"an independent online kurdish website"

لە روانگەی زۆر لە رەخنەگرانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە، ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما دەستی لە کۆمەڵێک ئامرازی سەرەکیی بەردەستی هەڵگرت کە دەکرا بۆ جڵەوکردنی فراوانخوازی و خراپەکاریی ئێران بەکاریان بهێنێ.


تەنانەت لە کاتی دانوستاندنی رێککەوتنەکەش، ئیدارەی ئۆباما ئامادە نەبوو لەسەر شتانێکی وەک پارە سپیکردنەوە و بەڕێوەبردنی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لە ئێران و حزبوڵڵای وەکیلی بکات، بە پێچەوانەوە ئەمریکا وەک ئاسکێک مامەڵەی لەگەڵ کردن کە بە ئاسانی دەترسێنرێن.

 

لەلایەکی دیکەوە رێککەوتنەکە نەیتوانی بە رەهایی کۆتایی بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران بهێنێ، بەڵکو لە جیاتی ئەمە ئەو رۆژەی دواخست کە تێیدا ئێران دەشێ دەستی بە یۆرانیۆمی پوختەکراوی پێویست رابگات، کە تاران بۆ پەرەپێدانی کڵاوەی ئەتۆمیی سەر مووشەکی باڵستیکی پێویستیانە، لە کاتێکدا ئێران هەتا ئێستاش لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی بەردەوامە. بەم مانایە رێککەوتنەکە (کە بە پلانی کاری هەمەلایەنی هاوبەش (JCPOA) ناسراوە، قەیرانی پەیوەندیدار بەو پرسەی دواخستووە. باجی ئەو رێککەوتنەش لادانی سزا ئەتۆمییەکان لەسەر ئێران بوو، کە رژێمی ئێرانی دەوڵەمەند کرد و رێگەی بۆ خۆشکرد پارە بۆ خەونەکانی خۆی و هێزە وەکیلەکانی لە هەموو ناوچەکە تەرخان بکات.

 

بۆیەش سەیر نییە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی، کە ژمارەیەک کەسی توندی دژە ئێرانی تێدایە، لە رێککەوتنەکە دەرچوون و سزاکانیان گەڕاندەوە سەر ئێران. ئێستا وادیارە ئیدارەی ئەمریکی رێککەوتنێکی نوێی دەوێ کە بۆ هەمیشە هەموو توانایەکی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بوەستێنێ. بەشێکی زۆر لە گوتاری ئەمریکییەکان بۆنی ئەوەی لێدێ بیر لە سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە زۆر پرسی دیکەی جیا لە بەرنامە ئەتۆمییەکە بکەنەوە.

 

لەو 12 داواکارییەی کە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پێداچوونەوە بە سزاکانی ئێران باسیکردوون، تەنیا چواریان پەیوەندییان بە پرسی ئەتۆمییەوە هەیە (ئەو مەرجانەش کۆتاییهێنان بە پرۆگرامی سیستەمی مووشەکی، کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە پوختەکردن و دەستڕاگەیشتنی بێ مەرجی پشکنەرە ئەتۆمییە نێودەوڵەتییەکان لە هەموو ئێران لە خۆدەگرێ).

مەرجەکانی دیکەی ئەمریکا بریتین لە: ئازادکردنی هەموو دەستبەسەرەکانی خەڵکی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی، وەستاندنی پشتگیری لە گروپە تیرۆریستییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (وەکو حزبوڵڵا، حەماس و گروپی جیهادی فەڵەستینی)، کۆتاییهێنان بە دەستتێوەردانی ئێران لە عێراق (“ئێران دەبێ رێز لە سەروەریی حکومەتی عێراق بگرێ و رێگە بە چەککردن و سڕکردن و تێکەڵاوکردنی میلیشیا شیعەکانی عێراق بدات”)، کۆتاییهێنان بە پشتگیرییەکانی بۆ حووسییەکانی یەمەن، کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا، کۆتاییهێنان بە پشتگیرییەکانی بۆ تاڵیبان و “گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە لە ئەفغانستان و ناوچەکە”، کۆتاییهێنان بە پشتگیرییەکانی بۆ “تیرۆریستان و گروپە چەکدارە هاوبەشەکانی لە سەرتاسەری جیهان” و کۆتاییهێنان بە “رەفتاری هەڕەشەکارانەی لەدژی دراوسێکانی”، لەوانەش ئیسرائیل، سعودیە و ئیمارات و کەشتییە نێودەوڵەتییەکانی کەنداو.

 

لیستی داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ “چاوخشاندنەوە بە سزاکان” درێژە. تەنانەت ئەگەر ئێرانییەکان زۆر لەگەڵ داوا بێکەڵکەکاندا لێبوردەش بێ، دیسانیش لیستی داواکان و تۆنی دەربڕینی داواکان لە داواکانی نەمسا لە سڕبیای سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم دەچێ. ئەو داواکارییانە هەر بۆ ئەوە دانراون رەتبکرێنەوە. ئیدارەی ئۆباما تەنیا بە جیاکردنەوەی پرسی چەکی ئەتۆمی لە خاڵەکانی دیکەی ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئێران توانی لەگەڵ ئێران لەسەر پلانی کاری هەمەلایەنەی هاوبەش رێکبکەوێ، بۆ ئەوەش وازی لە ئامرازەکانی گوشاری دارایی لەدژی ئێران هێنا، هەرچەند ئەو سزایانە فراوانبوونەوەی نفووز و ئەجێندای ئێرانیان سنووردار دەکرد.

 

ئێستا کە گوشارە ئابوورییەکان قورستر لە هەمیشە لەدژی ئێران بەکاردەهێنرێن، تاران بۆ رێگەیەکی دەرچوون لەو گوشارە دەگەڕێ. کەمن ئەو کۆمپانیایانەی ئامادەن کاری بازرگانی لەگەڵ ئێران بکەن، ئەگەر ئەمریکا لەبەر ئەو پەیوەندییە بازرگانییە بیانخاتە لیستی رەشەوە. لەلایەکی دیکەوە هەناردەی نەوت و غازی ئێرانیش دابەزیوە، لەبەر ئەوەی ژمارەی ئەو وڵاتانەی لێخۆشبوونیان لە ئەمریکاوە بۆ دەرچووبوو هەتا دێ کەمتر دەبنەوە. ئەو وڵاتە ئەوروپییانەش کە دەیانەوێ رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بپارێزن، پێناچێ بتوانن قەناعەت بە کۆمپانیاکانی خۆیان بهێنن کە مەترسیی بازرگانیی لەگەڵ ئێران بگرنە ئەستۆ.

 

بۆیە هەتا ئەم هەفتەیە ئێران یۆرانیۆمێکی زیاتر لەوە پوختە دەکات کە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە رێگەی پێدەدات و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاستەکەی بۆ سەرووی 20٪ بەرز دەکاتەوە. هەنگاوی پڕ گڕوتینی ئێران بۆ پوختەکردنی یۆرانیۆم لە ماوەیەکی کەمدا ئێران لە چەکی ئەتۆمی نزیک دەکاتەوە. مادام ئێران ناتوانێ ئەو هەموو نەوت و غازەی وڵاتەکەی هەناردە بکات، بێگومان پێویستی بە وزەی ئەتۆمیش نییە، بەڵام ئێران دەیەوێ لەو رێگەیەوە گوشار بخاتە سەر جیهان و ئەمریکا بۆ ئەوەی کۆتایی بە سزاکان بهێنن.

 

بەڵام ئەم ستراتیژە دەستی ئێران و ئەمریکاش دەبەستێتەوە. واشنتن، تەلەبیب، ریاز و وڵاتانی دی بە ئاشکرا باسیان لەوە کردووە کە مەلای خاوەن چەکی ئەتۆمییان ناوێ لە تاران. مەیلی پوختەکردنی یۆرانیۆم، کە زۆر زیاترە لە بەرهەمهێنانی وزە (واتە وزەی مەدەنی) بۆ ئێران، ئەو هەستە زیاتر دەکات کە پێویستە رێوشوێنی سەربازی بگیرێتەبەر. لەلایەکی دیکەشەوە، رێی تێناچێ ئیدارەی ترەمپ واز بهێنێ و بە رێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆباما قایل بێ. کاتێک گوشارەکان دەگەنە ئەو ئاستە بەرزە، دەکرێ چاوەڕێی تەقینەوەی شتەکان بکەین.

 

دەیڤید رۆمانۆ، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی میسووری لە وەلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

سەرچاوە: روداو

نویترین هەواڵ و بابەت