"an independent online kurdish website

گەڵاڵەیەكی نوێی وەزارەتی پەروەردەی ئێران هەڕەشەی ئەنفالی سپی لە كەمینە زمانەكانی وڵات دەكات.

بەتازەیی خاتوو ڕیزوان حەكیمزادە جێگری خوێندنی سەرەتایی لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران رایگەیاندووە كە “گەڵاڵەی هەڵسەنگاندنی تەندروستیی منداڵان” بۆ وەرگیران لە قوتابخانە “تاقیكاریی شارەزایی زمانی فارسیش”ی بۆ زیاد دەكرێت. خانمی جێگری وەزیر وەک ئامانجەكانی داڕشتنی ئەم گەڵاڵەیە ئاماژەی بە جەختی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر فێربوونی زمانی فارسی، چەسپاندنی دادپەروەریی پەروەردەیی و بنەبڕكردنی لێدانی مۆرک و لەیبڵی تەمەڵ یان درەنگفێر بە منداڵانی دووزمانە كردووە. هەروەها ئەسغەر بەیات جێگری پەروەردەی سەرەتایی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای زەنجان بە ئاژانسی هەواڵنێریی “ئیسنا”ی ڕاگەیاندبوو كە پێدەچێت ئەمساڵ ئەم تاقیكردنەوەیە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە گەڵاڵەی هەڵسەنگاندنی وەرگرتنی فێرخوازان لە قوتابخانەكانی سەرتاسەری وڵاتدا جێبگرێت.

خاتوو حەكیمزادە رایگەیاندووە ماوەیەک پێشتر سەبارەت بە گوتەكانی ڕێبەری باڵا لەسەر گرنگیی فێربوونی زمانی فارسی دانیشتنێكیان لەگەڵ وەزیری پەروەردە هەبووە و زۆر گرنگە كە منداڵان لە ئاستێكدا بن ئیمكانی تێگەیشتنی بابەت بە زمانی فارسییان هەبێت تا لە پۆلی یەكەمی سەرەتاییدا سەركەوتوو بن. شایەنی ئاماژەیە كە چەندساڵ بەر لە ئێستا ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بە دەستەواژەیەكی سەربازی كرد بەناوی ” ێ‌تش بە اختیار ” واتە ئاگر بە ئیختیاری خۆت یان تەقەكردن و دەستدڕینەوە بە كەیفی خۆت. لە ئەدەبیاتی سەربازیی ئێراندا ئاگر بە ئختیار ئاماژەیە بۆ حاڵەتێک لە مەیدانی شەڕدا كە هیچ پلان و فەرمانێک لەسەرەوە بۆ تەقەكردن نەهاتبێت، بەڵام رەوشەكە وابخوازێت كە سەربازەكان تەواو پێویست بكات تەقە بكەن و لەوەها حاڵەتێكدا سەرباز بۆی هەیە بەپێی تێگەیشتنی خۆی لەبارودۆخەكە قۆڵ هەڵماڵێت و دەستەوستان نەبێت و چاوەڕوانی فەرمانی سەرووی خۆی نەكات. جا رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژەدان بەو چەمكە هەموو بەرپرسانی حكومی راسپارد كە لەهەر بوارێكدا هەستتان بە كەموكووڕی یان كەلێنێک كرد پێویستە بەشێوازی ئاگر بە ئختیار قۆڵی لێهەڵمالن. پێموایە وەزیری پەروەردە و خانمی جێگریش لەبەر ئەوەی كە رێبەر تەنیا بەشێوازێكی زارەكی جەختی لەسەر گرنگیی فێربوونی زمانی فارسی كردووەتەوە و هیچ مەرسوومێكی حكومی یان نووسراوێكی بۆ دەرنەكردووە، بەخۆیانیان گوتووە ئیلاوبیلا دەبێ بەشێوازی ئاگر بە ئختیار مامەڵە بكەین و خۆمان گەڵاڵەیەكی بۆ داڕێژین. هەربۆیە بەبێ بیركردنەوەیەكی ورد و بە پەلەپەل و هەڵەداوان گوتوویانە تا تەنوورەكە گەرمە با نانێكی پیادەین. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە سیستەمی پەروەردەیی وڵاتێک بە پانتایی و حەشیمەت و بەو تایبەتمەندیە كولتووری و حەشیمەتناسیانەی ئێران، دەبێ خاوەنی دۆكترینێكی پەروەردەیی كۆنووسكراوی تۆكمە و ڕێكوپێک و لەسەر بنەمای تایبەتمەندیە حەشیمەتناسیەكانی وڵات بێت و كەم یان زیادكردنی هەر بڕگەیەک بەو پەیڕەو و پرۆگرامە دەبێ لەسەر بنەمای خویندنەوەیەكی ورد و تێروتەسەڵ بێت. ئەم بەڕێزانە وادیارە نازانن توانستی ناسینەوەیی (cognitive) منداڵ وەک بیركردنەوە، پاساوهێنانەوە، زاكیرە، لەبەركردن و وەبیرهێنانەوە و …. هەرهەموویان لەسەر بنەمای زمانی دایكی گەشە دەكەن و بە فەقەراتێک بەناوی زمانی دایكیدا هەڵواسراون. چونكە ئەگەر بیانزانیبا، دەبوو هەموو هەوڵێكیان بۆ چەسپاندنی پەروەردە بە زمانی دایكی وەگەڕخەن نەک ئەوەی كە وەک لەم گەڵاڵەیەدا دیارە، بەپێچەوانەوە و لەسەر خولگەیەكی هەڵە بسوورێنەوە. ئەڵبەت لەوانەیە بەتێڕوانینی ئەم بەڕێزانە هەبوونی فرەزمانی یان پلورالیسمی زمانی لە نێو یەكەیەكی سیاسی بە ناوی ئێران، بە هەڕەشە بۆ سەر یەكپارچەیی خاكی وڵات سەیر بكرێت بۆیە ئاوەها بەهەموو هێز و توانایەكەوە بەنیازن زمانی هەموو كەمەنەتەوەكان لە زمانی فارسیدا بتوێننەوە، چونكە ئەگەر چاوێک بە پاساوەكانیاندا بۆ ئەم گەڵاڵە نوێیە بخشێنین، بۆمان دەردەكەوێت كە هەموویان ناپەیوەست، نازانستی و خەڵەتێنەرن. بەهەرحاڵ دالی ئەم مەدلوولە هەرچیەک بێت، بریا ئەم بەڕێزانە چوار تیۆری گرنگی گەشەی زمانیان – بەتایبەت لە منداڵانی دوو زمانەدا – بخوێندایەتەوە، رەنگە ئەوكات تێگەیشتبان كە:

– نیوەی حەشیمەتی جیهان دووزمانەن. بۆ هەندێک لە منداڵان كە زمانی یەكەمیان زمانی كەمینەیە، فێربوونی زمانی دووەم بە شیمانەوە كاریگەریی تەقلیلی و دابەزێنەری دەبێت. واتە منداڵانی كەمینە زمانیەكان بە بەرزبوونەوەی توانایان لە زمانی دووەمدا، پاراوی و ڕەوانبێژییان لە زمانی یەكەمدا لەدەستدەدەن. چونكە زمانی دووەم زمانی زاڵە، واتە زمانێكە كە زۆرینە قسەی پێدەكەن و لە كۆمەڵگا و میدیا گشتییەكاندا بەكاردەبرێت، منداڵان وردە وردە بەباشتری دادەنێن و بەلایانەوە مەقبوولتر دەبێت. بەڵام زمانی یەكەم لە دەرەوەی ماڵەكاندا پشتیوانی و سەرنجی كەمتر ڕادەكێشێ، لە قوتابخانەكاندا فێرناكرێت و منداڵان بۆ خوێندنەوە و نووسین بەو زمانە دەرفەتی كەمتریان لەبەردەست دەبێت و كەوابوو كارامەیی و شارەزابوون لە زمانی كەمینەكاندا كێشە و ئاستەنگی بۆ دروستدەبێت . بەپێچەوانەوە بۆ ئەو منداڵانەی كە زمانیان زمانی زۆرینەیە، فێربوونی زمانی دووەم زیاتر ئەزموونێكی بەرزكەرەوەیە . بەڵام بەگشتی لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە پەروەردەی منداڵانی كەمینە دەبێ بەپلەی یەكەم بەزمانی كەمینە، واتە بە زمانی دایكی بێت و زمانی زۆرینە دەبێ وەک زمانی دووەم فێركرێن . توێژینەوەكان هەروەها سەلماندوویانە كە فێركاریی فەرمیی زمانی دووەم دەكرێت لە پۆلە سەرەتاییەكانی قوتابخانەوە دەستپێبكات بەو مەرجەی كە منداڵ لە زمانی یەكەمدا بەپێی پێویست شارەزایی هەبێت.

– فێربوونی زمان هەروەک رەفتار و ئاكارە زاتیەكانی دیكە فەترەی هەستیاری (sensitive periods) تایبەت بەخۆی هەیە. هەروەها فەترەیەكی هەستیاری هاوشێوەش بۆ فێربوونی زمانی دووەم هەیە.

– ئەگەر پێویستە منداڵان پێش رۆیشتنیان بۆ قوتابخانە تا ئاستێكی بەرز شارەزاییان لە زمانی فارسیدا هەبێت و بەسەریدا زاڵبن، كەواتە ئەو هەموو جەختكردنە لەسەر فێركردنی زمانی فارسی لە پۆلە سەرەتاییەكاندا بێمانا دەبێت. پێموانییە هیچ شوێنێک بۆ فێربوون و زاڵبوون بەسەر زمانی فارسیدا لە قوتابخانە باشتر بێت، ئێستە چۆنە دەیانەوێ شارەزایی لە زمانی فارسی وەک مەرجی وەرگیران لە قوتابخانە دیاریبكەن.؟ نازانم. رەنگە بیانەوێ ئەم مەرجە كاریگەریی دەروونی و تۆقێنەر لەسەر دایک و باوكان دابنێت و كەمینە زمانیەكان لەترسی وەرنەگیرانی منداڵانیان لە قوتابخانە، منداڵەكانیان بە زمانی فارسی گۆش بكەن و بەمەش لە داهاتوویەكی نزیكدا هەموو زمانەكانی ئێران جگە لە زمانی فارسی قەڵاچۆ دەكرێن و لەناودەچن.

– منداڵێکی ئێرانی كە لە تاقیكاریی شارەزایی زمانی فارسیدا رەفز بكرێت، بەشێوازێكی ئۆتۆماتیكی مۆرک یان لەیبڵێكی نوێی لێدەدرێت كە هیچی كەمتر نییە لە مۆركی تەمەڵ یان درەنگفێر كە بەڕووكەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بەرپرسانی پەروەردەی ئێران.

ئەمانەی سەرەوە پەرۆشی و دڵگرانیی كەسێكی سەر بە كەمینەیە لەمەڕ ئەم گەڵاڵە نوێیەی وەزارەتی پەروەردەی ئێران كە بەبێ تاقیكاریی شارەزایی زمانی فارسی لە قوتابخانەی سەرەتاییدا وەرگیراوە و تا ئاستی ماستەری سایكۆلۆژیا لە ئێراندا خوێندوویەتی و تەنانەت تاڕادەیەكی باڵا لە زمانی فارسیدا شارەزایی بەدەستهێناوە. بەڵام لەئەساسدا هەر دركاندن و بیركردنەوە لە وەها پلانێک دەربڕی نەزانی و ناكارامەیی تۆخی بەرپرسانی پەروەردەی وڵاتە چ بگات بەوەی كە دەیانەوێ بیبەنە قۆناغی جێبەجێكردنیشەوە. خانمی جێگری وەزیر گوتوویانە كە ئەگەر منداڵانی دووزمانە دەستنیشان نەكرێن و پەروەردەی تایبەت نەبینن، پاش چەند ساڵێک واز لە خوێندن دێنن و قوتابخانە بەجێدەهێڵن. وادیارە بەبڕوای بەڕێزیان جگە لەم تاقیكردنەوەیە هیچ ڕێگایەكی تر لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بزانن منداڵێک كە لە یەكێک لە كوێرەدێیەكانی پەراوێزی ئێران لە كوردستان، بەلوچستان، خوزستان، ئازەربایجانەكان و هتددا دەژی و كاتی وەرگرتنی لە قوتابخانە هاتووە دووزمانەیە. یان وەک ئەوە وایە كە بەباوەڕی بەرێزیان هەموو قسەكەران لە سەرتاسەری وڵاتی پانتابەرینی ئێراندا تەنیا و تەنیا بە زمانی فارسی قسە دەكەن، هەربۆیە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی كە تاک و تەرا بەزمانێک جگە لە زمانی فارسی قسە دەكەن و ژمارەیان لە پەنجەكانی دەست تێناپەڕێت، دەبێ تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندنێكی وردی لەوجۆرە ئەنجامبدرێت.

هۆكاری زیادكردنی تاقیكاریی شارەزایی زمانی فارسی بۆ “گەڵاڵەی هەڵسەنگاندنی تەندروستیی منداڵان ” نە چەسپاندنی دادپەروەریی پەروەردەییە و نە ڕێگرتنە لە لێدانی مۆركی تەمەڵ یان درەنگفێر بە منداڵانی دووزمانە، هۆكارەكە هەرچیەک بێت دەبێ لە شوێنێكی دیكەدا بەدوایدا بگەڕێین و پاساوەكانی وەزارەت و خانمی جێگر ئادرەسی هەڵە پێدانە بە ڕای گشتی.

سەرچاوە: روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی