"an independent online kurdish website

لە کۆتایی دەھەی نەوەدەوە رێژیم ھەوڵی داوە حیزبەکان و پێشمەرگە لە باوڕی گشتیی نە تەنیا خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستانی، بەڵکوو لە باوڕی خەڵکی باشووری کوردستانیشا لاواز بکاو لە ئەدەبیاتی شەڕی رەوانیی خۆیا بە گاڵتەیان بگرێ.


 ئەوەی ماوەیەک لە گەڵ خەڵکی باشوورا ژیابێ و لەگەڵیانا باسی سیاسیی کردبێ، ئەوەی تەجرۆبە کردووە.

ئەو تێزەیان تا رادەیەک ھەم لە رۆژھەڵات و ھەمیش لە باشوور سەرکەوتوو بوو. چونکی رێژیم توانیبووی لە رۆژھەڵات بە پاڵپشتیی مێدیاکانی پژاک و پەکەکە و کادر و رێبەرانیان ئەو سیاسەتەی پەرەو گەشە پێ بدا و ھەروەھا بە پاڵپشتیی پارتەکانی باشوور لەوانە ھەندێ لە رێبەرایەتیی خۆفرۆش و فەرماندیی بەکرێگیراوی حیزبەکانیان بە تیرۆری رەوانی، شەخسیەتی، سیاسی و جەستەیی حیزبەکانمان و کادر و پێشمەرگەکانمان ئەو تێزەی بباتەپێشەوە.

 بۆ نمونە لە ئەدەبیاتی زاڵی شەڕی رەوانیی رێژیم دژ بە بزوتنەوە و گەلەکەمانا کۆمەڵە و دیمۆکرات و حیزب و سازمانەکانی دیکەیان بە مردوو لە قەڵەم ئەداو ھەندێ جاشقەڵەمی باشوورو رۆژھەڵاتیشیان لە مێشک و باوڕو ھەستی پاکی شۆڕشگێڕیی و کوردایەتیی خەڵکە تامەزرۆی خەباتەکامان بەردابوو و دوور لە ھەر چەشنە ئەخلاقێ، وەکوو کرم و ئافەت رەگ و ریشە و لق و پۆپی داری خەباتیان ئەکرۆژی.

بەڵام راسان پاش تەحەمولی زۆر قۆناغی جەنگی رەوانیی و گوشاری سیاسی، نیزامی، ئەمنیەتی، تەبلێغاتی، ئابووری و بوختان و تۆمەت وناو و ناتۆرەی ناڕاست … بڕیارێکی پشتئەستوور بوو بە عەقڵ و زانست و سۆز و خۆشەویستی و غیرەت و باوڕی شۆڕشگێڕی و نیشتمانپەروەری ولێکدانەوەی ژیرانەی رێبەری و بەدەنەی حیزبی دیمۆکرات.

پەیامی سەرەکیی راسان ھەستانەوەی خەباتی نەتەوەیی دیمۆکراتیی گەلەکەمان بوو لە رۆژھەڵاتی کوردستان. قۆناغی یەکەم و گرینگی ئەو پەیامە کە ھەستانەوە سەرپێی شۆڕش بوو سەرکەوت.

لەم قۆناغەدا گەلەکەمان زیانی جەرگبڕی بەرکەوت، بەو مانایە گەلەکەمان، چونکی پێشمەرگە و خەڵکی بێچەکی شارو گوند ھەر ھەموو تێگڕا رۆڵەی ئەو گەلەن.

بۆیە ئەو برینەی ئەکەوێتە سەر جەستەی پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی، تێگڕای ئازارەکەی گەل ئەیچێژێ، خوێنەکەی لە جەستەی گەل ئەچۆڕێ و خەسارەکەی گەل ئەیدا.

لەم قۆناغەی راسانا رێبەریی و بەدەنەی حیزبی دیمۆکرات بە تەشکیلاتی نھێنی و ئاشکرای ئەو حیزبەوە توانییان خەڵک و خاک و پێشمەرگە لێک نزیک بکەنەوە، پێک ئاشنا بکەنەوەو پێکەوە ئاشت بدەنەوە.

 

پیرۆزە سەرکەوتنی راسان لە قۆناغی ھەستانەوە دا….

سڵاو و رێز و ئەمەگ بۆ پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکان و رێبەریی ژیر و فەرماندەیی وریای حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی