"an independent online kurdish website

لە شەوی شەممە 16-11-2019 هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران بەتەواوی پچڕێندراون و زانیارییەکی ورد لەبارەی دۆخی ئێستای شارەکانی ئێران لەبەردەست نییە.

لە دوو رۆژی رابردوو بەشێکی زۆر لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دژی گرانبوونی بەنزین رژانە سەر شەقامەکان. خۆپیشاندانەکان لە رۆژی شەممە فراوانتر بوون و تووندوتیژییان لێکەوتەوە.

تاوەکو ئێستا بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە 20 کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندارن. لەهەمانکاتدا بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی ئێران هەڕەشە لە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان دەکەن و وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت، چیدیکە بەرامبەر خۆپیشاندەران دان بە خۆماندا ناگرین.

پۆلیس: ئەفسەرێکی هێزەکانمان لە کرماشان شەهیدبووە

فەرماندەی پۆلیسی کرماشان رایگەیاند: “ئیرەج جەواهیری لە هێزەکانی بنکەی پۆلیسی 24ـی ئیلاهییە لە کرماشان شەهیدبووە”.

12:40 وەزارەتی ئیتڵاعات: هۆکارە سەرەکییەکانی پشێوییەکانی دوو رۆژی رابردوو ناسراونەتەوە

وەزارەتی ئیتڵاعات لەبارەی خۆپیشاندانەکانی دوو رۆژی رابردووی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت: “ئەو دووژمنانەی دڵیان بەم پشێوییانە بەستووە، هەروەک رابردوو جگە لە شەرمەزاری و سەرشۆڕی هیچ دەستکەوتێکیان نابێت”.

دەقی راگەیاندنەکەی وەزارەتی ئیتڵاعات:

بە سەرنجدان لە گوتەکانی رێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەبارەی پێشهاتەکانی پاش جێبەجێکردنی بڕیاری زیادکردنی نرخی سووتەمەنی، بە گەلی شەهیدپەروەری رادەگەیەنین: ئەم وەزارەتە لە چوارچێوەی لەبەرچاوگرتنی ئەرکە گەورە و سەرەکییەکانی خۆیدا، بەشێوەیەکی بنجبڕانە رووبەڕووی هەر جۆرە هۆکارێکی پێشێوینانەوە و شێواندنی ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتیانی بەڕێز دەبینەوە.

هاوکات، هۆکارە سەرەکییەکانی پشێوییەکانی دوو رۆژی رابردوو ناسراونەتەوە و رێوشوێنی گونجاو دەگیردرێتەبەر کە دواتر ئەنجامەکەی بە هاووڵاتیانی بەڕێز رادەگەیەنرێت.

بەدڵنیاییەوە ئەو دووژمنانەی دڵیان بەم پشێوییانە بەستووە، هەروەک رابردوو جگە لە شەرمەزاری و سەرشۆڕی هیچ دەستکەوتێکیان نابێت. دابینکردنی سەقامگیری و ئارامیی خەڵکی بەڕێز و هاووڵاتیانی ئازیز بە ئەرکی دینی و نەتەوەیی خۆمان دەزانین و، دڵنیایی بە رابەری مەزن و هاووڵاتیانی سەربەز دەدەین کە لەم پێناوەدا درێخی لە هیچ جۆرە تێکۆشانێک ناکەین.

09:00 خامنەیی: دەبێ بڕیاری گرانکردنی بەنزین جێبەجێ بکرێت

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێستی خۆی لەبارەی رووداوەکانی ئێران دەربڕی و دەڵێت، سێ سەرۆکایەتییەکەی ئێران بڕیاری گرانکردنی بەنزینیان دەرکردووە، منیش پشتیوانی لەو بڕیارەیان دەکەم و دەبێت جێبەجێ بکرێت.

گوتەکانی رابەری شۆڕشی ئێران دوای جێبەجێکردنی پێشنیازی گرانکردنی سووتەمەنی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بووە لە دوو رۆژی رابردوو.

عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرەتای وانەی بەدەر لە فیقهدا لەبارەی پێشهاتەکانی دوای جێبەجێکردنی گرانکردنی سووتەمەنی ، چەند بابەتێکی خستەڕوو. بەشێک لە گوتەکانی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەمشێوەیە بوون:

لەم یەک-دوو رۆژەدا رووداوێک دوای بڕیاری پەسندکراوی بەرپرسانی وڵات و سەرکردایەتیی دەسەڵاتەکان روویاندا. دوێنێ و پێرێ شەو لە هەندێک شارەکانی وڵاتدا و، بە داخەوە گرفتگەلێک دروستبوون، ژمارەیەک مردن و چەندین شوێنیش تێکدران. مرۆڤ دەبێت بە چاوی خۆشبینییەوە سەیری ئەو بڕیارە بکات، من لەم بوارەدا شارەزاییم نییە، واتە پسپۆڕیم لەم کارەدا نییە. پێم گوتن: لەبەرئەوەی بۆچوونی شارەزایان لەم بابەتی بەنزینەدا جیاوازە، کەسانێک بڕیارەکە بەپێویست دەزانن و کەسانێکیش بە زیان.‘ جا لەبەرئەوەی من لەم بابەتانەدا خاوەنی بۆچوون نیم، گوتم: من خاوەنی بۆچوون نیم، بەڵام ئەگەر سەرکردایەتیی هەرسێ دەسەڵاتەکە بڕیاربدەن، من پشتیوانییان دەکەم.‘ من ئەمەم گوت، پیشتیوانیشیان دەکەم. ئەوانە سەرانی دەسەڵاتن و لەڕووی شارەزاییەوە بڕیارێکیان بۆ وڵات داوە، دەبێت کار بەو بڕیارە بکرێت.

بەدڵنیاییەوە بەشێکی هاووڵاتیان لەم بڕیارە نیگەران یان دڵگران دەبن، یان لە زیانیانە یاخود پێیانوایە لە زیانیانە و، بە هەر جۆرێک بێت ناڕازی دەبن، بەڵام سووتاندنی فڵان بانک کاری مرۆڤ نییە؛ کاری خراپەکارانە. لەم جۆرە رووداوانەدا خراپەکاران و، قینلەدڵان دێنە گۆڕەپانەکەوە، جار هەیە هەندێک لە لاوانیش بەهۆی کەفوکوڵیانەوە لەگەڵیاندا دەبنە هاوڕێ و ئەمجۆرە خراپەکارییانە دەخەنەوە.

ئەم خراپەکارییانە هیچ گرفتێک دروستناکەن، جگە لەوەی سەرەڕای هەر کێشەیەک کە هەیە، نائارامی زیاد دەکەن. نائارامی بۆ هەر وڵاتێک و هەر کۆمەڵگەیەک گەورەترین چەرمەسەرییە، ئەو کەسانەیش مەبەستیان ئەمەیە. سەرنج بدەن، لەم یەک-دوو رۆژەدا کە ئەم رووداوانە کەوتوونەتەوە، هەموو هێزە خراپەکارەکانی دنیا لە دژی ئێمە هانی ئەم کارانەیان داوە—هەر لە بنەماڵەی بێفەڕ و پیسی پەهلەوییەوە تاوەکو کۆمەڵێک لە کەسانی پیس و تاوانبارانی دووڕوو (موجاهیدینی خەلق). ئەمانە بەردەوام لە سۆشیاڵمیدیا و شوێنەکانی دیکەدا خەریکی هاندانن کە ئەم خراپەکارییانە بقەومێن. من مەبەستم ئەوەیە کە هیچ کەسێک یارمەتیی ئەم خراپەکارانە نەدات، هەر مرۆڤێکی ژیر و شیاو کە وڵات و ژیانی ئاسوودانەی خۆیی خۆش دەوێت، نابێت یارمەتییان بدات؛ ئەمانە خراپەکارن، ئەم کارانە کاری کەسانی ئاسایی نین.

هەڵبەتە دەبێت بەرپرسانیش سەرنجبدەن، ئاگاداربن، ئەوەندەی دەکرێت لە گرفتەکانی ئەم کارە کەم بکەنەوە. جا من دوێنێ لە تەلەڤزیۆن بینیم کە هەندێک لە بەرپرسانی بەڕێز گوتیان: ئێمە چاودێریی ئەوە دەکەین کە ئەم زیادبوونەی نرخی سووتەمەنی نەبێتە مایەی زیادبوونی نرخی شتومەک و کاڵاکان. دەی ئەمە گرنگە، چونکە ئێستا گرانی هەیە، ئەگەر گرانیی دیکە بچێتە سەری، ئەوە گرفتی زۆر بۆ خەڵکی دروستدەکات، بۆیە دەبێت چاودێر بن. هەروەها بەرپرسانی پاراستنی ئاسایشی وڵاتیش ئەرکەکانیان رابپەڕێنن، خەڵکی خۆشەویستیشمان کە خۆشبەختانە لە بارودۆخە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتەدا بەرچاوڕوونیی خۆیان و، ئاگایی خۆیان پیشانداوە، بزانن کە ئەم رووداوە نەخوازراوانە لەلایەن کێوەن و چۆنن، ئەم ئاگرتێبەردان و خراپەکاری و وێرانکردن و ناڕەزایەتیدەربڕین و پشێوینانەوانە لەلایەن چ کەسانێکەوەن. لەمە تێبگەن و خۆیانی لێ بەدوور بگرن. داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە بەرپرسانی وڵاتیش بەشێوەیەکی پێداگرانە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

رووداو- هەولێر

سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هێزێکی زۆری ئەمنی لە شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەمڕۆش خۆپیشاندان دژی گرانکردنی بەنزین بەڕێوەچوو. سوپای پاسدارانیش ئاماژە بە دەستگیرکردنی هەزار کەس لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا دەکات.

خۆپیشاندەران لە چەندین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە و داوایانکرد، حکومەت بڕیاری خۆی لەبارەی گرانکردنی بەنزین بگۆڕێت و دۆخەکە وەک چەند رۆژێک پێش ئێستا لێبکاتەوە.

بەڵام لە زۆربەی شوێنەکان گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو و کوژراو و بریندار هەن.

سەرچاوەیەکی خۆجێی لە شاری مەریوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 17-11-2019 خۆپیشاندەران فەرمانگەی پەروەردە و بانکی میللیان سووتاند و لە ئەنجامی دروستبوونی گرژیش لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران، چەند کەسێک کوژران و برینداربوون.

هەروەها عەدنان حەسەنپوور، رۆژنامەڤان لە مەریوان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لەنێوان شەش بۆ 10 کەس لە مەریوان کوژراون و چەندین بانک و فرۆشگە سووتێندراون کە خەڵک دەڵێن هی سوپان.

بەگوتەی ئەو رۆژنامەڤانە، دەیان کەس لە مەریوان دەستگیرکراون و لە چەند گەڕەکێکیش دەنگی تەقە دەبیسترێت.

لە شاری کرماشانیش، گرژی دروستبوو و ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون، لەوانەش فەرماندەیەکی پۆلیس بەناوی ئیرەج جەواهیری.

فەرماندەی پۆلیسی لوڕستانیش دانی بەوەدانا، لە شاری خوڕەمئاوا ژمارەیەک کەس دەستبەسەرکراون.

لە زۆربەی شارەکانی ئێرانیش، خۆپیشاندان درێژەی هەیە و فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسدارانیش دەڵێت، خۆپیشاندانەکان زیانی گەورەیان هەبووە.

بەگوێرەی میدیای سەر بە سوپای پاسداران

– لە 100 شوێن خۆپیشاندان ئەنجامدراوە

– تەنیا لە یەک پارێزگا زیاتر لە 100 بانک سووتێندراون

– لە خوزستان، تاران، فارس و کرمان زۆرترین زیان بە کەرتی گشتی گەیشتووە

– زۆرترین هێرشەکان بۆسەر بنکە سەربازی و کۆگا نەوتییەکان بوون

– نزیکەی 1000 کەس دەستگیرکراون

لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزایەتییەکانیش، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە زمانێکی تووند بەرامبەر بە خەڵکی بەکاردەهێنن و هۆشدارییان پێدەدەن لە ئەگەری درێژەدان بە خۆپیشاندان.

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، هێزەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران رێکخەری ناڕەزایەتییەکانن؛ وەزیری ناوخۆش دەڵێت، سوود لە کامێراکانی چاودێری وەردەگرن بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی رێبەرایەتی خۆپیشاندانەکان دەکەن.

عەبدولرەزا رەحمانی، وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت “چەندین کامێرا لە سەرتاسەری شارەکان ڤیدیۆ تۆماردەکەن، کامێرا لەنێو جەنجاڵییەکانیشدا هەن، دوای ناساندنەوەی ئەو خەڵکە، لەکاتی خۆیدا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. خوا یاریدەدەر بێت، پێویست ناکات ئەو هێزە تایبەتە بەکاربێنین کە بۆ دۆخە تایبەتەکاندا بەکاریان دەهێنین. بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوانە بەکاریدەهێنین کە پشێوی دەنێنەوە و یاسا دەشكێن و ناسەقامگیری دروستدەکەن.”

بەڵام خەڵکی دەڵێن، دەرفەتی کار و داهاتیان کەمە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆربەی شتەکان گرانبوون و ئەمجارەش بەنزینی هاتەسەر و ئەوەش هۆکاری توڕەییانە.

عەلی ساڵحی، شۆفێری تاکسی دەڵێت “من شۆفێری تاکسیم. ئەم بابەتی گرانییە تەنیا گرانی بەنزین نییە، بەڵکو کێشەی دیکەش لەگەڵ خۆی دەخوڵقێنێت. ئۆتۆمبیلەکەم مانگانە پێویستی بە 200 لیتر بەنزین هەیە. من وەک شۆفێرێکی تاکسی چیبکەم؟ داوا لە بەرپرسان دەکەم چاوێک بە بڕیارەکە بخشێننەوە و لەم کێشەیە رزگارمان بکەن”.

هاوکات پەرلەمانتارێکی کوردیش لە پەرلەمانی ئێران دەستیلەکارکێشایەوە.

محەممەد قەسیم عوسمانی، نوێنەری بۆکان لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، “کاتێک سەرۆکی پەرلەمان بێ راوێژ بە پەرلەمانتاران سەبارەت بە نرخی بەنزین بڕیاردەدات، کەواتە بۆچوونی ئێمەی نوێنەرانی خەڵک گرنگ نییە و هەربۆیە بوونی ئێمە لە پەرلەمان هیچ واتایەکی نییە”.

سایتی رەسمی کۆماری ئیسلامیش لە ئینتەرنێت نەماوە.

Pages: 1 2

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی