"an independent online kurdish website

شەو شیرکەتی کانادادرای ئۆرمیە سووتێندرا کە جگەلە فابریکا و سەدان کەپسوول گاز بۆ دروست کردنی نووشابە و سەدان ماتۆر ودام و دەزگای پێشکەوتووی شیرکەتەکە، ٥٩ ماشینیشی تێدا بوو.


شیرکەتەکە لە نێو شاری ئۆرمیە و لە سەرەوەی جادەی سنتۆ و لە سەر جادەی ئەسڵیی ئۆرمیە. شنۆ هەڵکەوتووە و سووتاندنەکەی هیندە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو تا موجاهیدین گوتیان ئێمە کردوومانە.

ساڵی ١٣٥٩ حیزب سووتاندبووی، دوای ١٠ ساڵ دیسان نووژەن کرا و لە ساڵی ٦٩ کەوتە کار. ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٣٧١ دیسان سووتێندرا کە ئەوکات دەوڵەت گوتی: زیانی ٩٠٠ میلیۆن تمەنە.

دوای عەمەڵیاتەکە و فیلم هەڵگرتنی هەموو داستانەکەی، بۆ بەیانی گەیشتینەوە گەلی خان و(گەلی قاسملوو) بریندارێکی سووکیشمان هەبوو( پێشمەرگەی قارەمان فەرهاد پیسپایی) کە هەر بە نارنجۆکی پێشمەرگەکان بریندار ببوو. هەوا زۆر سارد بوو، جارێ تاو هەڵنەهاتبوو. کاک عەلی چکۆل کە ئەو سالە دوکتۆری ئێمە بوو، لەگەل کاک کەشفەدین ڕادی (ڕووحی شاد) کە ئەویش کادری دەرمانیی پەل بوو، برینەکانی فەرهادیان پێچا و منیش لەلایان دانیشتبووم.

ئەوان تەواو بوون و لە سەرمان خەومان لێ نەکەوت. ناجی فەقیپوور و تیمێک دیدەبان بوون و ناجیش لەو بەرپرسە نیزامیانە بوو کە مرۆڤ بە بوونی ئەو لە بوونی خۆی دڵنیا دەبوو. کاک هەمزە وکاک رۆستەم و کاک تاهیر سۆفی کە وەک بەرپرسی گشتی لای ئێمە بوون ئەوان لەگەل ژمارەیەک لە هاوڕێیان داگەڕانە نێو خودی گەلیی خانێ سەر ئاوەکە. پێشمەرگەکانی دیکەش بە بەرقەدی شاخەوەکەوە خەریکی ئیستراحەت بوون.

منیش ئەوکات فەرماندەری لکی ٢ی هێزی ئاگری بووم و کەمێکیش بە حوکمی جەوانی ماجەراجوو بووم. کە خەوم نەدەهات گوتم کێ لەگەلم دێ برۆین ” فیتنە “یەک ساز کەین؟ مەبەستم ئەوە بوو شەڕێک ساز کەین.سەدیق دەروێشی کادری کۆمیتەی ئۆرمیە گوتی من دێم. سەراجەدین جاجۆیی ڕووحی شاد ئەویش جێگری پەل بوو لە لکەکەی خۆمان گوتی منیش دێم. بێهروز خەلیلی گوتی منیش دێم. سەیفەدین عەرەب پوور کە زۆر لە مێژە نەبوو پێشمەرگە بوو و بی کەیسی لە لای بوو، داوام لێکرد کە ئەویش بێت.

کەمێک چووینەوە سەرووتر دیتم دووربین مان لە بیر چووتەوە و بە بێسم گوتم با کەسێک دووربینمان بۆ بێنێ کە کاک شەریف عوسمانی، پێشمەرگەی ڕووح سووکی لە سەر دڵان دووربینەکەی بۆ هێناین.

چووینە سەر تەپکە و نیزیک کانیی” تێلی بلاغ ” کە پاسگایەکی ئەرتەشی سووری سەردەمی شەری دووهەمی جیهانی یە و بەداخەوە باقی بەهادران فەرماندەری بەناو بانگی هێزی پێشمەرگە سالی ٦٤ لەوێ شەهید ببوو. ماوەیەک دانیشتین و ناجی گوتی تیمێک پاسدار ئەوە لە لای حەسار و کانی سپی ڕا جووڵەیان بەرەو لای ئێمەیە. کە تەماشامان کرد دوای ماوەیەک ئەوان چوونەوە لای گوند وکاک هەمزە بە بێسم زەنگی بۆ دام و گوتی وەرە خوار با تەنیا ناجی و تیمەکەی لەوێ بن.

ئێمە هاتینەوە تەقریبەن ٢٠٠ میترێک دوور کەوتینەوە لە شوێنەکەمان کە هەلیکۆپتێرێک زۆر بەرز بە سەر ناوچەکە دا دەرباس بوو و ئێمە خۆمان شاردەوە تا دەرباس بێ.کە ئەو چوو ئێمەش دادەگەراین بۆ لای هاوڕێیان کەلە ناوەراست گەلی بوون.

بێسیمم کوژاندبووە. بهرووزم لەگەل بوو ، گوتی کاووس ئەوە ناجی بەدەست ڕاوەشاندن شتێک دەڵێ. کە بێسیمم کردەوە ناجی بە پێکەنینەوە گوتی : ئەوە سەنگەرەکەتان تەحوێلی گرووه زەربەت دەدەن؟ گوتمان بۆ: گوتی بگەڕێنەوە بە خوا ئەوە تیمێکی ١١ کەسی راست دێنە شوێنەکەی ئێوە.

گەڕاینەوە دیتمان ئەوان نیزیک بوون لە سەنگەرەکەمان. بە هەرحاڵ ئەوان هاتن و کەوتنە ١٠ بۆ ١٥ میتریی ئێمە ولێمان دان ٢ کەسی یان نیجاتیان بوو و ئەو ٩ کەسەکەی تریش ئێوەخۆش.

کە نەفەرەکانی ئەوەڵم دابەش کردبوون، یەکیانم بۆ بهرووز دانابوو و بە شۆخی گوتم بێهرووز نەیکوژی دەتکوژم! گوتی نیگەران مەبە ها فڵانیت لە بیرە؟ دیاربوو ئەوجار بێهروز دیقەتی نەکردبوو و نەفەرەکەی خۆی نەپێکابوو . دواتر دەرکەوت کە ئەو سەربازە یەکێک لە گەنجانی بنەماڵەی من بوو و چەند ڕۆژێک سەربازیەکەی مابووە و بێهرووز نەیپێکابوو.

هیندەی پێ نەچوو سێ پێشمەرگەی قارەمانی دیکەش هاتنەوە کە کاک محمد تاهیر ئەمینی و کاک مستەفا حەسەن پوور و کاک زینال محمدی بوون(بەداخەوە کاک زینال ٣ ساڵ دواتر هەرلەوێ شەهید بوو. یادی بەخێر) و پێکەوە کۆتاییمان بە شەرەکە هێنا و لە پشت گوندی کانی سپی ڕا بە تفەنگی ١٠٦ زۆر بەخستی دایانگرتبووین و یەکیان لە نیزیک ئێمە کەوت گوێی من کپ بوون و هیچم گوێ لێ نەدەبوو. بێسیمەکەم دا بە بێهرووز و گوتم وڵام بدەوە. هاوڕێیان وایان زانیبوو بەڵکوو زەربەم خواردووە .

کە گەیشتینەوە لای هاوڕێیان، تیمەکەی ئێمە چووینە لای کاک تاهیر سۆفی وتیمەکەی کە چایان لێنا بوو. شوێنەکە ڕاست بەردەرکی ئەشکەوتە گەورەکە بوو لە ناوەڕاستی گەلیی خانێ. دەنگی ئاو زۆر بوو، نەمان زانی کە هەلیکۆپتێر دێت، هەر ئەوندەمان زانی هەلیکۆپتێر دەرکەوت و بە راکێت ڕاست لە ناو ئاوەکەی دا و هەموومان هەلاتینە ئەشکەوتەکە، بەڵام کتری و قەند و شتەم بە جێ نەهێشت و هێنام. لە ئەشکەوتەکە دا چایەکەمان خوارد و هەلیکۆپتێریش هەر بەردەوام دەیکوتاین و جێگامان ئەمن بوو.

ئەو وەزعە تا ئێوارەیەکی درەنگ درێژەی هەبوو. ئەوەی لە بیرم بێ کاک محمد حقدار وکاک ئەحمە دپیری هیندێک پڕشکی ڕاکێتیان وەبەر کەوتبوو کە زۆر سووک بوون.

دەبا ناوچەکە بە جێ بێڵێن و دەرباس بینەوە ئەوبەری مەڕگەوەڕ کە پڕ کرابوو لە هێزی زیادی. هەموو هەوڵیشیان ئەوەبوو کە تۆڵەمان لێ بکەنەوە کە لە ناو شاری ئۆرمیە عەمەڵیاتمان کردبوو.

دانیشتین و کۆبوونەوەیەکمان کرد و من وەک بەرپرسی تیمی پێشڕەو دیاری کرام و کاک هەمزە گوتی چەند کەس پێشمەرگەی وریا و دەست هەڵ لەگەل خۆت بەرە و فاسیلەیەکی یەک کیلۆمەتریتان لەگەل باقی هێز هەبێ و بێسیمەکەتان کراوە بێ. ئەوساڵە فەرماندەری قارەمان و لێهاتوومان کاک سەعید گوڵێ کادری کۆمیتە ی ئۆرمیە بوو و کاری نیزامیی نەدەکرد. گوتی من دەگەلیان دەبم. ئەوجار ئیدی دڵنیابووین کە تیمەکەمان باشترین کەسی شارەزای ناوچە وبە ئەزموونی هەیە.

ئەوەی لە بیرم بێ تیمەکە پێکهاتبوو لە: کاک سەعید، مستەفا، شەریف، مەجید ، بهرووز، سەدیق ، لوقمان فۆلادی ، س. عەبدولاهی و بەندەی موخلیستان.

بە وریایی یەوە گەیشتینەوە نێو ئاوایی ئاوایی شێرەکان و لامان دا سەعاتێک لەوێ بەپەلە نان و چایەک مان خوارد و هەر بەو شێوەیە درێژەمان دا تا گەیشتینەوە ئاوایی ٣ گرکان کەلە سەر جادەی ئەسڵی ئۆرمیە مەڕگەوەڕ هەڵکەوتووە و خەڵک دەیانزانی کە هێزێکی زۆری دوژمن ئەوە لە ناوچەیە و باوەڕیان نەدەکرد کە سەعات ١ی نیوە شەو پێشمەرگە بگاتە نێو ئەو گوندە..

کە واریدی ناو دێ بووین ، هاسان نەبوو خەڵك بوێری دەرگا بکاتەوە، مەگەر ئێمەیان ناسیباوە. تەنیا کەس لەگەل ئەو تیمەی ئێمە کاک سەعید بوو کە دەیانناسی. چووینە بەردەرگایەک کە دووکانیان هەبوو. کاک سەعید گوتی کاووس لە پەنجەرە بدە ، ئەگەر گوتیان چیە؟ بڵێ وەرە دووکان بکەوە و وادەزانێ گرووه زەربەتە و دێت دووکان دەکاتەوە، کە هاتە دەر دەمناسێ و بە وەسیلەی ئەو هەموو کووچە هەڵدەستێنین. هەر ڕاست وامان کرد. کابرا هاتە دەر وکاک سەعید خۆی پێ ناساند و ئەویش کاک سەعیدی ناسی و لەگەل ئەو کەوتینە کووچە و ٧، ٨ ماڵێكمان وشیار کردەوە .

کاک تاهیر سۆفی و چەند هاوڕێیەکی تریش گەیشتنەوە نێو دێ. چوومە لای ئەوان و خەریک بوون لە دەرگای ماڵێک بدەن تا لە خەو هەستێنن. هەر ئەوندە زانیمان لەو ماڵە دا بوو بە قاو و قیژ و هەموویان گوتیان دز هاتن! کابرایەکی گەنج یەک بە خۆ دەیقیڕاند دز هاتن، دز هاتن! کاک تاهیر سۆفی هەر بە گاڵتە ئەویش یەک بە خۆ هاواری دەکرد دز هاتن! خەڵک بە پیر و گەنج و ژن و پیاو هاتنە دەر تا فریایان کەون.

ئیدی باقی هێزەکەشمان گەیشتنەوە نێو دێ و خەڵک هەموو ئاگادار بوو کە ئەوە هێزی ئاگری یە نەک دز. ماڵیان ئاوەدان کارەکەیان هاسان کرد و خەڵک هەموو هەستایەوە.

بەڵام داستانی دزەکە چی بوو؟

نەڵێی ٣ ڕۆژ پێشتر چەند چەکدارێک لەو گوندە چوونەتە سەر ماڵێك و دزیی زۆریان لەو ماڵە کردووە و زێڕ و پارە و شتی ماڵەکەیان بردووە. ئەو ماڵەش کە کاک تاهیر و ئەوان لە دەرگایان دابوو، کوردی پەنابەری باشوور بوون. ئەوانیش کە زانیان پێشمەرگەین زۆر داوای لێبۆردنیان کرد . هەرچەند کارەکەیان هاسان کاری بوو بۆ ئێمە.

دەوروبەری ٢ سەعاتێک لەو گوندە ماینەوە و مانگ هەڵات و بوو بە مانگەشەوێکی رووناک. کاتێک لە گوند دەرکەوتین هەستمان کرد کە دەوروبەری ئاوایی چەکداری لێ یە واتە لە سەگ وەڕەکە دا دیار بوو، بۆیە بە دیقەتەوە لە ئاوایی دوورکەوتینەوە و تا گەیشتینەوە پەنا گوندی ئەورسی کە ئیدی دەکەوێتەوە بناری شاخە هەزار بە هەزارەکانی قولۆزەن و بەرەگەوران.

لە پەنا گوندی ئەورسی چەند دەقەیەک پشوومان دا و پایەگا دیار بوو ، نەمانتوانی سیگار بکێشین. لەو فاسیلەیە دا خەوم لێ کەوتبوو و هەواش سارد نەبوو کەلە خەو هەستم . هاوڕێیان چووبوونەوە و منیان بەجێ هێشتبوو. هەڵبەت سابیقە نەبوو من لە خەودا بمێنم .

بێسیمەکەم کراوەبوو و دەنگی بێسیم لێم دەبوو بە خەون. تاو لێیدام و لە گەرمان ڕاچەڵەکیم کە دیتم بێسیمەکەم کراوەیە و دەنگی هاوڕێیان دێ کە باسی هێزی دوژمن و نەفەر بەر دەکەن. گاڕانی گوندەکە لە نیزیک من دەرباس دەبوو بۆ شاخی پشتی گوند و پایەگا کەش دیار بوو ونیگەبان سەر خاک ڕێژی پایەگا وەستا بوو.هەرچۆنێک بوو لە پەنا گاڕانەکە خۆم دیدی پایەگا دەرباس کرد و گەیشتمەوە شیوی پشتی گوندەکە و لەگەل کاک هەمزە قسەم کرد. گوتی ئەوە بۆ بێسیمت داخستبوو؟ گوتم دامنەخستبوو و داستانەکەم بۆ باس کرد. گوتی لە شوێنی خەتەر دەرباس بووی یان نەفەرات بنێرم بۆ دەرباس کردنت؟ گوتم نە خۆم دەربا س بووم و ئەوە دێمە سەرەوە.

هاتمە لای هاوڕێیان زۆربەیان خەوتبوون و بەس کاک هەمزە و کاک تاهیر بەخەبەر بوون.کاک هەمزە گوتی کاووس زۆرم خەو دێت، ناجی دیدەبانە لەگەل تیمێک، تۆ لە تەماس دا بە تا سەعات ١١ و ئەوجار کاک محمد حەقدار هەستێنە با تەماس بگرێ. ناجی گوتی ئەوە هێزێکی زۆر بەرەو زێوە دەڕوا و نەفەر بەر و دۆشکە و چەکی قورسی پێ یە. ئەوان دەیانزانی کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی تێرۆر کراون، ئێمەنەمان دەزانی . ئەوە بو سەعاتی ١١ کاک محمدم لە خەو هەستاند و کیسەخەوەکەم کردەوە و٦٠، ٧٠ میترێک دوورتر لە هاوڕێان لە ژێر بەردێک دا خەوتم .

ئاگام لێ بوو کە لە پەنا سەرم کێشەی کەشفەدین و شەریف بوو. شەریف گوتی من پێی دەڵێم، کەشفەدین گوتی: نە ڕاوەستە کابرا لە خەوێدایە تۆ وای پێ بڵێێ هەر شێت دەبێ!

من وامزانی دوژمن هێرشی کردووە و گەمارۆ دراوین. سەرم لە کیسەخەو دەرنەهێنابوو گوتم: کەشفەدین بەخەبەرم چ بووە؟ کەشفەدین گوتی هەستەوە. کە هەستام و چاوم کردەوە گوتم بڵێ چ بووە؟ دووبارە کەشفەدین پرسیاری کرد بە خەبەری دا؟ گوتم دەی برا بڵێ چ بووە؟ کەشفەدین بە کوڵ گریا و بە حاڵە حاڵ لێی تێگەیشتم کە کاک دوکتۆر شەهید بوو؟ چوومە قەراغ ئاوەکە کاک ڕۆستەم دانیشتبوو فرمێسکەکانی دەسرێ یەوە و باقی هاوڕێیان گرووپ ،گرووپ دانیشتبوون دەگریان .

ئەوە بیستنی خەبەری جەرگ بڕی تێرۆری میکۆنووس و نوێبوونەوەی زامی ساڕێژ نەبووی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو و کاک عەبدولا بوو لە نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٧ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی . هەموومان بە گریانەوە کەوتینە ڕێگا بۆ لای مەڵبەند کەلە سەرچەلانی سنوور بوو. دیسان من و تیمێکی چەند کەسی وەک تیمی پێشڕەو بە فاسیلەی ٣، ٤ کیلۆمەترێك لە پێش هێزەکە دا دەچووین وئیحتیمالی ئەوە هەبوو هێزی ڕێژیم لە پایەگای سرتی خەلیل ڕا بێتەوە سەر ڕێگامان. ئێوارەکەی بە ڕێگاوە بووین تا نیوەشەو. لە سەرگەڕ هەم گومرکی ئێمە هەبوو هەم هی پ ک ک . لە ناو خاکی ڕۆژهەڵات دا بوون. کە من گەیشتم دیتم خەریکە شەڕ دەست پێدەکا. پ ک ک بەربینگیان بە هاوڕێیانمان گرتووە کە بۆچی لێرە دا دەرباس دەبن و ئێرە ناوچەی نیزامی یە؟ ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئەو ڕێگایە ڕۆژی وابوو ٢ هەزار کەس پێیدا دەڕۆیشت وبازاری سنووری بوو. ڕێگایەکی سەدان ساڵەیە و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

لێم پرسی ئێرە حكوومەتێکی تازە دروست بووە؟ گوتی بەڵێ ئێرە قوراڵی(ئووسولی سەربازی) عەسکەریمان هەیە و نابێ هیچ چەکدارێك لێرە را دەرباس بێ. خولاسە ئەوە رەفتاری ئەو جەماعەتە سەر لێشێواوە بوو لەو کاتە غەمبارە دا لە باتی هاودەردی و سەرەخۆشی، گێچەڵیان پێدەفرۆشتین. هەرچی کردیانە هەرا و هوریا، گوتمان ئێرە خاکی ڕۆژهەڵاتە و ڕۆژانە خوێنی بۆ دەڕێژین، دەستووریش لە تۆ وەرناگرین کە تەنانەت نازانێ ناوی ئەم نوقتەیە چیە. گوتی یەک قەدەم بڕۆن تەقە دەکەم. گوتمان ئەوە ڕۆیشتین تۆش تەقە بکە. کە دیتی جیدین ئەوجار شلی کرد و وازی هێنا.

گەیشتینەوە لای کاک مەحموود دەشتی و هاوڕێیان، نیوەڕۆکەی بەیانیەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمـۆکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تێرۆری میکۆنووس بڵاو بووە.

یادی کاک دوکتۆر سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی بەخێڕ

ڕێگای خەباتیان پڕ ڕێبوار

نەفرەت لە ڕەگەز پەرەستانی فارس

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی