بریتانیا وه‌کو ده‌عبای زیره‌کی لێهاتووه و به دندوکه‌وه پێوه بووه. وڵاتێک که ناسراوه به رامیاری و وریایی سیاسی له ئاستی جیهاندا، ئێستا ماوه‌یه‌که حکومه‌ت و پارله‌مان و بیر‌ورا گشتیه‌که‌ی هه‌موو گیرۆده‌ی کێشه‌ی برێگزیت یا بڕیاری هاتنه‌ده‌ر له یه‌کێتی ئه‌وروپا بووه.
تاکوو ئێستا دوو سه‌رۆک وه‌زیران کورسیه‌که‌یان له سه‌ر برێگزیت داناوه و سه‌یر نییه له رۆژانی داهاتوودا سێهه‌م سه‌رۆک وه‌زیرانیش هه‌ر ئه‌م په‌نده‌ی به سه‌ر بێ. له‌م وتاره‌دا سه‌ره‌تا ئاوڕێک له هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م کێشه‌یه ده‌درێته‌وه و دواتر ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی که ره‌نگه له داهاتوودا به ده‌ردی کوردستان به گشتی و باشووری کوردستان به تایبه‌تی بخوا شیده‌کرێنه‌وه.
کاتێک ده‌یڤید کامێرۆن، سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوتری بریتانیا بڕیاریدا له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی 2015ـی خۆیدا به‌ڵێنی رێفراندۆمێک بۆ هاتنه‌ده‌ر له یه‌کێتیی ئه‌وروپا بدا نه ته‌نیا حیسابی ئه‌م رۆژانه‌ی نه‌کردبوو، به‌ڵکوو پشت ئه‌ستوور بوو به راپرسیه‌کی نهێنی که ده‌یگوت خه‌ڵکی بریتانیا ده‌نگی ‘نه’ به‌م رێفراندۆمه ده‌ده‌ن. له راستی دا پێیوابوو به‌م رێکلامه، هه‌م دڵی لایه‌نگرانی هاتنه‌ده‌ری خۆش ده‌کا و ده‌نگی ئه‌وان بۆ حزبی پارێزگاران راده‌کێشا هه‌م بریتانیاش له یه‌کێتیی ئه‌وروپا دا ده‌مایه‌وه. پێنج ساڵ پێشتره‌که‌ی ئه‌زمونێکی سه‌رکه‌وتووی له‌م بواره‌دا هه‌بوو. له هه‌ڵبژاردنی 2010 دا به‌ڵێنی به‌رێوه‌بردنی رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی سکۆتله‌ندی دابوو که هه‌م ده‌نگی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی تا راده‌یه‌ک بۆ لای خۆی راکێشا و پێی بوو به سه‌رۆک وه‌زیر، هه‌م رێفراندۆمه‌که‌ش ده‌نگی نه‌هێنا. به‌ڵام ئه‌م رووداوه له رێفراندۆمی هاتنه‌ده‌ر له یه‌کێتیی ئه‌وروپادا دووباره نه‌بۆوه. راپرسیه‌که هه‌ڵه ده‌رچوو. هه‌ر بۆیه له سبه‌ینێی رێفراندۆمه‌که‌دا کامێرۆن وازی له پۆستی خۆی هێنا. تێرێزا مه‌ی یش هه‌ر وای لێ به‌سه‌رهات. پێی وابوو رێگایه‌کی بێ قڕه‌ی بۆ ده‌دۆزرێته‌وه که هه‌م له یه‌کێتیی ئه‌وروپا بێته ده‌رێ و هه‌م خاڵه باشه‌کانی مانه‌وه له‌م بازاڕه یه‌کگرتووه‌ی بۆ بریتانیا بپارێزێ. واته زیادی له سه‌ر زیره‌کی خۆی و وڵاته‌که‌ی حیسابی کردبوو. ئه‌وه‌ش وه‌دینه‌هات و بروکسێل کۆڵی نه‌دا. وه‌ها مه‌رجی قورسی بۆ هاتنه‌ده‌ر دانا، که رێگای پاشگه‌زبوونه‌وه‌شی له له‌نده‌ن داخست.
به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی که بچینه سه‌ر وانه‌کانی برێگزیت بۆ کوردستان با بزانین له بنه‌ره‌تدا بۆ بریتانیا له یه‌کێتیی ئه‌وروپادا نه‌حاواوه و بۆ ئێستا هاتنه ده‌ره‌که‌ی ئه‌وها کێشه‌ی لێ ساز بووه. له راستیدا بریتانیا هیچکات به ته‌واوی نه‌چوو بۆ یه‌کێتیی ئه‌وروپا تا ئێستا باسی هاتنه ده‌ره‌که‌ی بکه‌ین. هیچکات بڕیاری دراوی هاوبه‌شی ئه‌وروپی واته یۆرۆی قبووڵ نه‌کرد. هیچکات بڕیاری لابردنی سنووره‌کان و ڤیزای شینگن و کرانه‌وه‌ی ده‌روازه‌کانی قبووڵ نه‌کرد. ته‌نانه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه بوو به ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپی، به‌ڵام سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شی زیاتر له ئه‌مریکا نزیک بوو هه‌تا له ئه‌وروپا. به‌شێک له کێشه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاکانی نه‌وه‌ده‌کان که بناغه‌ی پاره‌ی هاوبه‌ش و په‌له‌مانی هاوبه‌ش دامه‌زرا و بریتانیا زۆر به ته‌ئخیره‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م بریارانه که‌وت. کاتێک له سه‌رده‌می بلێر دا بریتانیا خۆی به ئه‌وروپایی ناساند تازه دره‌نگ ببوو. ده‌یان و سه‌دان بریاری بچووک و گه‌ووره له یه‌کێتیی ئه‌وروپادا په‌سه‌ند کرابوو که بریتانیا له پرۆسه‌ی باس و مناقشه‌کانی دا به‌شدار نه‌ببوو. کاتی ئه‌ندام بوونی قورسایی ده‌یان بریاری که‌وته سه‌ر شانی که هیچ رۆڵێکی له دارشتنه‌کانی دا نه‌بوو، هێندێکیانی که تا سه‌ر هه‌ر په‌سه‌ند نه‌کرد که له سه‌رێ دا ئاماژه‌ی پێ کرا ئه‌وانی دیکه‌شی به ناچاری و به نیوه چڵی په‌سه‌ند کرد.
که واته بریتانیا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به دوو دڵی و به دردونگی هاته ناو ئه‌و یه‌کێتییه. هۆکاره‌که‌شی بۆ رابردووی پێوه‌ندی نێوان ئه‌م وڵاته و باقی وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌گه‌رێته‌وه. بریتانیا هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌وه هێزی یه‌که‌می ئه‌وروپا – و بۆ ماوه‌یه‌کی زۆریش هێزی یه‌که‌می جیهان- بوو. هه‌میشه هێژمونی به سه‌ر ئه‌م وڵاتانه‌وه هه‌بوو. هه‌رکاتێکیش هه‌ستی کرد ئه‌م سه‌روه‌رییه تێکده‌چێ به شه‌ڕێک یا به گێچه‌ڵێک هێژمونی خۆی پاراست. زۆر که‌س پێیان وایه هۆکاری سه‌ره‌کی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئاڵوگۆره سیاسی و ئابوریانه‌ی که له كۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م روویدا، کاتێک که وڵاتی تازه دامه‌زراوی ئه‌ڵمانیا ورده ورده پله‌ی یه‌که‌می ئابووری جیهان به تایبه‌ت پله‌ی یه‌که‌می پیشه‌سازی جیهانی له بریتانیا وه‌رگرت و جێی پێ لێژ کرد، ساڵی 1914 ئابوری ئه‌ڵمانیا وه‌پێش ئابووری بریتانیا که‌وت و خێرا ئاگری شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا. له شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیشدا چێرچیل زیاتر له‌وه‌ی که خه‌می له ناوچوونی فاشیزم بخوات، خه‌ریکی پلانی دابه‌شکردنی ئه‌ڵمانیا بوو. ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ستالین و رۆزڤێڵت فریای نه‌كه‌وتبان بریتانیا ئه‌ڵمانیای ده‌كرد به 5 پارچه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ت نه‌بێته‌وه هێزێکی ئابووری. له راستی دا نیو سه‌ده دواتریش، کاتێک له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا ئه‌ڵمانیای رۆژئاوا و ئه‌ڵمانیای رۆژهه‌ڵات یه‌کیان گرته‌وه تاچێر سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌وکاتی بریتانیا و هاوحزبیه‌که‌ی چێرچیڵ زۆر په‌ریشان بوو. حه‌قیشی بوو. ده ساڵی تێوه‌ر نه‌سووڕا ئه‌ڵمانیای یه‌کگرتوو بوو به یه‌که‌م ئابووری ئه‌وروپا. ئه‌و ململانێ ئابورییه له په‌نای پێشبرکێی مێژوویی بریتانیا و فه‌ره‌نسا له سه‌ر کۆلۆنیالیسم و سیاسه‌ت و زمان و کولتوردا وایکرد هیچكات بریتانیا توانای هه‌ڵکردن و هاوپه‌یمانیه‌کی راسته‌قینه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو زلهێزه‌ی ئه‌وروپایی نه‌بێ. خۆ به زڵزانی بریتانییه‌کان نه‌یهێشت یه‌که‌م ئه‌زموونی سه‌رکه‌وتووی سنورلابردن، زۆر سه‌رکه‌وتوو بێ.
به‌ڵام بریگزیت دوو وانه‌ی بۆ کورد و به تایبه‌تی بۆ کوردی باشوور هه‌یه. وانه‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که هاوپه‌یمانی یا ده‌بێ به ته‌واوی هه‌موو بواره‌کان بگرێته‌وه، ستراتیژیی و بناغه‌یی و درێژخایه‌ن بێ، یا جیابوونه‌وه ده‌بێ به بێ ماره‌یی و پاره و به‌ڵێن بێ و ره‌زامه‌ندی لایه‌نێک بۆ جیابوونه‌وه کافی بێ. واته نابێ هیچ به‌ڵێنێک ئیمزا بکرێ بۆ مانه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایی که دوایی کێشه‌ی ئاوای لێ بکه‌وێته‌وه. کاتێکیش بڕیاری هاوپه‌یمانی ده‌درێ نابێ لێی له فێڵ بی و خۆتی له سه‌ر یه‌کلا نه‌که‌یه‌وه. که واته ئێستا له پێوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی هه‌یه ده‌بێ به راستی بیر له هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌کان بکرێته‌وه و پلان و ستراتیژی قووڵی هاوبه‌شیان هه‌بێ. هاوکات نابێ مل بدرێته هیچ بڕیارێک که دواتر وا‌بکات له نێوان مانه‌وه و جیابوونه‌وه دا بمێنییه‌وه و بڕیار نه‌درێ. دروسته‌که‌ی ئه‌وه‌یه که تا ئه‌وه‌ندی که هه‌ی، به ته‌واوی ده‌گه‌ل بی و وای دابنێی که بۆ هه‌میشه‌یه، رۆژێکیش که بریاری جیابوونه‌وه بدرێ، ده‌بی خه‌یاڵت ئاسوده بێ که هێچ لاپه‌ره‌یه‌کت واژوو نه‌کردوه که ناچار بیت بیست ساڵ و سی ساڵ دواتریش هه‌ر باجی بۆ بده‌ی.
وانه‌ی دووه‌م ده‌بێ له سکۆتله‌ندیه‌کانی بریتانیا فێر بین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: به ته‌واوی له‌گه‌ڵ یه‌ک بوون و هاوپه‌یمانی درێژخایه‌ن بوون نابێ له سه‌ر ئه‌ساسی له ژێر پێنانی بایه‌خه‌کان بێ. بایه‌خێک که سکۆتله‌ندییه‌کان له سه‌ری سوور بوون بایه‌خی ئه‌وروپایی بوون بوو. واته بناغه‌ی هاوپه‌یمانی له‌نده‌ن و ئیدینبۆرۆ له سه‌ر ئه‌م کوولتور و بایه‌خه دامه‌زرابوو که پێکه‌وه به‌شێک بن له کۆمه‌ڵگای ئه‌وروپی. ئێستا سکۆتله‌ندیه‌کان له ئه‌گه‌ری جیابوونه‌وه‌ی له‌نده‌ن دا بۆیان هه‌یه بلێن ئێمه چی دیکه له‌گه‌ڵ بریتانیا نابین و له ئه‌وروپا جیا نابینه‌وه، به‌ڵکوو وه‌کوو وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ په‌یوه‌ست به یه‌کێتی ئه‌وروپا ده‌بینه‌وه. هاوپه‌یمانی هه‌ولێر و به‌غداش ده‌بێ له سه‌ر بایه‌خی دیموکرات بوون و سێکۆلار بوون و یه‌کسانی نه‌ته‌وه‌یی بێ. واته ئه‌گه‌ر سبه‌ی به‌غدا بۆ وێنه بڕیاریدا ببێته به‌شێک له هیلالی شیعی یا هیلالی سوننه یا جیهانی عه‌ره‌ب. یا بیه‌وێ دیموکراسی په‌رله‌مانی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، یا سیستمی فیدراڵی و یه‌کسانی نه‌ته‌وه‌یی له ژێر پێ بنێ. ئۆتوماتیک و به بێ یه‌ک و دوو و به‌بێ هیچ ئه‌گه‌ر و ئه‌ممایه‌ک پێوه‌ندی به‌غدا و هه‌ولێر کۆتایی بێ و کوردستان وه‌کوو وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ تێکه‌ل به کۆمه‌ڵگای دیموکراتیکی جیهانی بێته‌وه.
سەرچاوە: کوردستان 24