"an independent online kurdish website

وڵاتانی داگیرکەر جاران وەک کویلە مامەڵەیان لە گەڵ گەلانی تر دەکرد و بە کەیفی خۆیان خەڵک و خاکیان لە نێوان خۆیاندا کڕین و فرۆش دەکرد.

بە واتایەکی تر بە خوێن و خاکی وڵاتانی ھەژار سکی برسیی خەڵکی خۆیان تێر دەکرد. لەر ھەر شوێنێک ژێرخانی ئابووری و ئینسانی تێدا بوایە داگیریان دەکرد و ناز ونیعمەتەکەشیان دەبرد، لە پاڵ ئەوەشدا تەنیا ئازارەکانیان بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە بە جێ دەھێشت. نموونە زۆرن ھەر لە داگریکردنی ڕۆژھەڵاتی ناوینەوە بگرە تا دەگاتە قارەی ئەفریقا، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای لاتین و ڕۆژھەڵاتی ئاسیا کە ھەموو ئەمانە لە لایەن وڵاتانی ئورووپایی بە تایبەت ئینگلیز، فەرەنسا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا،   ھۆڵەند بوو.

ئێستا تا رادەیەکی کەم بە ھۆی ھۆشیاریی گشتییەوە ئەو پرۆسەیە خاو بووەتەوە، بەڵام دیسانەوە دەیانەوێ لە ڕێگایەکی ترەوە درێژە بەو داگیرکارییە بدەن.

بە پێی زۆر سەرچاوە وڵاتی چین خەریکی کڕینی زەویی خەڵکی ھەژارە لە ئەفریقا و بە ناوی بوژاندنەوەی ئابووری خەریکە دەستەڵاتی خۆی بەر سەر زۆربەی ناوچەکانی ئەوێ دەسەپێنێ، کە لە بنەرەتدا ئامانجی دزینی ژێرخانی ئابووری ئەو شوێنەیە.

ھەر ماوەیەک لەمەو پێش چین خەڵکێکی زۆری بە ناوی ھیزی بووژاندنەوەی ئابووری ناردە دوورگەی گرینلاند(١) کە سەر بە دانیمارکە، ھەڵبەت دانیمارکیش داگیری کردووە. بەڵام دواتر ھەم دانیمارکییەکان و ھەمیش گرینلاندییەکان بۆیان ڕوون بووە کە ئامانجی چین داگیرکردنی ئەو دوورگەیە. چونکوو دەرکەوت کە دوای چەندین نەوە ئەوە ڕێژەی خەڵکی چین لەو دوورگەیە زۆر زۆرتر دەبێ لە خەڵکی ئاساییی گرینلاند. ھەربۆیە ھەوڵیان دا کە ئەو پرۆسەیە بوەستێنن.

دۆناڵد ترمپ کە بریار بوو مانگی ٩ سەردانی دانیمارک بکات، پێشنیاری کڕینی دوورگەی گرینلاندی بە دانیمارک کرد بوو. ئەم پێشنیارە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە دانیمارک بە دوای خۆیدا ھێنا. تەنانەت زۆر خەڵکی دانیمارکی و گرینلاندیش باوەڕیان نەدەکرد و پێیان وابوو کە ترمپ ئەو قسانەی بۆ گاڵتە کردوو

دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی دانیمارک بیرۆکەی فرۆشتنی گرینلاندی بە تەواوی ڕەد کردەوە و بە جۆرێک لە بێڕێزی بۆ خەڵکی گرینلاند لە قەڵەم دا، ترمپ لە تووتیێکدا سەردانەکەی بۆ دانیمارک تا کاتێکی نادیار دوا خست. تەنانەت خەریک بوو پێوەندیی ئەو دوو وڵاتە کێشەی تێ بکەوێ، بەڵام دواتر ھەر دوو وڵات لە سەر ئەوە ڕێكکەوتن کە ئەمریکا کۆنسلخانەی خۆی لە گرینلاند بکاتەوە.

لەم ڕۆژانەشدا بە چاوی خۆمان دەبینین کە وڵاتانی ئورووپایی چۆن لە پێناوی پارە و نەوت ھەموو بەھا مرۆییەکانیان خستووەتە ژێر پێیانەوە و داکۆکی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن. ھەر لەم ڕۆژانەدا بینیمان کە چۆن وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن وڵاتانی باکووری ئورووپاوە باوەشی گەرمی بۆ کرایەوە. ئەو سەردانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە وڵاتانی باکووری ئورووپاش کە بە وڵاتانی مرۆڤدۆست ناوبانگیان ھەیە، ھیچیان لەوانی تر کەمتر نییە. چونکوو ئەوان کارنامەی کۆماری ئیسلامیی ئێران باش دەناسن و باشیش دەزانن کە ژیانی گەلانی ئێران لە ژێر دەستی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە لە بواری ئابووری، سیاسی، مەزھەبی و فەرھەنگییەوە چۆنە. بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا بە گەرمی پێشوازیی لە جەواد زەریف دەکەن. ھەڵبەت وڵاتی سوید لە مێژە لە ڕێگای چەکەوە، تەنانەت چەکی قەدەغەکراویش بۆ وڵاتانی جیھانی سێیەم ، پارەی دەست دەکەوێ.

نموونەی تر زۆرن کە دووڕوویی وڵاتانی ئورووپایی نیشان ئەدات، ھەر لە تیرۆری دکتۆر قاسملووە، شەرەفکەندییەوە بگرە تا ڕیفراندۆمەکەی کوردستانی باشوور و ھەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، کە ئێستاشی لە گەڵ بێ سەرۆکەکەی کە بە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک ھەڵبژێردرا بوو، ھەر ڕؤژە و لە وڵاتێکە و ھەر ڕۆژە و لە وڵاتێکدا دادگایی دەکرێ، کە گوایە ئەوەی ئەو کردوویەتی پێچەوانەی یاساکانی ئیسپانیا بووە، ئەوە لە کاتیكدایە کە ئەو وڵاتانە باسی ئەوە دەکەن کە مرۆڤەکان ئازادن چۆن بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان دەدەن.

کەوابوو ئەو بانگەشەیەی کە ئەوان لە پێوەندیی لە گەڵ مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی دەیکەن تەنیا بۆ داپۆشینی ئەو تاوانانەیە کە ئەو وڵاتانە لە وڵاتانی ھەژار و جیھانی سێیەمدا ئەنجامی دەدەن.

١. گرینلاند دوورگەیەکە کەوتووەتە نێوان ئەرکەتیکت و ئەقیانووسی ئەتڵەسییەوە. لە ڕووی جیۆگرافییەوە سەر بە قارەی ئەمریکای باکوورە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە سەر بە ئورووپایە. گرینلاند سەر بە دەستەڵاتی پاشایەتیی دانیمارکە، بەڵام دەستەڵاتی خۆبەڕێوبەریی خۆماڵییان ھەیە. خاوەنی دوو کورسین لە پارلەمانی دانیمارک.

وا چاوەڕوان دەکرێ ئەم دوورگەیە بە ھۆی ئاڵوگۆڕی ئاو و ھەواوە بەشێکی زۆری سەھۆڵەکانی بتوێتەوە.

ھەر بۆیە وڵاتان پێشبینی دەکەن کە لە ژێر ئەو سەھۆڵانەدا بڕێکی زۆر گاز، نەوت و کانزای ژێرزەمینی ھەبێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی