"an independent online kurdish website

پێشەکی: هەوڵ دەدەم کورت بنووسم، گەلی کورد لە باری چەندییەوە زۆرە بەڵام لە باری چۆنیەتییەوە تا ئێستاکە نەیتوانیووە بە ئاستی پێویست بگات

هۆکار زۆرن بەڵام ئاماژە بە ژێر دەستەیی و دوور ڕاگرتن لە بووژانەوەی فکری یەکێک لەو هۆکارانەیە کە هەستیی من نیم و تۆ ببە”ێ” گەشە پێداوە.

مەبەستی سەرەکی هێرشی تورکیا نە پەکەکەیە و نە هیچ بۆچوونێکە، مەبەست بە ئامانج کردنی ناسنامەی نەتەوەیی کوردە کە مێژووەکەی کۆنە بە تێکدانی باری ڕامیاری رۆژئاوا دەتوانێت ئاڵوگۆڕ لە چۆنیەتیدا پێک بهێنێت، ئەردۆغان وەک نوێنەری پان تورکەکان هەستی ژێر دەستەکردن و تەواندنەوەی ژنی نەتەوەی کوردی لە ژێر ناوی پەکەکەدا شاردەوەتەوە، بەداخەوە چونکە لە کوردستاندا هەستی حیزبایەتی و پاراستنی بەرژەوەندیی تاقم بەهێزترە لە هەستی نەتەوەیی هەوڵ و تەقالاکانی حکومەتی تورک بەشێوەی هەمەلایەن ئانالیزە ناکرێت، گەلی ویتنام لە سەردەمی شەڕی ویتنام و ئەمریکادا لەباری چەندییەوە لە گەلی کوردو ئەم سەردەمە کەمتر بوون، باری ئابووریان زۆر لە خوارەی کورد بوو بەڵام وێرای کەموکوڕییەکانی سەردەم لە باری چۆنایەتییەوە زۆر لەسەرەوەی کورد ئێستاکە بوون، ئامانجی ئەوان نەتەوەیی و خاشەبڕکردنی هەستی خۆبەکەمزانی بوو!

مەبەست لە شیکردنەوەیی سەرەوە ئەوەیە ئیمکانی هەیە ئەو شەڕە درێژخایان بێت و زستانێکی ساردو پڕ لە کێشە چاوەڕوانی چینێ کوردی داماو لەو بەشەیی کوردستان دەکات، پێمان وانەبێت کە ئەم شەڕە شەڕی کۆتایی دژ بەکوردە و واباشە هەوڵ بدرێت تا زۆربەی گەلی کورد هەرکامە بەشێوەیەک خۆی لە خەباتدا بە بەشدار بزانێت.

هەروەک شەهید د- قاسملوو وتی سەرکەوتن بێ نرخ دەستەبەر نابێت بەڵام واباشە هەوڵ بدەین بۆ دابەشکردنی نرخەکان و لەم ڕێگایەوە کەمێک هەستی زیاتر دروست بکرێت، لەو زستانە سەردەدا، لەو پارچە فەقیرەی کوردستاندا زۆرکەس برسیی دەبێت و چاوەڕوانە، پێشمەرگە یان خەباتکارێک لە سەنگەردا پێویستی بە جلی گەرم هەیە بە وەرگرتنی جاکەتێکی گەرم یان کیسەخەوێک ڕۆحیی بەرز دەبێتەوە و ئەم کارەش بە چەند کەس ناکرێت کەوابێت کورد دەبێت هەرکامە بەشێوەیەک بەشداری خەبات بکات، خەبات تەنها بە قسە ناکرێت!

    پێشنیار

وێرای چاوپۆشی نەکردن لە هیچ ئەرکێکی نەتەوەیی واباشە گەلی کورد بۆ کاتی تەنگاناویی یان بە شێوەی بەردەوام ڕێکخراوەیەک (کومیتەیەک) زۆر بەهێزی ئابووری سازبکات بەشێوەی خوارەوە چونکە ئابووری کاریگەریی تایبەت بەخۆی هەیە.

  • هەر حیزبێک کە ڕادەی ئەندامانی لە سەرەوەی ١٠٠٠ کەس بێت کەسێکی نەتەوەیی و شیاوی ئەوکارە بەناسێنێت (کەسێکی خۆبەخش). بۆ نموونە، پارتی، یەکێتی، گۆڕان، هەر دوو باڵی حیزبی دیموکرات (رۆژهەڵات)، دوو باڵی سەرەکی کۆمەڵە، پەکەکە و پژاک، هەروەها کەسایەتییەکی بێلایەن بۆ بەرپرستی گەشتیی کومیتەکە دیاری بکرێت.
  • هەڵ بدرێت بۆ ئەوەیی کە هەموو کوردێک کە بڕوای بەمافی خۆ هەیە ئەندام و لە ڕێگای دانی حەقی ئەندامییەت خۆی بە بەشداری خەباتی نەتەوایەتی بزانێت.
  • حەقی ئەندامییەت دڵخوازو مانگانە بێت بەڵام هەول بدرێت ئەو کەسانە کە باری ئابووریان باشە بەشێوەی تایبەت یارمەت یان حەقی ئەندامیەت بدەن.
  • هەوڵ بدرێت تا هەموو کوردێک بەشداری ئەو پرۆژە بێت، یانی سەرۆکەکان و خەباتکارانیش، بۆ نموونە ڕێزدار مەسعود بەرزانی، ڕێزدار د- بەرهم ساڵح، ڕێزدار نێچیرەوان بەرزانی، ڕێزدار قوباد تاڵەبانی، هەروەها ئەندامانی پارلمانی کوردستان و کورد لە پارلمانی عێراق، ئێران، تورکیان و سووریا یارمەتی زیاتربکەن چونکە لە داهاتی نەتەوەیی موچە وەردەگرن، هەروەها سکرتێرو ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبەکان و …..
  • لە زۆر وڵاتدا سەربازی ئەرکە و ئەگەر سەربازی نەکەیت لە هێندێک کاردا قەبووڵ ناکرێت، بۆ ئەوەی کە ئەو یارمەتی دانە ئەرێنی کرێتەوە ئەو کومیتە هەر ساڵ بەڵگەیەک کە ڕوونکەرەوەیی بەجێگەیاندنی ئەو بەشە لەو ئەرکە بچووکە نەتەوەییە بۆ ئەندام ڕەوانەبکات و لە داهاتوودا کارتێکردنی بۆ تاک هەبێت، تێبینی: ئەو کەسانە کە دەبنە ئەندام بەڵام باری ئابوورییان باش نییە هەر ساڵ بە ورگرتنی زانیاری لە سەر وەزع ئابووری بەڵگی نەداری (مفلسی) کە هەمان بەهای هەیە بۆ دەڕوات.
  • ئەو ڕێکخراوە یان کومیتەیە دەعوەتی ئەندامیەت بۆ هەموو کوردێک دەنێرێت بەڵام ئیمکانی بۆدەڕوات کە هێندێک لە بەرپرسانی حیزبەکان یان دەسەڵاتداران خۆیان لە سەرەوەی ئەوە بزانن کە یارمەتی بکەن چونکە ئەو جۆرە کەسانە ئاستی کەسایەتیی خۆیان لە سەرەوەی هەموو گەلی کوردەوە دەزانن، لێرەدایە کە ئەرکی ئەو کومیتەیە گران دەبێت و دڵسۆزیی نەتەوەییان دیاری دەدات، بۆ نموونە ئەگەر داوا لە بەڕێز د- بەرهەم سالح یان یەکێک لە بەرپرسانی پەکەکە کرا بەڵام حاز نەبوون دەبێت ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕایی گشتیی کورد لە هەر چوارپارچەیی کوردستان بنووسن و وا کارەکانیان هەڵسووڕێن وەک ڕێکخراوەیەکی نەتەوەیی.
  • ئەو کومیتە نەتەوەیی دەتوانێت کومیتەیی شار و گوند لە کەسانی دڵسۆزو خۆبەخش بۆکار ئاسانی دروست بکات، هەروەها کومیتەکانی شارو گوند بۆ کار ئاسانی یەک نەفەر لە بنەماڵە کە ئەستۆدار دەبێت دەکات بە بەرپرسی باقی بنەماڵەکە.
  • ناو “کومیتەی یارمەتی نەتەوەیی” یان ناوێکی دیکە کە لە تورکیاو ئێران کێشە نەبێت.

دڵنیام ئەگەرهەوڵ بدرێت تا ئەم بابەتە وەک پرۆژەیەک کاری لە سەر بکرێت دەستکەوتی زۆری دەبێت وێرای ئەوەی کە لەم ڕێگایەوە گرژی حیزبی کەم دەبێتەوە و دەتوانرێت هۆکاری بەشداری هێندێک لەو چەکدارانی نەیار کە دواکەوتووی ئابوورین بۆلای مەسەلەی نەتەوایەتی ڕاکێشێت، هەروەها ئەگەر بتوانێت تەنها ٣ ملیون ئەندامی لە دەوری خۆی کۆکاتەوە و لە دۆلارێکەوە تا ١٠٠ دۆلار وەگرێت دەتوانێت لە کاتی تەنگانەدا زۆر کارێک بکات، شتی دیکە بۆ پێوەندی دان بەم کومیتەوە هەیە بەڵام ئێستاکە باسی ناکەین. سەرکوتووبن.

فاتح ئارەش

                                        

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی