ئێمه ده‌مانه‌وێت حكومه‌ته‌كه‌مان باش بێت، ڕێك له‌وانه‌ی سوید و دانیماڕك و هۆڵندا بچێت، هه‌رچیمان خراپ بوو هه‌ر زوو بۆمان چاك بكات، هه‌رچیمان پێویست بوو، ئه‌و وه‌ك دایكێكی به ئاگا، دركی بكات و نازمان هه‌ڵبگرێت. ڕۆژ ده‌بێته‌وه تا ئێواره، باس له‌وه ده‌كه‌ین كه حكومه‌ته‌كه‌مان خراپه و ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌و نایكات!
به‌ڵام، هه‌ر كه‌س كۆمه‌كی حكومه‌ت بكات، پێی ده‌ڵێین خۆفرۆش، ئه‌وه‌ی بیه‌وێت نزیك بێته‌وه له پیاوانی حكومه‌ت، پێی ده‌ڵێین جاش، كه‌سی باش و خوێنه‌وارمان، نابێت له حكومه‌ت و ڕژێمه سیاسییه‌كه نزیك ببنه‌وه، هه‌میشه ئه‌و شاعیرانه‌مان خۆش ده‌وێت كه پشت ده‌كه‌نه ده‌سه‌ڵات، ئه‌و گۆرانیبێژانه‌مان خۆش ده‌وێت كه له داخی ده‌سه‌ڵات (گڵۆپی زیاده داده‌گیرسێنن) تا حكومه‌ت شكست بهێنێت و بڕوخێت! ئه‌و گه‌نجانه‌مان پێ پاڵه‌وانه كه هه‌موو كات و ساتێك ئاماده‌ن چه‌ك له دژی حكومه‌ت هه‌ڵبگرن.
نووسه‌ره‌كانمان ده‌بێت دژی حكومه‌ت بن جا باشن له لامان، هونه‌رمه‌نده‌كان ده‌بێت یاخی بن جا پێمان باشن، ڕۆژنامه‌نووسه‌كان ده‌بێت له كویا بۆیان كرا به دژی حكومه‌ت قسه بكه‌ن و بنووسن ئه‌وجا باشن! ئێمه ده‌مانه‌وێت حكومه‌ت باش بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سی باشیش بۆی هه‌بێت بچێته‌ناوی. ده‌بێت حكومه‌ت باشه بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بۆی هه‌بێت ڕێنمایی بكات، جارێكی تریش وتوومه، ئێمه حه‌زمان له حكومه‌تی سویدی و نه‌رویژی و فنلاندییه، ده‌مانه‌وێت نیزام سۆشیال بێت، دیموكراسی له ترۆپكا بێت، ئازادی قسه و هه‌را و قه‌ره‌باڵه‌غیمان هه‌بێت، ده‌مانه‌وێت سینه‌مامان باش بێت، مۆسیقامان باش بێت، ئه‌ده‌بیات و میدیامان باش بێت، كه‌چی ده‌بێت هه‌موو ئه‌م باشسازی و باشكارییه، خه‌ڵكانی تر بیكه‌ن و خۆمان نا، ئه‌وه‌ی ئێمه حه‌زمان لێیه‌تی سیستمی وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌نافیایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت ڕێك هه‌مان سیستمی قه‌ته‌ری و ئیماراتی و سعودییه.
ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌ی به‌رزت هه‌بوو، بیخه‌ره خزمه‌تی ڕووخاندنی حكومه‌ته‌وه جا به خزمه‌ت بۆت حیساب ده‌كه‌ین، په‌نابه‌ره‌كانی دنیا، له وڵاتان، ده‌خوێنن و لۆبی بۆ وڵاته‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ش ده‌چنه سه‌ر نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت و ئاڵاكه‌ی داده‌گرن. وڵاتان جه‌ژن ده‌گێڕن كه هاوڵاتییه‌كیان له وڵاتێكی تر شوناسنامه وه‌رده‌گرێت و ده‌بێته به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستی باڵا، ئێمه‌ش په‌رله‌مانتارێكمان له یه‌كێك له‌و وڵاته ئه‌وروپییانه‌ی ئه‌سكه‌نده‌نافیا هه‌بوو، هاتبووه به‌ر سه‌را و خۆپیشاندانی ده‌كرد و وتاری ئاگرینی ده‌دا بۆ ڕووخانی حكومه‌تی هه‌رێم!
ده‌یان نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و كه‌سایه‌تی ده‌ناسم، له ترسی ئه‌وه‌ی پێی نه‌ڵێن بووه به پارتی، حه‌قی پێیه و نایڵێت، ڕاستی لایه و نایڵێت، پزیشكێكی سایكۆلۆژی ده‌ناسم، له ترسی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به پارتی بوون تاوانباری نه‌كه‌ن، ده‌توانێت ڕێنمایی باشی حكومه‌ت بكات و نایكات، ئه‌ندازیار ده‌ناسم ده‌توانێت هه‌ڵه‌یه‌كی حكومه‌ت له پڕۆژه‌یه‌كدا ڕاست بكاته‌وه و نایكات، مه‌لا ده‌ناسم ده‌توانێت وا بكات ئاو به فیڕۆ نه‌درێت، كاره‌با به فیڕۆ نه‌درێت، كه‌چی واناكات، هه‌وڵ ده‌دات خه‌ڵك زیاتر هان بدات تا زووتر ئه‌م حكومه‌ته بڕووخێنن.
هه‌مووی پێی وایه ئه‌م حكومه‌ته گوێزه، هه‌تا نه‌یشكێنیت كاكڵه‌كه‌ی ده‌رناكه‌وێت، هه‌ر ئێستا داوای خۆبه‌خش بكه تا بێن وه‌زاره‌تێكت له‌گه‌ڵ نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه، كه‌س نایه‌ت، به‌س داوا بكه خه‌ڵك بێن چوار وه‌زاره‌ت بڕووخێنن، بیسووتێنن، ده‌بێته قیامه‌ت، هه‌موو كه‌س دێت، ده‌بێت ئه‌م حه‌زه له مرۆڤی كورددا نه‌هێڵرێت، حكومه‌تی باش به خه‌ڵكی باش و پڕۆژه‌ی باش و بیركه‌ی باشی تۆ دروست ده‌بێت، تۆ كه له هیچ كه‌سێكی قه‌بووڵ ناكه‌یت شتێك چاك بكات، ده‌ی ئیتر من به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك زه‌ڕڕه حیسابت بۆ بكه‌م، ئاو ده‌كه‌مه ئاشی مه‌سرور بارزانییه‌وه، تۆش بیكه‌ره ئاشی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه!
سەرچاوە: کوردستان 24