"an independent online kurdish website"

“کوشتنی بەغدادی” لە نزیک ٥ کیلۆمەتریی “سنوور”ی تورکیا، جێی تێڕامانە!

بۆ دەبێ بە‌غدادی ئەوێی هەڵبژاردبێت، واتە نزیک سنوورەکانی ئەردۆغان؟ ئایا دوای کوشتنی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی، هێزە دڕندەکەی داعش بە تەواوەتی تووشی لێکترازان دەبێت، ئەگەر وابێت، دەبێ کێ خۆی لە پاشماوەکانی داعش بکاتە خاوەن و داڵدەیان بدات؟

کاتی خۆی ئوسامە بن لادەن بۆ دەربازبوون لە کوشتن پشتی بەرەیەکی بۆ خۆی هەڵبژاردبوو، ئەویش لە ناو خاكی پاکستان شارێکی نزیک سنووری ئەو وڵاتەی بۆ خۆی دیاری کردبوو، “ئەبووبەکری بەغدادی”یش هەمان تاکتیکی بن لادەنی دووبارە کردەوە و لە ناو خاکی سووریادا شارێکی نزیک لە سنووری تورکیای بۆ خۆی دەستنیشان کردبوو!

ترامپ لەو کاتەدا، زۆر پێویستی بە چالاکی و هەواڵێکی وا هەبوو، چونکە بەر لە هەموو شتێک، ڕای گشتیی ئەمریکای پێ کەوی دەکات. هەروەها مەزلووم کۆبانیی فەرماندە ئەو ئۆپەراسیۆنەی بە کاری هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا ناو برد!

– گۆیا سیستەمی هەواڵگریی عێراقیش لەو کارەدا هاوکار بووە!؟

– گۆیا حەوتوویەک بەر لە ئێستا مەلا ئەتۆمییەکانی ئێرانیش ئاگایان لە پلانێکی وا هەبووە!؟

– ئەگەر بەغدادی خۆی تەقاندبێتەوە، دیارە ئەویش ئاگاداری ئەو پلانە بووە!؟

– دەڵێن، تورکیا ئاگادار نەکراوەتەوە!؟

پێویستە هەم باشووری کوردستان و هەمیش ڕۆژاوای کوردستان، خۆیان لە تێکشکاندنی داعش و کۆتاییهێنان بە خەلافەتەکەی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی)، هەروەها کوشتنی بەغدادی بکەنە خاوەن. با تۆماری بکەن کە دڕندەترین هێزی ئیسلامی (داعش) لەسەر دەستی کورد کۆتایی پێ هات. با چیتر ئەوروپی و ئەمریکی بە تایبەت ترامپ، نان بە سەرکەوتن بەسەر داعشدا نەخۆن و لێی نەبنە خاوەنی سەرەکیی تێکشکاندنی خەلافەتی ئیسلامیی ئەبووبەکر بەغدادی!

ئەو ناوچە پۆخڵ و گەندەڵە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، سەرچاوەی دەیان و سەدان بن لادەن، زەڕقاوی و ئەبووبەکری بەغداییە، دەڤەرێکە بەردەوام زاوزێی بن لادەن و بەغداییە چەکدار و ناچەکدارەکان دەکات. کۆمەڵێک دڕندە بزر دەبن، بەڵام پاش ماوەیەکی تر دەیان دڕندەی تر هەڵدەتۆقن یان هەڵیان دەتۆقێنن!

ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەبەردبووی لە دەرەوەی مێژووی مرۆڤایەتی، بۆ دەیان ساڵی تریش ئەو توانا و دەرفەتی هزری و سیاسی، هەروەها ژینگەیەکی مێژووییی گونجاویشی هەیە کە هەروا تیرۆر، دڕندەیی و کاولکاری بەرهەم بێنێت!

ئەوەی کە تا ئێستا دژ بە داعش کراوە و ڕووبەڕووی بوونەتەوە، تەنیا بە ڕێگەی هێزی ڕەق (هێزی سوپایی و فڕۆکەی شەڕکەر) بووە، بەڵام لە بواری جەنگی نەرمەوە (بەربەرەکانی دژ بە بنەما هزری و کەڕواوییەکانی داعش) کاری لەسەر نەکراوە. داعش لە بواری سوپایییەوە تێک شکاوە، بەڵام لە بواری هزرییەوە ژینگەیەکی گونجاوی هەیە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعشە ڕەنگاوڕەنگەکانی دیکە. هەروەها بوونی گەندەڵی، نادادپەروەری لە وڵاتە عەڕەبییەکان سەرچاوەیەکی تری سەرهەڵدانی گرووپی دڕندەن، تا ئەمەیش چارەسەر نەکرێت، بوار بۆ ڕێکخستنی ئەو چەشنە گرووپانە هەر دەمێنێت. دەوڵەتە عەرەبییەکانیش وا نوقمی گەندەڵی، تەوەزەلی، دزی و بەفیڕۆدانی سامانی وڵاتەکانیانن، هیچ هیوایەک بەدی ناکرێت کە بتوانن چاکسازی بکەن، بۆیە چەشنێکی تر لە داعش بەڕێوەیە!

بە دۆزینەوە و کوشتنی ئەبووبەکری بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی، دەبێ ئێستا حاڵی قاسم سولەیمانی چۆن بێت؟

بە نەمانی بەغدادی دەبی چارەنووسی داعش چی لێ بێت، ئایا دڕتر لەوە دەبن، ئەلقاعیدە دەستی بەسەردا دەگرێت، یان ئەوەتا پاشماوەکانی وەکوو گرووپ گرووپ لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە بەکرێ دەگیرێن و هەر کاتێک ویستیان قورمیشیان دەکەن؟

لە دۆخێکی وادا ئایا ئەو توانایەمان هەیە کە بە کەمترین تێچوو بەرگەی ڕووداوەکانی دوایی بگرین، یان حیسابمان بۆ پێشهاتەکان کردووە کە بە کەرەسەی تەواوەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە؟

بەڵام ئێمەی کوردیش چونکە بێ سەیوانە (بێ دەوڵەت)ین، هەمیشە دەبێ لە چاوەڕوانی هێرش و پەلاماری ئەو دڕندە و دەیانی تردا بین. یان دەبێ چاومان لەوە بێت کە کەی چەند فڕۆکەی شەڕکەر بە هانامانەوە دێن!

سەرچاوە، لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

نویترین هەواڵ و بابەت