"an independent online kurdish website

روونکردنەوەیەک بۆ مێژوو 

  چەند ساڵێکە لێرە و لەوێ باس لەوە دەکرێت کە گوایە دوکتۆر قاسملوو بە نهێنی و بە بێ ئاگاداری حیزبەکەی کەوتووەتە وتوووێژ لەگەڵ ڕێژیم و شەهید کراوە.


سەیر لەوەدایە ئەو کەسانەی ئەم چیرۆکە باس دەکەن باش دەزانن وا نەبووە.

دوژمنان و نەیارانی قاسملووی مەزن لەو بارەوە چ دەڵێن و دەنووسن با بڵێن و بنووسن، بەڵام زۆر بە لامەوە سەیرە و بەراستی جێگای نیگەرانییە کەسانێکیش ھەن کە خۆیان بە یاری قاسملوو دەزانن و ئاگادارییان لەو بارەوە هەیە کەچی ئەم چیرۆکە دووبارە دەکەنەوە. ئەوەی لێرەدا ناروونە مەبەستی ئەم جۆرە کەسانەیە و نازانم مەبەست لەم چەواشە کردنە چییە؟ ناکرێت تۆ خۆت بە ڕێبواری ڕێگای قاسملوو بزانیت و هاوشانی نەیارانی بکەویتە پڕوپاگەندە لە دژی.

وەک شاهید حاڵێکی زیندوو بە هەموو دۆستان و هاوڕێیان و ئۆگرانی قاسملووی مەزن ڕادەگەیەنم کە دوکتوور قاسملوو کولیاتی وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی لەکۆبونەوەیەکی کۆمیتەی ناوەندی هێنایە بەر باس وکومیتەی ناوەندی بۆ ئەنجامی وتوووێژ لە گەڵ ڕێژیم ڕازی بوو.

ئیستیدلال و لێکدانەوە لە سەر ئەو بڕیارەش لە سەر ئەم لێکدانەوەیە بونیاد نرابوو کە قەتعنامەی ٥۹۸ لەلایەن خومەینییەوە بە خواردنەوەی جامە زەهرەکە قەبووڵ کرابوو و خەباتی کورد ئاسۆیەکی ناڕوونی هەبوو.ئاخوند ڕەفسەنجانیش فێڵبازانە وای پیشان دەدا کە ئەوان خەریکی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێن بەڕووی دەرەوەدا و هیندێک سیگناڵیشی دابوو کە دەیانهەوێت لە نێوخۆشدا کرانەوەیەک بکەن.

لەم هەلومەرجەدا بوو کە دوکتوور قاسملوو لە کومیتەی ناوەندی ئەو باسەی هێنایە ئاراوە و گووتی “بۆ دەرباز بوونی کورد لەم هەلومەرجەدا پێویستە لایەک لە کورد لەگەڵ یەکێک لە ڕێژیمەکان بکەوینە وتوووێژ و ئەگەر بە مافێکی کەمیش بووە ڕازی بین بۆ ئەوەی باقی بەشەکانی کوردستانیش لە چوارچێوەی ئەو تەوافوقەدا هێزی خۆیان ڕاگرن تا کورد ئەم قۆناغە سەختە تێدەپەڕێنێت”. لە گەڵ ناسینی ناوەرۆکی ڕێژیم، ئەوکات کەس موخالیفی ئەم لێکدانەوەیە نەبوو. ئەمە حەقیقەتی داستانەکەیە با هەموو کەسێک بیزانێت.

لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا بووم چاوێکم بە ئەرشیفی داوەتنامەکانی کۆمیتەی ناوەندیمدا خشاند، داوەتنامەیەکم بەرچاو کەوت کە لە ڕێکەوتی ۲۸/۹/۱۳٦۷بە ئیمزای کاک جەعفەر حامیدی کە ئەوکات لە سکرتاریا کاری دەکرد بۆ من کە ئەندامی کومیتەی ناوەندی بووم هاتوو. لە داوەتنامەکەدا ھاتووە کە کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی لە ڕێکەوتی۳۰/۹/۱۳٦۷بەڕێوە دەچێت و دەستوری کاری کۆبوونەوەکەش ئاماژەی پێکراوە کە ئەم خاڵانەی خوارەوەی تێدا هاتوون. وێنەی داوەتنامەکە لەگەڵ ئەم بابەتە دادەنێم ئەمانەی خوارەوەش خاڵەکانن:

لێکدانەوەی هەمەلایەنەی هەلومەرجی ئێستای خەبات.

دیاری کردنی ئەرکەکانی دواڕۆژ.

حیزب لایەنگری وتوووێژە ئەگەر ڕیژیم بە جیدی ئامادە بێت حیزبیش ئامادەیە.

مەرجی حیزب بۆ وتوووێژ ئەوەیە کە ڕێژیم ئەسڵی خودموختاری قەبووڵ بکات .

تا ئێستا ڕێژیم لەم بارەوە هەڵوێستی دەر نەبڕیوە.

ئەگەر دوکتۆر قاسملوو لەو وتوووێژەدا ھەڵەیەکی هەبووبێت کە بێگومان هەیبووە، پرس نەکردن بە کومیتەی ناوەندی نەبوو هەر وەک لەم بەڵگە نامەیەدا دەر دەکەوێت، بەڵکو هاوسەتح نەبوونی دوولایەنی وتووێژەکە و نە پاراستنی باری ئەمنی شوێنی دانیشتنەکە بووە.

من لەوەش زیاتر دەڵێم دوکتوور قاسملوو تەنانەت مەسەلەی وتوووێژ لەگەڵ ڕێژیمی لە نێو بەدەنەی حیزبدا ناڕاستەوخۆ باس کرد، بەڵگەشم بۆ ئەم ووتەیەم کۆبوونەوەی بەهاری ساڵی۱۳٦۸لە مەڵبەندی شومال بوو، کە لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند ڕێژیم داوای وتوووێژی لێکردووین و وتوویە چیتان دەوێت؟ هەر لە درێژەی قسەکانیدا ووتی:” منیش وڵامم داونەتەوە دوو کیلۆ پیواز و سێ کیلۆ یەرڵماسی و وتی ووتوومە ئەوان باش دەزانن ئێمە چیمان دەوێت، بەرنامە و ئەساسنامەی ئێمە ویستەکانی ئێمەی تێدا گەڵاڵە کراوە و لەوەش زیاتر خودموختاری پەسەندکراوی شورای میللی مقاومەتیشیان لە بەر دەستدایە“.

د. قاسملوو مەرجی بۆ هەر هەر دانیشتنێک لە گەڵ ڕێژیم قەبووڵکردنی ئەسڵی خود موختاری بوو کە ئەو دەم دروشمی پەسەند کراوی کۆنگرە بوو.

لە ڕوانگەی قاسملووەوە، کورد کاتێک دەتوانێت هەست بە گەیشتن بە لانی کەمی مافەکانی بکات کە ئەم چوار بنەمایەی خوارەوە لەلایەن هەر لایەنێکی وتوووێژ کەرەوە قەبووڵ بکرێت کە بریتین لە:

١زمانی کوردی وەک زمانی ڕەسمی هەرێمەکە قەبووڵ بکرێت.

٢چوارچێوەی جوغرافیایی هەرێمەکە دیاریکراو بێت.

٣بوونی ئەنجومەنێکی گشتی یاسا دانان بە ئەنجومەنێکی بەڕێوەبەرەوە.

٤ئەمنیەتی ناوخۆی هەرێمەکەبە دەست خەڵکی هەرێمەکەوە بێت.

پاش ئەم ڕوونکردنەوەیە، ڕوو لەو کەسانە دەکەم و دەڵێم قاسملوویەک کەحیزبی لە بەلاڕێدا چوون گێڕایەوە سەر ڕێچکەی سەربەخۆیی ڕێکخراوەیی و دیموکراتیزە و یاسامەند کردن، چۆن بەرچەسبی خودڕایی بوونی پێوە دەچەسبێ.

ئەو بۆچونەم پێ ڕاستە، ڕیژیمێک بۆ یارانی خۆی و بناغە دانەرانی کۆماری ئیسلامی وەفای نەبێت و زیندانیان بکات، بێگومان بڕواشی بە مافی کورد نییە. تەنیا لەو قۆناغانەدا داوای وتووێژی کردووە کە لە پەیوەندی لەگەڵ کوردستاندا هەستی بە مەترسی کردبێت یاخود لە پیلانگێڕاندا بووە کە بەداخەوە لە هەردووی ئەوانەدا توانیویەتی سەر بکەوێت. ڕێژیمێک لە سەر مێزی وتووێژ د.قاسملووی شەهید کرد نیشانی دا زەرفییەتی چارەسەر کردنی مەسەلەی کوردی نییە هەر بۆیە بە بڕوای من تەنیاڕێگای گەیشتن بە ماف و ئازادییەکان هەوڵدانە بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە و هێنانە سەرکاری ڕێژیمێکی دێموکراتیک. با ئەوەش بڵێم ئەمە بەومانایە ناڵێم کە کورد نابێ لەگەڵ ڕێژیمدا وتوووێژ بکات، بەڵکوو خستنە بەرچاوی ئەزموونێکە.

لە کۆتا ڕستە دا پرسیارم ڕوو لەو کەسانەیە کە تا ئێستا نووسیویانە و گوتوویانە د. قاسملوو بە بێ ئاگاداری کومیتەی ناوەندی چووەتە دانوستان لەگەڵ ڕێژیم، وەڵامیان بۆ ئەو بەڵگەنامەیەچییە؟

لە لاپەڕەی فەیسبوکی نووسەر وەرگیراوە 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی