"an independent online kurdish website"

بۆ من جێگای شانازی و سه‌ربه‌رزییه‌ كه‌ یه‌كه‌مین به‌رگی په‌رتووكی ژیان و مه‌رگی رێبه‌ری كورد، له‌ ژێر ناوی خه‌ونی كورستان، له‌ لایه‌ن دۆست و هاورێی زۆر به‌رێزم خاتوو كاڕۆڵ پرۆنهۆبێر، له‌ یادی ٣٠ ساڵه‌ی شه‌هید د. قاسملوودا پێشكه‌ش بكرێت.


هاورێم داده‌ كارۆڵ به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری له‌ كۆریادی شه‌هیدانی ڤیه‌ن دا هاتبوه‌ واشنگتن و میوانی قه‌درگرانی به‌نده‌ بوو. رۆژی ١٤ی جولای ٢٠١٩، به‌رانبه‌ر به‌ ٢٣ی پووشپه‌ر ١٣٩٨ی میلادی، په‌ڕتووكه‌كه‌ بڵاو كرایه‌وه‌. په‌رتووكه‌كه‌ له‌ ٥٤٠ لاپه‌ره‌و له‌ قه‌باره‌یه‌كی مامناوه‌ندی دا و به‌ زمانی ئینگلیزی كه‌وتۆته‌ بازاراوه‌ كه‌ تێیدا کارۆل پرۆنهۆبێر رۆژنامه‌ڤان و نووسه‌رێکی ڤێنێزۆئێلایی‌ دۆستی نزیكی رێبه‌ری شه‌هید د. قاسملوو باس له‌ ژیان و به‌سه‌رهاتی شه‌هید قاسملوو و خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵات و رۆڵی كاریگه‌ری حیزبی دێموكرات له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌كات.

شیاوی به‌ بیر هێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تا له‌ ساڵی ٢٠٠٨، نووسه‌ر کتێبێکی له‌سه‌ر به‌شێک له ژیانی سیاسیی و به‌سه‌رهاتی د.د قاسملوو به زمانی سپانیۆلی نووسیوه‌و له کاراکاس پێته‌ختی ڤه‌نزوئلا چاپی کردوه. ساڵی دواتر نووسه‌ر بۆ خۆی ئه‌و کتێبه‌ی کردووه به ئینگلیزیی و له ٣٠ دێسامبری ٢٠٠٩ له‌ ئه‌مریکا چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ دواتر كتێبه‌كه كراوه‌ته‌ كوردی و ‌له‌ ژووئیه‌ی ٢٠٠٩ دا له‌ هه‌ولێر چاپ كراوە و پاشان بۆ سه‌ر چه‌ند زمانی دیكه‌ وه‌رگێردراوه‌‌.

كاروڵ خانم پێی وایه‌ كه وه‌رگێرانی په‌رتووكه‌كه‌ی بۆ سه‌ر زمانی كوردی شێوه‌زاری سۆرانی ده‌سكاری كراوه‌و له‌گه‌ڵ ده‌قی سه‌ره‌كییه‌كه‌‌‌ یه‌كناگرێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ وه‌كوو رێز گرتن له‌ خه‌باتی د. قاسملوو هه‌ره‌ها پاراستی ئه‌مانه‌ت و نه‌شێواندنی مێژوو سه‌ر له‌ نوێ ئه‌و كتێبه‌ی پاش پێداچوونه‌وه‌ی وردو ده‌ستخستنی زانیاری نوێ ده‌رباره‌ی تیرۆری د. قاسملوو چاپ و بڵاو كردۆته‌وه‌‌‌.

رۆژی یه‌كه‌شه‌ممه‌ ، رێكه‌وتی ١٤ی جولای، خاتوو كارۆڵ له‌ چوارچێوه‌ی كۆریادی شه‌هیدانی ڤیه‌ن دا له‌ واشنگتن، وێرای پێشكه‌ش كردنی وتارێكی گرینگ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی خه‌باتی د. قاسملوو بۆ ناساندنی دۆزی كوردستان، وتی: “ئاشنابوونم له‌گه‌ڵ دۆزی كورد ده‌گرێته‌وه‌ بۆ ناسیاویم له‌ گه‌ڵ فیلمسازی به‌ناوبانگی كورد یه‌ڵماز گونای له‌ فستیواڵی فیلمی كه‌ن كه‌ وه‌ك ژورنالیستێك تێیدا به‌شدار ببووم. له‌ سه‌ر داوای یه‌ڵماز گونای زیاتر هه‌وڵم دا خۆم له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت تێكه‌ڵ بكه‌م و پتر له‌ سه‌ر زێدی خۆم و ئه‌مریكای لاتین لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌م‌و به‌ دوای پرسه‌ سیاسییه‌كان دا بچم. له‌ رێگای یه‌ڵماز گوناییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیه‌كانی‌تری كورد وه‌ك كه‌نداڵ نه‌زان، سه‌رۆكی ئه‌نتستیتۆتی كورد له‌ پاریس، ئاشنا بووم كه‌ ئه‌ویش منی به‌ دوكتور قاسملوو ناساند. ئاشنابوونم له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملوو تایبه‌ت بوو چوونكه‌ ناوبراو به‌ هۆی شاره‌زابوونی به‌ زمانی جیاجیا، قسه‌كردن له‌گه‌ڵی‌ ئاسان بوو كه‌ هه‌ر له‌ رێگای ئه‌ویشه‌وه‌ سه‌فه‌ری كوردستانم كردو پتر له‌گه‌ڵ خه‌باتی كورد بۆ ئازادی ئاشنا بووم.

دواتر داده‌ كارۆڵ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ كتێبكه‌‌ ئاكامی پێوه‌ندیی قوڵ و دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملوو و هه‌روه‌ها تێكه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مووی گرینگتر “داوای شه‌خسی دوكتور قاسملوو بوو كه‌ ویستبووی پاش مه‌رگی بۆ ناساندنی دۆزی كورد كتێبێك له‌سه‌ر ژیانی بنووسرێته‌وه‌.”

مسته‌ر كورد\ واشنگتن

خوازیاران ده‌توانن له‌ ئامازۆن، ئه‌م په‌ڕتووكه‌ به‌نرخه‌ بكڕن

نویترین هەواڵ و بابەت