"an independent online kurdish website"

 بەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وتووێژی حیزبە کوردستانیەکانی ئەندامی “ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران” لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بە بەرەکەتی   تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، خەڵکێکی زۆر بەشێوەی جۆراوجۆر بیروبۆچوونی خۆیان لەمەر ئەو بابەتە دەربڕی.


 ئەگەر هێرش و بێڕێزی و تۆمەتلێدانەکانی لێدەرکەین، بەشداریکردنی خاوەنبیران و ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە باسەکەدا یارمەتییەکی بەنرخی داوە بە دەوڵەمەندکردنی پرسی وتووێژ بەگشتی و بەرچاوڕوونیی زیاتر بە حیزبەکان بەتایبەتی .

 یەک لەو بۆچوونانەی کە سرنجی ئەمنی زۆر ڕاکێشا ئەوە بوو کە گوترابوو “… کورد هیچی نیە بیدا بە کۆماری ئیسلامی” و لەوەڕا بەو ئاکامە گەیشتبوو کە “وتووێژ تەسلیمبوونە”!

 سەرفینەزەر لەوەی ئەوڕۆ کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە دەیان هەزار ژن و پیاوی لێهاتوو و خوێندەوار و پێگەیشتوو هەیە کە ئەگەر لە حکوومەتێکی ئاسایی دا ڕێگای بەشداریی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێرانیان دا پێبدرێ، سەروەت و سامانێکی گەورەی ئینسانین و دنیایەک یارمەتی بە بووژانەوە و بەرەوپێشچوونی وڵات دەدەن، ئەو بۆچوونە کە “کورد هیچی نیە بیدا بە کۆماری ئیسلامی”، نادروستە.

 ڕێژیم هەموو جینایەتێکی دەرحەق بە کورد تاقی کردۆتەوە، بۆیە ڕەنگە بڵەین کورد شتێکی وای بۆ لەدەستدان نیە، بەڵام چارەسەرکردنی پرسی کورد زۆر ئیمتیازی گەورەی بۆ حکوومەتی ناوەندی هەیە و هەر دەوڵەتێک لە تاران دەسەڵاتی بەدەستەوە بێ و پرسی کورد چارەسەر بکا، زۆر دەسکەوتی گرینگ بۆ ئێران دابین دەکا.

 ئەوە کە کۆماری ئیسلامی چل ساڵە بە هەموو هێز و توانایەوە هەوڵ دەدا کورد سەرکوت بکا و وەک ڕێژیمێکی توتالیتێر و ئیدئولوژیک، تەنیا بیر لە پاراستن و مانەوەی خۆی لە دەسەڵات دا دەکاتەوە و زەرفییەتی چارەسەرکردنی پرسی کوردی نیە و لەو چل ساڵە دا ڕێژیم پرسی وتووێژی وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی پیلان دژ بە کورد بەکارهێناوە نەک بۆ چارەسەریی پرسی کورد،  بۆ هەموو کەس ڕوون و ئاشکرایە.

 هەروەها، هیچ نیشانەیەکیش بەدی ناکرێ کە کۆماری ئیسلامی لە سیاسەت و کرداری خۆی بەرامبە بە کورد دا، ئاڵووگۆڕی پێکهێنابێ.

 کەوایە لێرەدا مەبەست کۆماری ئیسلامی نیە، مەبەست دەوڵەتێکی بەرپرسیار و تێبینە کە بەرژەوەندیی ئێرانی بەلاوە گرینگە و فارس گوتەنی “دغدغە منافع ملی ایران”ی هەیە.

 

حکوومەتێکی ئەوتۆ بە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەتوانێ زۆر دەسکەوت بۆ ئێران دابین دەکا:

 ·      بە چارەسەرکردنی پرسی کورد یەکێک لە گرینگترین و لەمێژینەترین کێشەکانی  ئێران یەکلا دەبێتەوە.

·      یارمەتی یەکلاکەرەوە دەکا بە دابینبوونی ئەمنییەت و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات دا.

·      چارەسەرکردنی پرسی کورد ڕێگە خۆش دەکا بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوە بندەستەکانی دیکەش و یارمەتێکی زۆر دەدا بەدابینبوونی یەکێتی دڵخوازانە و هاوپێوەندیی قایمی نێوان گەلانی ئێران. ئەو سیاسەتە، بەبێ پەنابردن بۆ شەڕ و سەرکوت و جینایەت، یەکێتی خاکی وڵاتیش دەستەبەر دەکا.

 ·      کۆمەڵگای ئێران هەنگاوێکی گەورە لە وەدیهاتنی دێموکراسی نزیک دەکاتەوە.

 ·      ڕەوایی سیاسی دەدا بە حکوومەت لە نێوخۆ و بەرامبەر بە دەرەوە دا.   ئیعتبار و پڕستیژی سیاسیی ئێران لە ناوچە و دەرەوەی ناوچە دەباتە سەرێ.

 ·      لە ململانەی ناوچەیی و لە ئاستی نێودەوڵەتی دا پێگە و هەڵوێستی ئێران بەهێز و قایم دەکا.

·      بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئێران دا، حکوومەت قووڵایی ستراتێژیکی بەهێز و پایدار و دڵخوازانە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆخۆی دابین دەکا.

بەپێی هەموو مەنتقێک، مەرج و بنەمای پێوەندیی سالم و متمانەی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بە یەکێک لە ڕێژیمەکانی چوار وڵاتەکە، سیاسەت و هەڵوێستی ئەو ڕێژیمەیە بەرامبەر بە پرسی کورد لە وڵاتەکەی خۆی دای.

 ئێستا هیچ کوردێک لە هیچکام لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دا بڕوا و متمانەی بە ئێران نیە. کۆمەڵێک فاکتەری دیکە پێوەندیی نێوان ئێران و نەتەوەی کورد لە پارچەکانی دیکە دیاری دەکەن و ئەو پێوەندییە سەقامگیر و دەوامدار نیە.

 ·      ڕێژیم ساڵانە پارە و ئیمکاناتی سەرسووڕهێنەر بۆ سەرکوتی کورد و جووڵانەوەکەی تەرخان دەکا. بە چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسەکە، هەموو ئەو هەزینانە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

·      بە لەپەڕاوێزخستن و هەڵاواردنی کوردستان لە بواری ئابووریی دا، تەنیا کورد زیان نابینێ بەڵکوو حکوومەت خۆشی لە سەروەت و سامان و بەرهەمەکانی کوردستانی “بالقوە” دەوڵەمەند بێبەش دەکا.

 ·      لە باری مەزهەبییەوە. بە چارەسەرکردنی پرسی کورد و گەلانی ستەملێکراوی دیکە لە ئێران دا کە زۆربەیان سوننەمەزهەبن، ئێران ئیعتبار و نفووزێکی یەکجار زۆر لە نێو دنیای ئیسلام و گەلانی سوننەمەزهەب، بۆخۆی دەستەبەر دەکا.

  بۆیە، کاتێک لە مەسەلەکە ورد دەبینەوە، دەردەکەوێ کە حیزبە کوردستانیەکان دەتوانن لە مەوزەعی هێزەوە وتووێژ بکەن و ئەگەر وتووێژێک بێتە گۆڕێ و سەرنەکەوێ، حکوومەت زیاتر زەرەر دەکا هەتا کورد، ڕێژیم دۆڕاوی پرسەکە دەبێ.

 لە هەمووی گرینگتر: لە خەبات دژی ڕێژیمی حاکم، حیزبە کوردستانیەکان هێزێکی لەشکاننەهاتوو و یەکلاکەرەوەیان لە پشتە، ئەویش پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. کۆماری ئیسلامی زۆر باش ئەوە دەزانێ.

 با خۆمان و جووڵانەوەکەی خۆمان وەک هەیە واقیعبینانە ببینین، لە هەموو لایەنەکانی پرسەکە وردبینەوە و تەنیا لە ڕوانگەی فاکتەری هێزی نیزامییەوە خوێندنەوەی بۆنەکەین.  کورد بە دەستی بەتاڵەوە ناکەوێتە وتووێژەوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی.

 کورد بڕوای بەخۆی و ئامانج و هێزی خەڵکی خۆی هەیە، حەتمەن دەبێ وشیار بێ بەڵام بە “اعتماد بنفس”ـەوە بەرەنگاری ڕووداو و پرسە سیاسییەکان، یەک لەوان پرسی وتووێژ، بێتەوە.

 کۆماری ئیسلامی چل ساڵە بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو چەکێکی بەردەستی بۆ بێدەنگ و سەرکوتکردنی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان و ئاسمیلەکردنی کورد هەوڵی داوە و بە هیچکوێ نەگەیوە.  

پێوەنان نیە ئەگەر بڵەین کە کۆماری ئیسلامی لە کوردستان ئەوڕۆ لە هەمووکاتێک بێزراوترە و دوای چڵ ساڵ نەیتوانیوە هیچ پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان بۆخۆی دەستەبەر بکا.

لەلایەکی دیکەوە، هەستی نەتەوەیی خەڵک لە گەشەسەندنی بەردەوام دایە و ئاڵای خەبات هەروا شکاوەیە و پرسی زەروورەتی یەکگرتن و یەکهەڵویستبوون و هاوکاریی حیزبەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێتە قەناعەت و باوەڕ و زیاتر گرینگیی پێدەدرێ. ئەو ڕەوتە گەڕانەوەی بۆ نیە.

 لەوەش بەولاوە، ڕێژیمەکان دەزانن کە پرسی کورد بەگشتی، سنووری چوار وڵاتەکەی بڕیوە و بۆتە پرسێکی گرینگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کەوتۆتە نێو هاوکێشەکانی ناوچەوە کە بە پیلانگێڕیی و بە هێزی نیزامی ڕەنگە بتوانن ڕەوتەکە بۆ ماوەیەک خاوبکەنەوە و لێرەولەوێ کۆسپی بۆ دروست بکە، بەڵام ناتوانن پێش بە پڕۆسەکە بگرن و بیوەستێنن.

 مەبەست ئەوەیە کە هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی حکوومەتی ناوەندی هان بدا یان ناچار بکا داوای وتووێژ لەگەڵ کورد بکا.

 سەرفینەزەر لەوەی ئامانجی ڕێژیم لە وتووێژ چیە، وتووێژ لە خەباتی ڕزگاریخواز دا بەشێکە لە سیاسەت و ستراتێژیی هەر حیزب و لایەنێک. گرینگ ئەوەیە کەنگێ و چۆنی دەکەی و چەندە لایەنی بەرانبەرت دەناسی؟

کورد دەبێ وشیار، یەکگرتوو و بە بڕوابەخۆبوونی تەواوەوە خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرچەشنە ڕووداوێک ئامادە بکا.

 جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بەشێوەی بالقوە لە هەموو بارێکەوە زۆر بەهێزە. ئێمە بە هەموو لایەکمانەوە دەبێ تێبکۆشین بە یەکگرتوویی و پلان و ستراتێژیی هاوبەشی واقیعبینانەوە ئەو هیزە “بالقوە”یە  بکەین بە هێزی “بالفعل”. گومانی تێدا نیە سەرکەوتوو دەبین.

نویترین هەواڵ و بابەت