"an independent online kurdish website

لە بەرە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧١٩ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، بەداخەوە دوو پێشمەرگەی حدکا لە گوندی قەلەش ی سەردەشت دوای 2 سەعات بەربەرەکانی گیانیان فیدای نیشتمان کرد.

فەیلەقی حەمزەی سپای پاسداران ڕایگەیاندوە کە بکوژانی پاسدار خالید شوانی ( کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٤ی خەرمانان (٢٦ی ئاگۆست) لە شاری پیرانشار کوژرا) لە سنوورەکانی سەردەشت کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی سپا و دوو کەسیان گیانی لە دەست داوە و یەکێکیان بە دیل گیراوە.

هاوڕێیانی حدک ش، لە هەواڵەکەیاندا و وەک ئەندام ناوی بردوون بەڵام کاک خالید وەنەوشە لە روداوی وەک پێشمەرگە ناویان دەبا و دەڵێ دستیان نەبووە لە بە سزا گەیاندنی خالید شوانی خۆفرۆش.

….

دەقی هەواڵ لە کوردستان و کورد

دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەهید بوون

دوو ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی دەستڕێژی هێزە دژەگەلییەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون.

شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، 6ی خەرمانان هێزێکی پۆشتەوپەرداخی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی پەلاماری گوندی “قەلەڕەش”ی ناوچەی سەردەشت دەدەن و تەقە لە خەڵک دەکەن.

لەم تەقە و هێرشەی هێزە پەلاماردەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا دوو ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوەکانی ئیبراهیم عەزیزنیژاد و عەلی بایزپەروەر بەداخەوە شەهید بوون و کەسێکی خەڵکی ئەم گوندەش بە توندی بریندار بووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای مەحکومکردنی ئەم جینایەتەی هێزەکانی ڕێژیم، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان ئیبراهیم عەزیزنیژاد و عەلی بایزپەروەر دەکا و خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.

….

دەقی هەواڵ لە روداو

خالید وەنەوشە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، شەوی رابردوو (سێشەممە، 27-8-2019) لە گوندی قەڵەڕەشەی سەردەشت، دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبە بە ناوەکانی “عەلی پەروەر و برایم چاوەڕەش لە پێکدادانێکدا لەگەڵ سوپای پاسداران شەهید بوون”.

خالید وەنەوشە جەختی کردەوە لەوەی ئەو دوو پێشمەرگەیە لەکاتێکدا لەنێو گوندی قەڵەڕەشەدا کاری رێکخستنیان کردووە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، بەهۆیەوە تێکهەڵچوون روویداوە و لە ئەنجامدا ئەو دوو پێشمەرگەیە گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوەیەکی تایبەتیش لە سەردەشت بە رووداوی راگەیاند، لە تێکهەڵچوونی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و پێشمەرگەکانی حدک، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی قەڵەڕەشە بە سەختی برینداربووە.

میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران ئاماژە بەوەدەکەن ئەو دوو پێشمەرگەیە بەشداربوون لە کوشتنی ئەندامێکی خۆجێی سوپای پاسداران، لە رۆژی دووشەممەدا لە پیرانشار، بەڵام بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدک لە هەولێر رەتیکردەوە ئەو تیمە پەیوەندییان بە رووداوەکەی پیرانشارەوە هەبووبێت.

….

رۆژنامە نووس  هەڵمەت مەعروفی لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی ئەمجۆرە باسی دەکا.

شەهید بوونی دوو پێشمەرگە و ئەندامی حدک و چۆنیەتیی ڕووداوەکە

شەوی ڕابردوو، دوو پێشمەرگو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سەردەشت شەهید و بریندار بوون، بەپێی هەواڵی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە ڕووداوەکە، شەوی ڕابردوو، دوو کەس لە ماڵی هاووڵاتیەک بە ناسناوی “قوربانی” میوان بوون و گوتراوە هەمان بکوژ و سزادەری جاش خالید شوانی لە شاری پیرانشار بوون.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، دوو کەسەکە لە کاتی هێرشەکەدا چەکیان پێ نەبووە و لە ماڵی ناوبراو دایانناون.

بڕیار بووە، هێزێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە فەرماندەیی “خدر بەگ”، بچن و ئەو کەسانە لەگەڵ خۆیان ببەنەوە ناو مەقەڕەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڵام لە کاتی هێرش و پەلامارە دڕندانەکە بۆ سەریان، نەیانتوانیوە خۆیان بگەیێنە ئەو کەسانە و لە کاتێکدا کە هێشتا لەسەر “دۆڵێ” بوون پێیان گوتراوە کە شەڕ ساز بووە و کەسەکان شەهید و دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەکە دەڵێ: “هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشە بۆ سەر ئەو دوو کەسە، گوردانێکی ڕژیم بە ناوی گوردانی تەکاوەری شەبستەر لە دەورووبەری “باژاڕ” لە کەمین و بۆسەری ئەو هێزەی حدک بە فەرماندەیی خدر بەگ کەوتوون بەڵام هیچ شەڕێک ڕووی نەداوە.”

بەپێی وتەکانی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، “هێزی زەربەتی ئیتلاعاتی سیاسی بە فەرماندەیی “خالید شاگووپ”، لەم هێرشە بۆ سەر پێشمەرگە و ئەندامی حدک بەشداریان کردووە و گوردانی نەبیی ئەکرەم و گوردانی حەمزەش لەگەڵ بووە.”

لە کاتی هێرشەکەدا، دوو پێشمەرگەکەی حدک، لە ناو بینایەکدا کە کارێزێک بووە و هیچ ڕێگای دەرباز بوونی نەبووە، بوون کە لە کاتژمێر 8ی ئێوارەوە لە ژێر چاوەدێریی هێزەکانی ڕژیم دابوون و کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی هێرشیان کراوەتە سەر و لە کاتێکدا کە بە نیازی خۆ ڕادەست کردن بوون، شەهید کراون و یەک کەسیش بریندارە.

ناو شەهیدەکان بریتیە لە: ئیبراهیم عەزیزنەژاد، پێشمەرگەی حدک، عەلی بایزیدپەروەر، پێشمەرگەی ناوخۆ (ئەندام).

پێشمەرگەیەکیش بە ناوی مێهران ئەحمەدیان، کوڕی قوربان، گوللەی وە دەستی کەوتووە و زامدارە و لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت لە ژێر چاوەدێریی هێزەکانی ڕژیم دایە.

وێنەی شەهیدەکان وەگیراو لە فەیسبووک، و لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری ئەم نەمرانە دەکەین و روحیان شاد بێ .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی