"an independent online kurdish website

کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی۱۳٥۹ی هەتاوی دەورەیەکی سیاسی کادر لە دۆڵی خدرئاوێی ناوچەی سەردەشت بەڕێوە چوو ، مامۆستاکانی ئەم دەورەیە شەهیدی مەزن د.قاسملوو ، مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە و کاک قادر عەبدی بوون،


من و شەهیدمەجید و د. جەزاساڵحیش لە کومیتەی شارستانی هەورامانەوە بەشدار بوین.لە شارەکانی دیکەش هەر شارە و یەک تا سێ کەس بەشدار بوون، کاک هومایون ئەردەڵان یەکێک لە بەشدارنی ئەو دەورەیە بوو.

دۆڵی خدرئاوێ لە سەر جادەی سەردەشت بۆ پیرانشار هەڵکەوتبووو شوێنی کەلاسەکە دوو کیلومیترێک دورتر لە جادەکە و لە نێو دارستانێکی چڕدا هەڵکەوتبوو.ڕۆژانە پاش تەواو بوونی کەلاسەکەمان دەستمان دەکرد بە کاری ڕۆژانە و کە ئێوارە دادەهات لە دەوری یەک کۆدەبوینەوە و دەستمان دەکرد بە گۆرانی ووتن و بەزم و گۆوەند و گێڕانەوەی نوکتەی خۆش ، کە نۆرەی گۆرانی گووتن دەگەیشت هەموو ڕوویان لە من و شەهید مەجید دەکرد . من پێم خۆش نەبوو گۆرانی بڵێم بەڵام کە هومایون وکەماڵ ڕویان تێدەکردم دڵم نەدەهات داواکەیان ڕەد بکەمەوە ،بناغەی دۆسایەتیمان لە گەڵ شەهید هومایون ئەردەڵان لێرەوە دانا.

دەورە کۆتایی هات تاقیکاری کۆتایی دەورەکەمان شەفاهی و لە بەردەم مامۆستاکاندا لە ژێر چادرێک بەڕێوە دەچوو، چوارکەسمان( هومایون ئەردەڵان،کەماڵ کەریمی ، موحەمەد ئیساعیلی ومن تەیموور مستەفایی) لەو دەورەیە زۆرباش دەرچووین.

لە جیژنی کۆتایی دەورەکەدا کە بە بەشداری مامۆستاکان بەڕێوە چوو بە خواردنی شیرینی و گۆرانی و بەزم و گۆوەند کۆتایی هات، لەم جێژنەدا داوامان لەشەهیدی نەمر د.قاسملووش کرد ئەویش بە گۆرانییەک بەشداری بکات ، هەر چەند وەک بۆ خۆی دەیگووت دەنگیشی زۆر خۆش نەبوو دڵی نەشکاندین و بە گۆرانییەک بەشداریکرد.

پاش کۆتایی دەورە ئەو چوارکەسەمان کە زۆر باش دەرچووبوین براینە دەفتەری سیاسی و هەرکامەمان لە گۆشەیەک بەرپرسایەتییان پێداین . کاک هومایون کرا بەجێگری بەرپرسی کومیتەی شارستانی سەردەشت کە ئەوکات بەرپرسەکەی کاک حەسەن ڕستگار بوو و منیش درام بە کومیسیونی تەشکیلات . هومایون لە سەردەشت سەرەڕای جێگری بەرپرس کرایە بەرپرسی کومیتە ناوچەی میراوێ کە ڕێگای هاتووچۆی وەڤد و ڕۆژنامەوانانی بیانی بۆ دەفتەری سیاسی بوو.

پاش دامەزرانمان لە شوێنی تازەی کار کە ناوچەی سەردەشت بوو هەرکاتێک ڕێم کەوتبایە لای میراوی بۆ کرینی پێداویستییەکان یان بە مەئمووریەتی حیزبی سەردانی هومایونم دەکرد و لانیکەم شەوێک بەلایەوە دەمامەوە.

لەو ماوەیەدا بوو کە دوژمن بە مەبەستی گرتنەوەی ڕێگای سەردەشت پیرانشار هێرشێکی بەربڵاوی دەست پێکردبووکە حیزبیش بڕیاری بەرنگاری هێرشەکەی دا ،د. قاسملووی نەمر لە پەیامێکی ڕادیوییدابڕیاری بەرخودان لە بەرامبەر هێرشی ڕێژیمی ڕاگەیاند و ناوی مانگی بەرگری لەسەردانا ،وپاش بەرگرییەکی قارەمانانەزەبرێکی زۆر کاری وە هێزی هێرشکەر کەوت . مانگی دووهەمی بەرگری لەو ڕێگایە بە مانگی هێرش ڕاگەیەندرا.منیش لەم جادەیەدا وەک ئەندامی ستادی تەداروکاتی شەڕەکە کارم دەکرد وکاک هومایونیش لەم ستادەدابوو. کاک هومایونم بە مرۆڤێکی خاوەن نەزەر ، بەورە کەوتە بەرچاو و زیاتر لە پێشوو لای من خۆشەویست بوو.

دوای گیرانەوەی جادەی سەردەشت بانەلە لایەن دوژمنەوە ، دەفتەری سیاسی بەسەر دوو بەشدا دابەشکرا لەم ماوەیەدا هەم شەهیدهومایون شوێنی کارەکەی گۆڕابوو و هەم من، ئەو هاتبووە کومیسیونی تەشکیلات کە کاک د. سەعید بەرپرسی بوو و منیش چووبومە کومیسیونی کۆمەڵایەتی کە کاک جەلیل بەرپرسی بوو.

هومایون لە کونگرەی شەشەم دا بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێرا ولە دابەشکردنی کار لە یەکەم پلینومی پاش کونگرەشەهید هومایون بوو بە ئەندامی ناوەندی ئاژوان و بەرپرسی کومیتەی شارستانی سەقز ،منیش هە ر دوای ئەم کونگرەیە بە بەرپرسی کومیتەی شارستانی دیواندەرە دیاریکرام.

ساڵی دوای بەرپرسایەتیمان لەو ناچانە بە هۆی شەڕی کۆمەڵە و حیزبەوە بۆ پێشگیری لە زەربە خواردنی هێزەکانمان لە ناوچەی سەقز کۆبوینەوە.لە کۆبوونەوەکانی ناوەندی ئاژواندا بەوهۆیەوە کە منیش بەرپرسی کومیتە شارستان بووم بەشداریم دەکرد ،شەهید هومایون هەروەک ڕابردوو و لەسەرە خۆ نەزەری خۆی دەردەبڕی و بەوهۆیەوە کە مرۆڤێکی خۆێندەوار و تێگەیشتوو بوو نەزەرەکانی دەبونە جێگای بایخی کۆبوونەوەکان.

هومایون بێجگە لەنەرم و نیانی و بەورە بوون تێکۆشەرێکی خاکەڕا و بە دیسپلین بوو، ئەو لە بنەماڵەیەکی ناودارو ناسراوی کوردستان بوو کەچی بۆ یەک ڕۆژیش فەزلفرۆشی نەکرد وەک لەکۆمەڵگای ئێمەداباوە، روو ڕاست و سەریح بوو ، درۆی نەدەزانی و هەر ئەو تایبەتمەندییانە بوون کە ئەویان لای من خۆشەویست کردبوو.

حەیف و زۆر حەیف تیروریزمی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی ۲٦ی خەرمانان بەرامبەر بە (ڕۆژی ۱۷ ی سیپتامبر ) بە هۆی چەند تێروریستێکەوە لە ڕیستورانی میکۆنووس لە بیرلەن کاک هومایون ئەردەڵان هاوڕێ لە گەل ڕێبەری بە وەج د.سەعید و کاک فەتاح عەبدولی ئەندامی کومیتەی ناوەندی و نوری دیهکوردی تێرۆر کران و چوونە کاروانی نەمرانی گەلەکەمانەوە.

ڕوو ڕەشی بۆ تێروریستان و ڕۆحی شەهیدەکانمان شاد

هاوڕێکەم شەهید هومایون !

یادت و دڵسۆزیەکانت قەت لە بیرناکەم .

تەیموور مستەفایی

خەرمانانی ۱۳۹۸ی هەتاوی

سەرچاوە  فەیسبووکی نووسەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی