"an independent online kurdish website

پێشینە

پاش کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی، لە ناکاو میللەتێک و سەرزەمێنێکی کۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێزۆپۆتامیا، بە ویستی دوو وڵاتی بریتانیا و فەڕانسە و بە مەیلی ترک و عاڕەب و فارس،

لە سەر نەخشەی سیاسی سەردەم سڕدرایەوە و کورد لە ناکاو بوون بە ئێرانی، عێراقی، سووریی و تورکییەلی!

پرۆسەی سڕینەوەی هەنگاو بە هەنگاوی ناسنامە و زمان و کەسایەتی مرۆڤی کورد بۆ ڕژیمەکان، پڕۆژەیەکی درێژخایەن بوو، بە هەمان شێوە بەخشینی ناسنامەی نوێ بە کوردەکان لە هەر چوار وڵاتی تازە سازکراو، پرۆسەیەکی پڕ لە کێشەی کۆمەڵایەتی- سیاسی- فەرهەنگی بوو، کە بە بێ پلان مێسەر نەدەبوو. ناوەندی ئەم پڕۆژەیە لە تورکیا و ئێران وەزارەتخانەکانی ” فێرکردن- بارهێنان- پەروەردە و خوێندنی باڵا” و شوێنی جێبەجێکردن، خوێندگە و زانستگا بوو.

ئاتاتورک و ڕەزاشا و ئیدئۆلۆگەکانی ترک و پارس هێدی هێدی “چزووی کوردبوونیان” لە وجوودی منداڵ و لاوی کورد دەرکێشا، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ترک و پارس “خالس” بمێنێ. “ناخالسەکان” دەبوو خۆیان لە گەڵ تورکبوون و ئێرانیبوون ڕابهێنن. سیستەمی سانتڕاڵی ئێران، بە زەبری هێزی ژاندارم، ئاژان، دام ودەزگاکانی ئەمنیەتی، قەزایی، سەربازیی، بە زەبریی گۆڕینی مێژوو، داتاشینی تئۆری نوێی “ئاریایی”، کە “نوخبەی کورد” خۆیان تێدا دیتبووە، بە زەبری سیستەمی “دایرە معارف- آموزش و پرورش”، پرۆسەی بە ئێرانیکردنی کورد داسەپێندرا و ئەو ئامانجە هاتە دی، کە تاکی کورد خۆی خۆی بە ئێرانی بناسێنێ!

ئاتاتورک جگە لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی سەرکوتکردن، کووشتنی بە کۆمەڵ، زیندان و دوورخستنەوە، سیاسەتێکی تایبەتی لە ڕێگای خوێندنگەکانەوە بۆ توواندنەوەی بەیەکجاری کوردەکان گرتە پێش. لە کوردستان منداڵانی کورد لە گوندەکان لە دایک و باوک و بنەماڵەیان جیاکرانەوە و لە شارەکان خرانە ناو “ماڵ- خوێندنگە”، واتە منداڵ شەو و ڕۆژ لەو خوێندنگایانە دەمانەوە و تەنیا لە پشووی هاوین دەگەڕانەوە بۆ ناو بنەماڵەکانیان، ئەو بنەماڵانەی کە لە گەڵ منداڵێکی گوڕدراو و نامۆ ڕووبەڕوو دەبوون، ئەو منداڵانەی کە دوورخرابوونەوە لە ئەسڵ و بەیس و بنەوانی خۆیان و بە زمانێکی دیکە دەئاخڤین، ئەو منداڵانەی سەدان تاقیکردنەوەی ئازار و ئەزیەت و بگرە دەستدرێژیکردنە سەریان، تێپەڕاندبوو. دەرچووانی خوێندنگەکانی ئاتاتورک، واتە هەر ئەو منداڵانە، دواتر دەکران بە دەرسوێژ و فێرکار لە گوندەکانی خۆیان، بۆ ئەوەی خۆیان منداڵانی کورد وەک خۆیان لە خشتە بەرن و مرۆڤی تورکیان لێ ساز بکەن.

یەک لە گرفتەکانی سیستەمی خوێندنگە لە کوردستانی ڕەزاشا، نەبوونی دەرسوێژ و فێرکار بوو. بۆ زاڵبوون بە سەر ئەم گرفتە، مەلا و فەقێ و خەڵکی تر، لە تاقیکردنەوەی کەلاسی شەشی سەرەتایی بەشداریان پێکرا و کران بە دەرسوێژ و ڕەوانەی گوندەکان کران، دواتر ماوەی خوێندن بۆ دەرسوێژ، کرایە نۆساڵ(سیکل) و پاشان “دانشسرا” لە شارەکان بۆ “پەروەردەکردنی دەرسوێژ” کرانەوە. ئەم پرۆسەیە هێدی هێدی بۆ خەڵکی کورد بوو بە ئاسایی!

***

مرۆڤی کورد پاش تێپەڕاندنی پرۆسەی خوێندنگە و زانستگا، دەتوانن ببن بە فەرمانبەر و مووچەخۆری دام و دەزگاکانی ترک، عەڕەب و فارس و دەوری پێچ ومۆرەی ماشێنی حکوومەت بگێڕن و بەشداربن لە پرۆسەی جێبەجێکردنی سیاسەتی حکوومەت، کە مەبەستی سیاسی و ئیدئۆلۆژییان توواندنەوەی ناسنامە و کەسایەتی مرۆڤی کوردە.

ئەم پرۆسەیە پێشتر لە لایەن موسڵمانەکانەوە لە کوردستان تاقیکراوەتەوە و لە بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگای کوردستان و موسڵمانکردنی مرۆڤی کورد سەرکەوتو بووە. موسڵمانەکانی عەڕەب بە شێوەیەکی بەربڵاو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بە موسڵمانکردنی کورد جگە لە کووشتن و بڕین و بە بەردەگرتن، مزگەوت و مەدرەسەی دینی-یان بەکارهێنا و هەنگاو بە هەنگاو کورد خۆی لە ئیسلام و ناسنامە و کەسایەتی ئیسلامدا دیتەوە و بەگژ نڕخەکانی ئایینی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خۆیدا چووە. ئەمڕۆ لە هیچ شوێنێکی کوردستان، عەڕەب کورد ناکاتە موسڵمان، بەڵکو کورد خۆی دەرچووانی حوجرە و مەکتەب و مەدرەسە و “زانستگا”ی دینی هەیە، کە کورد بەرەو دۆزەخی سەر زەوی دەکێشن!

پانتورکیسم و پانفارسیسم(پانئێرانیسم)ی جێگر لە تورکیا و ئێران، گرێدراوی تێگەیشتنی ئایینی، پەروەردەی بنەماڵە، خوێندنگە، زانستگا و دەستەڵاتی سیاسی- مێژوویی- ئایینی هەر دوو نەتەوەی ترک و فارسە و وەک ئایین خۆی دەردەخات و مرۆڤی کوردیش کە گرێدراوی ئەو سیستەمە بێت، خۆی تێدا دەبینێتەوە و فەرهەنگ و زمان و ئایینەکەی، لە فەرهەنگ و زمان و ئایین و ناسنامەی ئەواندا، بزر دەکا و هەمان دەوری مەلا و شێخ و فەقێ و ئیمام بۆ سیستەم دەگێڕێ.

بوونی خوێندنگە هەنگاوێکی سەردەمیانە بوو، بەڵام مەبەستی حکوومەتەکان ئەوە نەبوو کە منداڵی کورد بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا، وڵات، زمان، فەرهەنگ و کەسایەتی خۆی، بەرژەوەندی خەڵک و وڵاتەکەی پەروەردە بکا، بەڵکوو مەبەست جێبەجێکردنی ئەرکەکانی حکوومەت لە وڵاتێکی داگیرکراو بە دەست کورد خۆی بوو.

پرۆسەی خۆتوواندنەوە لە خوێندنگە و زانستگا لە کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵات بە تایبەت بەردەوامە و نوخبەی کورد خۆی لە جێبەجێکردنی بەرنامە و پرۆژەکانی حکوومەت بەشداری دەکات!

ژمارەی زانستگا و خوێندکار بە پێی ئامار

بە پێی ئەو ڕێژەیەی کە حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە فەڕمی بڵاوی کردۆتەوە، ژمارەی دانیشتووانی هەر چوار پارێزگای ورمێ، کوردستان، کرماشان، ئیلام پێنج میلیۆن و پێنجسەد و هەشتاویەک هەزار و نەود وچوار(٥٥٨١٧٩٤) کەسە، ئاماری نادەوڵەتی ژمارەی کوردەکان لە نێوان ١١ هەتا ١٧ لە سەدی نفووسی ئێران نیشان دەدا، کە زیاتر لەو چوار پارێزگایە دەگرێتەوە، واتە هەشت میلیۆن و هەشتسەد هەزار( ٨٨٠٠٠٠٠) بۆ سێزدە میلیۆن و شەشسەد هەزار (١٣٦٠٠٠٠٠) کەس.

بەم پێیە دەبوو خەڵکی کوردستان لەو چوار پارێزگایە یازدە هەتا حەفدە لەسەدی ئیمکانی مادی و مانەوەی سەرزەمینی ئێران و بوودجەی حکوومەتیان وەبەر کەوێ. هەر بەو پێوانەیە دەبوو ١١ بۆ ١٧ لە سەدی ئیمکانی خوێندنگە و زانستگا بۆ کوردستان تەرخان بکرێ.

بە پێی دوا ئاماری دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامی لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان(ورمێ، کوردستان، کرماشان، ئیلام) سێسەت و بیست وسێ هەزار و نۆسەت وسی( ٣٢٣٩٣٠) خوێندکاری زانستگا لە حەوت زانستگای دەوڵەتی و سەت زانستگای خسووسی(پووڵی) کات و ژیان تێدەپەڕێنن. واتە دوو لە سەدی (٢%) خەڵکی کوردستان! ئەم ڕێژەیە لە جیاتی (٢%) ، دەبوو شەش لە سەد(٦%) بێ، واتە ژمارەی خوێندکارانی زانستگا لە کوردستان دەبوو لە نێوان چوارسەت و هەشتا هەزار(٤٨٠٠٠٠) بۆ حەوت سەت و هەشتا هەزار(٧٨٠٠٠٠) کەس بێت!

بە پێی ئاماری ڕەسمی ژمارەی خوێندکاری زانستگا لە ئێران ٤،٨ هەتا ٥ میلیۆن کەسە، کە دەبێتە شەش لە سەدی نفووسی ئێران. گەر پێوانە ئەوە بێ کوردستان یازدە بۆ حەفدە لە سەدی سەرجەم خوێندکارانی ئێرانی وەبەر دەکەوێ، رێژەی خوێندکارانی کوردستان دەبوو لە نێوان پێنجسەد و پەنجا هەزار(٥٥٠٠٠٠) بۆ هەشتسەت و پەنجا هەزار( ٨٥٠٠٠٠) کەس بێ. ئامار و ڕاستی دابەشکردنی سامان و ئیمکانەکان لە لایەن حکوومەتی ئیسلامی، ئەوە دەردەخەن کە بە هیچ شێوەیەک دابەشکردنی عەداڵەتپەروەرانە لە ئارادا نییە و بوودجە و سامان و ئیمکان بە پێی خواستی سیاسی، بە پێی ئەمنیەتی بوون و نەبوونی ناوچەکان، بە پێی جیاوازی نەتەوەیی، ئایینی و بە پێی دووری و نزیکی لە حکوومەتی ئیسلامی سەر دەگرێ. کوردستان کە دەنگی بە حکوومەتی ئیسلامی نەداوە و بەردەوام ناوچەیەکی پڕلەکێشە و نیزامی و ئەمنیەتی کراو، بووە و هەیە، کەمترین بوودجە و ئێمکانی بۆ دیاری کراوە.

پارێزگای ئیسفەهان کەپێنج میلیۆن و سەت وبیست ویەک هەزار (٥١٢١٠٠٠) کەس نفووسی هەیە، دووسەت و نەودوهەشت هەزار و هەشسەت و پەنجاو شەش (٢٩٨٨٥٦) خوێندکاری زانستگای هەیە، واتە شەش لە سەدەی دانیشتوانی پارێزگای ئیسفەهان. ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کە ژمارەی خەڵکەکەی سێ میلیۆن و حەوت سەت و بیست و پێنج هەزار(٣٧٢٥٠٠٠) کەسە، دووسەت وحەوت هەزار و نۆسەت و نەوەد ویەک(٢٠٧٩٩١) خوێندکاری هەیە، واتە شەش لە سەدی دانیشتووانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات. ئەم ڕێژەیە لە هەر چوار پارێزگای کوردستان دوو بۆ سێ لە سەدە!

پارێزگای تاران بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی دانیشتووانی پازدە میلیۆن و دوسەت وحەفتا هەزار(١٥٢٧٠٠٠٠) کەسە و هەشتسەت و حەفتاو دوو هەزار و نۆسەت وشەست وچوار(٨٧٢٩٦٤ ) خوێندکاری زانستگای هەیە، واتە شەش لە سەدەی دانیشتووانی پارێزگاری تاران و حەفدە لە سەتی سەرجەم خوێندکارانی ئێران. ڕێژەی خوێندکارانی ئیسفەهان لە حاند خوێندکارانی سەرجەم ئێران شەش لەسەدە، ئازاربایجانی ڕۆژهەڵات چوار لەسەدە، چوار پارێزگاکەی کوردستان شەش لەسەدە. هەروەک لێرە دەردەکەوێ شەش لە سەدی خەڵکی ئێران لە پارێزگای ئیسفەهان دەژیین و شەش لە سەتی خوێنکارانی ئێرانیان هەیە. لە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات چوار و قسوور لەسەتی خەڵکی ئێران دەژیین و بەو ئەندازە خوێندکاریان هەیە. پارێزگای تاران ١٩ لە سەدی دانیشتووانی ئێران لە خۆ دەگرێ و حەفدە لەسەت خوێندکارانی زانستگای هەیە. کوردستان بە چوار پارێزگا یازدە بۆ حەفدە لە سەدی دانیشتوانی ئێران لە خۆ دەگرێ، بەڵام شەش لە سەتی خوێندکارانی زانستگاکانی ئێرانی هەیە، کە دەبێتە دوو بۆ سێ لە سەتی دانیشتووانی هەر چوار پارێزگا!

ئازەربایجانی ڕۆژهەلات (٨ ) هەشت، ئیسفەهان( ٧) حەوت و تاران ( ٢٩ ) بیست ونۆ زانستگای دەوڵەتیان هەیە. کوردستان بە هەر چوار پارێزگاکەیەوە تەنیا حەوت زانستگای دەوڵەتیان هەیە ( ورمێ ٣، کرماشان ٢ ، ئیلام و کوردستان هەرکام یەک). ژمارەی زانستگاکانی ئازادی ئیسلامی و پەیام نوور(زانستگای خسووسی) لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان دەگاتە سەت(١٠٠). ژمارەی زانستگاکانی هەر دوو پارێزگای ئیسفەهان و ئازەربایجانی ڕۆژهەلات، کە ژمارەی دانیشتووانیان دەگاتە هەشت میلیۆن و هەشت سەت و چل و شەش هەزار(٨٨٤٦٠٠٠) کەس و ژمارەیان کەمتر لە خەڵکی کوردستانە، دەگاتە (١٤٨) زانستگای خسووسی. واتە سەرەڕای کەمتربوونی ژمارەی نفووسیان لە کوردستان، هەم ژمارەی زانستگای دەوڵەتی و هەم خسووسی-یان زیاتر لە کوردستانە، کە ئەوە لایەنەکانی شاراوەی پلەی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان و ئەو شوێنانە دەردەخات.

بە پێی وتەی وەزیری “آموزش و پرورش”، ئێران ٤،٨ بۆ ٥ ملیۆن خوێندکاری زانستگای هەیە و دەبوو ڕێژەی خوێندکارانی زانستگا لە کوردستان یازدە هەتا حەفدە لە سەدی خوێندکارانی زانستگاکانی ئێران بایە، واتە ( ٥٢٨٠٠٠) بۆ (٨١٦٠٠٠ ) خوێندکار، کەچی سەرجەم خوێندکارانی زانستگا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (٣٢٣٩٣٠) خوێندکارە. واتە ٢٠٠ هەتا هەتا ٥٠٠ هەزار خوێندکار کەمتر.

***

ژمارەی خوێندنگە و خوێندکار بە پێی ئامار

ژمارەی سەرجەم (مەدرەسە) خوێندگەکانی هەر چوار پارێزگا، بە پێی ئاماری هەر کام لە ئیداراتی”آموزش و پرورش استان” پازدە هەزار و پێنجسەد و دە (١٥٥١٠) خوێندنگەیە، کە شەست ودوو هەزار و حەوسسەد و سێ (٦٢٧٠٣) کەلاسی دەرس و وانەگووتنەوە لە خۆ دەگرن. ژمارەی سەرجەم خوێندکارانی کوردستان واتە هەر چوار پارێزگا دەگاتە یەک میلیۆن و چوارسەت و هەشت هەزار و چوارسەد و سی سێ کەس ( ١٤٠٨٤٣٣).

بە پێی وتەی رەییسی بەرنامە ڕێژی”نیروی انسانی و فناوری اطلاعات وزارت آموزش و پرورش ، خسرو نظری” لە هەموو ئێران سەت و حەوت هەزار و سەت و حەفتاو یەک (١٠٧١٧١) خوێندنگە و پێنجسەت و پەنجا و نۆ هەزار و دووسەت و چل و سێ (٥٥٩٢٤٣) کەلاسی دەرس و زیاتر لە چاردە ملیۆن (١٤٠٠٠٠٠٠) خوێندکار هەیە.

هەر بە مەزندەی دابەشکردنی ئیمکان و پێداویستییەکان، دەبوو کوردستان یەک میلیۆن و پێنجسەد و چل هەزار (١٥٤٠٠٠٠) بۆ دوو میلیۆن و سێسەد و هەشتا هەزار (٢٣٨٠٠٠٠) خوێندکار، یازدە هەزار و حەوتسەت و هەشتا هەشت (١١٧٨٨) بۆ هەژدە هەزار و دووسەت و نۆزدە (١٨٢١٩)خوێندنگە و شەست ویەک هەزار و پێنجسەت و شازدە (٦١٥١٦) بۆ نەودوپێنج هەزار و حەفتاویەک (٩٥٠٧١) کەلاسی دەرسی هەبوویایە، کەچی لە هەر سێ بوارەکەدا ڕێژەکە کەمترە.

***

خوێندنگە و زانستگا لە کوردستان درێژکردنەوەی باسکی ئەمنیەتی- ئیدئۆلۆژیی- سیاسی حکوومەتی ئیسلامی و دەزگاکانی کۆنترۆلی ئەو وڵاتە و شوێنگەلێکن بۆ سڕینەوەی سەرمایەی ناو مێشکی منداڵ و لاوی کورد. منداڵانی کورد هەر لە باخچەی منداڵان و خوێندنگەکانەوە دەخرێنە ژێر تەوژمی فەرهەنگ، ئایین، زمان و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی، ڕەوانی، نەتەوەی فارس.

حکوومەتی ئیسلامی ئێران بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی کورد پشتی بە زمان، مێژوو، ئەدەبیات، هونەر و داب ونەریتی کۆن و فەرهەنگی ئەمڕۆیی خۆی بەستووە و هەنگاو بە هەنگاو پێکهاتەکانی ناسنامەیی(زمان، فەرهەنگ، داب و نەریت ، تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی، ئەدەبیات، موسیقا و…) لە منداڵانی کورد وەردەگرن و سیستیماتیک و بەرنامەداڕێژراو، کەسێکی دیکە لەوان سازدەکەن. ئەوەش گرێدراوی بنەماڵەی منداڵ و دەوری کۆمەڵگای کوردستانە، کە تا چ ڕادەیەک منداڵ و لاوان لە ژێر یەخسیری سیستەمێکی داپلۆسێنەر دەربکێشن، کە بەناوی مەدرەسە و زانستگا، کەسایەتی، ناسنامە، زمان و لێهاتووی منداڵی کورد دەشێوێنن و دەیانکەنە پاژگەڵی میللەت و کیانی خۆیان.

***

ئایا ئەوە بۆ بنەماڵە، کۆمەڵگا و فێرکار، دەرسوێژ و ئوستادی کورد لە خوێندگە و زانستگا، پرۆسەیەکی ئاساییە، کە بە پرۆژە و پلان سیما و بەیس و بنەوانی ئینسانی کورد تێکبدرێ؟ ئەوە دەبێ ڕوون بێ، کە خوێندنگە و زانستگا دەکرێ داڕێزێنەر و تێکدەر بێ و وەک ئامراز بۆ ئایین و ئیدئۆلۆژی بەکار بهێندرێ. خوێندنگە و زانستگاکانی ئێران لە کوردستان بۆ پێشکەوتن و سەرفەرازی و ئازادبوونی خەڵکی کورد بەکار ناهێندرین، زمان و فەرهەنگ و مێژوو، جوغرافیا، ئەدەبیات و هونەری کورد، فێری منداڵ ناکری.

لە ئێران سیستەمی “آموزش و پرورش” سێنتراڵ، ناوەندییە و دەستەڵاتی ئەمنیەتی و ئیدئۆلۆژیک بەسەریدا زاڵە. ئەم وزارەتخانەیە گرێدراوی وەزارەتخانەکان و سازمانەکانی ئەمنیەتی- نیزامی و ئیدئۆلۆژیکی حکوومەتی ئیسلامییە و ئەرکی سیستەمی پەروەردە و وەزارەتخانەکانی فێرکردن و بارهێنان و خوێندنی باڵا، ئەوەیە هێزیی ئیداریی، فەرهەنگی، نیزامی، ئەمنیەتی، پۆلیسی، ئایینی، سیاسی- ئیدئۆلۆژیک لە پێناو پاراستن، بەڕێوەبردن و مانەوەی حکوومەتی ئیسلامی، ڕاهێنن و پەروەردە بکەن.

لەم سیستەمەدا پارێزگا و ناوچەکانی سەر بە نەتەوەکانی نە فارس، هیچ ماف و دەستەڵاتێکیان نییە بۆ داڕشتن و پیادەکردنی بەرنامە و پرۆگرامی جیاواز لە بەرنامەی داڕێشتراو لە ناوەندی حکوومەتی ئیسلامی ئێران. پارێزگاکان و دام ودەزگاکانی حکوومەت لەوانە “آموزش و پرورش” تەنیا ماف و ئەرکێ کە هەیانە، جێبەجێکردنی بەرنامەی وەزارەتخانەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانە.

بەم پێیە ڕوونە کە خوێندنگەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە کوردستان کە بە هێز و وزەی مرۆڤی کورد لە جامەی فێرکار و دەرسوێژ و رەییس و کارمەند بەڕێوە دەبردرێن، مرۆڤی کورد ڕاناهێنن و پەروەردە ناکەن، بەڵکوو مرۆڤێکی “ئێرانی” ڕادەهێنن کە ئاگا و نائاگا هەنگاو بۆ سڕینەوەی ناسنامەی خۆی و نەتەوەکەی، ڕووتاندنەوەی زێدەکەی، لە ناوبردنی دژبەرانی کیانی ئێرانی، هەڵدەهێنێتەوە. لە خوێندنگە و زانستگاکان کورد دەتوێندرێنەوە.

***

خوێندنگە و زانستگا باشترین شوێن بۆ جێبەجێکردنی مەبەستی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە کوردستانن، بەو پێیە دەبوو بۆ بەرژەوەندی خۆیان ژمارەی خوێندنگە و زانستگا زیاد بکەن، بەڵام ئەوان لایەنەکانی تری خوێندنگە و زانستگا لە بەرچاو دەگرن و بیر لەوە دەکەنەوە، کە زۆربوونی ژمارەی خوێندکار، خوێندنگە و زانستگا، دەتوانێ ببێتە هۆی زۆرتربوونی گرفتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەشەنەی دژایەتی بەرانبەر بە هێژمۆنی سیاسی- عەقیدەتی- فەرهەنگی- زمانی- ئەمنیەتی و ئیداری حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە کوردستان.

هەر بۆیە ڕێژەی خوێندنگە، زانستگا، خوێندکار، فێرکارلە کوردستان لەو ئاستەدا ڕاگیراوە کە لە ئاستی پێداویستی کیان و حکوومەت بێ و لە هەمان کات دام و دەزگاکانی نیزامی و ئەمنیەتی کۆنترۆڵیان بە سەریانەوە بمێنێ، ئەوەش ڕوون بۆتەوە بۆ خەڵک و خوێندکاران کە بوونی زانستگا بێ کەڵکەکانی ئازاد ئیسلامی و پەیامی نوور، نە تەنیا داهاتووی زێڕین بۆ لاوانی کورد بە دیاریی ناهێنن، بەڵکو بێکاری لاوانی لێدەکەوێتەوە. ئەوەش ڕوونە کە لەم ڕێگایەدا هەم پارەی بنەماڵەکان بە فیڕۆ دەچێ ، هەم کاتی زێڕینی خوێندکار! ئەوەش بۆ خوێندکار ڕوون بۆتەوە کە باوەڕنامەکانی ئەو چەشنە بەناو زانستگایانە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، بایخی زانستیان پێنابەخشرێ.

***

بە پێی ئاماری دەوڵەتی و دام و دەزگاکان، کوردستان خاوەنی ١٠٧ زانستگا(١٠٠ خسووسی و ٧ دەوڵەتی) و (٣٢٣٩٣٠) خوێندکارە، واتە نەودوچوار لە سەتی (٩٤%) زانستگاکانی کوردستان بەرهەمی بازرگانەکانی حکوومەتی ئیسلامی و حەوت زانستگای دەوڵەتی میراتی ڕژیمی پەهلەویین. ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە شارە ورد و درشتەکانی کوردستان، یەک سەت “دووکانی” بە ناوی زانست-گا کردۆتەوە بۆ بازرگانی کردن بە زانست، خولیای لاوان و بنەمالەکانی کورد. خاوەنی ئەم دووکانانە “زانستگای ئازادی ئیسلامی و پەیامی نوور” بازرگانەکانی بازنەی سەرەکی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانن. هەر خوێندکارێکی “زانستگای ئازاد ئیسلامی و پەیامی نوور” ساڵانە چەند میلیۆن تمەن(پارەی ئێران) خەرجی مانەوە لەو شوێنانە دەکا، کە بە پیی زانستگا، بابەتی خوێندن و پلەی خوێندن نڕخەکان جیاوازن.

گەر خەرجی هەر خوێندکارێک بە بەراوەرد، چوار میلیۆن تمەن بێ، داهاتی یەک ساڵی ئەو دووکانانە زیاتر لە یەک بلیۆن و سەت و چڵ و دوو میلیارد و چوارسەت و پەنجا وشەش میلیۆن (١١٤٢٤٥٦٠٠٠٠٠٠) تمەنە، واتە زیاتر لە ٥٧ میلیۆن ئۆیڕۆ. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی بێکاری بە گشتی و بێکاریی دەرچووانی ئەو “زانستگا”یانە لە کوردستان لە شوێنەکانی تری ئێران بەرزترە.

کۆی خوێندکارانی حەوت زانستگای دەوڵەتی هەر چوار پارێزگا سی وهەشت هەزار و سێسەد و شازدە(٣٨٣١٦) کەسە.(کرماشان ١٢٥١٦، سنە ٩٠٠٠، ئیلام ٦٨٠٠، ورمێ نزیک ١٠٠٠٠). بەم پێیە دوو سەت و هەشتاو پێنج هەزار و شەشسەت و چاردە (٢٨٥٦١٤) لاوی کوردستان، لە ڕاستیدا خوێندکارانی “زانست-گا” نیین و مشتەری سەت دووکانی “ئازادی ئیسلامی و پەیامی نوور”ی ئێرانن!

کەوایە ئاماری ڕاستەقینەی بوونی خوێندکاری زانستگا لە هەر چوار پارێزگا، ئەوە نییە کە لە سەرەوە باس کرا، ئاماری ڕاستەقینە ئەوەیە کە کوردستان بە پێی ڕێژەی دانیشتووانی، تەنیا سێ کەس لە هەزار، بۆ چوار کەس لە هەزار، خوێندکاری زانستگای هەیە. ئەوەش واتای ئەوەیە کە کوردستان بە عەمد و بە پێی پلان، خراوەتە ئەو دۆخەوە.

***

خوێندنگە و زانستگا سوودی بۆ میللەتێک دەبێ، کە لە حاند سیاسەتی توواندنەوە و گۆڕینی کەسایەتی و ناسنامەی منداڵ بێخیاڵ نەبێ، لە حاند کەسایەتی منداڵ بێ هەڵوێست نەبێ، لە حاند داهاتووی منداڵ و ژیانی ڕۆژانەی لە خوێندنگە و زانستگا بێمەیل نەبێ. دەبێ بنەماڵە هاوڕێیەتی منداڵ لە هەموو قۆناخەکانی خوێندن و ژیان لە خوێندنگە بکا، بۆ ئەوەی بزاندرێ چی لەو منداڵانە دەکرێ، بۆ ئەوەی منداڵ بزانێ کە ئەو لە بەرانبەر سیستەمی تۆقێنەری حکوومەتی ئیسلامی بە تەنیا نییە.

ئەو بنەماڵانەی کە پێیانوایە باخچەی منداڵان و فێرگە و خوێندنگە و زانستگاکان منداڵەکانیان بۆ پەروەردە دەکەن، دەبێ ئەوە بزانن فێرگەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە کوردستان، مرۆڤ بۆ دەزگاکانی خۆیان و بۆ کیانی خۆیان پەروەردە دەکەن، نەک بۆ وڵات و سەرزەمینی میللەتێک بە ناوی کورد، کە لای ئەوان بوونی نییە.

هێژمۆنی هەمەلایەنەی کیانی پارس کە خۆی لە ناو هەموو لایەنەکانی ژیان و کەسایەتی و ناسنامەی مرۆڤی کورد جێکردۆتەوە، ڕێگری بنەڕەتی ئازادبوونی مرۆڤی کوردە. کەسایەتی هەر مرۆڤێک لە تەمەنی منداڵی، پێک دێ، کە ئەو کەسایەتیە تێکشێندرا، هەڵبەستنەوەی پرۆسەیەکی بێبڕانەوەی ئاگایانەیە، کە هاسان سەر ناگرێ. ژیان و داهاتووی هەر مرۆڤێک لە منداڵییەوە دەست پێدەکات، ئازادی میللەتی کوردیش لە منداڵەکانەوە دەست پێدەکات، گەر ئەوان ئازاد نەبوون، وڵاتی ئەوانیش ئازاد نابێ!

برایم فەڕشی

شانۆپێداگۆگ، داڕێژەری سیستەمی فێربوون

ئاڵمان- خەرمانانی 2719

* ئەم نووسراوەیە، کە بە کوردی بڵاودەکرێتەوە، کورتەیەکە لە لێکۆڵینەوەیەکی درێژ بە زمانی ئاڵمانی لە سەر هەموو کوردستان بە ناوی “Bildung in Kurdistan “!   لێرە تەنیا باس لە یەک بڕگەی تایبەت بە خوێندنگە و زانستگاکانی ڕۆژهەڵات کراوە.

** ئەو ئامار و زانیارییانە کە لێرە بەکارهێندراون، ڕاستەوخۆ ئاماری دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، وتووێژی بەرپرسانی حکوومەت، ڕاپۆرت و هەواڵی ڕۆژنامەکان و مێدیای ئێرانە، یاخود بەرهەمی وتووێژ وگفتوگۆی نووسەرە لە گەڵ کەسانی شارەزا و بەرپرس لە شار و پارێزگاکانی کوردستان. ئەوی تر لە مێدیا و دام ودەزگا و ناوەندەکانی ئاڵمانی وەرگیراوە.

*** سپاس بۆ هەر کەس کە زانیاری زۆرتر و تەنانەت بیرەوەری لە خوێندنگەکان لە هەر دوو ڕژیم بۆ نووسەر بنێرێ.

***

                                                    

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی