"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان: هەروەک چاوەڕوان دەکرا، ئەردوغان لە گەڵ روسیاش لە سەر داگیرکردنی خاکی رۆژئاوای کوردستان و دانانی ئاوارە عەڕەبەکان لەم ناوچەیە رێککەتن.

بەداخەوە، کوردستان هەر دێت و زۆرتر لە یەکتر دادەبڕێ و وەک هەمیشە دەوڵەتانی داگیرکەری ناوچە، وەک ئێران، عێڕاق و تورکیە، هەر یەکەو بە جۆرێک و بە پشتیوانی زلهێزەکانی دونیا لە سەر کورد و خاکی کوردستان رێکدەکەون و کورد بێدەسەڵات دەبێ قەبوڵی بکات و دوای ئەم هەمووە خوێن دانە.

کورد شەڕی دژی تێرۆریستانی داعشی کرد بەڵام ئێستا تورکیە کە خۆی ماکەی تێرۆرە لە گەڵ زلهێزەکان پێک هاتووە بۆ ئەوە بە قسەی خۆی تێرۆریستان لە خۆی دوور کاتەوە و بەمجۆرە 32 کیلۆمیتر دێتە ناو خاکی رۆژئاوا.

تورکیە بەمە راناوەستێ و ئیدامەی داگیرکاری خۆی دەدا، دەبینین چۆن لە خاکی باشووری کوردستانیش خەریکی چوونە پێش و کوشتنی خەڵکی کوردستانە. تورکیە دوای ماوەیەک راوەستان بەرەو شەنگال و قەندیل دەکەوێتە رێ.

دەقی رێکەوتنی پوتین و ئەردوغان ، وەرگیراو لە روداو

ئەردۆغان و پووتین رێککەوتنێکیان لەبارەی رۆژئاوای کوردستان واژۆ کرد.

رووداو – هەولێر

کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆتاییهات و

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، سەرۆکی رووسیا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی تورکیامان بۆ باکووری سووریا گەنگەشە کرد و کورد بەشێکن لە سووریا نابێت پشتگوێ بخرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولا واژۆ کراو و بەپێی رێککەوتنەکە هێزە کوردییەکان دەبێت لەماوەی 150 کاژێر 30 کیلۆمەتر لە ناوچەکە بکشێنەوە. لەدوای تەواوبوونی ئەو 150 کاژێرە سوپای تورکیا و رووسیا دەورییەی هاوبەش بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لەسەر سنوور ئەنجامدەدەن.

رێککەوتنەکە لە 10 خاڵ پێکدێت و تێیدا جەخت لە دەرچوونی یەپەگە و هەموو کەلوپەلە سەربازییەکانیان لە منبج و تەلرەفعەت دەکەنەوە.

هەر بە پێی رێککەوتنەکە هەردوولا هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی یەکە “تیرۆریستییەکان” و هەوڵی هاوبەش دەستپێدەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و پارێزراو.

هەردوولاش بەردەوام دەبن بۆ کارکردن سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا لە چوارچێوەی میکانیزمی ئاستانا و پشتیوانی کۆمیتەی دەستووری.

دەقی ریککەوتنە 10 خاڵییەکە

– هەردوولا بەڵێندەدەن پارێزگاری لە یەکێتیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بکەن.

– هەردوولا جەختیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەموو چەشنەکانی تیرۆر و بەهەدەردانی تەواوی هەوڵە جوداخوازییەکان لە خاکی سووریا کردەوە.

– لەم چوارچێوەیەدا قووڵایی 32 کیلۆمەتری ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی کە گرێ سپی و سەرێ کانی لەخۆدەگرێ، پارێزگاری لێدەکرێت.

– هەردوولا گرنگیی رێککەوتننامەی ئەدەنە پشتڕاستدەکەنەوە. فیدراسیۆنی رووسیا لە هەلومەرجی پێویستدا ئاسانکاری بۆ رێککەوتننامەی ئەدەنە دەکات.

– لە 23ی تشرینی یەکەمی 2019 دوای کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆوە پۆلیسی سەربازی رووسیا لەگەڵ پاسەوانانی سنووریی سووریا ئەو سنوورەی سووریا – تورکیا کە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئۆپەراسیۆنی کانیاوی ئاشتی بەرەو سنووری سووریا دەچنەژوورەوە، بۆ کارئاسانکردنی کشاندنەوەی یەپەگە و چەکەکانی بە مەودای 30 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا – سووریاوە. ئەم کارە لە ماوەی 150 کاژێردا تەواوبکرێت. لەوکاتەدا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای سنووری هەنووکەیی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتییەوە بە فراوانیی 10 کیلۆمەتر ‘جگە لە قامشلۆ’ گەڕانی هاوبەشی تورکیا – رووسیا دەستیپێدەکرێت.

– تەواوی ئەندامانی یەپەگە بە چەکەکانیانەوە لە منبج و تەلڕەفعەت دەکرێنە دەرەوە.

– هەردوولا هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی یەکە تیرۆریستییەکان.

– هەوڵی هاوبەش دەستپێدەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و پارێزراو.

– میکانیزمێکی هاوبەشی چاودێریکردن و پشتڕاستکرنەوە دادەمەزرێندرێت بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە.

– هەردوولا بەردەوامدەبن بۆ کارکردن سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا لە چوارچێوەی میکانیزمی ئاستانا و پشتیوانی کۆمیتەی دەستووری دەکەن.

سەرچاوە روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی