"an independent online kurdish website

   کاتێک گرنگی و بەها و پیرۆزی نەتەوە و نیشتمان و زمان و فەرهەنگ و دابوو نەریت و شتگەلێکی تر، لە ناسنامەیەکدا کۆدەبێتەوە و بەڕوونی بەرجەستە دەبێت،

ئیدی هەر تاکێک و هەر هاوڵاتییەک، ئەم ناسنامەیە لە گیرفانی خۆی دەنێ و بە شانازییەوە هەست بە بوون و سەنگ و نرخی دەکات و دەتوانێ خۆی پێوە نمایشت بکات و نیشانی جیهانی بدات. ئاخر هەر هاوڵاتییەکی ئەم جیهان، کاتێ بچێتە وڵاتێکی بێگانەوە، بەم ناسنامەیە دەناسرێتەوە و گەرەکە نیشانی بدات. ئیدی ئەم پارچە کاغەزە یاخود پلاستیکە، کۆکەرەوەی هەموو زانیارییەکە لەسەر تۆ و بەهای مینۆکی بەهیچ شتێک ناپێورێ.

واتە بۆ هەر کەسێک، دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی کۆتایی بە نیشتمانی خۆی دێنێ و ئیدی دەبێت لە ڕێی ناسنامەکەیەوە خۆی بەناسین بدات. دروست هەر یەک لە ئێمە لەم ناسنامەیەدا خۆی دەبینێتەوە،کە ناسنامەکە بۆخۆی بنچینەیەکی ئەنترۆپۆلۆژی و مێژوویی و مۆڕاڵی و هەیە. بەم شێوەیە ئەو تاکە ناچارە ئەو سیمبۆڵە بکاتە جێی پیرۆزیی و شانازیی خۆیی و وڵات و دەوڵەتەکەیی بە هەموو وزە و توانایەکییەوە داکۆکی لێ بکات و بە چاوێکی بەنرخەوە تێی بڕوانێ. ئەمە تا ئێرە، بوون و خۆناسین بەشێکە لە دیمەنی تابلۆکە، بۆ نەخشاندنی ناسنامەی نەتەوەیی.

تۆ کێیت؟ لەکوێ لەدایک بوویت و چیت دەوێ؟ دەروربەرت چۆنە و کێن؟ گەرەکە چی بکەیت؟ ئاڵات کامەیە و هەبوونت چ مانایەکی هەیە؟. گەلێ پرسیارگەلی تری چارەنووسساز لەسەر پانتایی تەواوی پرسیارەکان ڕووبەڕووت دەبێتەوە. زۆرینەی ئەم پرسیارانە تاکی خوداپێداوی ژێر سێبەری ئازادیی و دەوڵەتی سەربەخۆ هەر لە منداڵییەوە لە خێزانەکەیەوە، لە باخچەی ساوا و قوتابخانەی سەرەتایی و لە ژیانی رۆژانە و دەوروبەرەکەیەوە، لە دامودەزگای میدیاییەوە، فێری بووە و دەیزانێ و پێی پەروەردەکراوە و بۆی کراوەتە بەشێکی زیندوو و بەڵگەنەویست و جیانەبووەوەی مێژوو و دێفاکتۆی ژیانی.

بۆنموونە منداڵێکی ئەڵمانی هەر زوو بە ئاڵای ئەڵمانیا ئاشنا دەبێت، لەڕێی تیڤی و رۆژنامەوە یاخود هەڵبژاردەی وەرزشی نیشتمانییەوە، یان گرووپی موزیکی نەتەوەیی، یاخود ئەو سیمبۆڵەی بەدیاری لەجەژنی لەدایکبوونی دا بۆ دێت…هەتا دوایی. وەک منداڵی گەلێکی خاوەن دەوڵەت، بێ ترس و شەرم بڵندی دەکاتەوە و نیشانی دەدات و سروود و گۆڕانی بە باڵادا دەچڕێت و لە پێویست دا داکۆکی لێ دەکات و خۆی بۆ دەکاتە قوربانی. ئاخر ئەم دەستکەوت وتایبەتمەندی و جیاوازییە بەرهەمی ئەوەیە ئەو:

{{ نەخشەی وڵاتەکەی لەسەر ئەتڵەس هەیە، ئاڵای وڵاتەکەی لە هەردەرێ دەشەکێتەوە، ناسنامە و پەساپۆرتی دەوڵەتەکەی لە گیرفانیدایە، زمانی سەربەستە. مێژووی ئازادە، بوونی سەلمێندراوە، هەبوونی بەرجەستە بووە}}

بەڵام منداڵێکی کورد بە هیچ لەم خەونانەی شاد نەبووە و بێبەرییە لەم بوونانە و ئەم دەرەتانەی نییە ئەمانە بەدەست بهێنێ. بە هەڵگرتن و هەڵکردن و باسکردن و داکۆکیکردنی ئەم سیمبۆڵە ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە. هەڕەشە و مەترسییەکان هێندە گەورەن، هەر لە ساواییەوە لە ماڵەوە فێری ئەوە دەکرێن،نکۆڵی لەم بوونانە بکەن، هەرگیز توخنی ئەم جۆرە باسانە نەکەون، چونکە دوژمن دڕندەیەکی بڤەیە.

بەم شێوەیە هەرکاتێ بەها و گرنگی ئەم پرسە لە کەسایەتی هەر تاکێکدا، بەدیار بکەوێ ، ئەوسا کەسایەتییەکی بەهێز و باوەڕ بخۆ و سەربەرز دێتە مەیدانەوە و لەزەتێکی مینۆکی بێ سنووریش لەم هەبووە ماکی و مینۆکییە دەبینێت. هەروەک تۆ مەلەوانی نەزانی ، تێناگەیت ئەم وەرزشە چەند بە سوود و خۆشە و لەشساغ نەبیت، نرخی تەندروستی باش نازانی و دڵ ئارام نەبیت، نازانی شادمانی چ تامێکی خۆشی هەیە. کە ناسنامە و دەوڵەتیشت نەبوو، بەهای هیچ بنەما و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی نەتەوەی خۆت بە دروستی و پیرۆزیی نازانی.

دکتۆریش بەرلەوەی چارەسەر بۆ نەخۆش بنووسێ، خودی نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکات. ڕاوچیش کاتێ دەچێ شکار، بۆئەوەی بەکۆمەڵێ نێچێرەوە بێتەوە، بیر لەوە دەکاتەوە، سیرەی تەواو لە نێچیرەکان بگرێ. کەواتە بێ ناسین و دیاریکردنی تەواوی ئامانج، کەس بەدروستی و تەواوی بەئاوات و هیواکانی ناگات. لە خەباتی نەتەوایەتیش دا، کار دەکرێ بەهەمان پێودانگ. نەتەوەیەکی داگیرکراو و دابەشکراوی وەک کورد، پرسەکەی لەوە قوڵترە، بێ دوژمنناسی/ئەوانیترناسی بتوانێ بگاتەوە ئاواتەکانی.

بەرلەوەی قسە لەسەر دوژمنناسی بکەم، با ئاماژەیەکی خێڕا بدەم، کەوا دوژمن لە مێژە پرۆژەی کوردناسی لە دیدی خۆیەوە، لەبەر ڕۆشنایی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەوە،ئەنجام داوە.هەر ڕۆژەی لەژێر بەرگێک دا نیشانی دەدات و بە دەمامکێکەوە خۆی پێوە دەنوێنێ. دۆسییەکی ئەستووری خستۆتە ئەرشیفی نهێنی وڵاتەکەیەوە. هەر گرووپ و حکومەتێک و رژێمێک بێت، هەر دەتوانێ پشت بەم ئەرشیفە ببەستێ و مامەڵەی خۆی لەگەڵ کورد دا نەخشە بکێشێ و دیاری بکات. ئەوان نەک هەر ئەرشیف، بگرە دەزگا و دامەزراوەی سەربەخۆ و تایبەتیشیان بۆ ئەم ستراتیژەی خۆیان بۆ خۆیان نەخشاندووە ساز داوە. مێژووی کورد و سایکۆلۆژێتی تاک و کۆمەڵگەی کوردییان شارەزا بوون.

هێندەی لەبیرم بێت و لێی تێگەیشتبم، تا چەند دەیەیەک لەمەوبەر لە: تورکیا، بڵند ئەجەوید ، لە ئێران، رەفسەنجانی، لە عێراق، طارق عزیز، لە سووریا، عبدوڵا احمر سەرپەرشتی دۆسییەی کوردیان لە دەوڵەتەکانی خۆیان دا کردووە. لەم دەوڵەتانەدا، دامودەزگا لەسەر دۆسییەی کورد هەیە، کۆمەڵێ خەڵکی شارەزا لە بوارە جۆراوجۆرەکان دا،کاری تێدا دەکەن و وەک ژێدەرێکی Think Thank، بۆ هەر پرسێ لەمەڕ کوردەوە تەماشا دەکرێن و دێنە هەژماردن.

ئەوان سەرقاڵی داڕشتنی پلان و بەرنامەی جەهەنەمی خۆیانن، چۆن بتوانن پێبەپێی گۆڕانکارییەکان ڕووبەڕووی کورد ببنەوە و قڕی بکەن. ئەم ڕاستییەش لە حوکمی بەڵگەنەویستدایە و جێی حاشالێکردن و نکۆڵیکردن نییە. ئەگەرچی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بۆخۆیان لەنێو خۆیان دا ناکۆک و ستراتیژ و بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، لێ ڕێکەوتنامەکانی نێوانیان و کۆبوونەوەی بەردەوامی چواردەوڵەتەکە، یان سیانیان لە دژی کورد،ئەو ڕاستییە دەردەخات، لەناوبردن و گەمارۆ و قەتیسکردنی کورد و هێشتنەوەی بە بندەستی باشترین بەڵگەی بۆچوونەکەمانە.

ئەم دەوڵەتانە دژ بە کورد بە ئاشکرا و نهێنی دەیان ڕێکەوتننامەی هاوکاری نێوان خۆیان و مۆرکردووە. لەبەرامبەردا کوردی ستەمدیدە، هەر خەریکی ڕازاندنەوەی چەمکی و پەیامی “برایەتی ” قبووڵکردنی پلەی برا بچووکی و چوونە شیرینی خەو و باوەڕ بە چارەسەری دیموکراسی و برایەتی و ئایینی و ئایدۆلۆژی و بانگاشەی پێکەوە ژیانی داگیرکراو و داگیەکەر و زۆر شتی تریش دەکەن. یاخود گرێدانی خەباتی کورد و نەتەوە سەردەستەکان لەبەرخاتری قسە و بۆچوونێکی مارکس و وتەیەکی ئایینی ئیئسلام و هتد…

” ناسیۆنالیزم بە ئاڕاستەی ناوخۆدا ئینتەگراسیۆن و بەڕووی دەرەکی دا،خۆجیاکردنەوە و دەستسنیشانکردنی سنوورە”.

نەتەوەیەک خۆی دروست دەکات و لە وێنەی خۆی وێنەی دژەکەشی دەخوڵقێنێ. واتە لە وێنەی خۆیدا وێنەی دژەکەی دەنەخشێنێ. ئیدی بەم شێوە تا هەواری ئاسوودەیی و ڕەوینەوەی مەترسی و هەڕەشە دەرەکییە ترسناکەکان. ناسیۆنالیزم بەم ڕەوتە کار دەکات. زلهێزێکی وەک ئەمەریکا هەمیشە وێنەی دوژمن و نەیار و ڕکەبەڕێک بۆ خۆی وێنا دەکات، تا ستراتیژی سیاسەتی خۆی داڕێژێ و درێژە پێ بدات.

هەر لەم ڕوانگەیەوە بۆیەکا دەبینین نە ئەلەکسەندەری گەورە و نە ناپلیۆن، بێ زانین و زانیاری لەمەڕ ئەو ناوچانەی داگیریان کردووە، هێرشیان نەکردووە. ئیدی هێرشکەر بیت یاخود هێرش بۆکراو، زاڵم بێت یان زوڵم لێکراو بیت، دەبێت بەرامبەرەکەت بناسی. هەڵبەت ستەملێیکراو پێویستە لەسەری دوژمنە ستەمکارەکە بەدیقەت و باشتر بناسێ، هەتا زووتر لەدەستی رزگاری بێت. دەنا هەرگیز لەژێر ملهوڕیدا نایەتە دەرەوە. عەرەب و ئیسرائیل بەم میکانیزمە کار دەکەن بەتایبەت ئیسرائیل. ئەمەریکا و ناتۆ لە ڕێگای ستراتیژی Dubell Beschluß،توانییان شورەوی گەمارۆ بدەن و هەوڵی داتەپینی بدەن.

لە جیهانی ئەمڕۆدا گرتنەبەری ئەم ستراتیژە شتێکی نوێ نییە، لێ بایەخی زیاتری پێدراوە. بە نموونە گەر لە نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا کێشەیەک سەر هەڵبدات، میدیا و سیاسییەکان لەهەردوو لا، سەرەتا گوێ دەگرن لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و ئەوانە لەو دازگای دوژمناسییەدا/ بابڵێن بێگانە یاخود دراوسێناسییەدا کاردەکەن. واتە ئەڵمانیا گوێ لەئەڵمانەکان و فەرەنسا گوێ لە فەرەنسییەکانی خۆی دەگرێ. دوای شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی تێروتەسەلی بابەتەکە، ئەوجا هەنگاوەکانی دیکە دیاری دەکرێن.

لای ئێمە تاکی کورد نە پێناسەیەکی دروستی بۆ خۆی هەیە و نە توانیویەتی بۆ داگیرکەر و دوژمنەکەی هەبێت،ئاخر پەروەردە نەکراوە.کراوە بەسەقتی گەوهەری دۆزەکەی تێگەیەندراوە. دەنا لە کوێی دنیادا،لە مێژووی کام گەلێک دا باسی (برایەتی و پێکەوە ژیان و …هتد لە نێوان داگیرکراو و داگیرکەردا کراوە)!؟ وەک مامۆستامەسعوود محەمەد دەڵێ: ” ناشێ (پێکەوە ژیان) لەسەر گومان و مەترسی دامەزرێت”. ئەمەش کتومت ئەو هاوکێشەیە وێنا دەکات،کە بە درێژایی مێژوویەکی دوورودرێژە لەنێوان کورد و ئەوانی داگیرکەردا نەخش بووە.

داخۆ کەسێکی هۆشیاری ڤێتنامی هەبووە بیەوێ بانگاشەی پێکەوە ژیان بکات لەگەڵ ئەمەریکاییەک دا! جولەکەیەک هەیە دروشمی پێکەوە ژیان بێت لەگەڵ ئەڵمان دا! ئێستا ئۆکرانییەک و پۆلەندییەک هەیە ئەو داوا و دروشمیان بێت لەگەڵ رووس دا؟!. بێگومان نەخێر. نەتەوە بندەستەکان خۆیان دەناسن و دوژمنەکانیشیان باشتر دەناسن.

لای ئێمە ئەزموونەکانی ڕابووردوو ئەوەیان بەدیار خستووە، فەرماندەیەکی سەربازی، سەرۆکی حیزبێ، سکرتێری ڕێکخراوێک، کەسایەتییەکی دیار، پیاو ماقوڵێک یاخود سەرەک هۆزێک خۆی بە ئینسکلۆپیدیا دەبینێ و خۆی دەکاتە ریش سپی و کوێخای چارەنووسی نەتەوەیەک. لەیەک دیداردا، لەگەڵ لایەنی بەرامبەرداـ داگیرکەری دوژمن ـ پرسی کورد، یەکلایی دەکاتەوە. ئەم تاکە کەسە قسەی سەرەتا و کۆتاییش دەکات لەسەر باری سیاسی، مێژوو، جوگرافیا، کولتوور، یاسا، زمان و زۆر شتی تریش. هەر ئەم نەزانی و نەشارەزایی و نەناسینەی دروستی ئەوانە، وای کردووە بەدرێژایی مێژوو کورد نەتوانێ یەک گرەوی سیاسی لە دوژمنەکەی بباتەوە. وەک دەزانین کورد هەمیشە براوەی مەیدانی جەنگ و دۆڕاوی سەر مێزی گفتوگۆ بووە.

ئەوەی لێرەدا دەبێتە ئەرکێکی نەتەوەیی و پێویستە گورجوگۆڵانە ئەنجام بدرێ،پێویستە دەیان پەیمانگا و ناوەندی داگیرکەر و دوژمنناسی تەنانەت وەزارەتیش بێتە دامەزراندن. گۆڕینی پەروەردەی تاکی کوردە لە بێئاگایی و نەناسییەوە بۆ هۆشیاریی و ناسینی خۆیی و داگیرکەرەکەی. ناساندنی داگیرکەر و مەترسییەکانێتی لە هەموو ڕەهەندە سیاسیی و مێژوویی و سەربازیی و ئابووریی و رۆشنبیریی و لایەنەکانی ترییەوە. کۆی ئەم هەموو زانین و زانیارییانە، دەبنە هەوێنی کێشانی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی . ئەو ستراتیژ و سیاسەتەی،کاری لەسەر نەکراوە و لە ئەقڵی سیاسی کورددا، هێشتا هەر بزرە.

تاکی کورد بۆ ناسینی خۆیی و بەهێز کردنی (من)ی کورد، دەبێت بە مێژووی ڕاستەقینەی خۆی ئاشنا بکرێت! پەند و وانە لە ڕابووردوو وەرگرێ و بزانێ بۆ ئەو چارەنووسەی بەسەردا هاتووە!؟ و کە خەبات بۆ گۆڕینی واقیعی تاڵی بندەستی دەکات، بزانێ بۆ چەک هەڵدەگرێ و بۆچی تێدەکۆشێ و ئامانج و ستراتیژ چییە!؟ و کوردبوون و بەرژەوەندی و قازانجەکانی لە کوێی هاوکێشەکان دا دەوەستن!. دەبێت ناسنامەی کوردبوون و دۆزی ڕەوای کورد،بە هەموو ڕەهەندە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگییەکەیەوە، لە چوارچێوەیەکی چەسپاودا دابڕێژرێت، هەموو تاکێکی کورد،وەک ناوی خۆی بیزانێ. ئاخر:” ئێمە ئەگەر خەریک بین مێژووی دەستکرد بخوێنینەوە، لە چارەسەرکردنیشدا دەردی دەستکرد تیمار دەکەین”. مەسعوود محەمەد. بەداخەوە بەشێکی هەوڵ و تیمارەکردنەکانمان( شۆڕشی داگیرکەرچێتی و دیموکراسی بۆ داگیرکەر و ئۆتۆنۆمی بۆ کورد و کۆمەڵێ دروشم و داوای تری پووچەڵ و فشە ماف) لەم کایەدا بە خۆڕایی خەرج کردووە. هاوکات دوای خوێندنەوەیەکی بەدیقەت و وردی نوێ،پێناسەیەکی ئاشکرا و روونی ئەوانی بێگانەی دوژمنی داگیرکەر بکات. ئەنجام نەدانی ئەم ئەرکە لەمێژووی ڕابووردوومان دا، بۆتە مایەی ئەوەی هەتا هەنووکە دۆسییەی کورد بە گردومۆڵی فۆرمەلە نەبێت.

دوژمنناسی بێ خۆناسی نابێت و خۆناسیش،بێ هۆشیاریی نەتەوەیی ناکامڵ دەبێت. بۆیەکا سەرنجدانەوەیەکی نەتەوەییانە لە ڕابووردووی دوور و نزیکمان، لەسەر ئەو دیفاکتۆ تاڵەی یەخەی گرتووین و بەسەرماندا سەپاوە، پێداویستییەکی گرنگە،بۆ زامنکردنی ئایندەیەکی باشتر. دەنا مانەوە لەم دۆخەی بۆمان نەخشکراوە،کە بریتییە لە ونبوون و بێ ناونیشانی و بێ ناسنامەیی لەم گەردونە فراوانەدا، جۆرێکی گەورەیە لە هەتیویی و خەمێکی قوڵ و برینێکی سەخت و گرێیەکی دەروونیی کوشندەیە.

هەڵۆ بەرزنجەیی..   ٨/٨/٢٠١٩

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی