"an independent online kurdish website"

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین باس لە کۆمەڵێک پرس و کێشە بکەین کە لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا هەن کە هاوکات لە پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستاندا

خۆیان دەردەخەن.

گرینگی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و ئەمەی وا پێ دەگوترێ “ژئێۆپۆلیتیک” و “ژێئۆستراتێژیک”، وای لێ دەکات نەک هەر دەبێ گرینگی بە ئەم بەشەی کوردستان بدرێ بەڵکوو بە سەر ترۆپکی گۆڕانی چارەنووسی گەلی کورد، لە ناوچە و جیهان دانرێت.

لە پلەی یەکەمدا: رۆلی ئەو وڵاتانەی کە کوردیان بە سەردا دابەشکراوە، وەک ئێران، تورکیا، عێراق لە پلەی دووهەمدا: رۆلی ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کە بە هۆی پارەی نەوتەوە، گەشەیەکی رەواڵەتی ئابووری بە خۆیانەوە دەبینن، چ بە هاندانی وڵاتانی دیکە و چ خۆشیان بۆ جۆرێک کایە و دڵمەشخووڵی دەگەڕێن کە خۆیان پێ گرینگ بێ، هەر بۆیە کەڵک لە هەست و سۆزی ئایینی خەڵک وەردەگرن و ئاژاوە و ماڵوێرانی ساز دەکەن. بۆ وێنە بە کارهێنانی ناوی “بلاد شام”، ناو و دەستەواژەی سیاسی جوگرافیایی ساڵانی ئیمپراتوری ئیسلامیان بۆ زیندوو دەکاتەوە و پاڵ پشتن بۆ رێکخراوە دژە کورد و دژە مرۆڤییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و لە سووریا بە گشتی. لە پلەی سێهەمدا: رۆڵی وڵاتە زلهێزەکان: زلهێزەکان بەو کۆمەڵە وڵات و دەوڵەت دەسەڵاتدارانەی جیهانی رۆژئاوا دەگوترێ لە سەدەی پازدەوە بەملاوە بە کەڵکوەرگرتن لە توانای زانستی، ناوچەگەلێکیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد. زلهێزە کلاسییەکان بریتین لە: ئینگلیز، فەڕەنسا، رووسیا و ئەو وڵاتانەی لە سەرەتاوە بە ئیستعار و یان کەڵک وەگرتن لە وزە و ئابووری وڵاتە جۆربەجۆرەکان هەستان، بریتین لە سپانیا، پۆرتغال …

لە دواێ شەڕی دووهەمینی جیهانییەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، وەک زلهێزێک خۆی سەپاند و هەتا ئەو دەمەش، ئەمریکا بە یەکێک لە گرینگترین ئەو وڵات و هێزانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ گۆڕانکارییەکان و هەر وەها بۆ پرسی کورد، دێتە ئەژمار.

رۆژئاوای کوردستان، پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی: بە هۆی کێبرکێی نێوان ئنگلیز و فەڕەنساوە، رۆژئاوای کوردستان بە سەر دەوڵەتێکی دەستکرد دا بە ناوی سووریا، دابەشکرا. ئەم بەشەی کوردستان رەسەنایەتییەکی تایبەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی دەوڵەمەند و هەر وەها ئەو دەسەڵاتە مرۆڤ دۆستەی کە بێگانە نەبوو بە چاندی کورد، واتە ئیمپراتۆری بیزانس کە لە نێوان ساڵانی ٣٣٠ زایین هەتا ١٤٥٣ حوکمی دونیای ئەو دەمی دەکرد بە دەستی تورانییەکان هەڵوەشایەوە. ئیمپراتۆری بیزانس بە یەک لە ئەو سیستمەگەلە سیاسییە دێتە ئەژمار کە بە کەڵک وەرگرتن لە فەلسەفەی و بیری ئەفلاتوون و مرۆڤ خۆشەوستی و سۆز و بەزەیی کە خۆی لە بیری کەلیسای ئۆرتۆدۆکسدا خۆی دەنواند.

لە ئاوا فەزایەکدایە کە رۆژئاوای کوردستان نەک هەر لە بناخە و رەگەزی خۆی دانابڕێت بەڵکوو وەک مێژووی ئەو دەم باسی دەکەن کوردیش پێگەی شایانی هەبووە و سەرداران و کەسانی کورد لە نێو ئیمپراتوری بیزانس دابوون و هەر وەها گەشەی کار و باری تکنیکی لە نیو زۆر شاردا کوردەکان دەیانکرد و هەر بۆیە ئەمڕۆژەش کوردەکانی ئەم پارچە زۆر کاری وردی دەستی دەزانن کە دەیان ساڵ مێژووی هەیە.

سەردەمی سەرهەڵدانی وڵاتانی ئیستعمار و کورد: بۆ وڵاتانی ئیستعماری، “بلاد شام”، مانای ئیمپراتوری ئیسلامی و شتی وا نەبوو بەڵکوو بەو وڵاتانە دەگوترێ کە لە دەڤەری خۆر و هەتاودا هەڵکەوتوون و سەرەتا پاپاس کاتولیکەکان دنیا لە سەدەی پازدەوە بە ئەم شێوەو بیرە لە نێوان پۆرتغال و سپانیادا دابەش کرد. گەلانی دانیشتووی “لیڤانت” ئەم ناوچە و وڵاتانە لە خۆ دەگرێت: سوریە، مەدیتەرانەی شەرقی، لوبنان، ئۆردۆن، فەلەستین، ئیسرائیل، قبرس، میسر، تورکیا، عێراق. شێوەی بە کارهێنانی “لڤانت” بۆ ئەو کۆمەڵە وڵاتە، ئەمڕۆکە لە باری سیاسی و نێودەوڵەتییەوە گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە وڵاتانی ئافریقا و رۆژاوێ ئاسیا –ش لەخۆ دەگرێ.

ئینگلیزەکان لە ساڵی ١٥٧٠ بۆ یەکەمجار، پەیمانێکی ئابووری لە گەڵ “گراند تورک” دەبەستێ. پەیمانێک کە دەستی ئەم وڵاتە، بۆ هەر چەشنە کارێک ئاوەڵا دەکات. دواتر، کۆمپانیای لڤانت بۆ کاروباری ئابووری، لە گەڵ ئیمپراتوری عوسمانی لە ساڵی ١٥٨١ پەیمانێک دەبەستێ و یەک سەدە دواتر فەڕەنساییەکان بۆ هەمان مەبەست کۆمپانییایەک بە ناوی کۆمپانی شەرق”یان دامەزراند کە خوارەوە و سەرەوەی ئاناتولی و شەرقی لە خۆ دەگرت.

لە شەڕی یەکەمی جیهانی کە عوسمانییەکان وەک جاران هێزیان نییە کە بەربەرەکانی و شەڕ بکەن، ئینگلیزەکان، لیڤانتی عوسمانی، یان وڵاتی نێوان دوو رووبار(دیجلە و فۆرات) دەخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە و دواتر ناوی عێراقی لێ دەنێن. لە بەر خاتری خزمەتەکانی سوپای سەرهەڵداوانی عەرەب، کە دژی عوسمانییەکان هاوکاری ئیستعمار بوون، سەرکردەی سەرهەڵداوە عەرەبەکان بە ناوی “فەیسەڵ شەریف حوسەین”ی مەککە و جەزیرەی عەرەبستان دەکەنە سەرۆکی ئەو وڵاتە. هەر بۆیە مافی کورد، لە وڵاتی تازە ناو لێ نراوی عێراقدا دەچێتە نێو خانەی تاریکی دونیای عەرەبەوە.

مشتومڕەکانی فەڕەنسا لە ناوچە دەگاتە ئاستێک کە لە ١٩٢٠دا، بە نامەیەک بۆ رێکخراوی گەلان سەردەکەون کە دەوڵەتێکی دیکەی عەرەبی لە ناوچە قوت بکەنەوە و ناوی سووریای لێ بنێن. بۆیە ئەمجار لە ساڵی ١٩٢٣، دەوڵەتێکی دیکە، بە فەرمی بەشێکی کوردستانی نەسیب دەبێ و هەوڵ بۆ لەناوبردنی کورد لە ئەم وڵاتە، بوو بە یەکێک لە کارەکانی رۆژانەی دەوڵەتی سووریا.

گرفت و کێشەی تورکیا لە گەڵ سووریا: گرفتی تورکیا لە گەڵ سووریا چەند هۆکاری هەیە. لە پلەی یەکەمدا ئەوەی کە تورکیا، تا ئێستاش، نسکۆهێنانی خۆی لە ناوچە، بە درێژایی سەدەی رابردوودا قەبووڵ نەکردووە و بۆیە بە تەمایە کەڵک لە جۆرێک بۆشایی و یان کێبرکێی زلهێزەکان وەربگرێ بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی وەک هێزێکی ناوچەیی و جیهانی گرینگ بسەپێنێ و هەر وەها بە دیپلۆماسی تەعاروف و یان ئەو مکانیزمانەی دەسەڵات کە خاوەنین، هەوڵ دەدەن بە شێوەی هەمەلایەنە کەڵک لە کوردەکانی باشوور وەربگرن کە هەم دەسەڵاتێکی ژێردەست و دەستەمۆی کوردییان هەبێ هەم بتوانن بۆ دژبەری باکوور و رۆژئاوای کوردستان کەڵکیان لێوەرگرن. هاوکات تورکیا هەوڵ دەدات تا نەهێڵێ کوردەکانی سووریا ببنە خاوەنی هیچ پێگەییەک تا نەکا هێز بگرن و ببن بە سەرەتایەک بۆ ناچاری دانپێدانان بە مافی ٢٥ میلیۆن کوردی ئەم وڵاتەش.

گرفتی دیکەی تورکیا لە گەڵ سووریا بۆ پرسی ئاو دەگەڕێتەوە و هەر وەها کێشەی خاک و ئەرزیش هەیە لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتە کە بۆ شارۆچکەیەکی سنووری نێوانیان لە کەنارەکانی مەدیتەرانەوە بە ناوی “هەتای” یان ناوە مێژووییەکەی “ئەلێکساندرێتا” دەگەڕێتەوە. هاتای لە باشووری وڵاتی تورکیا هەڵکەوتووە. ئەم شارۆچکە گرینگە ناوەندێکی گرینگی ئابووری و سیاسی بووە لە کۆن زەمانەوە و بە ماوەی دوو ساڵ لە سەدەی رابردوو، ساڵی ١٩٣٧ وەک ئیقلێمکی سەربەخۆ بووە و دواتر بە هاوکاری فەڕەنسا، بە پەیمانێکی ناڕوون بە تورکیا دراوە. شایانی گوتنە کە سووریا بە رەسمی قەت دەستبەرداری ئەم شارە گرینگەی نەبووە. لە هەر کام لە ئەو سەردەمانەی کە سەبارەت بە پرسی وڵاتانی رۆژهەڵات باسمان کرد، تێیاندا کۆمەڵێک گۆڕانکاری گرینگ لە باری سنووری ئابووری و سیاسییەکانیاندا روویداوە. زۆر لە گەلان توانیویانە لەو سەردەمانە، بوونی خۆیان بسەپێنن، کە تەنانەت لە گەلانی مێژوویی ناوچەش نەبوون و قورسایی مێژوویی گەلی کوردییان نەبووە. ئەمانە و زۆر وردەکاری دیکە، کە لە وتارێکدا ناگونجێن، پێگە و گرینگی رۆژئاوای کوردستانمان بۆ دەسەلمێنن و بۆیە هاوکات لەگەڵ لەبیرنەکردنی مێژووی رووداوەکان، هەوڵ بۆ تۆمارکردنی مێژوویەتی نوێش بدەین.

  • ئەم وتارە ساڵی ٢٠١٣ نووسراوە ودووبارە بڵاوی دەکەمەوە لە سایتی پێشمەرگەکان
نویترین هەواڵ و بابەت