"an independent online kurdish website

لە ٩/١٠/٢٠١٩ ئەردۆگان ھەرەشەکەی خۆی – ھێرشی سەربازی بۆ سەر رۆژھەڵاتی فورات – خستە بواری جێبەجێکردن .

ترەمپ ئاشکرای کرد کە سوپای ئەمریکی بێلایەن دەبێ لە نێوان سوپای تورکی و شەڕڤاناندا ، چەند لە یەکتر دەکوژن با بکوژن ، ئەو لەتەماشاکەرێک زیاتر نابێت، واتە ترەمپ گڕی سەوزی داوە بە ئەردۆگان.

ھەڵوێستی نوێنەرانی روسیا و چین لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەوەی دەرخست کە ئەردۆگان گڕی سەوزی ئەو دووزلھێزەشی وەرگرتووە بۆ دەسپێکردنی ئەم شەڕە. دور نیە کە پۆتین بەشداری کردبێت لە قەناعەت پێکردنی ترەمپدا بەو بەڵێنە کە ئەویش یارمەتی ترەمپ دەدات، وەکو لە ٢٠١٦شدا یارمەتی دا، بۆ سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنی ئەمریکادا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی. پۆتین خۆی ئەو یاریە قێزەونەی لەگەڵ کوردەکانی عەفرین، کرد جێی ھێشتن بۆ ئەوەی ئەردۆگان ئەو تاوانە گەورەیان دەرحەق بکات. ئێستەش بێگومان خۆشحاڵە بەوەی کە ترەمپیش لەھەمان تاوانەوە بگلێنێت.

ئەنجامی شەڕی رۆژھەڵاتی فورات چی دەبێت ؟ کێ سەردەکەوێت ؟

دیارە ئەم شەرە لە نێوان دوو ھێزی بەرانبەردانیە. تورکیا دەوڵەتێکی ٨٠ – ٩٠ ملیۆنیە، خاوەنی سوپایەکی سەدان ھەزار کەسە، بەھێزێکی ئاسمانی مۆدێرنی گەورەوە، بەتانک و زرێپۆشی زۆر و تۆپی دوور ھاوێژەوە، کوردیش بەھێزێکی بچووکی تازە پەیدابوو، بەو چەکانەوە کە شەری لەگەڵ تیرۆرستانی داعشدا پێکرد ، بێ فرۆکە و بێ تانک. ھیچ عاجباتی نیە ئەگەر لە ئەنجامی شەڕێکی سەخت و درێژدا ھێزی سەربازی تورکیا بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بێنێت. بەڵام، وەکو ئەزمونی شەڕی عەفرین نیشانیدا، تورکیا بەئاسانی و بەگورجی عەفرینی بۆ نەگیرا. گرتنی عەفرین نزیکەی دوومانگ لە شەرێکی سەخت و قوربانیەکی زۆری تێچوو. دەبێ لەم شەڕەدا تورکیا ئامادەبێت بۆ شەرێکی درێژتر و سەختتر و باجێکی قورستریش.

بەڕەچاوکردنی ئەو ڕاستیە کە لە جیھانی ئەمرۆدا نارەزاییەکی زۆر بەربڵاو ھەیە بەرانبەر ئەم دەستدرێژیەی رژێمی ئیسلامی تورکیا دژ بەکوردی سوریا ، ئەو پرسیارە دێتە گۆر: ئایا کات کراوەیە لەبەردەم ئەردۆگاندا بۆئەوەی درێژە بەم شەڕە نەگریسە بدات بەھەست و خواستی خۆی؟ بەلای زۆرەوە کات کراوە نابێت، ناڕازییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چ وەک دەوڵەت و چ وەک ڕای گشتی، بەتایبەتی نارەزایەکان لەنێوان کۆمەڵگەی ئەمریکادا، دەجوڵێن و ڕەنگە سەرۆکە سەرلێشێواوە عەقڵ ناتەواوەکەیان دۆناڵد ترەمپ دێننەوە تایم، یان ئیرادەی ئەنتی دیموکراسیانە و ئەنتی مرۆڤدۆستانەی ئەو سەردەکەوێت ؟ ئەمریکا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکدایە: دیموکراسی و قیەمی ئەخلاقی سەردەکەوێ یان پێچەوانەدەبێت.

ترەمپ گوێی لەوەنیە لە رۆژێکدا ٣ جار قسە بگۆڕێ و ئابڕوی خۆی ببات. ئەوی گرنگە لای ئەوەیە کە ئوتێلەکانی بەباشی لەکاردابن و کەچانسی سەرکەوتنی ھەبێ بۆ سەرۆکایەتی لە خولی دووەمدا !

ترەمپ لە ترسی ھەڕەشەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکیدا بە جارێ شڵەژاوە و ھاوکێشەی تێکچووە. زۆر باش دەزانێ کە ئەردۆگان ئامانجێکی سەرەکی لە شەری رۆژھەڵاتی فورات ئەوەیە ئەو ١٢ ھەزار بەندکراوەی داعشەکان لە ژێر دەستی ھەسەدەدان بگەنە ژێر دەستی تورکیا و ببن بە پاشکۆی تورکیا و بەربدرێنە وێزەی گەلی کورد و ھەموو گەلی سوریای لێقەوماو لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی خێزانی ئەسەد و پوتینی دیکتاتۆردا. ترەمپ دەزانێ کە ئەردۆگان خەون بە زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە دەبینێ، دەزانێ گەل و نیشتیمانی ئەو بەشەی سوریا بە خوێنێکی زۆری دانیشتوانەکەی رزگارکرا لە داعش و ئێستە وەک دیاریەک پێشکەش دەکرێ بە دیکتاتۆری تورکیا.

دیکتاتۆرەکان وەکو ھیتلەر و سەدام و قەزافی و ئەردۆگان دێن و دەڕۆن و میللەتان ھەردەمێنن و سەردەکەون. زووبێ یان درەنگ سەرکەوتن بۆ ئەوانەیە بەرگری لەمافی رەوای گەل و نیشتیمانی خۆیان دەکەن، بەرگری لەمافی مرۆڤ و عەدالەت دەکەن، ئەمڕۆ کورد لەھەموو کاتێکی ڕابردوو نزیکترە لەسەرکەتن. بەڵێ ڕێگەیەکی سەختە و پڕ لە دڕک و داڵە ، بەڵام ڕێگەی تر لەبەردەمدا نەماوە ئەمڕۆ رۆژی خەبات و مەردایەتیە:

-رۆژی خۆبەخشینە بۆ بەرگری لە میللەت ، بۆ پشتگیری لە قارەمانانی ھەسەدە .

-خۆپیشاندان لە ھەروڵاتێ کوردی تێدابێ ، بەتایبەتی لە ئەمریکا و ئەوروپا .

-داوا لەحکومڕانانی ھەرێم دەکەین بەدووڕویی نەجوڵێن، بەئاشکرا ھەڵوێستێک و ژێربەژێریش پێچەوانە. داوایان لێدەکەین کە بەھەموو شێوەیەکی دیبلۆماسی و نادیبلۆماسی، بەشێوازی مادی و مەعنەوی، یارمەتی ڕۆژاوای کوردستان بدەن، چیان پێدەکرێ دژی دوژمنان بیکەن .

– داوا لەھەموو ناڕازیەکانی ئەمریکا دەکەین کە ھەوڵ و کۆششی خۆیان چربکەن دژ بە دۆناڵد ترەمپ، کەبۆتە بەڵایەک بۆ ئەم دنیایە، بۆ خودی ئەمریکاش.

-داوا لە روسیا و چین دەکەین کە ھەمان ھەڵوێستی پێشوویان بەرانبەر عەفرین دووپات نەکەنەوە ، مرۆڤ دۆستانە بوەستن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی