"an independent online kurdish website

رۆژی شەممە15ی پووشپەڕی 1398ی هەتاوی و هاوکات لەگەڵ سێیەمین ساڵڕۆژی حەماسەی کۆساڵان و بۆڕیەر و شەهیدبوونی کاوە جەوانمەرد و فەرماندە سەرکەوت سەمەدی، کتێبی “کاکۆ، ئیرادەی ڕاسان لە شار و شاخ”    


کە تایبەتە بە ژیان و خەبات و بەشێک لە بەهەرمەکانی شەهید کاوە جەوانمەرد (کاکۆ) لە نووسین و ئامادەکردنی شەریف فەلاح، لە هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە.

بۆ داگرتنی کتێبەکە ئێرە کلیک بکەن 

کتێبی “کاکۆ، ئیرادەی ڕاسان لە شاخ و شار” بەرهەمی سێ ساڵ کار و تێکۆشانی بەردەوامی نووسەرە کە لە دووتوێی 424 لاپەڕی ڕەنگی و بە قەبارەی مامناوەند و بە ئەژماری 500 دانە و لەسەر ئەرک و بە هاوکاریی خاتوو “ئاژین ڕەزابی” لە چاپخانەی ڕۆژهەڵات لە هەولێر چاپ و بڵاو کراوەتەوە و لە پێنج بەش پێکهاتووە کە بریتین لە:

بەشی یەکەم: ژیاننامە و قۆناغ و وێستگەکانی ژیان و خەباتی شەهید کاوە لە ڕۆژهەڵات لە بوارەکانی چالاکیی مەدەنی، خەباتی سیاسی و ڕێخکستینی نهێنی و بەرگریی قۆناغی گرتووخانە، هاوکات چالاکی لە بوارەکانی ڕۆژنامەنووسی، وەرزشی و هونەری.

بەشی دووەم: قۆناغی دوای زیندان و بوون بە پێشمەرگە، لە بەشەدا نووسەر جیا لە باسکردنی ناسینی خۆی لەگەڵ شەهید کاوە بە وردی باسی بڕگە و قۆناغ و ساڵەکانی خەبات و چالاکیی شەهید کاوەی جەوانمەردی لە بواری ڕاگەیاندنی حیزبی دێمۆکرات و دامەزرانی ئاژانسی کوردپا، بوون بە ئەندامی ڕێبەریی حیزب و بەرپرسایەتی لە تەلەفزیۆنی تیشک و تەشکیلاتی ئاشکرا، هاوکات بەشداریی لە قۆناغی ڕاسانی ڕۆژهەڵات هەتا کاتی شەهیدبوونی لەگەڵ پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێمۆکرات لە حەماسەی کۆساڵان کردووە.

بەشی سێیەم: ڕوانگەی بنەماڵە، هاوژین و هاوسەنگەرانی لەبارەی شەهید کاوە جەوانمەرد. لەم بەشەدا جیا لە وتووێژە لەگەڵ بنەماڵەی کاکۆ و خاتوو “ئاژین ڕەزابی”ی هاوسەری، شەش کەس لە هاوسەنگەر، هاوبەندیی سیاسی و هاوڕێیانی بە دیمانە لە گۆشەنیگای خۆیانەوە لەبارەی ژیان و خەبات و کەسایەتیی شەهید کاوە جەوانمەرد قسەیان کردووە.

هەر لە بەشی سێیەمدا ١٥هاوڕێ و هاسەنگەر کە بەشێکیان لە بواری ڕاگەیاندن و میدیادا قوتابی و هاوکاری شەهید کاوە بوون، هەرکامەیان بە وتار ڕوانگە و بۆچوونی خۆیان لەبارەی کەسایەتی و ڕوانگە و کاریگەریی ئەو شەهیدە مەزنە خستووەتە ڕوو.

لە کۆتایی بەشی سێیەمدا گێڕانەوەیەکی وردی حەماسەی کۆساڵان و گۆشەیەک لە قارەمانێتیی خولقێنەرانی ئەو حەماسەیە بە قەڵەمی کاک عەدنان قادری پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات خراوەتە ڕوو.

بەشی چوارەم: لەم بەشەدا بەشێک لە نووسراوە کوردی و فارسییەکانی شەهید کاوە جەوانمەرد چاپ و بڵاو کراونەتەوە، کە بەشێک لە وتارەکان لەلایەن ئامادەکاری ئەم کتێبەوە وەرگێڕادراونەتە سەر زمانی کوردی.

بەشی پێنجەم: بەڵگەی دیکیۆمێنتی و ئەلبوومی وینەکان. لەم بەشەدا هەندێک لە کارە هونەرییەکانی شەهید کاوە (تەڕاحی و کاریکاتۆر) چاپ و بڵاو کراوەتەوە و 64 لاپەڕەی کۆتایی ئەم کتێبەش تەرخان کراوە بۆ بەڵگەی دیکیۆمێنتی و ئەلبوومی وێنە کە بەشێک لە بەڵگە دیکیۆمێنتییەکان کار و چالاکیی کاتی خەباتی ڕێکخستنی نهێنیی شەهید کاوەن لە شاری سنە و ناو گرتووخانەکانی ڕێژیم و وێنەکانیش تایبەتن بە وێنەی کاتی منداڵی، کاتی بەندکران، وێنەی دەورانی پێشمەرگایەتی و لەگەڵ دایکی و هاوژینی خۆیەتی.

نووسەر لە بەشێک لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا نووسیویە: “هەر قۆناغێک لە مێژووی خەبات، شۆڕشگێڕ و نووسەری تایبەت بەو قۆناغە بەرهەم دێنێ، ئەگەر لامان وابێ کە گوتار و “وێژمانی ڕاسان” چەند ڕەهەندی و بەرین و ڕوو بە شار و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، دەبێ گشتمان قۆڵی لێ هەڵماڵین و هەرکام لە ئاست و بەپێی شارەزایی خۆمان بێینە مەیدان و بۆی بجەنگین و بۆی بنووسین. نووسینەوەی چیرۆکەکانی پشت ڕاسان، نیشانەی نەمریی ئەم گوتارەیە و ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەم گوتارە ڕۆ چۆتە ناو توێژە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەوە و نەوەکانی داهاتوومان لە ڕابوونی ئەمڕۆمان ئاگادار دەبن“.

سەرچاوە:  لاپەڕەی فەیسبووکی نەمر کاوە 

بۆ داگرتنی کتێبەکە ئێرە کلیک بکەن 

روونکردنەوە!، ئاژین رەزابی

لە رێگای ئەم روونکردنەوەیەوە هەموو ئەو بەرێزانەی بە شێوازی جۆراوجۆر دەربارەی کتێبی “کاکۆ ئیرادەی راسان لە شاخ و شار” پرسیاریان کردووە، ئاگادار دەکەمەوە سەرجەم تێچووی کتێبەکە لە ئەستۆی من بووە و تەحویلی کاک “شەریف فەلاح” دراوە کە ئەرکی کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بەرهەمەکانی لە ئەستۆ بووە. هونەرمەند “ئاسۆ مامزادە”ش بە بێ بەرانبەر ئەرکی نەخشاندن و دیزاینی کتێبەکەی لە ئەستۆ گرتووە. کتێبەکە لە تیراژێکی کەمدا چاپ کراوە و مەبەست لە چاپکردنی، نووسینەوەی رۆڵ و کاریگەرییەکانی شەهیدی سەرکردە “کاوە جەوانمەرد”ه لە سەر چەمکی شۆڕش و شۆڕشگێڕی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت لە ناو ئەو ئۆرگانیزاسیۆنەیدا کە کاری تێدا کردووە واتە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران. بڕیار وایە کتێبەکە وەک دیاری پێشکەش بە خەڵکانی ئازادیخواز بکرێت و بە هیچ شێوەیەک مەبەستمان فرۆشتنی نییە! هەربۆیەش فایلی pdfی کتێبەکە بڵاو کراوەتەوە تاکوو هەموو ئەوانەی تامەزرۆی خوێندنەوەیین، دەستیان پێی رابگات.

جارێکی تر گشت لایەک ئاگادار دەکەمەوە کە تێچووی کتێبەکە بە تەنیا لە سەر شانی من (ئاژین رەزابی)بووە و پێویست نەبووە هیچ یارمەتییەک لە هیچ کەسێک وەربگیرێت و من وەک چۆن لە دابینکردنی تێچووەکەیدا خۆم بە بەرپرسیار زانیوە بە هەمان شێوەش بە نیسبەت سەرجەم ئەو زانیارییانەوە کە دەربارەی کاکۆی شەهید و باوکە نەجمەی شەهید و بنەماڵەکەی و نووسراوەکانی کاکۆ بە کاک شەریفم داوە خۆم بە بەرپرسیار دەزانم. کاک شەریف تەنیا ئەرکی کۆکردنەوە و نووسینەوەی بەرهەمەکانی لە ئەستۆ بووە و منیش هەم لەو بووارەدا یارمەتیم داوە هەمیش سەرجەم هەزینەو تێچووی کتێبەکەم لە سەرشان بووە.

بەهیوای وەدیهاتنی ئامانجەکانی کاکۆ و هاوبیرەکانی

ئاژین رەزابی

فینلاند

١٨.٠٧.٢٠١٩

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی