"an independent online kurdish website

دەبا برایانە دەردی دڵێکتان لەلا بکەم هەتا ئێوەش کەڵکی لێوەر گرن. مرۆڤ سروشتی وایە حەزی لە ئازادیە و خەباتیشی بـۆ دەکا ، بڕوانە مناڵێک لە لانکدا بەردەوام بەلەقاژەیەتی دەسرازەی لێبکەنەوە و ئازاد بێ. ئەوەی دەیهەوێ ناتوانێ بە زمان بیڵێی، بەگریان و لینگە فرتە داوای دەکا.


لە سەردەمی منداڵیمەوە خولیای ئازادی بـووم و گیرم نـەدەکەوت. بـەپێی ئـەوەی تاقانە بووم و برایەکی لەخۆشم چوکتر فەوتی کردبوو ، من ببوومە هیوای بنەماڵە و دەبوو بە توندی پارێزراو بم. هەر ئەوەش ببوو بە هۆی ئەوە لە زۆر کایەی مناڵانە بێبەش بم. کە تەمەنم گەیشتە (١٠ و ١١) دەبوو دەگەڵ کچان و کوڕان بچمە شایی و زەماوەند و هەڵپەرکێی جێژنان، بەهاران چوونە چیا بۆ کوڕادە و کارگ و ڕێواس و مەندۆک و بیزایان. هەموو هاوتەمەنەکانم لـە کچ و کوڕ لـەو دەرفەتـە کەڵکیان وەردەگرت، بەڵام من بە یەک دوو کەسی لە خۆم گەورەتر ئەسپێردرابووم و نەم دەتوانی بەبێ ئیزنی ئەوان هەنگاوێک لێیان دور کەومەوە. ئـەو دەورانەم ئاوا تێپەڕ کرد و بەخەیاڵ ویستم بـۆ ڕزگاری لەو بەندە و هێندێک شتیتر ڕو بکەمە فەقێیەتی. شەوێک بە دزی لە ماڵێ وەدەر کەوتـم سەرم هەڵگرت و ڕۆیشتم بـۆ خوێندنی مەلایەتی، کە ئەوەش بـۆ خۆی داستانێکە دەبێ بە جیا بنوسرێ. ئەو قۆناغەش هەرچەند هێندێک سەربەخۆیی وەک ئەوەی لەکوێ و لای کێ دەخوێنی و ڕێزو حورمەتی زۆرێشی تێدا هەبوو بەڵام هەموو ئەو شتانەی گەنجێک حەزی لێیە و دڵی دەیەوێ وەک: شەو داوەتی دەسماڵ بادان و کەمرە کێشان و خەنەبەندان و جێژنە و کارگ و ڕێواسانی لێ قەدەغە بوو. هەر چەند دەتوانم بڵێم: دەورانی فەقێیەتم یەکێک لە سەردەمە خۆشەکانی ژیانی من بوو. کاتێک ئـەو قۆناغەشم تێپەڕاند، بوومە مەلا، ئای مەلایەتی سەد خۆزگە بە کفن دزەکانی هەوەڵێ! ئەو قۆناغە لە هەمویان قورستر و مەودای ژیانی بـەرتەسکتر دەکرد. مەلا دەبـوو شێخ بێ، دوکتور بێ، غەیب زان بێ، هەم حەکیم و هەم لوقمان و، نوێنەری خەڵکیش بێ لە لای خوا. هەموو کاروباری کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی دەرمانی دیارە بە(نوشتە) دەکەوتە سەرشانی. جیا لەوەش لە شینی خەڵکیدا دەبوو بەشدار و دەوری سەرەکی بگێڕێ. زەماوەند و شایی کردن و نەکردنیشی هەر بەدەست مەڵا بوو جگە لە هێندێک شوێن کە ئاغا ئەو ئیزنەی دەدا، یان نەی دەدا. مەلای ماڵوێران لە مزگەوتێش بۆ ئەوەی عەزەمەتەکەی نەڕوخێ لەگەرمای کورە و ئاگردانی بەر سۆبە بێبەشکرا بوو. بۆ وێنە مزگەوتی دێهاتی چوار کۆڵەکەی هەبـوو، کورە لە نێوان ئەو چوار کۆڵەکەیە دادەنرا، لە بەردەمی کورە قوڵکەیەکی پەل دروست دەکرا. پۆلوی ناوکورەکەی بە خاکەنازێکی چکۆڵە تێدەکرا، سوفی و پیاو ماقوڵەکان خۆیان لەبەر گەرم دەکردوە و مەلاش دەبوو لە مێحرابی مزگەوتێدا عەباو جبەی لە خۆی بهاڵێنێ هەتا سەرمای نەبێ. دیارە من عەباو جبەم قەت لەبەر نەدەکرد و هەر کە لە نوێژو دوعایان تەواو دەبوین راست دەچومە بەر دەمی کورە و دەمکوت برا ئێستا مەلا نیم وکێ حەزی لێیە بچێ لە جێیەکەی من دانیشێ. بەکورتی مەلا دیوارێکی پانو بەرزی عەیبەی لە دەورە کێشرابو لە عاسمان زیاتر لێی دیار نەبوو!! زۆر کتوومە و دیسانیش دەڵێمەوە، دابی مەلایەتی وا داڕژا بوو، ئەگەر مەلا ویستبای بژی دەبوو ئیرادەی لەدەست ئاغاو کوێخا یان خەڵکی ئاوایی دابا، ئەگەر بە دڵی ئەوانی نەکردبا ،دم لەپوش و هەر ڕۆژەی لە جێگایەک دەبوو. بە خۆشیەوە من لـە مەلایەتیم دا زۆرێک لەو دیوار و بەربەستانەم ڕوخاندو ئەو پەتو زنجیرانەم پساند، جەورەکەشم کێشا، بەڵام وەک دەبوو بۆم تەواو نەکران. دەمەویست بەو خەڵکە بسەلمێنم کە مەلا مرۆڤە وەک ئێوە و فرشتە نیە، زانستی ئـایینی هەیە و دەبێ لەو ڕێگایەوە خزمەت بە ئیوە بکا. نەفسی هەیە وەک ئێوە حەز لە زۆرشت دەکا. هەڵەو پەڵەی هەیە بـەڵام بەپێی بـڕوا و زانستەکەی بـەرپرسایەتی زیـاتری لە ئەستۆیە و لە بواری خۆیدا ڕێبەر و ڕێنوێنە بـەڵام پیرۆز نیە . بـێگومان بـەپێی ئەرکەکەی هێندێک شتی لێی نـاوەشێتەوە، یـانی لە هێندێک بـواردا قەدەغە و قورغی لەسەرە. فرشتە نیە و ڕەخنە و عەیبیشی دەکەوێتە ئەستۆ . قۆناغی مەلایەتیشم بەو هەموو ناخ و نەک و شەڕ و قونەشەڕە تێپەڕاند.

کاتێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دەستی پێکرا بە ئەرکی خۆم زانی بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بەگەل بکەم ڕومکردە پێشمەرگایەتی تێکۆشان بۆ ئازادی گەل و نیشتمان. دەگەڵ حیزبێک کارم دەکرد و ئێستاش ئەوەی لەدەستم دێ دەیکەم کە بڕوای بە ئازادی و دێمۆکڕاسی هەبوو هەوڵی وەدیهێنانی دەدا، کەچی مخابن مەلایەتی لەوێش جاروبار یەخەی دەگرتم. بۆ وێنە هاوڕێی وام هەبوو بڕوای بە دین هەر نەبوو کەچی سەرکۆنەی دەکردم ئەتۆ مەلای بۆ بەڕۆژوو نابێ یان نوێژت دەچێی!! دیارە ئەوەندەی بۆم دەگونجا دەمکردن بەڵام وەزعی پێشمەرگایەتی وا بوو زۆر جار نانت وەگیر نەدەکەوت بیخۆی چبگا بەوەی پارشێوو بەربانگی پێبکەیەوە، یان بـۆ نـوێژ پاک و خاوێنیەکەت بـۆ نـەدەگونجا. سەربـاری ئەوەش هەڵسوکەوت و جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لـە سەر منیش کە لـە ڕیزی شۆڕشدا بـووم گران دەکەوت، واتە چونکە مەلا بووم هەمو جنێو و تیرو تـوانجەکان هەر مەلایان دەگرتەوەو وەبەر منیش دەکەوت. ئوسولەن ئی شیعەکان ناویان ئاخونـدە نەک مەلا، بۆیە دەکرێ بڵێی هەر مەلای دەگرتـەوە. ئـەگەر پێشمەرگەیەکمان شەهید دەبوو یان پاسداران جینایەتێکیان دەرهەق بەگەلەکەمان ئەنجام دەدا، هاوڕێی وامان هەبوو ئیحساسات هەڵی دەگرت و هەرچی مەلا بوو بە چاک و خراپیەوە دەکەوتە بەر ڕەهێلەی جنێوان. دوایەش دەیکوت ببورە مامۆستا دەگەڵ تۆم نەبوو! منیش دەمکوت: ئامین و دەستخۆش!! لـەقوڵایی دڵـمەوە دەڵـێم: لە دڵم گران نەدەهاتن و خۆشم قسەی ناخۆشم پێدەکوتن بەڵام لەناو پاکەتم دەنان!! 

  ئێستاش لە ئوروپام عەیبەی بە ناوی مەلایەتی لەکۆڵم نابێتەوە، یەکێک دەتبینێ کوت و شەڵـوارت دەبەر دایـە، یـان دەچیە شـایی و زەماوەنـدێک، لـێـت قـوت دەبێتەوە و بە تەوسەوە دەڵێ: مامۆستا ئەوە لیباسی کافران نیە؟! یـەکیتر ئـای مامۆستا، ئەتۆ و ئێرە؟ جارجار بە لیباسی کوردی دەچمە ناو شار یەکێ توشم دەبێی و دەڵێ: مامۆستا ڕانکوچۆغە و ئێرە ؟! هیچ ناڵێم و هەنـاسەیەک هەڵدەکێشم و دەڵێم: ئای ئازادی لەکوێ، وا نات دۆزمەوە.!

دەگەڵ هەموی ئەوانە لەوەی کە مەلا بـووم پەشیمان نیم، شانازیشی پـێوە دەکەم چونکە ئەوەی دەیزانم لەوێڕا فیری بووم. لەو باوەڕەش دام هەرکەس دەرسی مەڵایەتی خوێند بێ و بە وردی و جوانی لە قورئان تێگەیشتبێ و بەلاڕێدا نـەبرا بێ، یان لە ڕیگای جۆرا و جۆرەوە فریو نەدرابێ زۆرترین و باشترین بەڵگە و ڕێنوێنی بە دەستەوەیە کە قورئانە. مەلا دەبێ خۆی بە پیرۆز نەزانێ و غیرەتی ئەوەی هەبێ ئیقرار بە هەڵە کانیشی بکا. ئەوەش دەزانم نەیارو دوژمنی قورئـان زۆرن و کاری لەسەر دەکەن و دیانەوێ عەیبداری کەن و ئیواش هەیە دەبینێ هەموو دنیای غەیرە ئیسلام ڕاست و چەپ لەسەر و گوێلاکی دەدەن و بـۆیان لەبـەین نـاچی، ئـەو دەڵێ: من بەتەنی ئیسلام لەناو دەبەم!!

بەکورتی وەک کورد دەڵێ: بە سەردڕی خۆم ناقایل نیم و بۆ ئەوەی هێندێک کەس ڕازی بکەم چاو لێکەری ناکەم، ڕێزم بۆ هەمو ئایین و ئیدەکان هەیە و هەرگیز بە جنێوو قسەی ناشیرن باسیان ناکەم. ڕەخنە و گلەیی لەسەر چاوان دادەنێم و جنێو لەکەس قبوڵ ناکەم ،وەک خوافەرمویە دینی خۆم بۆ خۆم ئیخویان بۆ خۆیان ، لەوە بەولاوەش براین. دەکرێ پێم بڵێی بێ دینە، غەڵەتە، هیچ نەزانە، خوڕافاتیە و چی و چی بەڵام جنێو ئاقڵانە نیە. لێگەڕێن با مرۆڤەکان ئازادانە بیر بکەنەوە ، ژیرانە هەڵبژێرن ، ئازایانە بڕیار بدەن . ئەگەر هەڵەشێان کرد کە دەکرێ بیکەن ، یارمەتیان بدەن و پێیان ڕاست کەنەوە .

 

  براتان مەڵا برایمی مەجید پور ١ گەلاوێژی ٢٧١٩ ی کوردی

        ٢٣ / ٧ / ٢٠١٩ زایینی

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی