"an independent online kurdish website

کاتی خۆی د.سادق شەرەفکەندی وتارێکی بۆ رادیۆ دەنگی کوردستان نووسیبوو کە سەردێڕەکەی ئاوا بوو:” بۆ خەبات چ زۆرە، رێگا.” لەم دلاقەوە بڕوانین، ئەتوانین پڕ بە ئیرادەی شۆڕش،


 وزە، توانایی، ویست و ھێز بەرامبەر بە دوژمن، بۆ گەییشتن بە ئامانج رێکبخەین. بەڵام ئەمە پێویستی بە بیرکردنەوەی شەرەفکەندیانەیە، نەک بیرتەسکانە و وزە و توانایی کوژانە.

لە باوڕەکانی د.شەرەفکەندیدا بۆ ئەو خەباتە بەرینە، تاکەکانی کورد بەرپرسیار ئەکرێن، ئەوان ئەرکدار ئەکرێن، ئەوان چەکدار ئەکرێن! چەکدار بە مانای چەکی ویست، باوڕ، تێگەییشتن و ئامانجدار کردنی ھەوڵ و تێکۆشانەکانیان.

 د.شەرەفکەندی خەڵکی کوردستان ئەکاتە بەردەنگ و پێیان ئێژێ ئێوە لە خەبات بۆ ئەستاندنی مافەکانتان وەک نەتەوەی کورد، ئەرکتان لەسەرشانە و ئەو ئەرکەشتان شانازیتان پێ ئەبەخشێ. جەختیان لێ ئەکاتەوە کە بۆ گەییشتنمان بەو ئامانجە بەرزەمان پێویستە لە ھەموو رێگاکانی تێکۆشان کەڵک وەرگرین و ھەرکام لە ئێوە رێگایەکتان بۆ تێکۆشان بۆ وەدیھێنانی ئەو ئامانجانە ھەیە و بە شانازیشەوە پێویستە خۆتان لەو ئەرکانەتان نەدزنەوە.

 د.شەرەفکەندی وەبیری بەردەنگەکانی دێنێتەوە کە حیزبی دیمۆکرات وەک ئاڵاھەڵگر، پێشەنگ و پێشھەنگاوی ئەو خەباتەیە و رێگا، رێباز و ئامانجەکانی روون و دیار و ھەقانیەتی خەباتەکەشی نەک تەنیا بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکوو بۆ زۆرێ لە خەڵکی بەشەکانیتری ئێران و دەرەوە سەلماوە.

بە باوڕی د. شەرەفکەندی ھەموو کوردێ لە ھەر کوێ ئەتوانێ بەشداری خەبات بۆ رزگاریی نەتەوەکەی بێ و بۆ ئەم ئەرکە گرینگەش پێویستە پێش ھەموو شتێ خۆی بە خاوەن خەبات بزانێ. بە باوڕی د.شەرەفکەندی کە ئەویش قوتابی مامۆستای گەورەی واتە د.قاسملوو بوو، دەبێ تەواوی ھەوڵی خۆمان بدەین کۆسپ و تەگەرە و ئاستەنگەکانی سەر رێگای بەشداریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ھەر شوێنێ لابەین و ھەوڵ بدەین زیاترین توانایی و وزەکان بھێنینە مەیدانی ئەو خەباتە دژوار و بەرینە.

 د.شەرەفکەندی و د.قاسملوو کونپشکنانە ئەگەڕان کەسی کارلێھاتوو بۆ خەباتی رەوای کورد بدۆزنەوە و بیکێشنە ناو رێکخستنەکانی حیزب و خەباتەکەی و ئەرکی پێ بسپێرن و بیکەنە تێکۆشەرێکی رێگای خەباتەکەیان.

 لەم رێگایەشدا بە ھەزاران کەسی بەتوانایان ھێنایە مەیدانی خەبات کە تا دوا ھەناسەکانیان بۆ ئامانجە بەرزەکانی خەباتەکەیان تێکۆشان. ئەوان توانییان دەیان کەسایەتیی غەیرەکوردیش رازی بکەن و لەو خەبات و تێکۆشانەدا بیانکەنە ھاوڕا و ھاوڕێی خەباتگێڕانی کورد و دیمۆکرات کە ھەتا ئێستاش زۆرێکیان ھەر بەو خۆشەویستی و بەرپرسیاریەتییەوە وەک دیمۆکراتێ لە سوچاو سوچی دونیا ھەروا لە مەیدانی تێکۆشاندان.

 ئایا ئەمڕۆ ئێمەمانان ئەو وانانەی مامۆستاکانمان جێبەجێ ئەکەین؟ ئایا بەکردەوە بڕوامان بەو راسپاردەیەی ئەوان ھەیە و بۆی تێدەکۆشین؟ بەڕاست ھەر کام لە ئێمەی شۆڕشگێڕ یان خەباتکار، چەندەمان توانیوە لەو مەیدانەدا، ئەرکی پێ ئەسپێردراومان بەجێ بگەیێنین؟ چەندەمان توانیوە خەڵک و کەسایەتی و وزە و توانا بۆ ئەو ئامانجانە ھاوڕا و ھاوڕێ بکەین؟ با بۆ ئەم پرسیارە، بە بێدەنگی لە بەرامبەر ویژدانی خۆمانا وەڵامدەر بین.

لە ئەنجاما ئەکرێ بێژین؛ مەیدانی خەبات بەرینە ئەگەر بە بیرو روانینی تەسک، لە خۆمان و خەباتخواز و خەباتگیڕان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرتەسکی نەکەینەوە.

وێنە: سوچێ لە حەماسە شکۆدارەکەی دیمۆکرات لە بروکسل لە ساڵڕۆژی تیرۆری د.قاسملوو و ھاوڕێیانی دا بە دەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی