"an independent online kurdish website

ئەوێ ڕۆژێ بەیانی، لە چوون بۆ قوتابخانە وەدرەنگی کەوتبووم. زۆر دەترسام کە، مامۆستاکەم “هامل”، لێم تووڕە بێ، چوون پێیکوتبووین تاقیکاریی ڕێزمانمان هەیە و منیش هیچم لە سەر ئەو بابەتەی نەدەزانی.


تاوێکی باش بیرم لێکردەوە لەوەی کە ڕاکەم بۆ لای مەزراکان و لەوێ پیاسە بکەم و نەچمە قوتابخانە
ڕۆژێکی زۆر گەرم بوو و ئاسمان تاووساو و خنجیلانە بوو. باڵندەکان لە ناو دارستان و لێڕەوار دەیانچریکاند و هێزە داگیرکەرەکانی دوژمنیش خەریکی ڕاهێنانی سەربازی بوون


هەر هەمووی ئەو شتانە بۆ من سەرنجڕاکێشتر بوون تا فێربوونی ڕێزمان، بەڵام هەوڵم دا هەڵنەخەڵەتێم و بە زووترین کات خۆم بگەینمە قوتابخانە. گەیشتمە ناو گۆڕەپانی سەرەکیی شاری، خەڵکێکی زۆر لاپەڕ و نووسراو بەدەست و لەسەرەخۆ لە گۆڕەپانی شار هات و چوویان دەکرد. هەواڵەکانی شەڕ لەو جێگایە بە خەڵک ڕادەگەیاندرا.

لە دوای کەمێک تێڕامان، درێژەم بە ڕێگاکەم دا و هەرواش بەردەوام بیرم دەکردەوە:”ئاخۆ ئەوجار چ بووە؟
لە کاتێکدا کە بەناو گۆڕەپانی شاردا تێدەپەڕیم، ئاسنگەر و بەردەستەکەییم دیت کە پێی گوتم “لەسەرەخۆ بە ڕۆڵە، هێندە بە هەڵەداوان مەبە، هێشتاش درەنگ نیە و دەگەیە قوتابخانە.”

لە دڵی خۆمدا گوتم: “دیسان گاڵتەم پێدەکا“!

کە گەیشتمە قوتابخانە پشووم تەواو سوار ببوو. جاران، بەردەوام دەنگی کرانەوەی پەرتووک و جووڵەجووڵی مێزەکان لە دەرێشەوە دەبیسترا. مامۆستاکەمان خەتکێشێکی گەورەی بەدەستەوە بوو کە پێی لە سەر مێزەکە دەدا و دەیکوت: “بێدەنگ!.”

بیرم لەوەی دەکردەوە کە هێشتا پۆلەکەمان دەستی پێ نەکردووە و ژاوەژاوی منداڵان زۆرە، واتە دەتوانم بە بێدەنگی بڕۆمە ژووری پۆلەکە و مامۆستاش نامبینێ. لە پشت پەنجەرەیڕا هاوپۆلەکانم بینی کە بە هێمنی دانیشتبوون و مامۆستاکەشمان خەتکێشەکەی لە بن هەنگڵی نابوو و بە ئەسپایی دەهات و دەچوو

بیری لێ بکەنەوە، من دەبوو بێدەنگیی پۆلەکە بشکێنم و بڕۆمە ژوورێ. لە شەرمان ڕوومەتم سوور هەڵگەڕا بوو، دەترسام مامۆستا لێم تووڕە بێ. کاتێک وەژوور کەوتم، بەپێچەوانە مامۆستا زۆر بە لە سەرەخۆییەوە گوتی:”لە سەر جێگای خۆت دانیشە بچکۆلە گیان، خەریک بوو وانەی ئە مڕۆ بە بێ تۆ دەست پێبکەین.”

لە سەر کورسیەکەم دانیشتم، تۆزێک ئەهوەن بوومەوە، چاوم بە کۆتە کەسک و کراسە جوانەکەی مامۆستا کەوت کە تەنیا بۆ ڕۆژانی جێژن و بۆنەی تایبەتی لەبەری دەکرد.

هاوپۆلەکانم خەمبار و بێدەنگ بوون!. ئاوڕم لە ڕیزەکانی پشت سەرم داوە، کورسیی بەتاڵی لێ نەمابوو، چەند کەس لە خەڵکی ئاوەدانیش هاتبوونە پۆلەکە و وێڕای ئێمە دانیشتبوون، ئەوانیش کز و بێدەنگ بوون
حەپەسابووم، مامۆستا چوو لە پشت مێزەکەی ڕاوەستا و زۆر بە دلۆڤانیەوە گوتی:” ڕۆڵەکانم! ئەمڕۆ دوایین ڕۆژە کە من بە زمانی زگماکیی خۆتان وانەتان پێ دەڵیم. لەلایان هێزە داگیرکەرەکانی ئاڵمانی ڕا فەرمان هاتووە کە دەبێ لە تەواوی قوتابخانەکان بە زمانی ئاڵمانی دەرس بە منداڵان بڵیێنەوە. داوتان لێدەکەم زۆر بە جوانی گوێ لە وانەی ئەمڕۆ ڕاگرن

یانی ئەوە دوایین وانەی ئێمە بە زمانی فەڕانسەوی ده‌بێ؟ من هێشتا فێر نەبووم بخوێنمەوە و بنووسم!. لەپڕهەستی شەرم و شەرمەزاری دایگرتم کە چۆن بە جێگای فێربوونی زمانی زگماکیم خه‌ریکی کایە کردن، چۆلەکە گرتن و کۆکردنەوەی هێلکەی باڵەندانەوە بووم

ئەو پەرتۆکانەی تا چەند خولەک لەوە پێش لێم ببوون بە دێو و درنج، وازوو بوون به خۆشەویسترین هاوڕێم و تاقەتم نەبوو ماڵاواییان لێ بکەم

هەموو لێدان و کوتانەکانی مامۆستاکه‌م بە خەت کێشە گەورە‌که‌ی لە بیر کرد.

تازە زانیم هۆکاری چیە کە مامۆستا جل و بەرگی تایبەتی لەبەرە و خەڵکی ئاوەدانیش هاتوون لە پۆلەکەی ئێمە دانیشتوون. ئەو خەڵکە پەژیوان بوون کە هەرگیز کاتیان بۆ ئەوە تەرخان نەکرد که زمانی زگماکیی خۆیان فێر بن. ئەمڕۆش هاتوون بۆ پۆلەکەی ئێمە کە سپاسی ماندووبوونەکانی “مامۆستا هامل” بکەن کە لە ماوەی چل ساڵ ـدا بۆ ئاوەدانی کێشا بووی….

هێشتا لە ناو ئەو خەیاڵ و بیرۆکانەدا ڕۆچووبووم کە بانگی کردم. سەرەی من بوو وانەکەی بخوێنمەوە. دڵەڕاوکە گرتبوومی، ئاخۆ بڵێی بتوانم، لە یەکەم وشەوە تا دوایین وشە، ڕێزمان بێ هەڵە بخوێنمەوە؟ مخابن! هەر لە دەسپێکی وانەکەڕا هەڵەم کرد، دڵم بە توندی لێیدەدا، نەمدەوێرا سەرم بەرز بکەمەوە.

مامۆستا گوتی:” ڕۆڵە! مەترسە سەرکۆنەت ناکەم، بەزوویی بۆخۆتان ئاکامی ئەو بایەخ پێنەدانەتان بە زمانتان دەبینن و ئەوە خۆی گەرەترین سزا و سەرکۆنەیە. هیچ تێناگەم! چۆن دەتوانین بڵێین خەڵکی ئەو وڵاتەین لە حاڵێکدا کە زمانی زگماکیی خۆمان نازانین.”

لە درێژەی وانەکەدا، مامۆستا زۆری باسی گرنگی، جوانی و بەربڵاوبوونی زمانی زگماکی کرد و گوتی:”ئەو کەسەی زمانی زگماکیی خۆی نازانێ، وەک دەست بەسەرکراوێکە کە کلیلی بەندیخانەکەی بزر بووە.”

ئەوجار وانەیێکی تری لە ڕێزمان هەڵبژارد و زۆر بە جوانی وانەکەی پێگوتین، منیش زۆر جوانم لەبەر کرد و پێم وابوو وانەی ئەوی ڕۆژێ زۆر خۆش بوو. وەبیرم نایە پێشتر ئاوا بە ڕێکوپێکی گوێم بۆ مامۆستا ڕاگرتبێ. وا دیاربوو مامۆستا دەیەوێ لەو دوایین کاتژمێرانەدا هەرچی لە زمان و ڕێزمانی زگماکیمان دەیزانێ فێری ئێمەی بکا. دوایی تۆزێکمان زمانی فەڕانسەوی نووسی، پۆلەکە ئەوەندە بێدەنگ بوو کە گوێت لە دەنگی خشەی قەڵەمیش دەبوو کە بە سەر لاپەڕەدا دەخوشێ. کۆترەکان لە سەر بانی پۆلەکەمان دەیانگرماند: “بەغ بەغو، بەغ بەغو…” بیرم دەکردەوە ئاخۆ داگیرکەرانی ئاڵمانی زۆرداری لە کۆترەکانیش دەکەن کە زمانی فەرانەسەوەی لە بیرکەن؟

جارجارە سەرم لە سەر پەرتووکەکەم هەڵدەگرت و سیرەم لە مامۆستا دەگرت کە زۆر بە خۆزگەوە چاوی لە دەور و پشتی خۆی دەکرد، دوایین چاو لێکردنی بەر لە ماڵاوایی.

مێز و کورسیەکان کۆن بوون و زۆر لەمێژینە بوون بەڵام دارە گوێزەکەی حەوشەی چاک گەورە ببوو، دارە مێوەکە خۆی تا بەر پەنجەرەی پۆلەکەمان ڕاکێشا بوو. وادیار بوو مامۆستا هێزی لە هەناوی ـدا نیە ئەو پۆلەی بەجێ بهێڵێ، ئاخر سبەی بە یەکجاری لە لای ئێمە دەڕۆییشت. بەڵام ئەو ڕۆژە بە گیان و بە دڵ وانەی پێدەگوتین.

مامۆستا باسی مێژوی وڵاتەکەمانی کرد و تۆزێکیش لە سەر پیتە دەنگدارەکان و بزوێنەکان دوا. پیرەپیاگێک کە لە پۆلەکەمان دانیشتبوو، بە هۆی خەم و خەفەتێک کە لاخیدا پەنگی دەخواردەوە کاتێک کە وشەکانی دەخوێندەوە دەنگی دەلەرزی، ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی کە ئێمە منداڵەکان تێکڕا پێبکەنین، هاوکاتیش چاومان تەژی تەژی لە فرمێسک بوو

زەنگی کلێسە دووازدە جاری بە دووی یەکدا لێدا، کاتی پۆلەکە تەواو بوو. دەنگی زوڕنای هێزە داگیرکەرەکان دەهات کە لە ڕاهێنانی سەربازی دەهاتنەوە. مامۆستا لە سەر کورسی هەستاو و لە پشت مێزەکەی ویستا، ڕەنگی بە ڕوویەوە نەمابوو، باڵای لە هەمیشە بەرزتر بوو. دەیەویست قسان بکا، گوتی:” هاوڕێیانی من! من! من!..” بەڵام نەیتووانی ڕستەکەی تەواو بکا. بوخزێک لە ئەوکیدا قەتیس مابۆوە. لەتێک گێچی هەڵگرت و بە درشتی لە سەر تەختە ڕەشەکە نووسی:”بژی نیشتمان” 
لە تەنیشت تەختە ڕەشەکە ڕاوەستا و سەری بە دیواری وەنا و بە جووڵەی دەستی پێی گوتن وانەکە تەواو بووە و دەتوانن بڕۆن.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی