"an independent online kurdish website

3-8-2019 پاش 5 ساڵ لە ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان لە شاری شەنگال و دەوروبەری لە لایەن داعشەوە, پەرلەمانی كوردستان بە 89 دەنگ لە كۆی 111 دەنگ, بڕیاری بە جینۆساید ناسینی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكانی پەسەند كرد,

كە دەكاتە 80%ی پەرلەمانتاران , 20%ەكەش دابەش بوونە لە نێوان ئامادە نەبوو و نكۆڵیكەران” انكار”, ئامادە نەبوانیش دابەش دەبن بەسەر نكۆڵی كەران و ئەوانی دی كە بە هۆكاری شەرعی ئامادە نەبوبێتن, كە دەبوایا تەفاصیلی هەمووی لە گەڵ فلیمی دانیشتنەكە بڵاو بكرابایەتەوە یاخود پێشكەش بە دەزگا تایبەتمەندەكانی ئێزیدیەكان بكرابایا, ئێستاش نەچووە بچێ, بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرابایا, بمانزانیایە بەڵگەی نكۆڵیكەران چییە, ئاراستەی سیاسی و حیزبییە, یان كەسییە, بەشێوەی گشتی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لە فەرمانی پاشای كۆرەی رەواندزەوە لە ساڵانی نێوان 1832 بۆ 1834 ەوە بۆ ئێٍستا, كە نزیك 180 ساڵە, كە لەوێدا كۆمەڵكوژیكردنیان بە پیرۆز زانراوەو رایگشتیش لە پشت بووە, سەبایاكان بۆ پیاوانی كوردی موسڵمان بوونە, بازاڕەكانیشی رەقەو موسڵ نەبووە, تا ئەوەی پاشای كۆرە لە بری تۆمەتباربوون بە قارەمانی نەتەوەیی ناسێنراوە, دوای 180 ساڵ لەو تاوانە, ئەمڕۆ 80% ی كۆمەڵگا هەمان جۆرە تاوان بە كۆمەڵكوژی بزانێت , بۆ خۆی پێشكەوتنێكی گەورەیە لە بیركردنەوەی تاكی كورد لەچاو هەندێك گەلانی داخراوی ناوچەكەوە, دیارە ئەگەر بخرێتە راپرسی گشتییەوە رێژەكە بەرزتر دەبێت.

لە سێشەمەی 16-1-2016ەشدا, واتا 3 ساڵ و 6 مانگ و 20 رۆژ پێش كوردستان, پەرلەمانی ئەرمینیا بە بەشداری 91 بەشداربوو لە كۆی 132 پەرلەمانتاری ئەرمینیا, بە كۆی 90 دەنگ, كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكانی بە جینۆساید ناساند,” رێژەی نكۆڵیكران زۆر كەمترە” هاوكات داوایان كرد دادگایەكی نێودوڵەتی تایبەتمەند بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش پێك بێت, پێشتریش پەرلەمانەكانی بەریتانیا, فەڕەنسا و ئێسلەنداش كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكانیان بە جینۆساید ناسیبوو.

” لە ساڵی 2013 ەدا داوا لە تاك بە تاكی پەرلەمانتارانی ئەرمینیا كرا, تاوانی ئەنفال بە جینۆساید بناسن, هیچ وەڵامێكیان نەبوو, ئەوان ئێزیدییەكان زیاتر بە نزیك لە خۆیان دەناسن” ‌ لە ئاستی جیهانیدا 29 وڵات تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەن بە جینۆساید دەناسن, لە گەڵ 48 ولایەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا, هاوكات لە فەرەنسا, سویسرا, یۆنان, قوبرس, سلۆڤاكیا, نكۆڵیكردن لە جینۆسایدی ئەرمەن سزای لەسەرە, بۆیە ئەركێكی ئەخلاقییە بە جینۆساید ناسینی تاوانە كۆمەڵكوژییەكانی جیهان لە لایەن پەرلەمانی ئەرمینیاوە, لە هەمبەر ئەو پشتیوانییەی لە دۆسیەكەیان كراوە.

وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش لە 13ی دیسەمبەری 2018, كاتژمێر 4,10 بە كاتی گرینچ لە رێگای مەرسومێكی تایبەتەوە سەرۆك كۆمار ترامب رایگەیاند, رایگەیاند ئەوەی بەسەر ئێزیدی و كریستانەكاندا لە عێراق و سوریا هاتووە جینۆساید بووە, ئەمەو حكومەتی هۆڵەنداش دەستپێشخەری كرد لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دادگایكردنی داعش.

هاوكات زۆر رێكخراوی دیكە وەك شارەزایانی جینۆسایدی جیهانی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدی و كریستان و پێكهاتەكانیان بە دەستی داعش بە جینۆساید ناسی لەسەر داوامان لە ساڵی 2015 ەدا, ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی كوردستان دوای هەموو ئەمانەیە, لێ بوون لە نەبوون باشترە.

لە بڕیاری بە جینۆساید ناسینی كەیسی ئێزیدییەكانەوە دەتوانین كۆمەڵێك راستی هەڵێنجین:

1-                  بڕیارەكە تەنانەت لە چاو وڵاتانی دیكەشەوە دوا كەوتووە, تەنانەت پاش چەندین وڵات لە ناویاندا وڵاتی وەك ئێسلەنداش دراوە, هەرچەندە ژینگەی سیاسی ئەم وڵاتە پێشكەوتنخوازانەو مرۆڤ دۆستانەیە, وەلێ هیچ پەیوەندییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری لە گەڵ هەرێمەكە نییە.

2-                  دەبوایا وەك مەرسومەكەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا یاساكە كریستان و شەبەك و كاكەیشی بگرتایەتەوە, ئەوانیش لە هەمان پرۆسەدا جینۆساید كراون و هاووڵاتی كوردستانن, جیكاری   بۆ خۆی كەماسییەكی نادادپەروەرانەیە.

3-                  لە بەر ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان لە 5 ساڵی رابردوودا, هوشیاری تەواویان لە سەر تاوانەكانی داعش پەیدا كردووە, بە تایبەتیش پەرلەمانتاران كە گوایە دەستەبژێری سیاسی خەڵكی كوردستانن, دەنگنەدان بە یاساكە لە لایەن هەندێكەوە, نكۆڵی كردنە لە بەجینۆساید ناسینی تاوانەكە, ئەركی پەرلەمانی كوردستانە یاسای نكۆڵیكردنیش بۆ ساڵی داهاتوو پەسەند بكات و سزای هەموو ئەوانە بدات نكۆڵی لە جینۆسایدی ئێزیدی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و …. دەكەن .

4-                  یاساكە بۆ خودی خۆی, دادگاییكردنی سەرجەم 73 فەرمانەكەی پێشووترە, كە بەرگی پیرۆزی بەبەردا كرابوو, دەربڕی قۆناغێكی باڵاتری هوشیاری گەلە, بۆیە جێگای رێزە.

چۆن بەرەو روی نكۆڵی كردن ببینەوە

لە زۆر وڵاتی ئەوروپا دان نەنان بە حەقیقەتی یاسایی تاوانی هۆلۆكۆست و كۆمەڵكوژی ئەرمەن سزای لەسەرە, دەچێتە چوارچێوەی نكۆڵیكردن لە تاوانەكە, لە ساڵی 1976 مێژوو نووسی بەریتانی دیفید ئێرفینغ پەرتوكێكی بە ناوی جەنگی هیتلەر بڵاو كردەوە, دادگای نەمسا لە 20ی شوباتی 2006 دا بە تاوانی نكۆڵیكردن لە هۆلۆكۆست سزای 3 ساڵ زیندانیكردنی دا, لە ساڵی 1974, رۆژنامەنووسی كەنەدی بە رەچەڵەك بەریتانی ریتشارد فیراڵ پەرتوكێكی بەناوی بەڕاستی 6 ملیۆن كەس مردن بڵاو كردەوە, لە بەرامبەردا لە كەنەدا دەركرا.

هەرچەندە سزادانی نكۆڵیكردن كەمكردنەوەی ئازادییەكانەو مافی بیركردنەوەو گومانكردن و لێكۆڵینەوە لە بەرامبەرەكە وەردەگرێتەوە, وەلێ ئامرازێكی كاریگەریشە بە تایبەت لە وڵاتە دواكەوتووەكان بۆ رێگا گرتن لە دوبارە كردنەوەی تاوانەكە و لێسەندنەوەی مافی پیرۆزی ئەنجامدانی تاوان كۆمەڵكوژی لە ژێر پەردەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و پیرۆزییەكان, هاوكاری كەریشە بۆ خوێندنەوەی سەردەمیانە بۆ سەرجەم رابردوو, هاوكات ئەركێكی ئەخلاقی گەلێكی جینۆسایدكراوی وەك كوردیشە كە خاوەند زۆرترین كەیسی جینۆسایدو یەكەم شاری قوربانیدەری چەكی كیمیاوییە لە جیهان” هەڵەبجە” بە پێی پەرتوكی گینزی ساڵی 2007, هەڵوێستی وا لە بەرامبەر سەرجەم كەیسەكانی جینۆساید وەربگرێت و هاوسۆز بێت بۆ قوربانیان هەر كێیەك و سەر بە هەر نەتەوەو رەگەزو ئاینێك بن.

دوا رۆژی دۆسیەی دادگایی تاوانبارانی داعش و دادگاییكردنیان

شەش ئەگەر لە بەردەمدان بۆ دۆسیەی دادگاییكردنی داعشییەكان كە بریتین لە : ئەنجومەنی ئاسایش دۆسیەكە بەرز بكاتەوە بۆ ئای سی سی وەك دارفۆر, عێراق رازی بێت تاوانەكانی پارێزگای موسڵ لە 2014 بەدواوە بچێتە چوارچێوەی تایبەتمەندی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی , یەكێك لە وڵاتەكان سوریا یان عێراق دادگایەكی تایبەتمەند دروست بكات بۆ دادگاییكردنی داعشەكان, یاخود دادگایەك بە هاوكاری یەكێتی ئەوروپا پێك بێت لە یەكێك لەم دوو وڵاتە, یان عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان دادگایەكی تایبەتمەند دروست بكەن , یاخود بدرێنەوە بە وڵاتەكانی خۆیان لەوێ دادگایی بكرێن.

باشترین دوو رێگا بژاردەی یەكەم و دادگایەكی تێكەڵ بە هاوكاری یەكێتی ئەوروپا یان نەتەوەیەكگرتووەكانە, بۆ بژاردەی یەكەم ئێمە ساڵی 2015 داخوازینامەیەكمان بە زمانی ئینگلیری بۆ وڵاتانی ئەندام لە دادگا كە 123 وڵات بوون بڵاو كردەوە ” بۆ ماوەی 24 كاتژمێر لە سەر سایدی فەرمی دادگا بڵاو كرایەوەو وەك نووسراویش خرایە بەردەست هەموو وڵاتان لە كاتی كۆنگرەی وڵاتانی ئەندام كە بە وەزیری دەرەوە یان سەفیر بەشدار بوون, مخابن چەند وڵاتێكی كەم پشتیوان بوون, بۆ ساڵانی داهاتوو ویستمان كەسە كاریگەرەكانی ئێزیدی بێنن بۆ ماوەی چەند خولەكێك قسە بۆ كۆنگرەكان بكەن و دەتوانرا كاریگەری دابنێن نەهاتن .

لە كۆتادا دەمەوێت بڵێم بە جینۆساید ناسینی تاوانی كۆمەڵكوژی شەنگاڵ پێمان دەڵێت تەواوی مێژوو وە ئەفسانەو پیرۆزییەكان رابردوو وە خودی مێژووش پێویستیان بە نوسینەوە هەیە لە بەر رۆشنایی پێشكەوتنە زانستییەكان لە بواری شیكاری زانستی و گەشەی بۆچونی مرۆڤ لەسەر مافی مرۆڤ و مافی ژیان و پێناسەی تاوان لە روانگەی بنەماكانی پەیمانامەی رۆماو بانگەوازی جنێف و مافی جیهانی مرۆڤ, چاكەكان و پیرۆزییەكان و پاڵەوانەكانی دوێنێ بۆ ئەمڕۆ وا نین , داهاتوو مێژوو و پیرۆزییەكان دەگۆڕێت .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی