"an independent online kurdish website"

لە سەر مەسەلەی هێرشی ئەردۆغان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەر بە پێوەری ئایینی یان ئیدەیی هەڵیسەنگێنین و هەق بدەین بەلایەک و ئەویتر بە ناهەق لە قەڵەم بدەین،

ئەردۆغان بکەینە خەلیفەی ئیسلام و جنێوو قسەی ناشیرنیش بۆ ئیسلام بەڕێی بکەین، شەڕەکە دەبێتە کێشەی ئیدەو ئایین وهەرکامە خۆی بەڕەوا دەزانێ و تەسلیمی ئەویتر نابێ، لە ئاکامدا دوژمنایەتیەکە قوڵتر و بـەرفـراوانـتر دەبێ لایەنگرانی هەردوک لا بەردەوام لە کێشەو ململانەدا دەمێننەوە. ئـەوەش من نایڵێم مێژووی کۆن ونوێی ئەوەمان پێدەڵێ و هەر ئێستاش لەبەرچاوە.

گومان لەوەدا نیە ئەو چەشنە لێدوان و لێکدانەوە ئاڵۆزانە ئەو شەڕە جنێو و فڕوو لاتاو پێک دادانە خزمەتی دۆزی نەتەوایەتی ئێمەی نەکردوە و نایکا.کوردستان لە لایەن چوار وڵاتی ئێران، ئێڕاق، تورکیە و سوریە دابەش و داگیرکراوە، بە شایەدی مێژوش مەترسیدارترین بەڵگەی کە بە دژی ئێمە دەکاریان هێناوە و دەیهێنن دژی ئیسلام بونمانە، لە حاڵێکدا کە زۆرینەی گەلەکەمان موسوڵمانە. ئەردۆ‌غان و هاو شێوەکانی بە ناڕەوا چەتری ئیسلامیان لەسەر خۆیان هەڵداوە و بەو چەشنە، بیروڕای ئەگەر نەڵێم هەموو دەڵێم: زۆرینەی موسڵمانانی دنیایان بـۆلای خـۆیـان ڕاکێشاوە. خەبـاتی ڕەوای ئێمەیـان بـەکوفر و دژی شـۆڕش و بەستراوە بە ئیمپڕیالیزم و…. لە قەڵەم داوە، شاراوە نـیە زۆرێک لـە غەیـرە موسوڵمانیشیان دەگەڵ خۆیان هاوڕا کردوە، زلهێزان و ئوروپای بەناو کانگای ئازادیش ناراستە و خۆ دوو قامکیان بۆ هەڵێناوە، واتە جۆرێک کاریان کردوە کە ئەوە شەڕی کوفرو ئیسلامە، ئەوان نوێنەری خوا و ئێمەش دوژمنی خوا!! مخابن زۆرێک کوردی تـونـدڕۆ، زۆرێـکیش نـەزان و لـە ڕاستیەکان تێنەگەیشتووش لە دەوریان هاڵاون. ئەوانە و زۆریتریش کێشەکەی بە شێوەیەک قوڵتر کردوە کە چارەسەری ئەگەر محاڵ نەبێ زۆر حاستەمە!

ئەو نیاز و بەرنامە شومەی ئەوان، لە ڕاستیدا ڕێگای گەیشتن بەئامانجی لە ئێمە مەترسیدار و دورتر خستۆتەوە. من دەپرسم داخوا هێرش و پەلاماری وەحشیانەی داگیرکەران بۆسەر کوردان مەسەلەکەی ئاڵۆزتر نەکردوە؟! داخوا ئەو پەلامارە بۆسەر کوردانی ڕۆژئاوا فەرمانی ئیسلامە؟! نابێ بیشارینەوە لەناو خۆشمان دا بەهۆی ئیدە و ئایینی جیاوازەوە لێک ترازاوین، جاروبار گەیشتوینە حاندی دوژمنایەتی، بۆیە با ڕەوتی خەباتەکەمان لە مەسەلەی ئایین و ئیدە جیا بکەینەوە. بیرو باوەڕەکانمان بۆخۆمان بێ هەوڵ نەدەین بە زۆر بەسەر خەڵکیاندا بسەپێینین و هەمومان لە ژێر چەتری نەتەوایەتیدا کۆببینەوە. لەگۆڕەپانی نەتەوایەتیدا هەموو خاوەن ئیدە و ئایینەکان کۆ کەینەوە و لە سەر وەدیهێنانی ئامانجی نیهاییمان کە ڕزگاری کوردستان و گەلە، یەکبگرینەوە و لە سایەی ئەو یەکبونەدا خۆمان ڕزگار کەین و بحەسێینەوە. با دوژمنانی ئێمە، داگیر کەرانی کوردستان و ماف و ئازادیەکانمان بن، نەک خاوەنانی ئایین و ئیدەیەک! بـا پاکانە حیساب دەگەڵ دوژمنانی داگیرکەر بکەین نەک دەگەڵ خاوەنانی ئـایین و ئیدەکان. با لە قالبی هەست و سۆز بیینە دەروو مەنتیقی بیر بکەینەوەو دەگەڵ بابەتەکان بەرەو ڕوو بین. با دوژمنی ئەوانە بین کە بەناوی ئیسلام وڵاتیان داگیر کردوین .بادوژمنی ئەوانە بین کە خۆیان بـەموسوڵمان دەزانن و مافی ئێمە پێشێل دەکەن ، نەک هەرچی موسوڵمانە !

قەناعەتی تەواوی من ئەوەیە کە کورد نابێی شەڕی ئاێین و ئیدە بکا . ئـوسولەن داوای ئێمەش دابەزاندنی ئیدە یان ئایینێک نیە . ئێمە گەڵێکی (40) میلیۆنین بە زمان و فەرهەنگ و کلتوری جیاوازەوە، بـە خاک و زێدێکی لەت لەتکراو هەر بە ناوی کوردستانەوە. وەک نەتەوەیەک دەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دنیایە زیدو مافی دیاریکراوی خۆمان هەیە. نە هیچ دینێک ونەهیچ ئیدەیەک خێری پێینەکردوین . لە ڕوانگەی ئیسلامەوە بەشێکین لـەو نـاسەی کە خوا لـە قورئان دا فەرمویە: ( یاآیهاآلناس إنا خلقناکم من ذکر وانثی و… لە ڕوانەگەی غەیری ئایینیەشەوە مرۆڤین هەموومافێکی مرۆڤانەمان پێڕەوایە . ئەردۆغان سەرکۆمارێکی ئیخوانیەو سەرئەنجامیشی لەناو چونە ، نەخەلیفەی ئیسلامەونەلە مانای ئیسلام تێگەیشتوە.تورکێکی نەژاد پەرستی پاوانخوازی خۆ نەناسیوە. ئەوانەی خۆلیای دەسەڵاتن لەهەموو ڕێگایەکەوە بۆ بەردەوامی خۆیان دەچنە ناو هەر ئیدەو ئایینێک و شتی لەو بابەتانە کە بڕواشیان پێی نیە . من بەڕاشکاوی دەڵێم: هەرکەس لەهەر پـوستێک دابێی و هـەر چەشنە دەسەڵاتێکی هەبێی ، مادام مافی مرۆفەکان نەناسی و ڕێزیان بۆ دانەنێی ، نـە خاوەن دینەو نەخاوەنی ئیدەیە ، چونکە خوا ئەو جیهانەو هەرچی لەسەرزەوێـو لەژێـر زەویدا هەیە بۆ مرۆڤەکانی داناوە. مرۆف بەلای خواوە هەم شەریفە هەم جێگای ڕێزە بۆیە ئەوهەمو نازو نیعمەتەی لەژێر دەستی ناوە. ئەوانەی ئەومافە خوا پێداویەی خوایی لە مرۆڤەکان زەوت دەکەن لەپێشدا دوژمنی خواو دوایە دوژمنی ئینسانن.

من ئەوەی ئەردۆغانم بەلاوە عەجایب نیە ئەو لـەهەموو بـارێکەوە دوژمنی کوردەو دوژمنیش هەرئـەوەی لێی چاوەڕوان دەکرێی . خومەینی و سەدامیش چەکی دینیان دژی کورد بەکار هێناوە ، بەڵام ناهومید بون و سەریان لە بـەردی ئەلحەدێ داوەو کوردیش هەروا قورسو قایم لە گۆڕەپانی خەبات دا ڕاوەستاوە . ئـەوەی منی هەژانـدوە ئـەوانـەن کە نـاوی پێشەوای ئایینیان لە خۆیان نـاوە هەریەکەی تۆپێک هومایلیان لەسەریان هاڵاندوەو عابایەکی درێژیان بەخۆیان داداوە، ئایەتی قورعانی بۆ جینایەتەکانی ئەردۆغان دەکەنە بـەڵگە وخەڵـکی ساکار و هێندێک فرۆشراویشی پێی هەتڵەدەکەن . ئەو کەسانەی لە و جینایەتەدا گیان لەدەست دەدەن لەسەدی ( ٩٩ ) نۆیان باوەڕیان بەئیسلامە هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە ! ئەگەر کورد بونیش تـاوان بێی خۆ ئـەوان نـەیـان کردوەو، ئـەوە خوایە ئەوانی بەکورد وەدی هێناوە !! گومانم لەوەدانیە کورد ئـەگەر یـەک بگرێی ڕزگاری کوردستان مسۆ گەرە. کە کوردستانیش ئـازاد بـوو ئەو دین فرۆشانە ئایەتەکان بەدیوی کوردان دا ۆەڕدەگێرنەوە . نەفرین لەخۆیان دەکەن و سەریان شۆڕ دەکەنەوە .

لەکۆتایی دا دەڵێم : ئەوەی ئەردۆغان دەیڵێو دەیکا نەک فڕی بەئیسلامەوە نیە بەڵکو بێحورمەتی کردنە بە ئیسلام و موسوڵمانان . دینێک کە پێداگرە لە سەر عەداڵەت و ئاشتی و برایەتی و بـەهەمـوان دەڵێی مـرۆڤو، وەک بـەرانبەریـان حیساب دەکا ، کردویانـەتـە دێـوەزمـەی مەرگ وکوشتن و بـڕین و قەڵاچۆی مرۆڤەکانو وێرانی و ڕوخاندن و سوتاندن و هەرچی جینایەتی دنیایـە . قسەم دەگەڵ ئەوانە نیە کە حەز دەکەن ئیسلام ئاوابێێ ، چونکە دژی ئیسلامن ئەو هەوایەیان بەدڵە و موسوڵمانی وەک ئەردۆغانیش کەشو هەوایەکەیان بۆ لەبار دەکا . بە ڕاشکاوی دەڵێم : هەرگیز ئـەوە ئیسلام نیە ، هـەر مـرۆڤێکی هەستی ئایینی بەپاکی تێدا بێی ،هەر کەس ئەو جینایەتانە لەژێرهەرناوێک دا بکا، دژی ڕادەوەستێ و بـەتـونـدی مەحکومی دەکا . بـێباکانەش دەڵـێـم : ئـەگەر ئـەوەی ئەردۆغان ئیسلامی بێی ، خۆزیا ئیسلام هەر نەبایە!!

براتان مەلا برایمی مەجیدپور

٢ ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ ی کوردی ٢٤/١٠ / ٢٠١٩ زایینی

نویترین هەواڵ و بابەت