکڕاتیکی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، لەگەڵ عەبدووڵا قادری ئازەر، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوروپا،


 لە ڤییەن، پێتەختی ئوتریش، کەوتنە بەرپەلامارێکی تیرۆریستی و شەهید کران.

ئەو تیڕۆڕە لە کاتێکدا روویدا کە نوێنەرانی بزووتنەوەی کوردستان لەگەڵ ” دیپلۆمات” ە نێردراوەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، لە پێناو دۆزینەوەی رێگا چارەیەک بۆ  کێشەی کورد لە ئێران ، لەڤییەن پێتەختی وڵاتی ئوتریش، لە حاڵی وتۆوێژ دابوون.

تیرۆریستەکان، بۆ شوێنە ونکەی پیلانەکەیان، تەنانەت دەستیان لە کوشتنی کەسی خانەخوێش واتە دوکتۆر فازیل رەسوڵ، کە کوردێکی عیڕاقی و  رێکخەری کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو لای وتووێژەکە بوو، نەپاراست.

 قاتڵەکان پاش ئەوتاوانە گەورە، لە کاتێکدا لە ژێر چەتری حیفازەت و مەسونیەتی دیپلۆماتیک دابوون، بێ هیچ جۆرە لێپرسینەوە و دادگای کردنێک، لە لایەن پۆلیس و دەزگای قەزایی دەوڵەتی ئوتریشەوە،  ئیسکۆرتکران و ڕەوانەی  تاران کرانەوە.

تیڕۆری ڤەییەن لە لایەن  گروپێکی تیرۆریستەوە کەسەر بە ڕایەڵکەیەکی گەورەتری سەرکوت و تیرۆر، واتە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون، جی بە جێ کرا. دەزگایەک کە هەر لە بنەڕەتڕا بۆ لەنێوبردن و کوشتنی موخالیفانی رێژیم و بردنەپێشی  ئامانجە سیاسیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچەو دونیادا سازمان درابوو و، تا ئەودەم لە نێوخۆی وڵات و ئورووپاو  شوێنەجۆراوجۆرەکانی دیکەی دونیادا، دەستی بە خوێنی سەدان کەس لە ڕەخنەگران، چالاکانی مەدەنی و سیاسی و  خەباتگێرانی نێوڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی تاران، سوورببوو.

کوشتن و تیرۆرێ دوکتۆر قاسملوو یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەو ڕایەڵکە تیرۆریستیەی حکومەتی تاران بوو. چوونکە ئەو لە لایەک رێبەری بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و جەماوەریی گەلی کورد لە کوردستانی ئیران بوو، لە لایەکی دیکەشەوە خۆی و حیزبەکەی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،  لە رێزی هەرەپێشەوەی ئەو هێزە سیاسیانەدابوون کە هەر زوو ماهیەتی  دواکەوتوانەو مەترسیەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیان بۆسەر ژیانی گەلانی ئێران و ئاشتی و سەقامگیری سیاسی لە ناوچەکەدا، بۆ بیروڕای گشتی، ئاشکراکردبوو.

 هەموو لایەک دەزانن کە هەرلەسەرەتای سەڵەکانی ١٩٨٠ی  زایینیەوە ، بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، بە رێبەرایەتی  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زۆر بە ڕوونی دژایەتی خۆی لە گەڵ دامەزراندنی  هەر چەشنە سیستەمێکی سیاسی لە ئێراندا،  لە سەر بناخەی لێکدانەوەیەکی دەمارگرژانە لە دین، واتە کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند.

  ئەوە بوو بە سەرەتایەک بۆ هێرش و پەلاماری ئاخوندە بەدەستەڵات  گەیشتوەکانی تاران تا بە هەموو جۆرێک دژایەتی دەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی وڵاتەکەمان بکەن و  بە ئاگرو ئاسن و گرتن و کوشتن و زیندان و ئەشکنجە و ڕاونان، وەڵامی داخوازە ڕەواکانی خەڵکی ئێران و کوردستان بدەنەوە.

لە درێژەی ئەو سیاسەتەدا بوو، کەئاخوندەکان ،رۆژی ١٨ی ئۆگەستی ساڵی ١٩٨٠ ی زاینی، جیهاد واتە  شەڕی موقەدەسیان بەدژی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند و تیکۆشانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان قەدەغەکرد. بەوجۆرە بەدەیان هەزار سەرباز و پاسداریان بۆ کوشتنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد و یەک لەوان دوکتۆر قاسملوو ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی کوردستان کرد.

شایانی باسە  دوکتۆر سادق شەڕەفکەندیش، کە پاش شەهیدبوونی قاسملوو، وەک سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران هەڵبژێردرا، دواتر لە بێرلین، لەساڵی ١٩٩٣ی زاینی، لە کاتی بەشداری لە کۆنگرەی ئەنتڕناسیۆناڵی سۆسیالیستدا، هەر  بەفەرمان و پیلانی  دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کوژرا .

گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لە سەرەتایترین مافە سیاسی و فەرهەنگیەکانی خۆی وەک مافی خوێندن بەزمانی کوردی، مافی بەشداری سیاسی لە کاروباری وڵات و ناوچە کوردنشینەکان و ژیان لە ئازادی و ئاشتیدا  بێ بەشە. هەر بۆیە شانبەشانی گەلانی دیکەی ئێران  بۆ وەدستهێنانی ئازادی و دێموکراسی و دیسانتڕالیزەکردنی دەستەڵاتی حکومەتی ناوەندی و دابین و دەستەبەرکردنی مافە سیاسیەکانی  خۆی لە ئێرانی فرەکولتور و فرە ئیتنیکدا، ساڵانێکی زۆرە خەبات دەکات. ئامانجی ئەو خەباتە بریتیە لە دامەزراندنی ئێرانێکی فیدڕال لەسەر بناخەی نۆڕمە  دێموکراتیک و سکۆلارەکان و پرنسیپە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، کە لەوێدا ماف وئازادیە کانی تاکەکەس و کەمایەتیە نەتەوەیی ، فەرهەنگی، زمانی و مەزهەبی و جنسیەکان بێ هیچ چەشنە جیاوازیدانانێکی سیاسی و مەزهەبی دابین کرابن. سیستەمیک کە لەهەمانکاتدا رێز لە یاسا و قانوونە نێونەتەوەیەکان بگرێ و بە شێوەیەکی هارمۆنیک لە گەڵ دونیای دەوروبەری خۆی هەڵسوکەوت بکات . لەو خەباتەدا کە ئێستاش هەروا درێژەی هەیە کوردەکان پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی و هاوپێوەندیی نێونەتەوەیی هەیە.

وەک دەزانین کە ئەمڕۆ کێشەی کورد بۆتە یەکێک لە مەسەلە هەرە ئەکتووێلەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. کوردەکان لە هەموو ئەو وڵاتانەدا کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، بوونەتە پاڕامیترێکی سیاسی جدی و شوێن دانەر، لەسەر وەزعی  سیاسی ناوچەکە و بێ بەشداری  وەبەرچاوگرتنی ئەوان سیاسەت لە و وڵاتانە و  لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا، تووشی بنبەست دەبێت. ئەوە لە ئێرانیشدا هەر ڕاستە.

لە سیهەمین ساڵی شەهیدبوونی دوکتۆر قاسملوودا، وێڕای بەرز راگرتنی یادی دوکتۆر قاسملووی نەمرو وەفاداری نیشاندانەوە بەو ئامانجانەی کە ئەو گیانی خۆی لە پیناویاندا بەختکرد،  بە جێ یە پێکەوە داوا بکەین کە:

•                   دەوڵەتی ئوتریش رێگا بدات کە عەدالەت جێبەجێ بکرێ و قاتڵەکان و ئەوانەی فەرمانی ئەو قەتڵە سیاسیەیان سادرکردوە، واتە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، موحاکەمە بکرێن .

•                   کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی، یەکیەتی ئوورروپا و بیڕوڕای گشتیی  لە خەباتی کوردەکان بۆ ئازادی و دیموکراسی لەو وڵاتانەدا کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە ، پشتیوانی بکەن.

•                   پێش لە پێشێلکردنی ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ لە ناوچە  کوردنشینەکاندا بە گشتی و لە کوردستانی ئێراندا بە تایبەتی،  بگیردرێ.

•                   کۆمەڵگای نێونەتەوەیی  ریگانەدا مەسەلەی پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دا بەگشتی و لە کوردستانی ئێراندا بە تایبەتی، بکرێتە قوربانی ساتوسەودای سیاسی و ئابووری و بازرگانی لە گەڵ ریژیمی تاران.

•                   یەکیتی ئورروپا بەگشتی و دام و دەزگا سیاسی و دیپلۆماسیەکانی، لە هەموو تواناو ئیعتباری خۆیان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کورد لە ناوچەکە و بە تایبەتی لە کوردستانی ئێراندا، کەڵکوەرگرن.

•                   لەو وەزعە تازەدا کە لە ناوچەکەدا هاتۆتە گۆڕێ ، فاکتۆری کورد وەک عامیلێکی گرنگی بردنەپێشی دێموکراسی و ئاشتی ببینرێ و هەڵسوکەوتی لە گەڵ بکرێ.

 

یولی ٢٠١٩ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی