لە کۆتاییدا، نوێنەرانی چوار حزبەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە “ناوهندی هاوكاریی حیزبهكانی كوردستانی ئێران” (ن هـ ح ک ئـ)دا باسیان لەوە کرد کە “دانیشتن و چاوپێکەوتن”یان لەگەڵ “نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی”دا هەبووە.
ئەوان نایشارنەوە و دەڵێن: ئەو دانیشتنانە بۆ ئەگەری کردنەوەی دەرگەی دانوستانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا!
لە دوایین ڕاگەیێندراوی (ن هـ ح ک ئـ)دا (١٤-٧-٢٠١٩) ئاماژە بە دوو خاڵ کراوە کە کۆماری ئیسلامی ئەو دوو خاڵەی تێدا نین بۆ دانوستانکردن، بۆیە نووسیویانە: “بهداخهوه له لایهك كۆماری ئیسلامی ئێران بڕوای به چارهسهری سیاسی مهسهلهی كورد نهبووه، و له لایهكی دیكهوه ئهزموونی وتووێژهكانی ڕابردووش زیاتر كهش و ههوای بێ متمانهیی درووست كردووه.”
کاتێک کۆماری ئیسلامی بڕوای بە چارەسەری سیاسیی پرسی کورد نییە و ئەزموونی وتووێژەکانی ڕابردووش سەرکەوتوو نەبوون، کەواتە ئێوە لە چی دەگەڕێن؟ یان بۆ پەنا بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕژێمێک دەبەن کە ئەو دوو خاڵە سەرەکییەی تێدا نین؟ خۆ بەتەما نین کۆماری ئیسلامییش فێری وتووێژ و دانوستان بکەن؟
ئەوەیش لە کاتێکدایە کە ئەو حزبانە بەردەوام دووبارە و چەندبارە باس لە “چارەسەری سیاسییانەی پرسی کورد و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەکەن” و، هەر خۆیشیان دەزانن کۆماری ئیسلامی تایبەتمەندییەکانی دانوستانی تێدا نییە، بەڵام لە پاڵ ئەوەدا تا بڵێی کۆماری ئیسلامی تایبەتمەندیی چاوپێکەوتن و دانیشتن (بۆ گنخاندنی کات، نانەوەی ئاژاوە، چەندبەرەکی، تیرۆر و جەنگی نەرم)ی دژ بە کورد و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدایە، ئەوەیش بۆ ئەوەیە کە پرۆسەی “چاوپێکەوتن” و “دانیشتن” بخاتە ناو ڕەوتێکی ماڕاتۆنییەوە تا ئەو کاتەی لەو دۆخەی کە نیگەرانی کردووە، دەربازی ببێت.
کۆماری ئیسلامی هەم ئامادەیە بۆ “چاوپێکەوتن” و هەمیش ئامادەیە سەرکردایەتیی ئەو پڕۆسە دورودرێژە بکات کە خۆی ئەندازیاریەتی. بەواتایەکی تر، هیچ دەورێک بۆ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناهێڵێتەوە و ڕێگەی دەستپیشخەرییان لێ دەگرێت!
ئاکامی هەرە خراپی ئەو تاکتیکەی کۆماری ئیسلامییش بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حزبە سیاسییەکانی ئەوە دەبێت، کە کۆماری ئیسلامی ئەوان لە چاوەڕوانیدا بهێڵێتەوە و دەستەوەستانیان بکات تا ئەو کاتەی کە کەفوکۆڵ و ململانێی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکادا بنیشێتەوە!
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی “باسکردنی بەردەوام بۆ چارەسەرکردنی سیاسییانەی پرسی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی”، یان “بە شێوەیەکی گشتی ئێمە وتووێژ و دانوستان ڕەت ناکەینەوە”، باس لە بێئەزموونی و لاوازی دەکات تا وریایی و بەهێزی! باسی وتووێژ و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، باسێکی هزری و ئەکادێمی نییە کە وتووێژ باشە یان خراپ، بەڵکوو باسێکی سیاسی، ڕۆژ و دیاری کراوە کە دەبێ وڵامی ئەوە پرسیارە بداتەوە، ئاخۆ کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە شتێک بە ناوی پرسی کورد لە ئێراندا هەیە و دانی پێدا دەنێت؟ هەر لەبەر ئەوە پێویست ناکات هاووڵاتیان و ڕای گشتی بە بابەتێکی هزری و گشتییەوە سەرقاڵ بکەن و بەلاڕێدا ببرێن بە ناوی ئەوەی کە “وتووێژ باشە!”
هەر وتووێژێک لە کات و ساتێکی دیاری کراودا دەبێ ڕوو بدات و وڵامی ئەوەمان هەبێت کە ئاخۆ لەو چرکە ساتەدا وتووێژەکە گونجاوە یان نا؟ زۆر هەڵەیە کە بەردەوام بڵێین وتووێژ باشە، چونکە وتووێژ دەتوانێت باش بێت یان خراپ، یان بە تەواوەتی لێی زەرەرمەند بین. ئەزموونی “وتووێژ”ی شەهید دکتۆر قاسلموو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئەوەی سەلماند. شەهید دکتۆر قاسملوو بۆ تووێژ و چارەسەری سیاسییانەی پرسی کورد چووبوو، بەڵام کۆماری ئیسلامی بۆ تیرۆرکردنی ئەو لەوێ بوو!
لە دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، خەباتی ئاشکرای نەتەوەی کورد لەو پارچەیەی وڵات، هەروەها چالاکیی سیاسی و چەکداریی حزبەکان ئەوەندە بە گوڕ و تین نییە کە تەنگی بە کۆماری ئیسلامی هەڵچنیبێت و تارانیش بیری لە وتووێژ کردبێتەوە، بەڵکوو سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار”ی کۆشکی سپی و ئەگەری لێدانی زەبری ئەلێکترۆنی و ڕەق بە ڕێگەی باڵند ئاسنینەکانی ئەمریکاوە لە گۆرێدایە و ترسی کۆماری ئیسلامییش ئەوەیە کە لە ئاکامی قەیرانی ئابووری و زەبری ئەمریکا لە ئێرانی ڕەنگاوڕەنگدا، تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و ڕاپەڕین ڕوو بدات، هەر لەبەر ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەترسێت، چونکە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموونی چل ساڵەی بەربەرەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی هەیە، هەروەها ژمارەیەک حزب و ڕێکخراوی سیاسیی ئامادە و چەکداری هەن کە ڕیشەیان لە ناو ناخی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕۆ چووە.
کۆماری ئیسلامی بیر لەوە دەکاتەوە کە لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا، چۆن ئەو شەپۆلە کەوی بکات. بۆ ئەوەیش تەنیا یەک ڕێگەی لەبەر دەمدایە، ئەویش هێنانە گۆڕێی “دانیشتن و چاوپێکەوتن”ی ماڕاتۆنی تا ئەو کاتەی کە دۆخەکە هیور دەبێتەوە!
بابەتی پەیوەندی دار
مذاکرە احزاب کردستانی با حکومت اسلامی ایران “پیآمدهای مثبت و منفی آن”، کامران امین آوە