"an independent online kurdish website

یەکەم: Solidaritätszuschlag…((Soli))

زۆلی ئەڵمانیا چییە؟.

   پشتیوانی و ھاوکاریی زیادە، لەسەر باجی داھات و باجی کۆمپانیاکان ناسراو و کورتکراوە بە ( زۆلی)
بڕیارێکی حکومەتی ئەڵمانییەیە بۆ زیادکردنی باج لەسەر ھاوڵاتییەکانی،کە لەساڵی ١٩٩١ دا داوێتی. واتە دوای ڕووخانی دیوارەکەی بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا.

ئامانجی سەرەکی لەم بڕیارە، گوایە بۆ ھاوکاری جەنگی کەنداوی دووەم و کۆمەکی وڵاتانی رۆژھەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپای رۆژھەڵات و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیایە. بڕیار بوو بۆ ساڵێک ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێ. بەڵام ھەر بەردەوام بوو، تا لەساڵی ١٩٩٥ دا بە تەواوی بەناوی کۆمەک و ھاوکاریی ـ خەرجی و ئەرکی ـ ((یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا)) تا ئێستا درێژەی کێشاوە. بڕەکەش بە 5,5% بووە لە داھاتی مووچەخۆر و کارخانەکان. ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە، ھەوڵێک ھەیە بۆ نەھێشتنی ئەم ئەرکە لەسەر ھاوڵاتی و کارخانەکان. ئەوەبوو حکومەتی ئەڵمانی لەم ڕۆژانەدا رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە ساڵی 2021 دا ، ئەو باجە لەسەر بەشێک لەخەڵک نەمێنێت. ئەوانەی رەبەنن و ساڵانە لە 74,000 ھەزار یۆرۆ کەمتر پەیدا دەکەن و ئەوانەی خاوەن خێزانن لەساڵێکدا 152,000€ کەمترە داھاتیان.  بەڵام ئەوانی دیکە دەبێت بەردەوام ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن و زۆلی بدەن.

ئەوەی من حەزدەکەم ئاماژەی پێ بدەم، دیوێکی تری ئەم ئەزموونەی ئەڵمانە .ھاوڵاتی ئەڵمانی سەرباری دەوڵەمەندی دەوڵەتەکەی، 28 ساڵە ھاوشانی یەکتر لە پرۆسەیەکی گرنگی نەتەوەییدا ھاوکارە ،بێ ئەوەی ھاتوھاوارێکی ھێندە ناساز بکات،تەنانەت دراوسێکەشی ھەستی پێ بکات . بەدرێژایی ساڵانی دوای روخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا، 5- 6 جار ڕێکەوتی خەڵکم کردووە ، بەجۆرێک لە جۆرەکان داد و بێدادی بوو بێت، لەدەست یەکگرتنەوە و سەختبوونی ژیانیان… ھەموو قسە و ھەڵوێستی ئەوانەش بریتی بووە لە « بریا دیوارەکە نەڕووخایە» « ھەق بوو چەند چینێکی تر لە دیوارەکە بنێن، تا بەرزتر بوایەتەوە» یاخود بێزاری ڕۆژئاواییەکان،لەدەست بێچاوڕوویی رۆژھەڵاتییەکان لەھەڵسوکەوتی ئوتومبێل ھاژووتندا،بۆتە جێی نیگەرانی کەسانێکی زۆر. بەم جۆرە ئاو بهێنە و دەستی خۆت بشۆ. 

کەواتە ئەم خورتە و بۆڵەیە کە شتێکی ئاساییە ھەیە، لێ لەوە گرنگتر و جێی سەرنج ، ئەوەیە حیزبە ئەڵمانییەکان ئەم دیاردەیە کە هەیە نەیانکردۆتە/ نەیانکردە ئامانجی سیاسی و بۆ مەرامی خۆیان و پەکی حکومەت و کاروباری فەرمی ھاوڵاتیان و خوێندنییان پێ نەکردووە. هەمیشە ھەر بە ئاوات و مەبەستی ئەوە بوون ، تەواوی حاڵەتەکە دووری سیاسی وەرنەگرێت و تا بێت پرۆسەی یەکگرتنەوە و تێکەڵاوبوونی هەردوو سیستەمەکە سەرکەوتووانە بە ترۆپک بگات. شایانی ئاماژە پێدانە،هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا لە دوو بلۆکی سیستەم تەواو جیاواز و دژ بەیەکدا بوون. ـ سەرمایەداری ڕۆژئاوا و سۆسیالیستی ڕۆژهەڵات.

ئەوانەی ئەڵمانیایان دیوە بەتایبەت بەرلین شارەزان ، دەزانن کە دوای یەکگرتنەوە چ شتێک بنیات نراوە و چۆن بەشە رۆژھەڵاتییەکەی لەشارێکی تازەی مۆدێرن دەچێت..

لە کاتێکدا گەر وێنەی کۆبانی و حەڵەب بھێنینە بەرچاومان، لە شەڕدا چییان بەسەر ھات ، ئەوە بەرلین سەدقات وێرانتر بوو..بەم شێوەیە، حکومەت و میللەت ھاوکار بوون بۆ بیناکردنەوەی وڵاتێکی داڕزاوی سەردەمی بلۆکی سۆسیالیستی رۆژھەڵات ، کە ئێستا لە جیھان دا، بەھێزترین وڵات ئەژمار دەکرێ.
شایانی ئاماژە پێدانە، ئەوکاتەش ئەڵمانیا ئابووری بەھێز بوو. ڕێژەی بێکاری کەم بوو. نزیکەی ئیشکەری 82 ھەشتا و دوو ملیۆن دانیشتوان باجیان دەدا بە کۆمپانیایانەوە …

کەچی لەوڵاتی دواکەتوو و بارگاوی بە ئەگێندای دەرەکی ئێمەدا و لە ئاکامی نەبوونی پرۆژەی نەتەوەیی و سیاسەتێکی روون و ئاشکرا، دیمان لە قۆناغە سەختەکان دا. باشتر بڵێم ساتە قەیراناوییەکان دا، چۆن ھەوڵی ئەوە درا پرسی مووچە جێی دۆزی نەتەوەی کورد بگرێتەوە. پەنا بۆ داگیرکەرو دوژمن برا و کێشە گەوھەرییەکە لە بەھا و سەنگی کەم بۆوە…بەڕادەیەک حیزبە سیاسییەکان ئەم قەیرانەیان بۆ بەرژەوەندی تاکتیکی و رۆژانەی خۆیان قۆستەوە، کە دابەزینە ئاستێکی نزم و شێواوی و شپرزەییەکی زۆریان بۆ جەماوەر و خەڵک قووت کردەوە. لەم ڕێگایەشەوە زیان بە باری ئابوری و بازاڕ و سیستەمی خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییان گەیشت و ئاکامی دڵتەزێنی لێ کەوتەوە.

ئەمەش ئەزموونێکی تری گەلانی دنیا و بەتایبەت ئەڵمانیایە. بەهیوای بۆ سوود لێوەرگرتن، پەڕۆیەکی لێ دادڕین.

   ***

دووەم:

ژمارەی زۆری دانیشتوانی زەوی و مەترسییەکانی ژینگە:

بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان:(( زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لە جیھان دا، وەک

بەڵگەنامەیەک بەکار دەھێنرێت لەدژ ھەوڵەکانی ژینگەپارێزیی)). دروشمەکە دەڵێ: زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان لە وڵاتانی تازە پێشکەوتوودا، ھەموو ھەوڵەکانی وڵاتە پیشەسازییەکان تێک دەشکێنێ .

بەپێ ئاماری ناوبراو تا ساڵی 2100 ««12»» ملیارد مرۆڤ زیاد دەکات.. پسپۆڕان پێیان وایە، گەر بێت و ژمارەی دانیشتوان بەم شێوەیە زیاد بکات و نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵەوە، کارێکی مەترسییە… لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوان 10, زۆرینەی زیادبوونەکانیش لە ئەفەریقا بەتایبەت لە وڵاتانی:

: ‘Burundi,Kongo,madagasker,Jemen,Sierra leon,Chad,Malawi,Haiti,Niger,Sambia.
کە بەرھەمی co2 زۆر کەمە بوروندی ساڵانە تەنھا 0,027 co2 بەرھەم دێنێ. لەکاتێکدا ئەمەریکییەک دەبێتە ھۆکاری 541 ھێندە و رووسێک 454 گلەیی ئەوەیە ئەم وڵاتانە ھیچ بۆ ژینگە ناکەن و ئەنجام نادەن… بەواتایەکی تر 20 نەتەوە پیشەسازییەکە نزیکەی %80 co2 بەرھەم دێنن.. پسپۆڕان پێیان وایە ڕەنگە 10 ملیارد دانیشتوان باش بێت و بتوانن بە تەندروست بژین لەسەر گۆی زەوی…

سەرچاوە: دێر تاگە شپیگل

٢٨/٨/٢٠١٩

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی