"an independent online kurdish website

ئەوەی تێبینی منە، زۆربەی خەڵکی باشور قسە لەسەر ھێزەکانی سوریای دیموکرات و ڕۆژئاوا دەکەن، بەڵام خۆیان کەمترین قسە دەکەن.

چونکە راموایە تاک بێت یان گروپ ئەبێت زیاتر کرداری ھەبێت لەقسە. خەفەتی من بۆ ڕۆژئاوا لەسەر ھێرشی تورکیا نییە، خەمی من لەوە گەورەترە لەم ئەمریکا فراوانە کە ١٥ ھەزار و ٦٢٠ کوردی تیا نیشتەجێیە. بۆ خۆپیشاندانێک ٢٠ کەس کۆنابێتەوە. ئەمەشم لەو ھەوڵەوە سەرچاوەی گرت کە دژی ھێرشی عەفرین، من و دوو برادەر ویستمان خۆپیشاندانێک ڕێخەین. ھەر یەکەو بیانویەکی بۆ ئامادەنەبوون ھێنایەوە. کە زۆربەی بیانووەکان حزبی بوون.

دەمەوێت لێرەوە بچمە ناو بابەتەکەوە، سۆزداری بەشێک نییە لەخەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکان. من لەماوەی ڕابردوودا سەیری زۆر فیلمی پارتیزانەکانی چیکسلۆفاکیا و پۆڵەندا و ڕۆمانیا و بولگاریا و ئۆکرانیای ئێستا و بەشێک لە سۆڤیەتی پێشووم، کردووە کە چۆن دژی ئەڵمانی نازی ئەجەنگن. جار ھەبوو کوشتنی دوو سەربازی ئەڵمانی بۆتە ھۆی گوللەبارانکردنی ٥٠ ژن و پیر و منداڵی بێتاوان. کەواتە ئەگەر تۆ بتەوێت بگەیت بە ئامانج ئەبێت قوربانی بدەیت. ئەوەی لە میدیای کوردی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینرێت بەشێکە لەو سۆز و سۆزدارییەی کە ھەرگیز لەخەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا جێگەی نابێتەوە. بیریشمان نەچێت کورد تا ئەم ساتە لەم قۆناغەدایە، بەدەر لەبەشە ڕزگاربووەکەی باشور کە ئەویش لەژێر ھەژموونی بێ ئیرادەیی و گەندەڵیدا خنکاوە، ئەگینا ئەگەر باشور وەستاو بوایە لەسەر پێی خۆی، ڕۆژانە ئەو ھەموو پارەیەی بۆ ئەکردە ناو ئابوری تورکیا و ئیرانەوە.

پوختەی قسە ئەوەیە سوریا گۆمێکی شڵەقاوی بێ سەرەو بەرەیە. ئۆباڵی ئەو وێرانییە کە بەشێکی بەر کورد کەوتووە لەئەستۆی ڕوسیا و ئێرانە کە ڕژێمەکەی ئەسەدیان لە ساڵی ٢٠١٠ ھێشتەوە و نەیانھێشت بڕوخێت. و بووە ھۆی ئاوارەبوونی ٣ ملێۆن و نیو خەڵکی ئەو وڵاتە کە بەشە گەورەکەی عەرەبن.

ئەگەر لایەنە ئینسانیەکەی وەرگرین، ئاوارە سورییەکان لە تورکیا دۆخیان باش نییە و ناشتوانن بگەڕێنەوە بەھۆی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە. تورکیا سێ مانگە ھەڕەشە لە ئەوروپا ئەکات ھاوکاری مادییەکان نوێ بکەنەوە بۆئەوەی ئەو ئاوارانە لە وڵاتەکەی بھێڵێتەوە. کە ھەرچەندە تورکیا مەسەلەی ئاوارەی کردووە بە بەشێک لە بازرگانی، بەڵام بەھۆی وەڵامنەدانەوەی ئەوروپا، تورکیا ھەم دەیەوێت سنووری ڕۆژئاوا بە درێژی ٤٨٠ کیلۆمەتر و بە پانی ١٥ ھەزار کیلۆمەتر داگیربکات. کە ئەمە بەشێک لەداگیرکردنی ڕۆژئاوا. دەیەوێت لەو ناوچەیە کەمپی پەنابەرانی عەرەبە سورییەکان نیشتەجێ بکات و تەسلیمی نەتەوەیەکگرتووەکانی بکات کە ئەمە سڕینەوەی دیمۆگرافی کوردە. کەواتە بەشێک لەو داگیرکارییە ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەوروپا تا بیانووی تورکیا ببڕن. بەشەکەی تری تورکیا ھێزەکانی پەیەدە بەھەڕەشە و مەترسی دەزانێت لەو سنوورە.

لەشەری داعش-دا ١١ ھەزار شەرەڤان شەھید بووە. کەواتە ئەمە بۆ خۆی نیشانەی پشێوی ناوچەی سوریایە، ئەگینا ئەرکی کورد شەڕکردن نەبووە دژی داعش، بەڵکو شەڕەکە کراوە بە بەرۆکی کوردی خۆرئاوا و باشورەوە. لەبەرامبەر کۆتاییھاتنی داعش ١٢ ھەزار دیلی داعش کە ٣٨٥٠ یان ھەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپین لە خۆرئاوایەو لە کەمپی ڕۆژ و عەین عیسا نیشتەجێن کە تا ئاستێک ئەم دوو کەمپە ئەکەوێتە ئەو ناوچەیەی کە تورکیا بە نیازی داگیرکردنیەتی، بەو پێیەی تورکیا ئەرکی پاراستنی ئەو دیلانە دەگرێتە ئەستۆ. کە لەڕووی واقیعییەوە دەشێت ببێت لە بەشێکی نوێ لەئەجێندای تورکیا بۆ ئاگری شەڕی نوێی داعش.

سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پێنج مانگە داوا دەکات لە ئەوروپا کە ئەو ٣٨٥٠ دیلەی داعش کە خەڵکی وڵاتانی ئەوروپان بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان لەوێ دادگایی کرێن، بەڵام ئەوروپا وەریانناگرنەوە. مەسرەفی ڕۆژانەی ئەم دیلانە بەشە گەورەکەی کەوتۆتە سەر شانی ئەمریکا. ئەوروپا دەیەوێت ئەمانە بگوازرێنەوە بۆ گوانتانامۆ. سەرۆک ترەمپ ئەمە ناکات، بۆیە سەرۆک ترەمپ ئەوەی دەیکات لە ئێستادا پەرچەکردارە. ئەگینا لەڕووی واقیعییەوە ھیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێ ھەوڵی ھێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا لەلایەن ئەمریکاوە ڕێگە پێدراوە. ئەوەشی سەرۆک ترەمپ ئەینووسێت بە تویت شتێکی ڕەسمی نییە. ھەرچەندە نامەوێت دوورکەومەوە لەبابەتەکە بۆ ڕاڤەکردنی ئەم بۆچوونەشم ماوەیەک لەمەوبەر کتێبی “شێتێتی میدیا: دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژنامەگەریی و شەڕ دژی ڕاستی” ھاوارد کۆرتز-م خوێندەوە کە بەوردی باس لەوەدەکات ترەمپ چ کاتێک پەنا بۆ تویت دەبات.

ھەقیقەتێکی تر ھەیە مەسەلەی ھێرش بۆ سەر خۆرئاوا لەلایەن تورکیاوە بابەتێکی تازە نییە بەڵام ھاتنی وەفدی ڕوسیا بۆ ھەولێر و دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت و حزب لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بەشێکە لە ئەجێندایەکی نھێنی کە ئەمریکای توڕەکردووە. کە ئەم بابەتە لێرەدا جێگەی نابێتەوە بەڵام میدیای ئەمریکی ورد قسەی لەسەرکرد لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا.

سەرەنجام لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا میدیای ئەمریکی ٥٠ جار ئەوەندەی خۆپیشاندانەکانی عیراق قسەی لەسەر کوردانی خۆرئاوا و ھێرشی تورکیا کردووە، ئەمەش بەشێکی گەورەی سیناتۆرەکانی جوڵاندووە و پڕۆژەکەی لیندسی گراھام و کریس ڤان ھۆڵین بۆ سزای ئابوری بۆسەر تورکیا لەبەرامبەر ھێرشی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوا.بەشێکە لەو ھەوڵەو بەگەڕخستنی ھەوڵی مایکل بۆمبیۆ وەزیری دەرەوە بۆ کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش ھەوڵێکی ترە. سەرباری ئەوەی پێویستە کورد پرسیارێک لە خۆی بکات، ئەو چەکانەی دەستی شەرەڤانان ھی چ وڵاتێکن ئەمریکین یان نا!؟. کەواتە پەرچەکردار دژی ھێرشی تورکیا بۆ سەر خۆرئاوا تەنیا لەئەستۆی ئەمریکا نییە. بەڵکو ھێزی وڵاتانی تریش ھەن با بزانین ئەوانیش ھەڵوێستیان چۆن دەبێت!

جوانترین قسە لەنێو ھەموو سەرکردە و سیاسییەکان کرابێت، ئەو قسەیەی ساڵح موسلم بوو وتی؛ ئێمە ئەوەی کردومانە بەبەشێک لەئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی کردومانە، بە کەسیشمان نەوتووە بێت شەڕمان بۆ بکات. کەواتە کورد ئەبێت خۆی شەڕکەر بێت.

سەرچاوە: NRTV

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی