"an independent online kurdish website

عیسا ئیراندۆست باوکی دڵشاد و دڵدار لە سالی 1344ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە گوندی شەملەکانی ناوچەی بەرکشلوی ورمێ لە دایک بووە.


 سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێران، رەمەزان برای عیسا دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لە سالی 1359ی هەتاوی لە شەرێکی دەستەو یەخەی چەند رۆژەدا لە گەل هێزەکانی رێژیمی ئاخوندی لە ناو شاری ورمێ، بەداخەوە لە گەل 48 پێشمەرگەی دیکەی حیزب شەهید و تێکەل بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل دەبن. بە دوایی شەهید بوونی رەمەزان، عیسا بریار دەدات کە سەنگەری براکەی پربکاتەوە، عیسا سالی 1361ی هەتاوی تێکەل بە ڕێزی تێکۆشەرانی دێموکرات دەبێ و لە رێکخستنەکانی نهێنیی حیزب دا لە گەل کاک مەجید حەقی، خاتوو پەری رەشیدیان و زیبا و … بەو پەری دڵسۆزی و ئیمان بە داوا رەواکانی گەلەکەمان ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانی خۆیان بە ڕێوە دەبەن.

سالی 1363ی هەتاوی دوای ئەوە کە عیسا هاوکاری و رێنوێنی چەند کەسێک دەکات هەتا دەگەنە ناو ڕێزەکانی حیزب، رێژیم پێی دەزانێ و عیسا لە لایەن ئیتلاعاتی رێژیم لە شاری ورمێ دەگیرێ و دوای 1 مانگ ئەشکەنجە و ئازار و لە زیندانی یەک نەفەری، بە هەولی بنەماڵە و کەسێکی ناسراو، بە زەمانەت ئازاد دەکرێ و ئازار و ئەشکەنجەی ناو زیندان نەیانتوانی چووکترین زانیاری لە سەر هاورێ و هاوکارانی عیسا لە تەشکیلاتی نهێنی ئاشکەرا بکەن. سالی 1367ی هەتاوی عیسا لە لایەن رێژیمەوە دەگیرێ و دەبردرێت بۆ سەربازی، عیسا هەر چۆنێک بێ پێوەندی بە کۆمیتەی شارستانی ورمێ وە دەکات و بریاری درێژە دان بە سەربازی خۆی لە کۆمیتەی شارستان وەردەگرێ، لە هاوینی سالی 1367 لە نێزیک چیای دالانپەر ئەو تیمە زەربەتەی کە عیسا تێیدا دەبێ دەکەونە کەمینی پێشمەرگەکانی حیزب لە هێزی کێلەشن و نێزیک بە هەموو ئەندامانی ئەو زەربەتە دەکوژرێن، یان بریندار دەبن، عیسا هەر لە سەرەتاوە شەری پێشمەرگەکان ناکات و بە بێ ئەوەی یەک گۆلە بە رووی پێشمەرگەکان وە بتەقێنێ، تەسلیمی پێشمەرگەکانی حیزب دەبێ و لە بەر سڵامەتیی خۆی ناچار دەبێ باسی ئەندام بوونی خۆی لە حیزب دا بکات. پاشان عیسا لە لایەن پێشمەرگەکانی حیزب لە هێزی کێلەشین ئازاد دەکرێت و دەگەرێتەوە گورهانی نەبی ئەکرەم لە زێوەی مەرگەوەر، ئەو جار ئیتلاعات بە تەواوی لێی بە گۆمان دەبێ کە بۆچی لەو شەڕەدا ئەو نەکۆژراوە و تێیداچوونی ئەو گورووهی زەربەتە بە دەست هەبوونی عیسا لە گەل پێشمەرگەکان دەزانن و هەر بۆیە دەست بەجێ بریاری گرتنی دەدەن و بە ماشێنی تایبەت ڕەوانەی گوندی سلیوانا دەکەن و لەوێ کەسێک کە ناسیاوی عیسا دەبێ پێی دەلێت بریاری ئێعدامی توو دراوە و ئەگەر دەتوانی رێگا چارەیەک بۆخۆت بدووزەوە.

ئەوجار عیسا بریاری کۆتایی خۆی دەدات و لە کاتێک دا دەیان چەکداری رێژم لە گوندی سلیوانا دەوریان دابوو، عیسا هەلدێت و لە ناو کووچە و کولانەکانی گوند دەیان چەکدار وەدوا دەکەون و تەقەی لێ دەکەن ، بەلام ئیرادەی بەهێزی عیسای قارەمان لە هێزی زۆر و گولەی چەکدارەکان بە هێزتر دەبێ و بە خۆشییەوە عیسا لە بەر چاوی چەکدارەکان ون دەبێ و دوایی برینی رێگایەکی سەخت و بە تەنیایی خۆی لە باوەشی گەرمی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە هێزی ئاگری دا دەبێنێتەوە.

بەلێ هەر لەو کاتەوە عیسا بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە بەر دەکا و بۆ ماوەی 14 سال لە مەڵبەندی شیمال و هێزی ئاگری و کێلەشین، وەک یەکێک لە پێشمەرگە هەرە قارەمان و مێرخاسەکانی حێزب ، ئەرکی پیرۆزی پێشمەرکانەی خۆی بە بێ دوودڵی و ترس لە مەرگ بەرێوە دەبات. هەمووی ئەو شەرانەی کە لەو ماوەیەدا هەر لە ناوچەکانی شپیران، سەڵماس ، تەرگەوەر، مەرگەوەر، گەلی بەند، شەرەکانی دەوروبەری شاری ورمێ، گەلی بەراندێز، گەلی قاسملوو، گەلی خان و شەرەکانی ناو شاری شنۆ و دەوروبەری، شاهیدی بۆ ئیمان و فیداکاریی ئەم قارەمانەی دێموکرات دەدەن، لە شەڕەکاندا عیسا 4 جار زۆر بە سەختی بریندار بووە و دوایی سارێژ بوونەوەی برینەکانی دیسان دەگەڕایەوە ناو هێزی پێشمەرگە و هەر وەک جاران لە سەنگەری پێشەوە روو بە دۆژمن دەجەنگا و داستانی مێرخاسیی تۆمار دەکرد.

بۆیە کاتی ئەوە هاتبوو کە عیسا وەک یەکێک لە فەرماندەرانی ناو هێزی ئاگری ئەرک دار بکرێ و عیسا سەرەتا لە هێزی ئاگری دەبێتە جێگری پەل، پاشان نەقلی کۆمیتەی شارستانی شنۆ و هێزی کێلەشین دەبێ و لەوێ وەک یەکێک لە فەرماندەرانی پەلێک لە پێشمەرگەکانی هێزی کێلەشین ئەرک دار دەکرێ. پاشان دەگەرێتەوە هێزی ئاگری و ئەوجار وەک سەرپەل و پاشان دەبێتە جێگری لک لە هێزی ئاگری و کۆتا بەرپرسایەتی عیسا جێگری دەستەی کۆماندۆی ورمێ بوو.

عیسا پایزی سالی 1374ی هەتاوی لە گەل خاتوو جەواهیر ئیبراهیمی ژیانی هاوبەش پێک دێنێ و بەرهەمی ئەم ژیانە هاوبەشە 2 مندال بە ناوەکانی دڵشاد و دڵدار دەبێ، لەو کاتەدا باشووری کوردستانیش دەبێتە شوێنی تیرۆری رۆلەکانی کوردی ڕۆژهەلات و بە سەدان تێکۆشەری ڕۆژهەلات لە باشوور شەهید و بریندار و کەسانێک هەتا ئێستاش بێ سەر و شوێن کراون. هەر بۆیە زۆرێک لەو تێکۆشەرانەی رۆژهەلاتی کە لە باشووری کوردستان بوون، لە وەزعێکی نالەباری ئەمنی دابوون و بە ناچاری پەنایان بردە بەر نوێنەرایەتی یۆئێن لە هەولێر و سلێمانی و داوای مافی پەنابەری و گواستنەوەیان بۆ وڵاتی سێهەم دەکرد. عیساش لە بەرکاریگەریی ئاسەواری برینەکانی و باری قورسی بنەمالە، لە سالی 1998ی زائینی وەک پێشمەرگەی کەم ئەندامی سەنگەر بە ئێجازەی حیزب لە بنکەی یۆئێن لە هەولێر ناو نووس کرا و وەک پەنابەر وەرگیرا، بەلام بە هۆی کێشە لە نێوان یۆئێن و رێژێمی سەدام، لە کۆتایی سالی 1998 تەوە یۆئێن نەیتوانی ئەو پەنابەرانەی لە باشووری کوردستان بوون بۆ وڵاتی سێهەم بگوازێتەوە، هەر بۆیە سەرەتایی بەهاری سالی 2002ی زائینی عیسا و بنەماڵەکەی و لە گەل سەدان بنەمالەی دیکەی تێکۆشەرانی ڕۆژهەلات رێگای سەخت و مان و نەمان و بە قاچاغی بۆ وڵاتی تورکیە دەگرنە بەر و دوای چەند ڕۆژ رێگای سەخت، ئەو جار لە باکووری کوردستان و لە شاری وان نیشتەجێ دەبن و لەلایەن یۆئێن وەک پەنابەری شیمالی عێراق وەردەگیرێن.

دوایی مانەوەی چەند مانگ لە شاری وان، ڕۆژی 13/11/2002هەر وەک رۆژانی دیکە عیسا دەستی دڵشادی 5 سالان و دڵداری 3 سالان دەگرێ و بەرەو ناو شاری وان وەرێدەکەون، لەو کاتەدا ماشێنێکی بارهەلگر کە شۆفێرەکەی کەسێکی تورک دەبێ لە قەراغ یەکێک لە جادەکانی شار عیسا و دڵشاد و دڵدار وەژێر ماشینەکەی دەدات و بەداخ و کەسەرێکی یەکجار زۆرەوە هەر لەوێ خوێنی دڵشادی 5 سالان تێکەل بە خوێنی برا چۆکەی دڵداری 3 سالان دەبێ و هەر لەوێ چاوەکانیان بۆ هەتا هەتایە دەکەونە سەر یەک و مەجالی لە ئامێز گرتنی دایک و باوکیان نابێ. جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە راست لە کاتی شکانی بالی ئەو پەپولانەدا و کۆتای فرینیان لە دەستی مرۆڤ کۆژەکان، عیسا تەلەفوونی مالی ئێمە دەکات و بە دەنگێکی گریانەوە بە خێزانم دەلێت بە عەزیز بلێ ئەوەتا ئێستا دڵشاد و دڵداری کورم وەبن ماشێن کەوتن و مردن، دوای چەند دەقەیەک کە ئەمن گەرامەوە مال و خێزانم ئەو هەوالە جەرگ برەی بۆ گێرامەوە شۆک بووم و باوەرم نەدەکرد، دوای ئەوە تەلەفۆنم بۆ عیسا کرد و بەداخەوە هەوالی فرینی پەپۆلەکان لە ناو دەستی دایک و باوک بۆ بەرزای ئاسمان راست بوو.

بەلێ 13ی مانگەکانی چوار وەرزی سال پرن لە رۆژە ناخۆش و دڵتەزێنەکان و ئەو رۆژە بۆتە رۆژی گۆر غەریبەکانی کوردانی رۆژهەلات، لە پێرلاشێز هەتا وان و … ئەم ڕۆژە بۆ گەلی کورد بە گشتی و بنەمالەی عیسا و جەواهیر و دەیان بنەمالەی تێکۆشەری دیکەی ڕۆژهەلات، واتە رۆژی 13 بۆتە رۆژی نەحس و دڵتەزێن.

بەلێ لەو ڕووداوە دڵتەزێنەدا دڵشاد و دڵدار دەست لە ملانی یەکتر دەکەن و لە یەکێک لە گۆرستانەکانی شاری وان دەبن بە پەنابەری یەکجاری و چیتر توانای هەڵاتن و برینی رێگای سەختی پەنابەری بۆ داهاتوویان نابێ ، بەلام هەر لە چاوەڕوانی گەرانەوەی دایک و باوکیان دان بۆ ئەوەی لانی کەم گلکۆی پیرۆزیان لە باوەش بگرن. بەلێ بەداخەوە عیسا و جەواهیر بە تەنیایی دەمێننەوە و غەمی لە دەست دانی منداڵەکان ئەوەندە قورس و بە ئازار بوو کە هەتا ئێستاش فرمێسک لە چاوەکانیاندا قەتیس ماونەتەوە و گریان قۆرگیانی بەرنەداوە. ئەوجار کێشەی نێوان یۆئێن و دەوڵەتی تورکیە دەبێتە قەدەری ئەو پەنابەرانە و یۆئێن ناتوانێ لە تورکیەوە کەس بۆ وڵاتی سێهەم بکوازرێتەوە، هەر بۆیە سالی 2007 دیسان عیسا و جەواهیر و دەیان بنەمالەی دیکەی کوردانی رۆژهەلات لە وڵاتی تورکیەوە بە رێگای سەخت و قاچاغ سنووری چەندین وڵات دەبرن و ئالمان دەبێتە شوێنی نیشتەجێ بوونیان. بەلام بە داخەوە لە بەر هیندێک کێشەی سنووری هەتا ئێستاش عیسا و بنەماڵەکەی نەیان توانیوە جارێکی دیکە بگەرێنەوە شاری وان و گلکۆی دڵشاد و دڵدار لە ئامێز بگرن و لێوی وشکی ئەم 2 پەپوولەیە بە فرمێسکی خۆیان تێر ئاو بکەن، بە هیوای ئەوەی کە ئەو دایک و باوکە جگەر سووتاوە لە داهاتوویەکی نێزیک دا بتوانن لانی کەم گلکۆی دڵشاد و دڵداری بێ ناز و گۆر غەریب لە ئامێز بگرن.

شایانی باسە ئێستا عیسا و جەواهیر بوونەتە دایک و باوکی 3 مندالی دیکە بە ناوەکانی دڵنیا،دڵارا و دەوران، لە کۆتای دا وێرای هیوای تەمەن درێژی و تەندروستی و بەختەوەری بۆ عیسا، جەواهیر و منداڵەکانیان دڵنیا، دڵارا و دەوران، سڵاو لە رووحی پاکی پەپوولە بالشکاوەکانی گۆر غەریب : دڵشاد و دڵدار.

پێویستە ئەوەش بڵێم کە چەند جارێک سەفەری وڵاتی تورکیا و باکووری کوردستانمان کردووە و هەموو جارێک لە گەل بنەمالەکەم بەبێ لە ئامێز گرتنی گڵکۆی دڵشاد و دڵدار شاری وان مان بەجێ نەهێشتووە.

عەزیز مورادپەرەست.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی