"an independent online kurdish website

 ٢ـ١، یەکێتی ئەوروپا لە بوارەکانی ئابووری سیاسی و کولتووریی دا سوودی بە وڵاتانی ئەوروپا گەیاندووە. دیارە بە بەهێزەکان زۆر زیاتر هاولاتی ئەوروپایی دوو ناسنامەی هەیە،هی وڵاتەکەیی و هی ئەوروپاییش.


ئەڵمانیا بازاڕێکی هێجگار گەورەتری بۆ بەرهەمە پیشەسازی و تەکنەلۆژیەکانی بۆ ساز بووە. زۆرینەی دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژهەڵات بە یۆنانیشەوە، بە ملیاردەها یۆرۆی ئەڵمانیا قەرزارن. ئەڵمانیا ئێستا هێزی کار لەم وڵاتانەوە هاوردە دەکات و ڕۆحی تازە و جوڵە و گوژمێکی بەگوڕتر دەداتەوە، بە نەتەوە پیر بووەکە، کە نەوەی نوێ ناخەنەوە. لەمەش زیاتر ئەڵمانیا بەو پاشخانە مێژووییەوەی هەیەتی، ئێستا ڕووی خۆی زیاتر لەجاران سپی کردۆتەوە، ئاخر کەس ناتوانێ دەستبەرداریی توانا و لێهاتوویی ئەڵمان و بەرهەمەکانیان بکات.ئەمە و گەلێ فاکتی تر پاشخانی ئەو ڕێژە بەرزەی ئامارەکەیە لە ئەڵمانیا.

  هەژموونی ئەم ئاڕاستەیە وای کردووە، دەوڵەتە بچکۆلەکان دەرفەتی ژیان تا بێت تەسکتر بێتەوە و لەکاروانی ژیان دوا بکەون. بۆیەکالەم سەردەمە هاوچەرخەدا  بایەخی ئەم یەکێتییە هێندە گەورە و چارەنووسساز خۆی نمایش دەکات، وڵاتێکی وەک مەکەدۆندیا ناچابوو/ کرا، کە ماوەکی زۆرە دەیەوێت بێتە ئەندامی ئەم یەکێتییە، لێ یۆنان لەدژ بوو، چونکە لە یۆنان دەڤەرێکیان بەناوی مەکەدۆنیاوە هەیە و ڕازی نەبوون بەناوەکەی مەکەدۆنیا، بۆیەکا  داوایان لەدەوڵەتی مەکەدۆنیا کرد ناوی خۆیان بگۆڕن، دەنا ئەوان مافی ڤیتۆ لەبەرامبەر بوونە ئەندامیان لە یەکێتی ئەوروپا دەخەنە گەڕ. ئەوە بوو وڵاتی ناوبراو بە بڕیاری پەرلەمانی وڵاتەکەی، ڕەزامەندی لەسەر گۆڕینی ناوی وڵاتەکەیان دا ،  بۆ  ” کۆماری  مەکەدۆنیای باکوور” دا لەپێناوی وەرگرتنیان لە یەکێتی ئەوروپا.

لەوەتەی سەرۆکی فەرنسا ئیمانۆێل ماکرون بە کۆمەڵێ پێشنیاز و ئایدیای نوێوە، دەیەوێ ڕۆحێکی نوێ بکات بە بەری ئەوروپادا و لەم قۆناغە سەختە ڕزگاری بکات، پرۆژە لەدوای پرۆژە پێشکەشی ئەڵمانیای دەکات. کەچی ئەڵمانیا میرکل چ بەرسڤێکی ئەرێنی بۆ پرۆژەکانی ماکرۆن نییە. لەسەردەمی ئەدەناوەر و دیگۆلەوە پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە هیندە سارد نەبووە. هەربۆیە گەلێ لە چاودێرە سیاسییەکانی  ئەڵمانیا بەدەوڵەتە نەخۆشەکەی ئەوروپا ناودەبەن. بەکورتی ئەڵمانیا ئامادە نییە لەم پرۆژە ئەوروپاییانەدا هاوکاری فەرەنسا بکات. هەروەک Winkler دەڵێ: ئەم دەوڵەتانە ئەوروپایی قسە دەکەن و ناسیۆنال ڕەفتار دەکەن”.

 ئەڵمانیا لەرووی ئابووری و تەکنەلۆژییەوە و وەک گەورەترین نەتەوەی ئەوروپا و فەرەنساش لەڕووی سیاسییەوە بەو پاشخانە کولتوورییەی هەیەتی، بەدوو باڵی فڕینی ئەوروپا دادەنرێن. لەئێستادا پەیوەندییەکانیان بەقوڵترین قەیران و سەخترین دۆخدا تێدەپەریت، چونکە کەسیان ئامادە نین ستراتیژی بەرزی بەرژەوەندی نەتەوەییان تێپەڕێنن. بەتایبەت ئەڵمان کەبەوە ناسراون گەلێ خۆپارێزی دەکەن،بەتایبەتی لە ڕووی داراییەوە درەنگ دەست بۆ گیرفانیان دەبەن. شایانی گوتنە هەر یەک لەم دوو دەوڵەتە گەر لەم یەکێتییە پاشەکشە بکەن، ئەوا خودی یەکتی ئەوروپا بەسەرخۆیدا دادەتەپێ.

هەڵسانەوە و بەهێزبوونی ئەڵمانیا بە تایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، ترسی گەورەی خستۆتە دڵی هەموو ئەوروپاوە. وەکی دیکەش ئەڵمان بەوە ناسروان لەسەرخۆ و نەرم و ترسنۆکانە بەرامبەر بە پۆتین و رووسیا هەڵوێست دەنوێنن و ئامادە نییە. دەرگای خەزێنەکەی بۆ پرۆژە ئەوروپاییەکان بێ بەرژەوەندی بەرامبەر بخاتە سەر پشت.

لە ئێستادا، هەڵمەتێکی توند و خراپ دەکرێتە سەر ناسیۆنالیستەکان و پۆپۆلیستەکان… ئەوەی لەدژایەتی ناسیونالیستەکان دا حەشار دراوە، جگە لە پرسی نەتەوەیی کاتالۆنیا و سکۆتلەند و باسک و ئیرلەندە و..هتد،کە ئەمانە نەتەوە گەلێکن دەیانەوەی بەڕێگای رێفەراندۆم سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بهێنن و ببنە خاوەنی دەوڵەت. لێ نەتەوەکانی تری بەڕێگای ناسیۆنالیستی بونەتە خاوەنی دەوڵەت، دژی بێدەوڵەتەکان دەوەستنەوە و پروپاگەندەی خراپ بۆ ئەم پرسە دەکەن.

بەهۆی ئەو تێکەڵییە زۆر و بێ سنوورەی نێوان گەلانی ئەوروپا لە نێوان خۆیان و لەگەڵ جیهانی دەرەوە دا، هەن دوو ڕەگن، واتە بە نموونە باوک ئیتالییە و دایک ئەڵمانییە، باوک ئەڵمانە و دایک پۆڵەندییە،  یاخود دایک سویدی و باوک دانیمارکییە، باوکی فەرەنسییە و دایکی ئیسپانییە، دایکی بەرازیلییە و باوکی پەرتوگالییە، بەم شێوە ئەم دەستەیەش کەسایەتییان دابەش بووە بەسەر دوو ناسنامەدا. هەیە لایەنێکیان بەسەریدا زاڵە،ئیتر خۆی بەوە دەناسێنێ، یاخود هەیە لەم دۆخی دوو ناسنامەییەدا، خۆی بۆ ساخ نابێتەوە، ئینجا ناسنامە و دەوڵەت بەلایەوە گرنگ نابێت و گەردوونی بیر دەکاتەوە. لە ئێستای ئەوروپادا دۆخی دووەمیان بەرچاوترە.

 دەستەیەکی تریش هەن، لەئەوانەی وڵاتی خۆیان خۆش دەوێ بەو سیما نوێیەی لەبەردەمیان دا قووتکراوەتەوە بەهۆی شەپۆلیک لەخەڵکی بێگانە و کۆچبەری نارەحەت و سەر بەگۆبەند. جگە لە جیاوازی کولتووریی، لەم دواییانەدا کۆمەڵێ دیاردەی سەری هەڵداوە، هاوولاتی ئەوروپایی پێی هەرس ناکرێ. دروستکردنی مزگەوت لەهەر کۆچە و کۆلانیکدا، بانگدان بەدەنگی بەرز، لاقرتەکردنی منداڵەکانیان و دواجاریش کوشتنی هەندێکیان، دزی و  نائارامی و ترس و لەرز بڵاوکردنەوە و کاری تیرۆر لە زۆربەی پایتەختە ئەوروپاییەکان دا. ئەمانە  ئێستا بە ناسیونالیستەکان ناوزەدکراون.. من پێم وایە حیزبە سیاسییەکانی ئەڵمانیا،لە ڕاستەوە تا ئەوپەڕی چەپیان، لە ناسیونالیستەکانی کورد ناسیونالیسترن،دیارە بەلەبەرچاوگرنی ئەو مەودا زەمەنییەی پێشکەوتنی چەندین سەدەیەی ئەوان لە ئێمە، ئەقڵێتی گوزارشتکردن لە ناسیونالیستێکەشیان بەجۆرێکی ترە، لێ لەجەوهەردا ناسیونالیستی بگرە راسیستیشە.ئێستا گوزارشتی وەک چەپی ناسیونالیست لەبەشێکی زۆری جیهاندا بەرکار دەهێنرێ،ئەمەش بەڵگەیەکی ترە لەسەر وەرچەرخانی ئەقڵی و هزری بەئاڕاستەی ناسیۆنالیستی ناوبراودا لە ئەوروپا. شاراوە نییە، هەندێ حیزب و کەسایەتیش ئەم ژینگەیە  بۆ مەرامێکی سیاسی خۆیان دەقۆزنەوە و سیاسەت و کاری پۆپۆلیستی پەیڕەو دەکەن، تا خۆیان دروست بکەن.

شایانی گوتنە، ئەمە هەمووی ناکاتە ئەوەی بڵێن، دەرفەت بۆ خەڵکی بێگانە بەتەواوی قوڕی پێدا دراوە. ـ ئەوەتا لەم هەڵبژاردنانەدا  ٣ کاندی کورد هەڵبژێردراون ـ ، حیزب و کەسانێکی مرۆڤدۆست و دیموکراسی ڕاستەقینە نین و نابن. لێ ئەوەیشی هەیە، دەبێ بزانین هەر تاکێکی بێگانە لەهەر بوارێکدا چووبێتە پێشەوە،تواناکانی بۆ خزمەتی دەوڵەتی خانەخوێ بووە و ڕژاوەتە ناو ئەستێڵکی خۆیانەوە. بۆ نموونە یاریزانێک، هونەرمەندێک، سیاسەتکارێک، زانستکارێ، ئەقڵێکی نوێ، لە ئەڵمانیا دا بەبنەچە بێگانە بێت، لەدەرئەنجام هەر وزە و توانا و داهێنانی هەیەتی هەر بۆ ئەڵمانیایە.

کەواتە دەتوانین بڵێین، تازە هیچ مەزهەب و ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێ، پۆڵەندیبوونی تاکێکی پۆڵەندی بسڕێتەوە. جیهان سەروژێر بێتەوە، فەرەنسییەک دەستبەرداری  سیمبۆڵە نەتەوەییەکانی نابێت، بە ئۆکرانییەک بڵێی تۆ ڕووسی،لێت قبووڵ ناکات. داوا لە کاتالانی و سکۆتییەک بکە و بڵێ لە وڵاتی دیموکراسی وەک ئیسپانیا و بەریتانیای مەزن دا، دانیشن و چیتان داوە لە ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی، لێت نیگەران دەبن. بە هۆڵەندییەک بڵێ چیت داوە لە پەرلەمان و دەوڵەتە نەتەوەییەکەت، ئاڵای دژە شوناس بڵند بکەرەوە، بە توندی بەگژدا دێتەوە. پێشنیاز بکە بۆ هەنگارییەک هەموو سیمبۆلە نەتەوەییەکانی بپێچێتەوە و بچێت لە برۆکسلی پایتەختی یەکێتی ئەوروپا، ئاڵا و پەساپۆرت  وەربگرە، بەگومانەوە لێت دەڕوانێت. بە سویدییەک بڵێ نەخشەی دەوڵەتەکەت بسڕەوە  لەسەر ئەتڵەسی ئەوروپا و جیهان، بە شێتت تێدەگات. بە ئیتالییەک بڵێ واز لە هەڵبژاردەی نیشتمانی و بەها و سیمبۆڵە نەتەوەییەکانت بهێنە، تیزت پێوە دەکات. 

سەرنجێکی خێرای شوناسی کوردبوون لەتەواوی کوردستان دا، ـ لەوە گەڕێ داگیرکەران و دوژمنان بە کام توانا و شێوازی جەهەنەمی بڤەوە بەردەوام کار لەسەر پیلانگێڕیی و شێواندنی شوناسی کوردی دەکەن ـ  ئەوەمان بۆ دەدەخات، ئەم پرسە نەک پرسێکی ستراتیژی هیچ حیزب و دامەزراوە و ناوەندێک نییە و هیچ سیاسەت و ئیمکانێتێکی بۆ تەرخان نەکراوە، بگرە تا ڕادەی لەبیرکردنیش فەرامۆش کراوە. لەمەش ترسناکتر، حیزب و دەستەیەکی سەرلێشێواوی بێئاگا لە واقیعی جڤاکی و مێژوویی کورد و هەڵکەوتی جیۆپۆلەتیکی کوردستان، هەر رۆژەی بەمۆدێلێکی سەقەت و کوشندە و ژەهراوی دروستکراو و فشە مۆدێرن و یۆتوبیای سەردەم و تیۆری نەزۆکی بیریاران، پروپاگەندەی بڤە لەدژ ناسنامەی کوردبوون بۆ مەبەستی جۆڕاوجۆر دەکەن. ناسنامەیەکی کوردبووون، کە داگیرکەران بە دێژایی ٢٧٠٠ ساڵە درزی تێدەکەن و دەیڕوشێنن و دەیشێوێنن و لەناوی دەبەن و نکۆڵی لێدەکەن، شایانی ئەوەیە هەموو وزە و  توانا و دەستڕۆیشتوویی کوردی بۆ تەرخان بکرێ.

بۆ نموونە ئەو خرۆشانەی چرکەساتی مێژوویی ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی ٢٠١٧ بە دەنگی بەڵێی %٩٣، لە باشووری وڵاتدا تۆماری کرد،وەرچەرخانێکی گرنگ لە بزاڤی نەتەوایەتمان ساز دا و بووە مایەی سازدانی یەکێتییەکی نەتەوەیی ، هەڵکشانی کێرڤی هەستی نەتەوایەتی، بەرزبوونەوەی هۆشیاریی سیاسی ، ڕابوون و متمانە بەخۆکردنی تاکی کورد، جۆشوخرۆشێکی تری بە هەستونەست و مۆڕاڵی کورد لەسەرتاسەری کوردستان دا بەخشی. هاوزەمان کورد نیشانی جیهانی دا، نەتەوەیە و بوونی هەیە و دەژی و دەخوازێ سەربەخۆ بێت و داگیرکەرانی تووشی شۆک کرد…هتد.

 کەچی کەمینەیەکی نەیارانی ڕیفەڕاندۆم  بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان  ژینگەیەک بخوڵقێنن، ئەم ڕاستییە بەڵگەنەویستانە ئاوەژوو بکەنەوە. بیر و هەڵوێستەکەشیان بەوە پاساو دەدەن، کە کاتی  ڕیفەڕاندۆم گونجاو نەبوو، یان هەر نەدەبوو  بکرێ و ئەو کارە هەڵەبوو. دیارە پووچەڵەترین و بێبەهاترین بیانووشیان ئەوەیە، دەوڵەتانی درواسێ ـ واتە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق ـ بەم هەنگاوە ڕازی نەبوون و دۆست و نەیارەکانیشمان لە جیهان پێیان باش نەبوو. ئەم بڕوبیانوو گرتنە لە ڕیفەڕاندۆم، جارێ  بۆخۆی مانا و ناوەڕۆکی خەبات و شۆڕش پوچەڵ دەکاتەوە و بەهیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی بیروبۆچوونی جیاواز لەسەر پرسەکان. چونکە ئەوەی ئەو کەمینەیە  پێمان دەڵێ: کورد دەبێ  هەر چاوەڕێی ئەوە بکەن ،OK لە دەوڵەتانی داگیرکەر و هێزە جیهانییەکان وەربگرن. ئەم داوایەش، هاوچەشنی ئەوەیە کورد وتەنی: سەدساڵ بەدیار داری زڕەوە دانیشی تا بەرت بۆ بگرێ. ئاخر  ئەم ناواقیعی و ناخەباتگێریی و نانیشتمانپەروەریییەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، هەر خۆی لەڕووی لۆژیکییەوە چەوت نییە، بەڵکو ڕەگوڕیشەکەشی جێی گومانە. لە ڕوانگەیەکی تریشەوە، لەڕووی دیموکراسییەوە دەبێت، کەمینە بڕیاری زۆرینەی پەسەند بێت و کاری پێ بکات.

ئینجا ماوەتەوە بپرسین: کەی و لە کوێ ئازادی و سەربەخۆیی بەخشراوە؟ ئەوە دەیان نموونەی پرسی سەربەخۆیی گەلان لە ئەوروپای دیموکراسی و جیهانی دا تا ئێستا بە کراوەیی ماوەتەوە؟.  ئەی دەوڵەتانی داگیرکەر  خەریکی چین و لەدوای ئەم سەدەی ٢١ ەکەوە، بەرەو چ ئاقارێکی تر مل دەنێن، تاوەکو بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنن!. کەی نەتەوەکانیان تەواو هۆشیار دەبنەوە و بەچاوێکی هاوتا سەیری خۆیان و کوردی دراوسێ و هاوچارەنووسیان لە دەڤەرەکەدا دەکەن؟.  چۆناوچۆنی خۆ دەکەنە فاکت و گووشار لەسەر حکومەتە ناوەندییەکان، تا چارەسەرێکی ئاشتییانەی ئەو کێشە ئەزەلییەی کورد بکەن!. ئەی  گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە  و جیهان بەرەو کوێ دەڕوات!؟.

  ناسامەی کوردبوون لە ڕووی ئایدۆلۆژیی و مەزهەبیشەوە، گرفتی زۆری بۆ سازدراوە و لەبەردەم هەڕەشەدایە. بەشێک لە حیزبەکان بانگاشەی جۆرە مۆدێلێک دەکەن لە شوناس کەموزۆر پەیوەندی نییە نەک بە کوردبوونەوە، تەنانەت لەمۆزەخانەکانیش دا، نە هەبوون و نە دەبن. بەشێکی تری هەڵمەتەکانی دژی شوناسی کوردبوون، لەژێر پەردەی کۆمەڵێ سیاسەتی چەواشەکاری ڕۆژانەدا و بەرژەوەندیئامێزی حیزبایەتیدا ئەنجام دەدرێ. ئەوانە ستراتیژی سیاسییان هەمیشە ڕووە و پایتەختەکانی داگیرکەرانی کوردستانە. مەترسییەکانی سەر ناسنامەی کوردبوون بۆیە ترسناکن، چونکە لەسایەی بێدەوڵەتی کورد دا بەرپا دەبن. بێدەوڵەتی ژینگە و بۆشاییەکی خوڵقاندووە، حیزب و دەستە و گرووپە جیاوازەکان، بەهۆی ململانێ سیاسییەکانی نێوان خۆیانەوە، بە ئاسانی ناگەنە ڕێکەوتنێکی هاوبەش. 

 دەرئەنجام،سەرباری ئەو هەموو هەڵکشان و داکشانە، دەگەینە ئەو بەڵگە و ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەی،کە پرۆسەی گەشەسەندنی گەل و نەتەوەکان، جارێکی تر بەرەو دواوە وەرناچەرخێ. لەم ڕوانگەیەوە هەموو ئەو دەستکەوتە نەتەوەییانە بەرهەمی ئەم پرۆسەیەن، سڕینەوە و دەستبەرداربوونیان،بۆتە مەحاڵ. هەم لەبەرئەوەی ئەو سیمبۆڵانە حەز و ویست و پێداویستی ژیانن و بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی بوون و  هەمیش ئەوانە بەرهەمی ڕەنج و تێکۆشانن. بەڵێ خۆشە و پێداویستییەکی گرنگ و ژیاری مرۆڤایەتییە، نەتەوە و گرووپەکان پێکەوە ژیان پەسەند بکەن و بە هەرەوەرزی بژین،لێ لەسەر بناخەی هاوتایی و یەکسانی و نەهێشتنی داگیرکاری و چەوسانەوە. ئەمە چەند حەز و ئاواتێکی پیرۆز و هۆمانیستە،لێ دیسان ئەم گەردونە بە هەمەڕەنگی و هەمە جۆری خۆیەوە ڕازاوەیە و تاموچێژی زیاتری بەخشیوەتە ژیان. باخچەیەک کۆمەڵێ گوڵ و درەختی هەمەڕەنگ و جیاوازی تێدا بێت، ڕەنگینتر و جوانترە، لە باخچەیەکی تەنیا  گوڵە شیلان  و دار گوێز.

 لە ئاکام دا سەبارەت بە ناسنامەی کوردبوون، دەگەینە ئەو قەناعەتەی هەروەک چۆن کوشتن و زیندانی و ئەشکەنجە و  ڕاگوێزان و  ڕاوەدوونان و ئاگر و ئاسنی دەوڵەتە داگیرکەرەکان نەیان توانیوە، دەست بەسەر ناسنامەی کوردبوونماندا بگرن و لەناوی بەرن. هاوشان  بە هەزاران ڕۆڵەی گیانبازی کوردیش بۆ ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و سەربەخۆیی و ئازادی ئازادی کوردستان گیانییان بەخشیوە، کاروانەکەش هەر بەردەوامە و تا دوا هەوار کۆڵ نادەن لە تێکۆشان. هەروەک چۆن سەدەهایەکە داگیرکەران دەیانەوێ کورد بکەنە عەرەب و فارس و تورک، کەچی مێشکیان بەر تاشە بەردەکانی چیای سەفین و پیرەمەگروون دەکەوێت. ئا بەم شێوە ناسنامەی نەتەوەی پارچەپارچەکرا و بندەست و ستەملێکراوی کورد، بەرجەستە بووە،بۆتە بەشێکی گرنگی ماکی و مئنۆکی بوون و هەبوونی تاکی کورد.

 کورت و کرمانجی کێرڤی ناسنامەی نەتەوەیی لەجیهان دا، هەر لە هەڵکشاندایە و هەرواش دەمێنێەوە و هیچ باهۆزێکیش نایلەقێنی.

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی