"an independent online kurdish website"

مرۆڤ بونەوەرێکی سەیرو سەمەرەیە، هەرچی لە سەر ئەو زەویە دەکڕێو ڕوو دەدا بە باشوخراپ وجوان وناحەزیەوە ، هەرهەموی دەستکردی ئەوە. هەموو گیانلەبەرەکانیتر هەر مڕۆڤ کاریان پێدەکا و کەڵکیان لێوەر دەگرێی،

دڕندەترین گیانلەبەر ماڵی دەکا و ڕای دێنێ ، واتە حاکمی بێئەملاو ئەولای ئەو گەردون و زەویو عاسمانانەیە. کەچی ئەو مرۆڤە شەریفە! خۆی هاوارو ڕۆیەتی لە دەست پێشێلکردنی مافی مرۆڤ وکوشتن و بڕینو قەڵاچۆی مرۆڤەکان ! بە باوەڕی من ئەو هاوارو بڕۆیە تەنیا خۆڵ لەچاوی خەڵک کردنە .ئەگەر ڕاشکاوانە تربڵێم : هەموو درۆنو بەرو بووی درۆش شەرمەزاریو پەشیمانیە.

درۆ ئافەتێکی مەتـرسیدارە تـەقریبەن هەمـوو جەستەی کۆمەڵگای دافەتـانـدوە. قێزەونترین عەیبە و خراپترین ئاسەواری لێدەکەوێتەوە . ئیعتیباری مرۆڤەکان کەم دەکاو بڕواو موتمانەیان لێدەسڕێتەوە. مرۆڤەکان بەرەو هەڵدێرێک دەبا کە زۆرحاستەمە خۆیان بگرنەوە. لە ئاکامدا مرۆڤ توشی ئازارێکی ویژدانی دەبێی کە نا خۆداگا خۆی دروستی کردوە. درۆ، نەخۆشیەکە خاوەنەکەی ناتوانێ بۆ چارەسەری لەلای هیچ دکتۆرو شارەزایەک ئیقراری پێبکا. ئەوانەی درۆدەکەن هیچ کەڕامەتو شەڕافەتو کەسایەتیەکیان نیە. لێرەدا نامەوێێ لەڕوانگەی ئایینیەوە باسی ئەو فەتایە بکەم ئایەتو حەدیسی بۆ ڕێز بکەم ، ئەوەندە بەسە کە خوا لە قورئاندا ئەگەر هەلە نەبم لە زیاتر لە ١٩٣ ئایەتدا وشەی درۆی وەک نمونەی خراپی باس کردوە. مخابن ئێمەی پەیڕەوانی ئەو ئایینە وەک پیویست خۆمان لێ نەپاراستوەو کوردانە بڵێم : درۆمان بەقازانجی خۆمان کردوە.

درۆ دارێکی گەورەیە کەدەیان لکو پۆپی لێبۆتەوە ، وەک نەخۆشیەکی ژاراوی بۆ ناو کۆمەڵگا تەشەنەی کردوە. بڕوانە : بوختان ، نەمامی ،غەیبەت ، ئێرەیی، خەیانەت ، پەیمان شکێنی ، شایەدی بە درۆ ، و زۆریتریش سەرچاوەکەیـان درۆیە . هەموو کێشەو ئاریشەکانی کۆمەڵگاش هەر لەوانەڕا دروست بوە . درۆزن بە مەبەستی بەهەڵە بردنی کەس، کەسانێک یان کۆمەڵگا ڕاستیەکان دەگۆڕێی و شتی دروستکراویان لە جێی دادەنێ. درۆزن دەتوانێی بـەشێک لـە خەڵک بۆ ماوەیەک فریو بدا ،بەڵام هەرگیز ناتوانێ هەموان بۆ هەمیشە لە خشتە بەرێی. ڕاستیەکی ساکار، زۆر جوانترە لە درۆیەکی ڕازاوە. راستی ئیعتیبارت بۆ زیاد دەکا. درۆ کەسایەتیت دەڕوخێنێ . مرۆی خاوەن شەڕەفـو ویـژدان بەزۆریش درۆ ناکاو خەڵک هەڵناخەڵەتێنێ ،هەموو ئازارێک تەحەمول دەکا و حاشا لەڕاستی ناکا . درۆی بە زمان ، وەدەرخستنی زبڵوزاڵی دەرونێکی گەنیوە وەدەر دەخرێیو کۆمەڵگاو ژینگەی پیی پیس دەکرێی. درۆزن شەڕیەتی دەگەڵ ڕاستیومرۆڤایەتی ، دەیەوێی ناحەزیان بکاو کەسایەتیو سام وهەیبەتیان بشکێنێ.

مرۆی دوو ڕوو درۆزنە چونکە شتێک بەزمان دەڵێی کە لە دەرونیدا هەر نیە . خۆ بەزلزان درۆزنە ، چونکە جۆرێک خۆی دەنوێنێ کە خۆی نیە . درۆزن هیچ ئیمان و بڕوایەکی نیە ، چونکە بەردەوام ڕاو بۆ چونی بارەوبار دەکا . پەیمان شکێن درۆزنە چونکە بەڵێن دەداو ئەنجامی نـادا. قسەو کردەوەی بەدرۆ هەریەکن چونکە هەردوکیان بۆ بەلاڕێدا بردنە. ئەوانەی درۆ دەکەن ئیمانیشیان وەک وتەکانیان وایە و هەردەمە کراسێکی دەبەر دەکەن . ئەرکی مرۆی خاوەن کەسایەتیو باوەڕ چ ئایینی و چ ئیدەیی، ئەوەیە کە خۆی لە درۆ بپارێزێی و ڕوو بکاتە سەداقەت وڕاستی تا ئیعتیبارو کەسایەتی خۆی بەرز ڕاگرتبێ.بەردەوامی لە سەر ڕاستی ڕەنگە قورسو جارو بار زیانیشی بەڕواڵەت هەبێی ، بەڵام بە دڵنیایەوە ئارامشی ڕووحی بەخاوەنەکەی بەخشیوەو جیگەو پێگەی بەرزیشی لە کۆمەڵگادا بۆ دیاری کردوە.

گەورەترین درۆ ئەوەیە بەزمان خواو ڕەسولی خواو گەورەپایانەوە بکرێی، وەک: ئەوەی حەرامێک حەڵاڵ بکەی، یان ناڕەوایەک بەڕەوا بناسێنی ، یان قسەی نابەجێی بەزمانی ئەوانەوە بکەی ، تەنیا بـۆ ئـەوەی ئـامانجی خۆت وەدەست بێنێ.ئەگەر بەوردی سرنجی ڕەوتی ڕوداوەکانی دنیای ئەوڕۆ بدەین لە سەدی نەوەدیان بە پێچەوانە نیشان دەدرێن ، پڕوپاگەندەی دوور لە ڕاستیان بۆ دەکرێی. بۆ وێنە هەمو ولاتانی دنیا بەتایبەت زلهێزەکان، ئەنجومەن وکۆڕوو کۆمەڵە نێو دەوڵەتیەکان ، ئەنجومەنی مافی مرۆڤو زۆر شتیتر هەر هەمویان سەری قسەو بنی قسەیان پاراستنی مافی مرۆڤە کە چی مخابن مرۆڤایەتی هەر بەدەستی ئەوانەوە دەناڵێنێ. بەهەزاران منداڵی پاک ،خەڵکانی بێخەبەر لە هەموو شتێک، ڕۆژانە دەبنە قوربانی ویستو بەرژەوەندی زلهێزان ودەوڵەتان .دەکوژن، دەسوتێنن ، دەڕووخێنن بەناوی پاراستنی گیانو ماڵی مرۆڤەکان . بۆمب و گشت ئامرازەکانی شەڕ خۆیان دروستی دەکەن، بۆکوشتنو ویـرانکردن بە خەڵکی دەفرۆشن، هەروابزانەی ئەوانەی دەکوژرێن مرۆڤ نین و دەکرێنە قوربانی بـۆ ئەوەی ئەوان ناویان ناوە مرۆڤ !! لە ئاکامدا ئەنجامەکانی درۆ ئەوانەن:نەمانی هێمنی و ئارامی ، دروست بونی بێباوەڕیو نەمانی موتمانە، کۆ کردنەوەی گشت ئەوشتانەی بە زیانی مرۆفن ،هێنانو بردنی قسەی بەراوەژوو کراو،دروسکردنی ڕقو قین لەنێوان مرۆڤەکاندا ، نانەوەی ئاژاوەو ئاڵۆزی لە کۆمەڵگادا . بەکورتی سازدانی ڕۆژ ڕەشیو بێی ئۆقرەیی لەنێو خەڵکی دنیا دا. لەدنیای ئەوڕۆدا ئەگەر دەوڵەتەکان یان گەلەکان یان حیزبەکان ، ناتوانن بە خاترجەمی لەسەر پڕۆسەو بەرنامەیەک کۆ ببنەوە ، گرینگترین هۆکار ئەوەیە دەگەڵ یەکتری ڕاست گـۆ نین. بۆیە ئەرکی هەمو شارەزایان بەتایبەت ڕێبەرانی ئایینی وحیزبەکان ئەوەیە دەگەڵ خۆیان و گەلەکەیان ڕاستگۆ بن ، من دڵنیام ئەگەر قسەی زمان و دڵمان دەگەڵ یەکتری یەک بێی ، ئیرادەی بەهێزمان بـۆ هاوکاری دەگەڵ یـەک هەبێی زۆر بەهاسانی دەتوانین کۆسپ و تەگەرەکانی سەر ڕیگاکەمان لابەرین و ئەو ئازادی و ڕزگاریەی بەدوای دا وێڵین وەدەستی بێنین.

لەدواییدا لە هەموو ڕاگەێێنەران ، مامۆستایانی ئایینی ، ئەوانەی زمانـوقەڵەمیان کار دەکا ،باسی خەلافەت و ئیمامەت و دەسماڵو لێچەکەو شتی لەو بابەتانە کەم کەنەوە و سرنجی نەخۆشیاکانی گەل بدەن و بە باس و شیکردنەوەی خەیانەت ، سیخوڕی ، درۆ ، نەمامی ، دەستبڕی ، چاوبەستنی خەڵک دووڕووییو زۆریتر لەو گوێنە بەرچاوی گەل ڕوون کەنەوەوتا ڕاستە ڕێگای خۆیان بدۆزنەوە . ئەو فەتایانەی باسمکردن بە بێی ئەوەی بەخۆمان بـزانین کۆمەگاکەمانیان ئیفلیج کردوە. بۆیە دەرمانکردنی ئەرکی هەمو زاناو تێگەیشتوو شۆڕشگێڕانە.

بەو هیوایە. براتان مەلا برایمی مە جید پور ١٩ خەزەڵوەری ٢٧١٩ ی کوردی ١٠ / ١١ / ٢٠١٩ ی زایینی .

نویترین هەواڵ و بابەت